Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
18 ساڵە یەک وەزیری پەروەردەی پسپۆرتان پێ دانەنرا

18 ساڵە یەک وەزیری پەروەردەی پسپۆرتان پێ دانەنرا

Closed
by November 8, 2009 گشتی

ماوەیەکی زۆر بەرێز بەرهەم ساڵح و هەموو سەرکردەکانی لیستی کوردستانی ئەوەیان کردووە بەعادەت کەمەرجیان بۆ دانانی وەزیرەکان هەیەو دەیانەوێت هەموویان تەکنۆکرات و پسپۆرو شارەزابن. بەڵام کاتێک خەلک بەبروانامەی ئامادەیی و لەوانەیە کەمتریش بەهۆی خزمایەتی و دۆستایەتیەوە دەکرێن بەوەزیر بەبێ ئەوەی شارەزاییان هەبێت، ئەوە جارێکی دیکە مرۆڤ بروای بەو بەلێنانە نامێنێت کەلەکاتی هەلبژاردنەکاندا بەخەلکی دەدەن و هیوای گەشەسەندنی ئەو وەزارەتانەی لەلا دروست نابێت . ئاخر ناکرێت یەکێتی و پارتی دەیان کەسیان هەبێت کەخاوەنی بروانامەی بەرزبن لەزانستە جۆربەجۆرەکاندا و لەبری ئەوانە کەسانێک دابنێن تەنها لەبەر ئەوەی لەسەرکردایەتیەوە نزیکن لەگەل بەرپرسەکانیاندا خزمایەتی دۆستایەتیان هەیە یا چەند سالە لەشاخ بوون. من لەم وتارەدا تەنها تیشک دەخەمە سەر بواری پەروەردەو لەتەندروستبوونی هەلبژاردنی وەزیری پەروەردە دەکۆلمەوە. 
بەئەندازەی ئەوەی یەکێتی لەدانانی وەزیری خوێندنی باڵادا سەرکەوتوو بوو پارتی دە ئەوەندە لەدانانی وەزیری پەروەردەدا سەرکەوتوو نەبوو. هەلبژاردنی دلاوەر بۆ پۆستی خوێندنی بالا چاوەروانی ئەوەی لێدەگرێت گۆرانکارییەک بخاتە نێو خوێندنی بالاوە چونکە کاک دلاوەر ئەگەرچی لەبواری ئیداریدا تاوەکو ئێستا شارەزاییمان دەربارەی نیە، بەڵام  لەبوارەکەی خوێدا پیاوێکی شارەزاو وردبینە. بەرامبەر بەمەش کاک سەفین دزەیی لەبواری پەروەردەدا هیچ شارەزاییەکی نیەو پێم وانیە پەروەردە لەم کابینەیەدا بتوانێت هەنگاوی گەورە بنێت. بەندە بەر لەیەکلابوونەوەی کەکام حیزب سەرۆکی کابینە دادەنێت دوو نامەم بۆ هەردوو بەرێز نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح نووسی کەتیایدا باسم لەگرینگی هەلبژاردنی کەسێکی شیاو کردبوو بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە کەزۆر گرینگە چەند مەرجێکی تێدا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بەبواری پەروەردە بدات. بەڵام هەلبژاردنی کاک سەفین دەقاودەق پێچەوانەی ئەو مەرجانەیە کەمن نووسیبووم و نیشانەی ئەوەیە کەپارتی لەروانگەیەکی حیزبابەتیەوە تەماشای پەروەردە دەکات و لەهەمان کاتیشدا دژی ئەو بۆچوونانەی نێچیرڤان بەرزانی و بەرهەم سالحە کەدەربارەی پەروەردە و پۆستەکان دەیخەنەروو.
ئەلبەتە من شکم لەوەدا نیە کەکاک سەفین لەبواری دیکەدا شارەزایی هەیەو کاری زۆر کردووەو دەشێ لەکارێکی دیکەدا زۆر سەرکەوتوو بێت، بەڵام رەخنەی من لێرەدا لەپارتی ئەوەیە دەبوایە لەنێو ئەو هەموو کادیرانەی خۆیدا بیتوانیبایە یەکێک هەلبژێرێت کەشارەزایی لەبواری پەروەردە و فیکری پەروەردەییدا هەبێت. هەموومان دەزانین کاک سەفین دەمێکە لەناو پارتیدا کار دەکات و نزیکایەتیەکی زۆری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پارتیدا هەیە، بەڵام نەدەبوو ئەم نزیکایەتیە ببوایە بەپێوەر بۆ ئەوەی لەبواری پەروەردەدا بکرێت بەوەزیرو سەرپەرشتی پرۆسەیەک بکات کەتاوەکو ئێستا شارەزایی تێدا نەبووەو بەهیچ جۆرێک کاری تێدا نەکردووە.
