Skip to Content

Friday, January 28th, 2022

له‌یه‌که‌م فیشه‌که‌وه‌‌ بۆ یه‌که‌م نه‌خشه‌ی رێ..!!

Closed
by August 14, 2009 گشتی

 

حه‌سه‌ن جودی
hesen_cudi@yahoo.com

له‌15ی مانگی ئابی ئه‌م ساڵه‌وه‌، بیستوپێنج ساڵ به‌سه‌ر ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و فیشه‌که‌ی ژیانه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی شکۆدارانه‌ی گه‌لێکی له‌لێواری مه‌رگه‌وه‌ ئه‌نجامدا و هێنایه‌وه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی ژیان و ژیاره‌وه‌، که‌ ده‌یان ساڵ بوو نکوڵی و قڕ ده‌کرا و ده‌توێنرایه‌وه‌. 15ی ئابی 1984 رۆژی راگه‌یاندنی ده‌ستپێکردنی تێکۆشان و به‌رگری چه‌کدارانه‌ی گه‌لی کورد به‌ڕێبه‌رایه‌تی (پ.ک.ک) بوو. ئه‌و راگه‌یاندنه‌ که‌ له‌جه‌وهه‌ری خۆیدا قه‌ڵه‌مبازێکی مێژوویی گرنگ بوو، ناکرێ ته‌نیا وه‌ک چالاکییه‌کی چه‌کداری قه‌با شرۆڤه‌ بکرێ، چونکه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای ته‌نیا ده‌رئه‌نجامی چه‌کدارانه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک به‌ر له‌هه‌موو شتێک ته‌قاندن بوو به‌رامبه‌ر به‌مێژووێکی شوومی پڕ له‌ تراژیدیای نکوڵی و له‌ناوبردن و تواندنه‌وه. سه‌ره‌تای کۆتاییهێنان بوو به‌و مێژووه‌ قه‌ده‌رئاسایه‌ و سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی مێژووێکی شکۆداری پڕ له‌ هیوا و باوه‌ڕی و ئیراده‌ بوو. له‌ماوه‌ی ئه‌و بیستوپێنج ساڵه‌ی تێکۆشانی چه‌کداریدا گه‌لێک قاره‌مانێتی، جانفیدایی، جوامێری و که‌سێتی ئه‌فسانه‌یی ده‌رکه‌وتن، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا گه‌لێک پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی، خیانه‌ت و ته‌سلیمکارییش ده‌رکه‌وت، هه‌روه‌ها ئێش و ئازاری مه‌زنی وه‌ک ئاواره‌یی و خاپوورکردنی هه‌زاران گوند و له‌ژێرناوی "بکه‌ری نادیار"یشدا تیرۆرکردنی نزیکه‌ی حه‌ڤده‌ هه‌زار که‌سی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. به‌ڵام هیچ شتێک له‌وانه‌ نه‌یتوانی رێ له‌ کاریگه‌رییه‌ مێژوویی و ژیانییه‌کانی ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک که‌مبکاته‌وه‌. بڕیاری ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک به‌ فه‌رماندارێتی سه‌رکرده‌ی ئه‌فسانه‌یی عه‌گید (مه‌عسوم کۆرکماز) بوو، بڕیارێک بوو بۆ ژیانه‌وه‌ و ژیانێکی ئازاد و شکۆمه‌ند و واتار…
ئه‌مڕۆ دوای بیستوپێنج ساڵ گه‌لێکی سه‌رکه‌وتووی ئازادیخوازی خاوه‌ن باوه‌ڕی، ئیراده‌ و هیوا ئافرێنرا و خولقا، ئه‌م گه‌له‌ ئه‌مڕۆ بۆته‌ خاوه‌ن هێز و توانایه‌کی رێکخستنی، سیاسی، سه‌ربازی، راگه‌یاندنی و کولتوری مه‌زن و له‌کاروانی مرۆڤایه‌تیدا خۆی گه‌یاندۆته‌ ریزی پێشه‌وه‌ی گه‌لانی زیندووی هه‌رێمه‌که‌ و جیهان و به‌گه‌شبینییه‌کی قووڵ و له‌هه‌مانکاتیشدا به‌حه‌سره‌تێکی زۆره‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و گه‌یشتن به‌ئازادی ده‌نێت و ئێستا له‌هه‌ر کاتێکی دیکه‌ زیاتر لێی نزیک بۆته‌وه‌. به‌م هه‌نگاوه‌ بوێره‌ی 15ی ئابی 1984 بناخه‌یه‌کی تۆکمه‌ و هاوچه‌رخانه‌ی بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی داڕێژرا؛ له‌رووی رۆحی و فیکری و کردارییه‌وه‌ که‌سێتییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ئازاد و به‌ئیراده‌ی