با دەستی رەش و سپی لە یەك جیا بكەینەوە
سالار بابەشێخ
لە كۆمەڵگەیەكی داخراودا كە بە مەودایەكی پتر لە سەدە، بە بەراوردلە گەڵ وڵاتانی گەشەسەندووی پێشكەوتوودا، دواكەوتووە و چەقبەستن و نەریتی سواو بەری هەنگاوەكانی بەرەو پێشەوەچوونی گرتووە، زۆر سەیر نییە لەسەر گۆڕانەوەی نامەیەكی عاشقانە، كیژ و كوڕێكی گەنج تیر باران بكرێن، یان ئاڵای نەتەویی و كتێبی پیر باڵەكان بسووتێنرێ، یان هەڕەشەی كوشتن لە نووسەر و رووناكبیر و شاعیرێك بكرێ، كە فڕینی وشەكانی سنووری موناجات تێبپەڕێنێ و سەر لە گلەیی و سكاڵا دەربێنێ!!
ماوەیەكی زۆر هەندێك كەسی ریش پانی دەرپێ كورت، لە نێو بازاڕ و شەقام و سەیرانگەكاندا تێزابیان بە قاچ و قول و باڵ و بازووی نیوەڕووتی خانماندا دەكرد، مزگەوتەكان ببوونە فێرگەی ئیرهاب و راهێنانی خۆتەقاندنەوەی تێدا دەكرا !! (مەریوان هەڵەبجەیی)یەكان بە دەردی(سەلمان روشدی) گرفتار دەبوون و فتوای كوشتنیان دەدرا، ئیدی توندوتیژی و خۆسەپاندن و دنیا بە كافر ناساندن، وایكرد لە كاتی بەجێهێنانی بۆنە و جەژنە ئایینییەكانیشمان ئەو تاریكی پەرەستانە كە خۆیان بە خەڵكی ئیماندار و خاوەن بڕوا پێناسە دەكرد، لە نێو ئاپۆرای جەماوەردا(یەكی شوبات)ەكان بخولقێنن و پیر و گەنج و كوڕ و كچ و ژن و پیاوی كورد شەلالی خوێن بكەن.
ئەگەر بڵێین ئەم دەمارگرژییە تەنها لە ناو لایەنە ئیسلامییە سیاسییە توندڕەوەكاندا گەرای خۆی بڵاو كردبووەوە، ئەوە بێگومان هەڵە دەكەین و سەرپۆش دەخەینە سەر راستییەكان، چونكە لە ناو عەلمانییەكان و تەنانەت چەپەكانیشدا سەرەداوی ئەو دەمارگرژییە زۆرن كە ئەگەر بە دوایدا بڕۆین، تەنانەت بەرۆكی ئەو سەركردانەش دەگرێتەوە كە بە خۆخوازییەكی پەتی و تەنها بۆ پاوانكردنی دەسەڵات، لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان بە تایبەتی، سینگی برایان بە دەستی برا سوور كرد. ئەمە جیا لە فاكتە دەرەكییەكان و ئەجندای وڵاتانی نەیاری كورد، كە هەردەم بارووتیان بە ئاگری شەڕی كورد و كورددا دەكرد. گەرای ئەم توندوتیژییە ئەگەر چی بە قوربانیدانێكی زۆری خەڵك و بە سیاسەتێكی حەكیمانە لە لایەن سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقی فیدراڵەوە، راماڵ كرا، بەڵام بەداخەوە منداڵدانی هزری هەندێك سەركردە هێشتا نوتفە و توخمی توندوتیژی تێدا پەروەردە دەكرێ، ئیسلامییە سیاسییەكان بە ترساندن و تۆقاندن، عەلمانییەكان بە هەڵپەهەڵپ و بازدان، دەیانەوێ بە بازدانێك بگەنە سەر چیای قەندیل!! لە هەڵبژاردنەكانیش وا هانی لایەنگرانی خۆیان دا كە هەر چییەكیان پێدەكرێ، بیكەن، تاوەكو بە هەر شێوەیەك بووە، هەر بیگۆڕن، یان بۆ ئەوەی پەرلەمانتاری لایەنە ئیسلامییەكان پەرلەمانی كوردستان قورخبكەن و دەستووری جەللاد و قامچی لە باشووری كوردستان بەسەر خەڵكی كوردستاندا بسەپێنن. ئەو پێشەوایی و رێنیشاندانە چەوتانەش سووتاندنی ئاڵای كوردستان و سووتاندنی كتێبەكانی فەرهاد پیر باڵی لێكەوتەوە. كەواتە دەمارگرژی و خۆفەرزكردن و توندوتیژی و خۆخوازیی پەتی هێشتا بەرۆكی هەندێك لە نوخبە و سیاسییەكانی كوردیشی بەر نەداوە، بۆیە خوێندنەوەی چەوت بۆ واقیعەكان لەوانەیە رووبەڕووی زۆر كارەساتمان بكاتەوە.
