Skip to Content

Saturday, May 28th, 2022

پارتی‌و مێژووی کورد …. مه‌ریوان وریا قانع

Closed
by August 28, 2010 گشتی

ھیچ کاتێک نە نووسینەوەی مێژووی میللەتێک، نە سەرلەنوێ خوێندنەوە‌و پێداچوونەوە‌و نرخاندنەوەی ئەو مێژووە کارێکی ئاسان بووە، چونکە ئەم کارانە پەیوەندییان بە سەرلەنوێ تەماشاکردنەوەی ئەو میللەتەوە هەیە بۆ خۆی‌و بۆ ئەوانیدی‌و بۆ ئەو دونیایەی دروستیکردوە‌و تیایدادەژی. ھیچ مێژوویەکیش نییە خاڵی لەئەفسانە‌و لەڕووداو‌و لەقارەمانی ناڕاست‌و دروستکراو، بەتایبەتی مێژوویەک لەدید‌و عەقڵ‌و ڕۆحیەتێکی ناسیۆنالیستییەوە نووسرابێتەوە. شارەزایانی بواری لێکۆڵینەوە لەنەتەوە‌و ناسیۆنالیزم لەمێژە ئەو ڕاستییەیان بۆ ئاشکرابووە کە هەموو بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی، پێویستی بە چەند مێژوونووسێکە تەزویر لەمێژووی ئەو نەتەوەیەدا بکەن، وێنەیەکی زێڕینی ئەو مێژووە‌و وێنەیەکی مەزنی ئەو نەتەوەیە‌و سەرکردەکانی نیشانبدەن. لەڕاستیشدا کە باس لەناسیۆنالیزم دەکرێت، لەپاڵیدا باس لەمێژوویەکی فوتێکراو دەکرێت کە بە مەبەست پڕکراوە لەحیکایەت‌و لەکەسایەتی پاڵەوانانەی ناڕاست، یان نیمچەڕاست.
ناسیۆنالیزم سادەگۆیانە مێژوو بەسەر دووبەرەی دژ بەیەکدا دابەشدەکات. یەکەمیان بەرەی نەتەوەیە کە لە کەسانی پاک‌و قارەمان‌و سەرڕاست دروستبوون، دووهەمیان بەرەی دەرەوەی نەتەوەیە کە پڕە لەدوژمنانی نەتەوە‌و خیانەتکاران‌و بەدویستان. لەم دیدەدا نەتەوە وەک چاکەیەکی ڕەها وێنادەکرێت، سەرکردەکانیشی وەک کەسانی لەخۆبردوو‌و بێتەماح‌و بێخەوش‌و بێگەرد.
بەڵام مێژووی ھیچ میللەتێک بەتەنها مێژوونووسە ناسیۆنالیستەکان ناینووسنەوە، هەمیشە کۆمەڵێک مێژوونووس هەن دەتوانن بچنە دەرەوەی گریمانەکانی خەیاڵ‌و عەقڵییەتی ناسیۆنالیستییەوە، دەتوانن لەشوێنێکی دیکەوە تەماشای مێژووی میللەتەکەیان بکەن جیاواز لەدیدگای ناسیۆنالیستانە. هەر مێژوونووسێکیش پێبنێتە دەرەوەی عەقڵیەت‌و ڕۆحیەتی ناسیۆنالیستییەوە، دونیایەکی بۆ دەردەکەوێت تەواو جیاواز‌و زۆرجار ناکۆکیش بەو دونیایەی مێژوونووسە ناسیۆنالیستەکان پێمانیدەفرۆشن.
بۆ نموونە لەدەوروبەری یادی دووسەد ساڵەی شۆڕشی فەرەنسیدا کۆمەڵێک مێژوونووسی فەرەنسی، لەناویاندا بەتایبەتی فرانسوا فیورێت، لەدیدێکی ھێجگار ڕەخنەییەوە بە چۆنییەتی روودانی شۆڕشکەدا چووەوە‌و بەهای شۆڕشکەی سەرلەنوێ نرخاندەوە. فرانسوا فیورێت یەکەم مێژوونووسی فەرەنسییە لەسەرەتای شەستەکانەوە شۆڕشی فەرەنسی وەک ڕووداوێکی ھێجگار توندوتیژ‌و