خولقاند، تاکێکی به‌ئینسیاتیف و چالاکوان و شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزی هێنایه‌ مه‌یدانه‌وه‌، ژنانی کوردی له‌ شه‌وه‌زه‌نگی هه‌زاران ساڵه‌ی کۆیلایه‌تی و بێناسنامه‌یی و بێئیراده‌ییه‌وه، کرده‌ خاوه‌ن که‌سێتییه‌کی پێشه‌نگ و ئازاد و خاوه‌ن ناسنامه‌ و ئیراده‌. به‌راستیش ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک به‌رله‌هه‌موو شتێک زه‌بروه‌شاندن بوو له‌ زیهنییه‌تی سیسته‌می داگیرکاری، چینی باڵاده‌ستی خیانه‌تکار، ته‌سلیمکار و به‌کرێگیراو، زه‌ربوه‌شاندن بوو له‌ کولتووری پیاوسالاری و کۆنه‌په‌رستی، لێدانێکی کوشنده‌ بوو له‌ که‌سێتی قه‌ده‌رگه‌را، کۆیله‌، ره‌شبین، بێخه‌یاڵ، بێ هیوا، بێ ئیراده‌ی ویژدان مردوو… به‌جورئه‌تترین هه‌نگاو بوو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی زیهنییه‌ت و کولتوری بنه‌ماڵه‌گه‌رایی، عه‌شیره‌تگه‌رایی، ناوچه‌گه‌رایی، پارچه‌گه‌رایی و کۆزمۆپۆلیتگه‌رایی…
بێگومان قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئاب، که‌ ده‌روازه‌ی له‌به‌رده‌م زۆر قه‌ڵه‌مباز و هه‌ڵمه‌ت  کرده‌وه‌، به‌ رێنمایی و نه‌خشه‌ و ئاماده‌کاری فیکری و سیاسی و تاکتیکی رێبه‌ر "عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان" به‌ڕێوه‌چوو، له‌میانه‌ی پێداگری و شرۆڤه‌ی قووڵ و به‌رده‌وامی بیستوپێنج ساڵه‌ی رێبه‌ر ئۆجه‌لاندا گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌مڕۆ که‌ پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دیموکراتیانه‌ی ده‌ستپێبکات و رژێمی تورکیا ناچاری ملدان  بۆ ده‌ستبه‌ردان له‌ سیاسه‌تی نکوڵی و قڕکردن و توانه‌وه‌ بکات و دان به‌ هه‌بوونی "گه‌لی کورد" و کێشه‌یه‌ک به‌ناوی "کێشه‌ی کورد" بنێت و به‌ئاشکرا هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری بنێت.. مسۆگه‌ر ئه‌گه‌ر قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئاب نه‌بووایه‌، ئه‌وا ئه‌مڕۆ نه‌ک هه‌ر شتێک نه‌بوو ناوی پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دیموکراتیانه‌ی کێشه‌ی کورد بێت، ته‌نانه‌ت شتێکیش نه‌ده‌ما به‌ناوی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی کورد، ‌به‌لایه‌نی که‌م له‌ باکووری کوردستاندا سیاسه‌تی نکوڵی و توانه‌وه‌ و له‌ناوبردن به‌ته‌واوی سه‌رده‌که‌وت و ده‌روازه‌ی بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌مان سیاسه‌ت له‌ پارچه‌کانی تری کوردستانیش ده‌کرده‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌رکه‌وتنی هه‌مان سیاسه‌ت له‌سه‌ر گه‌له‌ بنده‌سته‌کانی تری ناوچه‌که‌ش خێراتر و ئه‌نجامگیرتر ده‌بوو… هه‌رچه‌نده‌ هێشتا کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌ و مه‌ترسییه‌کانی په‌له‌قاژه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ر ماوه‌، هێشتا ئاماژه‌کانی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ش رۆژانه‌ له‌باکوور و پارچه‌کانی تریش ده‌بینرێن. ‌به‌ڵام ئیتر ئه‌و سیاسه‌ته‌ که‌ به‌رهه‌می زیهنییه‌تی (ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌)ی سه‌رده‌ست بوو، له‌ئاستی هه‌ره‌ به‌رزدا ئیفلاسی کرد و شکستی ته‌واوی هێنا. ئیتر قۆناخێک بۆ هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ و