
له‌و دیوی خۆته‌وه ته‌ماشای وێنه‌كه‌ی من بكه….. ره‌نج ساڵه‌یی
ده‌توانم بتناسم؟ بیرم دێت پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تۆم بینی و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و پرسیارم لێكردی و دووساڵیش له‌مه‌وبه‌ر له هه‌مان رۆژدا وه‌ك له كاتی نوسینی ئه‌م نامه‌یه‌دا سه‌فه‌رم كرد، سه‌فه‌رێك وه‌ڵامی گه‌ڕانه‌وه‌م پێ نه‌بوو، دڵنیا نه‌بووم رۆژێك دێت ده‌گه‌رێمه‌وه، دڵنیا نه‌بووم بۆ ئه‌به‌د چاوه‌رێی ده‌ركه‌وتنی تۆ ده‌كه‌م، وه‌ك چۆن به‌یانیان خۆر هه‌ڵدێت و ئێوارانیش بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ردا ده‌كێشێت و ئاوا ده‌بێت، گومانم له به‌رده‌وام بوونی خۆم هه‌بوو تا پێت بڵێم “بۆ ئه‌به‌د چاوه‌رێت ده‌كه‌م” چونكه ته‌مه‌ن هێنده كورته به‌شی ئه‌وه ناكات من چاوه‌ڕوانی تۆ بكه‌م تۆش وه‌ك نازه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ت رێگا ببڕیت، ئاخر ئه‌زیزم زۆر دره‌نگ ده‌بێت كاتی گه‌یشتنی تۆ.
له منداڵیمدا هیوام ده‌خواست تا كاتی ئه‌و پرسیاره بێت، پرسیارێك به ژیانه‌وه گرێم بدات و كلۆڵ بم تێیدا و له مانا سه‌یره‌كانی ژیان بگه‌م، چیتر پرسیاره شێواوه‌كانی ژیان له باوكم نه‌كه‌م و له چاوه‌كانی تۆدا هه‌موو وه‌ڵامه‌كان بدۆزمه‌وه، به‌ڵام ئێستا ده‌مه‌وێت بگه‌رێمه‌وه بۆ منداڵی و ده‌ست بكه‌مه‌وه به پرسیاره شێواوه‌كان و ورده ورده چاكیان بكه‌مه‌وه و خۆم قاڵ بكه‌م تێیداندا و هیوای گه‌وره‌بوون نه‌خوازم، چیتر به پرسیاری گه‌وره‌بوونه‌وه خۆم خه‌ریك نه‌كه‌م چونكه ئه‌و كاته‌ی كه منداڵ بووم ده‌مویست له كاتی گه‌وره‌بوونمدا هه‌مان ئه‌و پرسیاره له یه‌كێكی كچه شۆخه‌كانی شار بكه‌م، وه‌ڵامێكی دڵته‌نگیشم له‌لا نه‌بوو، ئای له منداڵَی و خۆشبه‌ختیم.
له ئێستامدا ئێواران به‌ده‌م گیزه گیزی گۆرانیه‌وه ده‌گه‌رێمه‌وه بۆماڵ و به‌یانیان به ده‌م گێرانه‌وه‌ی رووداوی نێو خه‌ونه‌كانمه‌وه ماڵ جێده‌هێڵم، دڵنیاش نیم كه‌ی ده‌گه‌رێمه‌وه و له چ كوچه‌یه‌كدا تۆ ده‌بینم هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌بێت ده‌زانم چاوه‌رێی بینینێكی تۆ ده‌كه‌م له سه‌رجه‌م شه‌قامه‌كانی شار.
هێنده‌م بیر ده‌كه‌وێته‌وه كه منداڵ بووم له‌به‌ر ده‌رگای ماڵ بۆ هیچ شوێنێكی دیكه نه‌ده‌چووم چونكه ده‌مزانی لێره بڕۆم له هیچ شوێنێك تۆ نابینم، بۆ بریار ناده‌یت جارێكی دیكه‌ش بمبوری و خۆتم پێ نیشانده‌یت؟ خۆ ئه‌و كاته‌ی سه‌فه‌ریشم كرد خۆتت پێ نیشان نه‌دام تا وێنه خه‌ماویه به زۆر سه‌فه‌ر پێكراوه‌كه‌ی نێوچاوانم ببینیت.
هێشتا كات ماوه بۆئه‌وه‌ی تۆ لێم ببوریت، خۆ من ده‌زانم تۆ هێنده بێبه‌زه‌ی نیت تا من بكه‌یت به پرد و بۆلای شاهانه تێپه‌ریت، بێ‌ئاگا نیم له‌هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی بهبهردهمتدا تێپه‌ر ده‌بن ئێستا پێنج ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌م بینیتدا تێپه‌ریووه و چوار ساڵیش به‌سه‌رمندا تێپه‌ریووه كه رۆژێكی وه‌كو ئه‌مرۆ بوو هه‌ستم ده‌كرد له ناخه‌وه خۆشم ده‌وێیت، ئه‌و ئازاره‌م بیرم ده‌كه‌وێته‌وه كه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پرسیارم لێكریت بێئه‌وه‌ی رێگام بده‌یت چیم هه‌یه كۆتای پێبێنم و چیتر رێگا وون نه‌كه‌م و به‌ره‌و ماڵی ئێوه نه‌كه‌ومه رێ، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی وه‌كو با نا ، وه‌كو خه‌ونێك رۆیشتیت دڵنیات نه‌كردم و وتت” ئێستا ناتوانم هیچ بڵێم”
ده‌توانم بتناسم و خۆم بدۆزمه‌وه ؟
ره‌نج ساڵه‌یی \ كه‌ركوك
Ranj_salayi@yahoo.com