تێکچوونی مێشکیدایک یان باوکوههستی ته‌نیایی منداڵ
پێشکه‌شه به‌و مامۆستایه‌ی پشتگیری ئه‌و قوتابیانه ده‌کات
که دایک یان باوکیان تێکچوونی مێشکیان ههیهئهو منداڵانه‌ی که یه‌کێ له به‌خێوکه‌ریان ( دایک یان باوک) نه‌خۆشی یان تێکچوونی مێشکیان هه‌یه ( psychiatrisch) ، جیاوازیان هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و منداڵ –مێردمنداڵانه‌ی که دایک و باوکیان"ته‌ندروسته". ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وتیان جیایه وه‌ک له هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆیان. گه‌شه‌کردن و په‌روه‌رده‌یان له بارودۆخێکی دژوار و ناهه‌مواردایه . به شێوه‌یه‌ک هه‌ست و هۆشی منداڵ- مێردمنداڵ، به هه‌ستی جۆراوجۆری وه‌ک هه‌ستی ته‌نیایی و ترس گه‌مارۆ دراون ،له هه‌مانکاتدا له ئاماده‌باشی ئه‌وه‌دان چ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌کی تر چاوه‌روانی ژیانیان ده‌کات. یاخود چ بهیهکدادانێکیتر ڕووده‌دات . که ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا له ده‌ستدانی ئه‌تمۆسفیری ئاسایش و ئامانی منداڵ-مێرمنداڵ له‌ناو خێزاندا ده‌گرێته خۆ.
شلۆقی و نه‌بوونی ئاسایشیش له ناوخێزاندا کاریگه‌ری نه‌گه‌تیفی له سه‌ر گه‌شه‌کردنی منداڵ- مێردمنداڵ ده‌بینێت.
"کوڕێکی 9 ساڵ، ئاره‌زوی یاریکردنی له گه‌ڵ هاوڕێکانی نه‌ماوه،ماوه‌یه‌که هیچ هاوڕێیه‌کی بۆ ماڵه‌وه، بۆ یاریکردن ناباته‌وه ،له فێرگه‌ش، ته‌رکیزی لاوازه‌و توانای فێربوونی که‌متر بۆته‌وه. که مامۆستاکه‌ی پرسیار ده‌کات که چی ڕوویداوه، کوڕه‌که له وه‌ڵامدا ده‌ڵی : باوکم له‌م هه‌فته‌یه‌دا گۆڕاوه، شتی سه‌یر سه‌یر ده‌کات، قسه‌و ووتنی تێکچووه، له پڕێکدا به‌بێ هۆ ده‌ته‌قێته‌وه، له پاشاندا دایکم پڕ جنێو ده‌کات ، دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر باوکمیان برد بۆ جۆرێک له نه‌خۆشخانه"!( باوکی شیزۆفرینه)
دیاره منداڵ-مێردمنداڵ، له‌م بارودۆخه‌دا زیاتر پێویستی به هه‌ستی ئارامکردنه‌وه و دڵنیایی ، به‌تایبه‌تی له لایه‌ن که‌سی پرۆفیشیۆناڵ یان به‌خێوکه‌ری تره‌وه هه‌یه. ده‌شێت مانه‌وه یان بوونی نه‌خۆشیش له ناو خێزاندا له لایه‌که‌وه ، بۆ که‌سی خودی نه‌خۆشه‌که لایه‌نی پۆزه‌تیفی هه‌یه که له ناو خێزانی خۆی و ژینکه‌ی خۆیدایه، له لایه‌کی تره‌وه فشارێکی زۆر ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌ندامانی تری خێزان ، به تایبه‌تی بۆ سه‌ر منداڵ-مێردمنداڵ، به شێوه‌یه‌کی گشتی ژیانی ئه‌ندامانی خێزان سنوردار و دیاریکراو ده‌بێت، به جۆرێک ده‌بێت گوزه‌رانیان له گه‌ڵ که‌سی نه‌خۆشدا بگونجێنن. له* لێکۆڵینهوهکانهدا ده‌رکه‌وتوه، یه‌ک له سێی ئه‌و منداڵ – مێردمنداڵانه‌ی که دایک یان باوک کێشه‌ی تێکچوونی مێشکیان هه‌یه، دوچاری کێشه‌ی جۆراوجۆر و ئاڵۆز ده‌بنه‌وه. پرۆفیشیۆناڵهکانی ده‌زگای ته‌ندروستی ئه‌وه‌مان پێمان ده‌ڵێن، که زۆربه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه و بنکه‌ی ده‌رونی یان مێشکی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ن که یه‌کێ له به‌خێوکه‌ریان، چ دایک بێت یان باوک، تێکچوون و کێشه‌ی مێشکیان هه‌بووه. له لێکۆڵینه‌وه نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به هه‌مان شێوه ئه‌وه ڕونده‌که‌نه‌وه که ئه‌م گروپه یه‌کێکه له گروپه ڕیسکۆکانی خزمه‌تگوزاری ده‌روونی..