هەر ئەم دان پیشاندان و هەڕەشە و گوڕەشە و توندوتیژییانە وای لە روحە جوان سەركێشەكەی (قوبادی جەلیزادە) كرد، تا هونراوەی "خودا پشوو دەدات" بهۆنێتەوە. قوباد لە هونراوەكەیدا باسی دەستە رەش و سپییەكان دەكات، بەڵام هەندێك هزر پووچەڵی كورد، بە پەلە سێدارەی تەكفیری بۆ هەڵدەخەن و دەیانەوێ هەناوی پاكی قوباد لە قەناری جەهل هەڵواسن!! چونكە لە شیعر و كالبودە فەنییەكانی هیچ نازانن، چونكە نازانن تابلۆی شیعری و پەیامی شیعر چییە، نازانن ئەفراندنی دەریای وشەكان لە شێعری خاوەن هزرێكی بونیاتنەردا زۆر جار لە ئاستی كتێبە پیرۆزەكاندا كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە دەبێت. قوبادی جەلیزادە لە شیعرەكەیدا عەوداڵی دەستێكە كە دارستان نەشكێنێ، پەپوولە لاقە نەكات، منداڵ فڕێ نەداتە ناو هەتیوخانە، گورگ بەرنەداتە مێگەلی مەمك، كتێب لە قۆڕ هەڵنەكێشیت، چاوی نەخۆشخانە بە مین نەڕێژێ، پرچی كانی بە ژەهر شانە نەكات، ماچ نەداتە بەر رێژنەی گوللە و فیشەك… ئایا ئەمە تاوانە؟ جەلیزادە شەیدای دەستێكە باڵی ئارامی نەشكێنێ، زەردەخەنە خەڵتانی خوێن نەكات، بۆیە تامەزرۆیی خۆی بۆ ئەم دەستە، لە دوارەستەی شیعرەكەیدا بەمجۆرە دەردەبڕێ: "خوا خەو بە دەستێكی سپییەوە دەبینێ دەستێك سپی سپی !!". ئایا بە لاوە نانی دەستی رەش و خەون بینین بە دەستێكی سپی و پڕ لە میهرەبانی و ئارامی عەدالەت و مافی مرۆڤ تاوانە؟!
ئەوانەی هەڕەشە لە شیعر و شاعیر دەكەن و تەنانەت بەوەشەوە ناوەستن و هەڕەشەی كوشتن لە سۆران عەزیز بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی رۆژنامەی كوردستان راپۆرت دەكەن، كە ئەو شیعرەی بڵاو كردووەتەوە، خەڵكی كام تاریكستانن، كە (دەستێكی سپی) دەبێت تا ئەو رادەیە هەراسانیان بكات؟!!
با واز لە خۆخوازیی پەتی و بڵاوكردنەوەی گەرای توندوتیژی بێنین و دەستی رەش و سپی لە یەك جیا بكەینەوە. با ئازادی رادەربڕین بۆ هەمووكەس و هەموو لایەنێك بێت، با كاڵفامانە تەعبیری بۆچوونەكان نەكەین و رێز لە هەموو را و بیروبۆچوونێكی جیاواز بگرین، با بە ناخی هەڵوێست و چەمكەكاندا شۆڕ ببینەوە و بە فامێكی بەرزەوە لێی بڕوانین و هەر وا سەرپێیی لە خاچی نەدەین.
نووسەرێك لە لاپەڕەی 14ی ژمارەی 684ی كوردستان راپۆرت، ئیدانەی شیعرەكەی قوبادی جەلیزادە دەكات و دەڵێت "من تا ئێستا نەمبیستووە كەپر لە رەشە رێحانە دروست بكرێت"، جەخت لەوە دەكاتەوە كە شاعیر دەست بە گیرفانیدا دەكات و پێیوایە گیرفان گەنجینەی وشەیە، چونكە لە قامووسی ئیلهام و خەونەكان بێئاگایە، نازانێت لە شیعردا هێز هەیە ئاوی ئۆقیانووسەكان دەكاتە خۆڵەمێش و هەموو بەرەبەیانێك (رۆژ) نانی (چاشت) لە داوێنیدا دەخوات.
ئەو نووسەرەی كە تێگەیشتنی لاوازە و تەنها بە هێنانەوەی چەند پەندێك و قسەی گەوران و هێما بە چەند ئایەتێكی كتێبی پیرۆزی موسڵمانان، نووسینەكەی دەڕازێنێتەوە، پێویستە هەندێك قووڵتر بیر بكاتەوە و زمانی تێگەیشتن و تێگەیاندن بناسێت و بیرمەندانە باشترینیان هەڵبژێرێت، چونكە زمانی زبر و هێرش و سووكایەتی پێكردن، زمانی نووسەر نییە. بۆ ئەوەی دەستی رەش و سپی لە یەك جیا بكەینەوە و دۆ و دۆشاو تێكەڵ نەكەین، هیوادارم هەموو لایەكمان هەوڵ بدەین روخساری واقیع وەك خۆی ببینین و وەك خۆی باسی بكەین. بەمەش خاوەنی ویژدانێكی بێخەوش دەبین و بەری ئاسوودەیی هزریمان دەماشینەوە.