Skip to Content

Saturday, May 28th, 2022

زه‌نگ له‌ ده‌رگا كاسه‌كانی ته‌نهایی مه‌ده ….. کاردینا‌

Closed
by November 8, 2009 ئەدەب

 

خۆت مه‌سوه‌ له‌ دیواری ژووره‌ شه‌ڕاوییه‌كانی دوێنێ‌
له‌و دیو په‌نجه‌ره‌كانی ته‌ماشاوه‌ بڕوانه‌ ئه‌م قاتوقڕی پێكه‌نینه‌
وا بنمیچه‌كانی گوناه پڕئه‌كات له‌ خه‌تای سپیی
كۆڵانه‌كانی ڕوانینیش پڕ بووه‌ له‌ بێده‌نگی خوا
چیتر له‌ ژێر كپیی ئه‌م بایه‌دا دامه‌نیشه‌
زه‌نگ له‌ ده‌رگا كاسه‌كانی ته‌نهایی مه‌ده‌
با ڕامووسانه‌كانمان له‌به‌رده‌م ڕوونترین ئاوێنه‌دا حه‌ڵاڵ بكه‌ین…
وه‌ره‌و ڕاوه‌ستان له‌سه‌ر په‌نجه‌ له‌رزیوه‌كانی _با_به‌سه‌
له‌ گومان و له‌ كراسه‌ خوێناوییه‌كانی ترس گه‌ڕێ‌
بڕوانه‌ ئاوێنه‌كه‌ی به‌رده‌مت
بۆ وێنه‌یه‌ك ئه‌گه‌ڕێت له‌ سپێتی و وێنه‌یه‌ك خاڵی له‌ ترس
وێنه‌یه‌ك كه‌ به‌ده‌م هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ سینه‌ی كاتژمێر پڕ بكات له‌ بۆنی نمه‌ بارانی زیندوو بوونه‌وه‌ت
وێنه‌یه‌ك له‌ من ….
شه‌رم نه‌تگرێ‌ به‌ خۆدانه‌ به‌ر بارانی وتن
كه‌ تینوێتی پیاوه‌تیت ئه‌شكێنێ‌ به‌ ته‌مه‌ننا
وه‌ره‌و چیتر بیر له‌ نهێنی ناو ماڵه‌ ڕه‌شبووكانی دوێنێ‌ مه‌كه‌ره‌وه‌….
ئه‌م شه‌وه‌ پڕ بكه‌ له‌ ڕه‌نگه‌كانی به‌هه‌شت و
گۆرانییه‌ك له‌ ئومێد هه‌ڵواسه‌ به‌ باڵای تامه‌زرۆیما….
با پێكه‌وه‌ لایلایه‌ بۆ گه‌ڵا چاوه‌ڕوانه‌كانی ته‌مه‌ن بكه‌ین….
خۆت مه‌خزێنه‌ كووچه‌ ماندووه‌كانی ڕاكشانه‌وه‌
گوێگرتن له‌ هه‌ناسه‌ی ئه‌م شه‌وه‌ بێده‌نگه‌ هزری _با_ش پڕه‌كا له‌ هاواره‌ ته‌زیوه‌كانی  مانگه‌شه‌و
وه‌ره‌ لێومان بنێین به‌ په‌رداخه‌ په‌مه‌ییه‌كانی ژیانه‌وه‌ و
ڕوانینمان پڕ بكه‌ین له‌ پێكه‌نینی ناو باخه‌ ته‌ڕه‌كانی ته‌مه‌ننا و
له‌ باوه‌شی كچێنیمت بگرم…….
تا تاریكی له‌باڵای ژووره‌ سپییه‌كانی پێك گه‌یشتنمان بكه‌ینه‌وه‌…..

كاردینا

 

Previous
Next