Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

11 ی سێبته‌مبه‌ر و شه‌ڕی ئایینه‌كان

Closed
by September 10, 2010 گشتی

وا بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ساڵرۆژی 11ی سێبته‌مبه‌ردا، قه‌شه‌ تیری جۆنز له‌كه‌نیسه‌یه‌كی ویلایه‌تی فلۆریداوه‌ له‌مه‌راسیمێكدا به‌ دیار چاوی میدیاكانه‌وه‌ قورئانێك بسوتێنێت.
پێش ئه‌و سێشه‌ممه‌یه‌ی كه‌ رێكه‌وتی 11 سێبته‌مبه‌ری 2001 بوو، جیهان سه‌رقاڵی تیۆری ئاخاوتنی شارستانیه‌كان بوو (حوار الحچارات)، به‌ڵام له‌و رۆژه‌ به‌دواوه‌ تیۆرێكی تر هاته‌ئاراوه‌ ئه‌ویش دژایه‌تی ئاینه‌كان (صراع اڵادیان) بوو، چونكه‌ له‌چه‌ند ساتێكی كه‌می ئه‌و سێشه‌ممه‌یه‌دا ئه‌مریكا 2973 كه‌سی مه‌سیحیو یه‌هودی به‌ده‌ستی ئیسلام لێكوژرا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ردوو تاوه‌ری بازرگانی كه‌ هێمای هێزو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ بوون تێكشكێنران.. ئه‌م كاره‌ ره‌وتی بیركردنه‌وه‌و رێڕه‌وی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی له‌ جیهاندا گۆڕی، به‌ جۆرێك كه‌ گه‌وره‌ترین سوپای سه‌رزه‌مین رووی له‌ئه‌فغانستان و عیراق كردو جه‌نگێك سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ به‌به‌رگێكی ئایینی رووپۆشكرابوو. پێشتر ئایینه‌كان و پایته‌خته‌كانی ئایین (مه‌ككه‌و فاتیكان و ئورشه‌لیم) خۆیان له‌هێرشكردنی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر یه‌كتر ده‌پاراست، به‌ڵام له‌پاش (سێشه‌ممه‌ی خوێناوی) به‌زاراوه‌ی ئه‌مریكی، (غزوه‌ مانهتان) به‌زاراوه‌ی ئیسلامی توندره‌و -درێژبوه‌وه‌ی غزوه‌ به‌در و ئوحد و خه‌نده‌ق و…هتد-، ئیتر مرۆڤه‌كان و به‌تایبه‌ت توندڕه‌وه‌ ئایینیه‌كان ناتوانن ئه‌م دژایه‌تیه‌ بشارنه‌وه‌.
سوتاندنی قورئان به‌دیار چاوی میدیاكانه‌وه‌، له‌ مێشك و بیری موسڵمانه‌كاندا كاره‌ساته‌، قه‌شه‌ جۆنز رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ساڵیادی روداوی 11ی ئه‌یلولی مانهاتندا له‌كه‌نیسه‌یه‌كدا له‌ویلایه‌تی فلۆریدا به‌بیانووی به‌رگری له‌ (شه‌ڕی ئیسلام) قورئانێك ده‌سوتێنێت و به‌ئاشكرا داوا ده‌كات سه‌رجه‌م میدیاكان ئه‌م روداوه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ به‌رچاوی جیهان، ئه‌مه‌ش له‌مه‌سیحیه‌تدا حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن و تایبه‌ته‌، پێشتر زۆرمان دیوه‌ كه‌ ئاڵای ئه‌مریكاو كتێبی ئینجیل له‌خۆپیشاندانی موسڵمانه‌كاندا سوتێنراون و وه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی تاكه‌كه‌سی ره‌فتاری له‌گه‌ڵ كراوه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند حاڵه‌تێكی تایبه‌ت و تاكه‌كه‌سی تر روویاندا وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی كاریكاتێر له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان و چاپكردنی پۆسته‌ری (ئیسلام ئاینی شه‌یتان) كه‌ چه‌ندین كاردانه‌وه‌ی دیاریكراوی توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌ پاشان دۆسیه‌كانیان داخراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سوتاندنی قورئانێك به‌مجۆره‌و به‌م ئاشكراییه‌و به‌دیارچاوی كامێراكانه‌وه‌، جیهان به‌ره‌و شه‌ڕێكی سه‌رسه‌ختی ئایینه‌كان ده‌بات..
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئێمه‌ی كوردیش پریشكێكی خراپمان له‌و شه‌ڕه‌ به‌ركه‌وتوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ساڵی 2003 كه‌ سوپای ئه‌مریكا رووی له‌عیراق كرد، زانای موسڵمانی به‌ڕه‌گه‌ز كورد (ره‌مه‌زان بۆتی یان بۆتانی) داوای گۆڕینی ره‌گه‌زنامه‌ی خۆی كرد له‌كورده‌وه‌ بۆ عه‌ره‌ب چونكه‌ كورد هاریكاری ئه‌مریكا و سوپاكه‌یان كردووه‌..
هه‌روه‌ها  رۆژی 25/6/2010 شێخ یوسف قه‌رزاوی له‌كۆنگره‌ی زانایانی ئیسلامی له‌ئه‌سته‌نبول وشه‌ی تیرۆریستی بۆ كوردانی توركیاو خه‌باته‌كه‌یان به‌كارهێنا له‌كاتێكدا ئه‌م زانا موسڵمانه‌ له‌رۆژی 5/1/2007 له‌وتارێكی رۆژی هه‌ینیدا له‌ قه‌ته‌ر سه‌دامی دیكتاتۆری به‌شه‌هید و قاره‌مان ناوبرد، ده‌شیزانی سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی هه‌زاران مزگه‌وت و قورئانیان له‌گوندو شاره‌كانی كوردستاندا سوتاندووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌دام دژ به‌ ئه‌مریكا بوو بۆیه‌ ئه‌م فه‌تواچیه‌ به‌ شه‌هید ناوی ده‌بات و میلله‌تی كوردی چه‌وساوه‌و ژێر ده‌سته‌ش به‌تیرۆرست ده‌ناسێنێت، كه‌واته‌ له‌پاش 11 سێبته‌مبه‌ره‌وه‌ ئایینه‌ ئاسمانیه‌كانی سه‌رزه‌مین له‌بری له‌یه‌كتر نزیك بوونه‌وه‌ سه‌رقاڵی شه‌ڕێكی شاراوه‌ن كه‌ وا ئێستا ئه‌و شه‌ڕه‌ ئاشكرا ده‌بێت و شه‌ڕی ئایین به‌ ئایین خه‌ریكه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات..

 *سه‌رنوسه‌ری PUKmedia

Previous
Next