له هۆله‌ندا ساڵانه نزیکی ( 864.000 ) دایک یان باوک ** دیاگنۆسی تێکچوونی مێشکیان بۆ ده‌کرێت. تێكڕا ئه‌م به‌خێوکه‌رانه (1،6) ملوێن مناڵ له خوار ته‌مه‌نی 22 ساڵیان هه‌یه، له‌وه‌ش (900.000 ) مناڵ له خوار 12 ساڵ، ( 400.000) له خوار 6 ساڵ. لێره‌دا، تێکڕا ڕێژه‌که‌ی منداڵ-مێردمنداڵ ( %38.5 ).
ئه‌و منداڵ- مێردمنداڵانه‌ی که خۆیان له بنکه یان نه‌خۆشخانه‌ی مێشکی له ژێر چاودێری و چاره‌سه‌ردان، ده‌رکه‌وتوه( دوو له سێ ) یان باوک یان دایکیان تێکچوونی مێشکیان هه‌بووه.
له بواری کاره‌که‌مدا، له تۆڕی په‌روه‌رده‌یدا، که سه‌رپه‌رشتی دۆسیه‌ی منداڵان ده‌که‌م، یه‌کێ له‌و که‌یسه‌ی سه‌رقاڵی کردم و، زه‌نگی مه‌ترسی لێدرا، کێشه‌ی کۆرپه‌یه‌کی 2 مانگی بوو. ئه‌م کۆرپه‌یه خرپن و گۆشتن بوو، کێشی له ته‌مه‌نی خۆی زیاتر بوو. کۆرپه‌که له بووکه‌ڵه‌یه‌ک، یان شتێکی بێ گیان ده‌چوو، گه‌ر قسه‌ت له گه‌ڵ بکردایه، کاردانه‌وه‌ی نه‌بوو، گه‌ر سه‌یری چاویت بکردایه و قسه‌ت له گه‌ڵ بکردایه چاوی نه‌ده‌گێڕا ،کۆنتاکی چاو ، دروست نه‌ده‌بوو، له دوای سه‌ردانی ماڵه‌وه و پشکنین و لێكۆڵینه‌وه ده‌رکه‌وت که په‌یوه‌ندی( دایک – کۆرپه) ، نائاسییه ، مناڵه‌که پرۆسه‌ی هۆگری تێکچوو بوو. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش بنه‌مایه بۆ هه‌مو ژیان و یه‌کێکه له گرنگترین قۆناغه‌کانی ژیانی مرۆڤ . ئه‌م دایکه زۆربه‌ی کات له ناو جێگادا بوو ، توانای به‌خێوکردن و خزمه‌تکردنی کۆرپه‌که‌ی نه‌بوو.گه‌ر مناڵه بگرییایه دایکه ته‌نها شوشه شیری به ده‌مه‌وه ده‌کرد وبه بێده‌نگی به شیر مناڵه‌ی ده‌مکوت ده‌کرد. دایکه که کورد بوو، له کاتی گۆڕین، پاککردنه‌وه، شتن، خه‌واندنی کۆرپه، نه‌ک هه‌ر توانای قسهکردنو دواندنی ساواکه‌ی نه‌بوو،به‌ڵکو توانای باوه‌شکردن و ئارامکردنه‌وه‌ی ساواکه‌شی نه‌بوو ، له کاتی چاره‌سه‌ری دایکه‌که‌دا،له ڕێگه‌ی ووردبونه‌وه له ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وتی دایکه، به کامێرای ڤیدۆ، که چۆن خزمه‌تی کۆرپه‌که‌ی ده‌کات، ورده ورده دایکه فێر کرا که چۆن له ڕۆژێکدا، له کاتی گۆڕین و شیردان و شتن و پاککردنه‌وه‌ی کۆرپه‌که، ڕابهێنرێت، چۆن قسه له گه‌ڵ کۆرپه بکات و کۆنتاکت له گه‌ل کۆرپه هانبدات و په‌یوه‌ندی دروستبکات .
