Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
رەوت ….ئاوارة ولآت

رەوت ….ئاوارة ولآت

Closed
by August 16, 2009 هۆنراوە

 

دوورەدەستە
ئەو مەبەستە
کەى دەیگەمێ؟
لە قافە یان لە ئاسمان؟
یان لە هەوارگەى عاشقان؟
لە پێناوى چى بدەمێ؟
ئاخۆ وێى رادەگا دەسمان؟
پرزەبڕاو
کاڵە دڕاو
رێبوارێکى لەمێژینەى ئەودیو شوورەى رەنج و ژانم
هەر سنوورە و پێشم دەگرێ
هەر کەوشەنە و رێگام دەبڕێ
هەر لەمپەرە و بەرگێڕەوە
ئەوینم وەک قەرەبرووت
تامى تفتى وەک ژەقنەمووت
ئاواتم خوێنى لێ دەتکێ.
وڕێنەیەک
لە ناخى ناخى ناخمەوە
دنەم دەدا
تف کەم لە رووى تاریکایى و
دێوەزمەى ترس و ئاشبەتاڵ
دەرپەڕێنم تا زۆنگ و چاڵ.
ئەرێ چۆن دەگەم بە مەبەست؟
ساڵانێکە
من هەڵوەداى رێزانێکم
رەوت پیسى نەکردبێ
من تاسەبارى رەوتێکم
دەستم کەلەپچەبەند نەکا
دڵم نەخاتە هەنبانە و
بەرەو هەوارم هەڵگەڕێ.
شەکەتیى دڕکى بەر پێمە
رێگا..
رەڵم و خۆڵەمڕى ئەوینێکى جوانەمەرگە
هەنگاو تاسەى لێ دەچۆڕێ و
قەڵشى لێوى تراوکەکان دەخووسێنێ
وڕێنەکە
بە گوێى ناخما دەچرپێنێ و
پڕم دەکا لەو پرسانەى
کە پانتایى روانینى من
کە ئاسمانى فڕینى من
                      هەراو دەکەن
ئەرێ چۆن دەگەى بە مەبەست؟
سەرنجم دایە دوورەدەست
دیسان شوورەیە و
                    بەرزتر
دیسان لەمپەرە و
                   سەخت‌تر.

2005 – ڕێکان(خڕەگۆل)
ئاوارة ولآت

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.