من ئەوە باش دەزانم کەپۆستی وەزیر سیاسیە، بەڵام حیزب دەتوانێت بۆ تازەکردنەوەی خۆی و بۆ مسوگەرکردنی بەرجەستەکردنی ئەو بەلێنانەی لەکاتی هەلبژاردنەکاندا بەخەلکی دابوو بەدوای کەسانێکدا بگەرێت کەشارەزاییان زۆر بێت. لەهەمان کاتدا هەموو وەزیرێک دەتوانێت  ئەگەر سیاسیش بێت لەرێگەی تیمێکی راوێژکاری زۆر باشەوە کارەکانی بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدات. بەڵام کەتەماشای ناوی ئەو بەرێزانە دەکەین کەراوێژکارو کارشناسی فەرمی وەزیری پەروەردەی رابردوو بوون و ناوەکانیان تاوەکو ئێستاش لەسەر مالپەری وەزارەتی پەروەردە ماوە، ئەوە زۆر زوو بۆ دەردەکەوێت کەبەشی هەرە گەورەیان هیچ جۆرە شارەزاییەکیان لەپەروەردەدا نیەو مرۆڤ پێی شەرمە ناوی هەندێکیان ببینێت. بەدلنیاییەوە چوار سالە بەشی هەرە زۆریان مانگانە سێ ملیۆن وەردەگرن بەڵام خێری سێ فلسیان بۆ پەروەردە نەبووە. لەهەمان کاتدا پێشکەوتنی پەروەردە لەکابینەی پێنجەمدا بەهۆی گوێگرتن نەبووە لەو راوێژکارانە.  بەداخەوە یەکێتی و پارتی لەماوەی  18 ساڵی حوکمی خۆیاندا بۆ تاقە جارێکیش لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کەپیاوێکی شارەزاو پسپۆر لەبواری پەروەردە بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە دابنێن ئیدی من نازانم کەی دەتوانن ئەو کارە بکەن. 18 سالە پەروەردە وەزیری ناپسپۆر رابەرایەتی دەکات و تەنها یەکێک لەو بەرێزانە توانی گۆرانکاری بخاتە ناو پەروەردەوە. ئایندەی مندالەکانمان بەپەروەردەوە بەندە بۆیە مافی خۆمانە رەخنە لەیەکێتی و پارتی بگرین و پێیان بڵێین ئێوە تاکەی بەو شێوە خراپە بیر دەکەنەوە.
مەبەستم لەنووسینی ئەم وتارە رەخنەگرتن و تورەکردنی کاک سەفین نیە کەهێشتا دەست بەکار نەبووەوە نازانین چی دەکات، لەهەمان کاتیشدا رەنگە بەبێ ویستی خۆی پارتی بۆ ئەم پۆستەی هەلبژاردبێت. من پێم وایە کارکردنی کاک سەفین بۆ پۆستێکی دیکە زۆر باشتر دەبوو وەک لەکارکردن لەپۆستی وەزیری پەروەردەدا.  مەبەستی سەرەکی من رەخنەگرتنە لەپارتی کەبەپێچەوانەی ئەو قسانەوە دەیکەن کار دەکەن و لەهەلبژاردنی وەزیرەکاندا شارەزایی و پسپۆری بەلایانەوە مەبەست نیەو لەوانەشە پێشکەوتنی پەروەردە لەم کابینەیەدا بەلایانەوە هەر گرینگ نەبێت. من هیوادارم کاک سەفین ئەم رەخنەیە زیاتر وەکو خالێکی هاندان وەربگرێت کەبەهۆیەوە بتوانێت پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی من بسەلمێنێت.
پێویستە لەسەر کاک سەفین ئەوەمان بۆ بخاتەروو کەتاچەند لەقوتابخانە پەروەردەییەکان و فیکری پەروەردەیی شارەزایەو نا چەند پلانی هەیە چی بگۆرێت. پێویستمان بەوە هەیە لەجیهانبینی ئەو تێبگەین کەتا چەند لەپەروەردەدا بر دەکات و بەتەمای چیە؟ هەرکات ئەوانەی خستەروو ئەو دەم قسەیەکی ترمان دەبێت
faiekk@hotmail.com
  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.