Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
تۆ ئەرۆیت و ئیدی گەڵا رەدووی با ناكەوێت

تۆ ئەرۆیت و ئیدی گەڵا رەدووی با ناكەوێت

Closed
by August 18, 2010 ئەدەب

چ ژانێكی گەورەیە
تۆ ئەرۆیت و ئێرە ئەبێتە سارا
لێرە بەدواوە
 هەتاو بین بە لێوی زەوییەوە نانێ‌
 پەنجەرە مەركانەكان ماچ ناكات
مەمك نابێتە شیعرو
 ژن نابێتە كانیاو
لێرە بەدواوە
مانگ لە ترسی تۆ راناكات
ئاسمان لە گەڵ شەو نا چێتە ژوانێ‌
باخچەكان پڕنابن لە چنینەوەی ژیان
لێرە بەدواوە
جێ‌ ژوان دەبێتە كەلاوەو
غەریبی حەقیقەت دەكەین..
چ درۆیەكی گەورەیە
تۆ ئەرۆیت و ئێرە تینوو دەبێ‌
جادەكان بی َپیاسە دەبن
دار چنارەكان ئیحساسیان دەمرێت
لێرە بەدواوە بەدەست لێدانێك زەوقیان هەڵناستێ‌
مەمك لە ژێر ستیانەكانەوە نوێژ ناكات
ئاو ئامێزی پڕنابێت لە ژن
پایز لێوانلێو نابێت لە شەهوەت
چ غەریبییەكی سەختە
تۆ ئەرۆیت و ئێرە دەبێتە ماڵێك لە تەنیایی
خوا هەموو سێوەكان دەداتە حەوا
ئیدی ئادەم كورَی نابێ
نە باران فریای تەڕكردنی رووبار دەكەوێ‌ و
نە بەفر وەك تۆ سپی دەبێ
چ تەمتومانێكی دژوارە
تۆ ئەرۆیت و
ئیدی گەڵا رەدووی با ناكەوێت
پیاوەكان سۆراخی ماچی حەرام ناكەن
بێستانەكانی رۆح
وشك دەبنەوە لەتام و بۆی ژن
كەفی سەر پێكەكان نارژێتە لێوی مەستیەوە
ئامێزی ئێوارانی شار بەتاڵ بەتاڵ
كەس نامێنێ‌ بمباتە سەیران
باخچەیەك نامێنێ‌ گوڵی عەشقم تێیدا چرۆ بكات
چ مردنێكی لە سەرخۆیە
تۆ ئەرۆیت و رۆحم ئەكەیتە پارچەیەك ژەهری تاڵ
تۆ ئەرۆیت و پڕم ئەكەیت لە خەیاڵ

 

 فەرمان ساڵح

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.