پڕ تیرۆر وێنادەکات‌و ئەم توندوتیژی‌و تێرۆرەش وەک بەشێک لەپێکهاتی ناوەکی شۆڕشەکە مامەڵەدەکات. ئەم نرخاندنە نێگەتیڤەی شۆڕشی فەرەنسی دەبێتە سەرەتای دروستبوونی تەوژمێک لەنووسینەوەی مێژوودا، کە ئەرکی پێداچونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە شۆڕشی فەرەنسیدا دەگرێتە ئەستۆ. لەناو ئەو مێژوونووسانەدا رە‌نگە مێژوونووسی ئینگلیزی سایمۆن شاما لەهەمووان رەخنەییتربێت بەرامبەر بە شۆڕشی فەرەنسی. بەبۆچوونی شاما ئەوەی شۆڕشی فەرەنسی لەتیرۆر‌و تۆقاندندا نووقمکرد، هەندێک رووداوی لابەلا‌و رێکەوتی خراپ نەبوو، بەڵکو خودی شۆڕشەکە خۆی ماکینەی دروستکردنی تیرۆر بوو. بە بۆچوونی ئەم پیاوە هەموو ئەو شەڕوشۆڕ‌و کوشتارەش کە دواتر لەلایەن ناپلیۆنەوە لەئەوروپادا هاتەکایەوە پەیوەندییەکی پتەوی بە پرنسیپ‌و زمانە گەردونییەکەی شۆڕشی فەرەنسییەوە هەبوو. چەندان مێژوونووسی تریش رووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسی بەگشتی‌و رووداوەکانی ئەو قۆناغەی بە قۆناغی تێرۆر لەشۆڕشی فەرەنسیدا ناونراوە وەک سەرەتای دروستبوونی تۆتالیتاریزم‌و کولتوری داھێنانی تاوانی فیکری بە مانا مۆدێرنەکەی ناودەبەن. باستیل کە لەخوێندنەوە تەقلیدییەکاندا وەک قەڵای غەدر‌و خراپەکاری‌و زیندانێک پڕ لە کەسانی بێگوناھ، وێنادەکرا، لەساتەوەختی شۆڕش‌و پەلاماردان‌و گرتنیدا تەنها حەوت زیندانی تێدابوو. وەک دەشڵێن لەوانە چواریان لەسەر کاری تەزویر‌و دوونیان شێت‌و ئەویتریان لەسەر مناڵبازی گیرابوون. وەک دەبینین لەم خوێندنەوە تازانەدا شۆڕشی فەرەنسی نەک تەنها ڕەخەنکرا، بەڵکو وەک سەرەتای دروستبوون‌و هاتنەکایەی دونیایەکی پڕ تیرۆر‌و تۆقاندنیش ناسێندرا. ئەو گەورەیی‌و شکۆیەی لەمێژووی فەرەنسیدا بەم شۆڕشە درابوو، لەچەندان لاوە درایە بەر ڕەخنەکردن‌و درزتێکردن‌و هەڵوەشاندنەوە. لەڕاستییدا گرنگ نییە تا چەند ئەم مێژوونووسانە ڕاستدەکەن، گرنگ ئەوەیە لەو ڕاستییە تێبگەین مێژوو موڵکی ئەم یان ئەو گروپ نییە بەتەنها، مێژوو کراوەیە بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەی ڕووداو‌و بکەر‌و کەسایەتییەکانی. هەر لێرەدا ئەوەی گرنگە باسیبکەین ئەوەیە ئەم مێژوونوسانە کە شۆڕشی فەرەنسییان ڕەخنەکرد، حکومەتی فەرەنسی پەلاماری نەدان، ھیچ دەزگا‌و ڕێکخراوێکی نەکرد بەگژیاندا، نانبڕاوی نەکردن، بەیاننامەی ناڕەزایی بە ھیچ سەندیکایەک دەرنەکرد، کەنیسا‌و پیاوە دینییەکانی لێهاننەدان، بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە وەک مێژوونووسی خاوەنڕێز درێژەیان بەکارەکانیانداو هەندێکیشیان خەڵاتی گەورەیان وەرگرت.
