Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

ئازادی به‌شه‌رتی یه‌ك ملیار دۆلار! …..هێمن مه‌حمود

Closed
by August 9, 2010 گشتی

یه‌كه‌م جار كه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌م خوێنده‌وه‌ توشی شۆك بوم، جارێكی دی و جارێكی دی له‌سه‌ر یه‌ك خوێندمه‌وه‌،نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خوانه‌خواسته‌ روداوێكی  وه‌ك وه‌ك مردن یاخود ئیستقاله‌كردنیی سه‌رۆكی حزبێكی كوردی  رویدابێت، یاخود مالكی وازی هێنابێت و حكومه‌ته‌ شه‌ق وشڕه‌كه‌ی  عیراق دروستكرابێت، نه‌خێر  توشی شۆك بوم له‌به‌رئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌ولێرو دهۆك داوای داخستنی رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌و یه‌ك ملیار دۆلاری كردووه‌، ئاخر ئه‌مه‌ له‌نوكته‌ ده‌چوو،نوكته‌یه‌كی بێتام،له‌پڕ دامه‌ پێكه‌نین، خێزانه‌كه‌م وتی خێره‌ واپێده‌كه‌نی خۆخاوه‌نی ئوتێل سۆما نه‌گیراوه‌؟ وتم نه‌خێر، وتی ده‌زانم ته‌نكه‌ره‌ نه‌وته‌كانه‌ ده‌ركه‌وت هی كێن و بۆ كێ ده‌ڕۆن و داهاته‌كه‌شیان ده‌چێته‌ گیرفانی چ كه‌سێكه‌وه‌و ئیتر ئه‌مریكا ناهێڵێت بڕوات، وتم نه‌وتی چی جا بۆ نه‌وت ده‌ڕوات؟ نازانم من هیچ نابینم، وتی دۆزیمه‌وه‌ تازه‌ترین نوكته‌ی ناو فه‌یسبوكه‌، كه‌ وتم نه‌وه‌ڵا جابۆ له‌فه‌یسبوكیش له‌به‌ر وێنه‌ی سیاسیه‌كان شوێنی نوكته‌ گێڕانه‌وه‌ی تیادا ماوه‌، وتی  ئه‌ی چیه‌ خۆ ئاوه‌كه‌ی سیروانیان پاككنه‌كردۆته‌وه‌ و به‌پاڵاوته‌یی و به‌پاكێتی بمانده‌نێ، وتم ئاوی چی بۆ هێشتا بۆرییه‌كان دانراون تا ئاومان بۆ بهێنن، وتی ئاگره‌ ،ته‌واو ئیتر دارستان و ره‌زه‌كان ناسوتێنێ له‌خودا به‌زیادبێ به‌رگری شارستانی هێنده‌ ئامێرو كارمه‌ندی هه‌یه‌ ناهێڵن ئاگرێك بكه‌وێـته‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌یكوژێننه‌وه‌.
چی بڵێم… وتم ئه‌وه‌ش نیه‌، وتی ده‌توخوا ئیتر به‌سه‌ دڵنیام كاره‌باكه‌یه‌ دڵنیام ره‌مه‌زان به‌یانیان سه‌عات 6 نایكوژێننه‌وه‌ و خه‌به‌رمان كه‌نه‌وه‌، وتم وه‌ڵا ئه‌وه‌ش شایانی پێكه‌نینه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌شیان نییه‌، خه‌ریكبوو ئیتر واز له‌ پرسیاركردن بهێنێ كه‌چی منی بینی سه‌ر باده‌ده‌م خۆی نه‌گرت و وتی ئه‌مجاره‌ زانیم پاركه‌كانی شاره‌ كه‌ هێشتا سه‌وزنه‌كراون كه‌چی مولیده‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌هلی تیادا قوتكراوه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر دوكه‌ڵ و ده‌نگه‌ده‌نگ كه‌س روویان تیاناكات، وتم نه‌بابه‌ پاركی چی و شتی چی ئه‌وه‌ كه‌ی مایه‌ی پێكه‌نینه‌.وازی هێناو رۆشت  بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و  ئاوه‌ بگرێت كه‌ ته‌نكه‌رێكی حكومی به‌م هاوینه‌ گه‌رمه‌و كێشه‌ی كه‌م ئاوییه‌ له‌شاره‌كه‌ی مندا كه‌ ده‌ریاچه‌یه‌ك و روبارێكی به‌ته‌نیشته‌وه‌یه‌ هه‌فته‌ی دوو رۆژ ته‌نكییه‌كی گه‌وره‌مان بۆ پڕده‌كات.
ئه‌م وڵاته‌ زۆر خۆشه‌، هه‌ندێك تادێت ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن، و توێژێكی زۆریش ئه‌گه‌ر یه‌ك مانگ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رێتیه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرێت ده‌بێت له‌به‌ر خاوه‌ن قه‌رز سه‌ری خۆی هه‌ڵبگرێت، حزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش چونكه‌ گیرفانێكی قه‌ڵه‌وو سكێكی تێریان هه‌یه‌ هه‌میشه‌ ئاگایان له‌سكه‌ برسی و گیرفانه‌ بچوكه‌كان نیه‌، من هیچ به‌لامه‌وه‌ سه‌یرنیه‌ له‌داوایه‌كی وای حزبێكی ده‌سه‌ڵاتدارو ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ك پارتی چونكه‌ ئه‌و له‌گیرفان و سكی خۆیه‌وه‌ سه‌یری هه‌موان ده‌كات.
من یه‌ك شتم به‌لاوه‌ سه‌یره‌ له‌م داواییه‌دا باشه‌ ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی وه‌كو گۆڕان یه‌ك ملیار دۆلاری هه‌بوایه‌ بۆ نانبڕاوه‌كانی خۆی پێ تێرنه‌ده‌كرد، بۆ دڵی ئه‌و خێزانانه‌ی نه‌ده‌دایه‌وه‌ كه‌ به‌گیان و به‌ماڵ پشتگیریان ده‌كرد.
كه‌ خێزانه‌كه‌م هاته‌وه‌ بانگمكرد وتم وه‌ره‌ تازه‌ترین نوكته‌ی حزبێكی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی ببیسته‌ كه‌ ئه‌ویش  ئه‌مه‌یه‌( پارتی داوای یه‌ك ملیار دۆلار ده‌كات ؟ له‌كێش له‌ رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان…) توخوا ئه‌مه‌ نوكته‌ نیه‌… ده‌ی هه‌مووتان بزه‌یه‌كی بێتام بكه‌ن و هاواركه‌ن…وه‌رن بۆ ئازادی…به‌ڵام به‌شه‌رتی یه‌ك ملیار دۆلار……
ده‌ربه‌ندیخان

hemnm1979@yahoo.com

Previous
Next