گه‌یشتنی گه‌لی کوردستان به‌ ته‌واوی ماف و ئازادییه‌کانی ده‌ستیپێکردووه، به‌مه‌ش داڕشتن و هه‌بوونی "نه‌خشه‌یه‌کی رێ" له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌ندازیاری قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئابه‌وه‌ بۆته‌ پێداویستتیه‌کی ژیانیی و پڕ واتادار. ئه‌و "نه‌خشه‌ی رێ"یه‌ی که‌وا رێبه‌ر ئۆجه‌لان له‌م چه‌ند رۆژانه‌دا رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێته‌‌ کۆکردنه‌وه‌ی کۆی به‌رهه‌م و ئه‌نجامه‌کانی ئه‌و قه‌ڵه‌مبازه، ده‌بێته‌ بنیادنانی ژیان و ژیارێک له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بناخه‌یه‌ی که‌ قه‌ڵه‌مباز‌ی 15ی ئاب زۆر به‌تۆکمه‌یی دایڕشتووه. مسۆگه‌ر زۆر واتاداره‌ که‌ رێبه‌ر ئۆجه‌لان "نه‌خشه‌ی رێ"ی دیموکراتیزه‌کردنی تورکیا و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌یادی بیستوپێنج ساڵه‌ی قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئابدا راده‌گه‌یه‌نێت. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌ڵه‌مبازه‌ له‌هه‌موو رووێکه‌وه‌ داستانی ژیانه‌وه‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو، ئه‌وا ژیانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌بێ ئازادی نه‌ته‌وه‌یی نابێت و ده‌بێت به‌قه‌ڵه‌مبازێکی تری مێژوویی ده‌سته‌به‌ری ئه‌و ئازادییه‌ بکرێت و ببێته‌ ته‌واوکاریشی. بۆیه‌ ئه‌و "نه‌خشه‌ی ڕێ"یه‌ی راده‌گه‌یه‌نرێت و له‌جه‌و‌هه‌ری خۆیدا نه‌خشه‌ی رێی گه‌یشتنه‌ به‌ ئازادی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌بێته‌ قه‌ڵه‌مبازێکی ئه‌وتۆ کاریگه‌رییه‌که‌ی به‌ڕاده‌ی کاریگه‌ری قه‌ڵه‌مبازه‌که‌ی 15ی ئاب ‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ ته‌واوکاری هه‌موو قه‌ڵه‌مبازه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کورد. بۆیه‌ وه‌ک چۆن ئێستا گه‌لی کوردستان یادی بیستوپێنج ساڵه‌ی قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئاب وه‌ک جه‌ژنێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وا "نه‌خشه‌ی ڕێ"ی رێبه‌ر ئۆجه‌لانیش ده‌بێته‌ جه‌ژنێکی تری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی گه‌له‌که‌مان. مسۆگه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌باکووری کوردستان و تورکیا ده‌بێته‌ هه‌نگاوێکی مه‌زن و گرنگ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ره‌وای گه‌له‌که‌مان له‌پارچه‌کانی تریش.
بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ گه‌له‌که‌مان به‌گشتی و نووسه‌ران، رۆشنبیران، پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، رێکخراو و کۆمه‌ڵه‌ مه‌ده‌نییه‌کان و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له‌پارچه‌کانی کوردستان و هه‌نده‌ران به‌تایبه‌تی به‌هه‌ستیاری و به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ چاودێری ئه‌م قۆناخه‌ بکه‌ن و شرۆڤه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستی بۆبکه‌ن، پشتگیری و پشتیوانی پێویست له‌هه‌نگاوه‌کانی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دیموکراتیانه‌ی کێشه‌ی کورد بکه‌ن. ئه‌مه‌ ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و دیموکراتییه‌.

Previous
Next