لەسەر هەمان مۆدێل‌و نزیکتر لەوڵاتی خۆمان کۆمەڵێک مێژوونووس لەئیسرائیل تەواو بەپێچەوانەی مێژووی رەسمی ئیسرائیلەوە کەوتنە خوێندنەوەیەکی رەخنەیی مێژووی وڵاتەکەیان. ئەم گروپە لەئیسرائیل بە “مێژوونووسە نوێیەکان” ناسراون. ئەم نەوەیە تەحەدایەکی تەواوەتی زۆربەی هەرەزۆری گریمانەکانی ئەو مێژووە رەسمییەیان کرد کە مێژوونووسە ئیسرائیلییە رەسمییەکان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیلیان دروستکردوە. ئیلان پاپێ، کە یەکێکە لەم مێژوونووسانە، لەکتێبی “پاکتاوی ڕەگەزیی فەلەستینییەکان” باس لەوەدەکات، ئیسرائیل لەساڵی ١٩٤٨دا تاوانی پاکتاوی ڕەگەزی، واتە جینۆسایدی، بەرامبەر بە عەرەبە فەلەستینییەکان ئەنجامداوە. هەروەها ڕەخنە لەعەرەبەکانیش دەگرێت‌و دەڵێت ئەوان ئەو جینۆسایدەی ئیسرائیلیان ناو ناوە “نەکبە”، لەکاتێکدا ئەم ناونانە گەورەیی تاوانەکانی ئیسرائیل نیشاننادات. سەرەڕای ئەم دید‌و خوێندنەوە رەخنەییانە تا ئەمڕۆش زۆربەی هەرەزۆری ئەم مێژوونووسانە، پاپێی لێدەرچێت، لەئیسرائیلدا بە ئازادی کاردەکەن‌و فشاری ھیچ دەزگا‌و لایەن‌و ھێزێکیان لەسەرنییە.
لەکوردستانی ئێمەدا، بەپێچەوانەی ئەو نموونانەی سەرەوە، دۆخێکی تەواو نالەبار لەئارادایە، نەک تەنها بەرامبەر بەو مێژوونووسانەی لە دیدێکی ترەوە تەماشای مێژووی ئێمە دەکەن، بەڵکو بەرامبەر بەو گۆڤار‌و ڕۆژنامانەش کە دەوێرن کەسانێک بدوێنن لەدەرەوەی مێژووی ڕەسمی‌و بەموقەدەسکراودا، قسەبکەن. پاڵەوانی ئەم دۆخە نالەبارەش پارتی دیموکراتی کوردستانە. من لێرەدا بەرگری لەڕاو بۆچوونەکانی قانعی فەر ناکەم کە گۆڤاری لڤین چاوپێکەوتنی لەگەڵداکردوە‌و هەندێک رای تایبەتی لەسەر مستەفا بارزانی وتوە، بەڵام ڕەخنەم لەو عەقڵییەتەی پارتییە کە پێی وایە نابێت دەست بۆ مێژووی کورد ببرێت‌و نابێت بەشێوەیتر تەماشای رووداو‌و کەسایەتییەکانی بکرێت. نابێت ئەم مێژووە بەجۆرێک بخوێندرێتەوە دڵی پارتی گەرد بیگرێت. گەر ئەم کارە کراو لەھێڵە سورەکانی پارتی بۆ خوێندنەوەی مێژوو لادرا، ئەوا پارتی بە مافی خۆی بزانێت نەک تەنها دەزگا زەبەلاحەکانی خۆی، بەڵکو هەموو کۆمەڵگای کوردی، لەگەنجانی قوتابخانە سەرەتاییاکانەوە تا مەلای مزگەوتەکان، بکات بەگژ هەموو ئەوانەدا کە تێڕوانینەکانی پارتییان بۆ ئەم مێژووە قبووڵنییە. کاتی ئەوە هاتووە پارتی واز لەم عەقڵییەتە بهێنێت کە بۆنی سەدەکانی ناوەڕاستی لێدێت.

 

Previous
Next