"کچێکی 12 ساڵ ، ده‌ڵێ هه‌رگیز نه‌متوانیوه له گه‌ڵ هاوڕێکانم یاری بکه‌م، چونکه دایکم هه‌ست به به‌رپرسیار نه‌بوو،له کاتی نانخواردندا ، هیچ له ماڵه‌که‌دا نه‌بوو، له ته‌مه‌نی 9 ساڵیمـهوه خه‌ریکی ئیشی ناوماڵ و بازار‌و ناندروستکردن بووم،
ئه‌رکی براپچوکهکهشم هه‌ر له سه‌ر شانی من بوو، دایکی ئه‌م کچه، ته‌مه‌نی له سیه‌کاندا بوو ، که ده‌گه‌یشته حاڵه‌تی (psychose) پسیخۆزه ، په‌نجه‌ره‌و ده‌رگای له رۆژی ساردی زستاندا ده‌خسته سه‌ر پشت، ده‌یوت "ماڵه‌که‌م بۆنی غازی لێ دێ و ده‌یانه‌وێت به غاز ،بکموژن، باسی ده‌نگه ده‌نگی ده‌کرد ، که هه‌راسانی کردووه"، به کورتیه‌که‌ی ، ئه‌م ژنه په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ واقیعهتدا پچڕاوبوو، له گه‌ڵ ده‌وربه‌ردا نه‌یده‌توانی بگونجێت.
بێگومان ئه‌م کێشه‌یه له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ، تا ئێستاش بابه‌تێکی حه‌ساسه‌و تابویه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره، ئه‌وه‌ی جێ داخه کاتێ دایک یان باوک تێکچوونی مێشکیان هه‌بێت ، ئه‌وا ئه‌مانه ژیانیان نه‌ک هه‌ر لێوان لێوه له کێشه‌و گرفتی جۆراوجۆر، له دژواری و ناههمواریدان ده‌گوزه‌رێن، له کۆمه‌ڵگاشدا پێگه‌یه‌کی زۆر لاواز له‌رزۆکیان هه‌یه ، به ڕاده‌یه‌ک به چاوێکی جیا له که‌سانی ئاسایی سه‌یر ده‌کرێن، به دوورن له پشتگیری ڕۆحی و چاودێری ته‌ندروستی و ، هاوکاری له ڕووی په‌روه‌رده‌یی و به‌خێوکردنه‌وه ناکرێن. له‌وه‌ش بترازێت منداڵ- مێرمنداڵیشان له ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ته‌نیای و گۆشه‌گیریدا ده‌ژین. ڕۆژانه له گه‌ڕه‌ک و قوتابخانه‌و شوێنه گشتیه‌کان،ڕوبه‌روی گاڵته‌پێکردن و بێزارکردن و ههرهسانی ده‌بنه‌وه، ئه‌م منداڵانه له جیاتی ئه‌وه‌ی کۆمهکبکرێن و پێداویستیه ڕۆحی و مادیان پڕبکریتهوه، دیسانه‌وه جارێکی‌تر کۆمه‌ڵگا سزایان ده‌دات و ده‌که‌ونه به‌ر تیری ژه‌هراوی توانج و گاڵته پێکردن که ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌یتر منداڵ-مێرمنداڵ بێ‌بڕوا و نادڵنیا ده‌کاته‌وه، ئاکامه‌که‌شی دووره‌په‌رێز و بێبه‌ش ده‌بن له چالاکی و به‌شداری له کۆمه‌ڵگا.
