Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
دووکەرت بوون ….. بەرزان هەستیار

دووکەرت بوون ….. بەرزان هەستیار

Closed
by August 16, 2009 ئەدەب

 

ئابی 2009
کۆلن
bhastiar@yahoo.de

لە خودا دڵڕەقترم بۆ سزا ،
لە خودا میهرەبانترم بۆ بەخشین
 *******
لە " قابیل " دڕندەترم بۆ تاوان
لە "قابیل " بێ براترم بۆ پرسە
 *******
لە ئاسمان چاو قایمترم بۆ بروسکە ،
لە ئاسمان دڵسافترم بۆ ساماڵ 
 *******
لە ژیان ناشرینترم بۆ ئازار ،
لە ژیان ڕازاوەترم بۆ ئەوین
 *******
لە مردن بە پەلەترم  بۆ زێمار *
لە مردن هێمنترم بۆ ئارامیی
 *******
لە بیابان تینووترم بۆ بارانێک ،
لە بیابان بێ منەتترم بۆ هەتاو
 *******
لە منداڵ دڵناسکترم بۆ گریان
لە منداڵ سادەترم بۆ پێکەنین
 *******
لە ڕووبار بەخووڕترم  بۆ ڕژان ،
لە ڕووبار هێورترم بۆ پشوو
 *******
لە خەیاڵ بێ سنوورترم بۆ فڕین ،
لە خەیاڵ ئاسانترم بۆ دەستەمۆ بوون
 *******
لە پاییز بێ دەسەڵاتترم  بۆ وەریین
لە پاییز ئاڵتوونییترم بۆ درەوشانەوە
 *******
لە بەرد ڕەقترم  بۆ وردبوون
لە بەرد بێ جووڵەترم بۆ هەنگاو
 *******
لە سەربازی هەڵاتوو ترسنۆکترم بۆ جەنگ ،
لە سەربازی هەڵاتوو قایمتر ، داوێنی ژیانم گرتووە !

***************************************

 

زێمار : ئەو شیوەنەیە کە بۆ مردوو ئەکرێت .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.