پرسیار لێره ئه‌وه‌یه ئایا مامۆستا جا چ مامۆستای سه‌ره‌تایی، ئاماده‌یی یان هه‌ر قۆناغێکی تر بێت ، چ ڕۆڵیکی هه‌یه له پشتگیری و هاوکاری ئه‌م منداڵ- مێردمنداڵانه؟ ئایا ئاگاداری کێشه‌ی ته‌نیایی و گۆشه‌گیری ئه‌م گروپه ناسکه هه‌ن ؟ ئایا دڵنه‌وایی و هه‌ستی ئارامیان پێ ده‌به‌خشن، ئایا ڕێز و بایه‌خی ته‌واویان پێده‌درێت ؟ چونکه لێره‌دا ئه‌وه زۆر گرنگه که سێکیتر جا مامۆستایه‌کی دڵسۆز ، یاخود که‌سێکیتر که بتوانێت له ڕیگه‌ی ئارامی و دڵنه‌وایی کردنه‌وه ، هه‌ستی دڵنیایی و باوه‌ڕبه‌خۆ بوونیان تێدا به‌هێز بکات.تێبینی: له سه‌ره‌تای ساڵانی 2000 وه له هۆڵه‌ندا گروپ و کۆرسی تایبه‌تی بۆ منداڵ-مێردمنداڵانه‌ی که دایک یان باوک تێکچوونی مێشکیان هه‌یه، کراوه‌ته‌وه ، بایه‌خی تایبه‌تیان پێده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتودا دوچاری ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و کێشه‌ی گران نه‌بنه‌وه. هامانکات مامۆستا‌و کارمه‌ندانی ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تی و شوێنه‌کانیتر ڕاهێنان و کۆرسی تایبه‌تیان بۆ کراوته‌وه، تا بتوانن پشتگیری ئه‌و منداڵ و مێرمنداڵانه بکه‌ن که دایک یان باوکیان تێکچوونی مێشکیان هه‌یه.
* Kinderen van ouders met psychiatrische problemen،2003
** سه‌باره‌ت به دیاگنۆسی کێشه‌ی به‌خێوکه‌ر،( As I van de DSM- VI ) ،ئه‌مانن:
Stemming stoornissen: تێکچوونی باری هه‌ست و هۆش،په‌ستی، تووڕه‌یی،ڕوگرژی
Bipolair: حاڵاتێکه که‌سه‌که زۆر چالاکه، زۆر دڵخۆشه، حه‌ماسه‌تی زۆره…
Dysthymie: فۆرمێکه له خه‌مۆکی
Schizofrenie: شیزۆفرینی
Psychotischestoornissen حاڵاتێکه که‌سه‌که واقیعه‌ت له ده‌ستده‌دات، دیمه‌نی سه‌یر ده‌بینینێت، یان گوێی له شت ده‌بێت،یان بۆنی شت ده‌کات که بوونی نیه..هتد
Eetstoornissen: تێکچوون له خواردن
Angststoornissen: ترس و فۆبیا* ئه‌م بابه‌ته له ئاوێنه له 13- 10- 2009 بڵاوکرایه‌وه