Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

جەژنتان پیرۆز و ئاوڕێک لە تۆڵە و لێبوردن

Closed
by September 13, 2010 گشتی

 

جەژنتان پیرۆزبێت و ئەم ساڵیش جەژنی ڕەمەزان و جەژنەکانی تریش بەڕێ دەکرێن. بەر لە هەموو جەژنێکیش ئامادەکارییەکی زۆر و دوور و درێژی بۆ دەکرێت. بەشێوەیەک پیاوەکان ئەرکێکی زۆریان لەسەر شان دەبێت. ئافرەتەکانیش گەر لەوان ئەرکیان زۆرتر نەبێت، ئەوا بێگومان کەمتر نابێت.
سەردانی کەسانی دوور و نزیک لەم چەند ڕۆژەدا بێسنوور زۆر دەبێت و هەر یەکە هەوڵ دەدات هێندەی بتوانێت زۆرترین سەردان بەجێ بهێنێت بۆ پیرۆزبایی کردن. بێگومان جەژنەکەش لە لایەکەوە ڕوویەکی ئاینی هەیە و لە لایەکی تریش هەلێکە بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان و لێبوردن یاخود کوردوتەنی بۆ گەردن ئازادکردن.
ئەم بابەتەم ئامادە کرد بۆ پاش تێپەڕبوونی جەژن بۆ ئەوەی خوێنەر لە خۆی بپرسێت: ئایا تا چ ڕادەیەک لەم جەژنەدا دڵی لێبوردنم هەبوو؟ بەرەو ڕووی چەندیان لە دڵەوە دەڕۆشتم بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ؟ چەندیش وەک تۆڵەیەک یاخود سزایەک تەنها جەژنە پیرۆزەشم لێ نەکردن؟ ئایا لە خۆمان پرسیوە، چی ڕوو دەدا گەر دڵمان فراوانتر بکەین و بەرەو کەسێک بڕۆین بۆ گەردن ئازادیی و داوای لێبوردن لە کێشەکانی ڕابوردوومان؟
لە ناو دەروونی هەموو کەسێکدا دەستەواژەی لێبوردن لەگەڵ خۆشەویستی و دەستەواژەی تۆڵەش لەگەڵ ڕقدا هاوتان و هەردووک لەو جووتە وشانەدا پێکەوە ڕێچکە دەکەن لە ژیانی تاکدا. ئەوەی کە گرنگ بێت ئەوەیە، کە خۆشەویستی شتێکە، کە منداڵ لە دایک و باوک و دەوروبەرەوە فێری دەبێت و خۆی تیادا دەدۆزێتەوە وە لە هەمان کاتدا کەسانی دەوروبەریشی تیادا لەناو خودی خۆیدا دەدۆزێتەوە. گەر مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە ئەو هەستەی نەدرابێتێ و فێری خۆشەویستی نەکرابێت، ئەوا لە پاشدا نە دەتوانێت هەست بە بوونی بکات، نە دەتوانێت خۆشەویستی بدات، کە ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی لە مامەڵەی لێبوردندا دوورەپەرێز بێت، جا ئەو مامەڵەیە داوای لێبوردن بێت یاخود قبوڵکردنی لێبوردن بێت لە کەسێک.
بێگومان ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە و بەو ئاستە ڕۆشنبیرییە دیاریکراوەی و هەروەها بە هەموو خەسڵەتییە کۆمەڵایەتیی و کەسایەتیی و هۆکارەکانی تریش کارتێکەری سەرەکین بۆ پەروەردەبوونمان دوور لە خۆشەویستی یان بە هەڵە تێگەشتنمان لە خۆشەویستی. بە شێوەیەک کەسایەتییەکانی کۆمەڵگاکەمان زۆر جار دوورن لە قبوڵکردن و داوای لێبوردن. بەڵام ئایا هۆکارەکان چین؟
تۆڵە، ڕق، لێبوردن و خۆشەویستی هیچ شتێک نین جگە لە ئاوێنەی ئەو بارە دەروونییەی کە مرۆڤ تیایدا دەژی. تاکی کۆمەڵگای کوردیش خاوەنی کێشەیەکی زۆری دەروونیی و پەروەردەییە، کە ئەنجامەکەی بریتییە لە تەسکی بواری کەسایەتیی و زۆر جاریش پەروەردەکردنی ڕق و تۆڵە زیاتر لە خۆشەویستی و لێبوردن.
بۆ خۆشەویستی پێوەرێکی زۆر ئاشکرا هەیە، ئەویش بریتییە لە توانای لێبوردن، چونکە خۆشەویستی لەوانەیە لە هەموو شتێک تێنەگات، بەڵام دەتوانێت بگاتە قوڵایی هەست و دڵ وە سنوورە دوورەکانی لێبوردن. لێبوردنیش لە تێگەشتن گرنگترە. لێبوردن لە هەست و دەروونەوە دێت، بەڵام تێگەشتن مەودایەکی هزرە. هزریش هەندێک جار ناتوانێت لە خودی خۆشەویستی تێبگات و ڕوونکردنەوەیەکی بۆی هەبێت.
ئێمەش لە ناو ئەم ژیانە مۆدێرنەدا کە هەموو شتێک بەها، هەڵسەنگاندن، جۆر، نرخ و پێوەری خۆی هەیە، زۆر جار زەحمەتە خۆشەویستی، لێبوردن و دڵفراوانی بتوانێت جێگەی خۆی تیادا بدۆزێتەوە. لەبەر ئەوەی کە تاکی کۆمەڵگاکەمان لەم کێشمە کێشم و زۆرانبازییەدا گەر ژیر نەبێت، ئەوا خودێکی ونە و بەدوای خودی خۆیدا دەگەڕێت. جا چۆن ئەو مرۆڤە دەتوانێت خۆشەویستی بە کەسێکی تر ببەخشێت، لە کاتێکدا ئەو کەسە لە خۆشەویستی بەرامبەر خودی خۆی نەگەشتبێت؟
ڵیبوردن مانای ئەوە نییە، کە هەموو شتێک ئیتر لە ناو ئەو تابلۆ نموونەییەدا کێشرابێت، کە ئێمە ئاواتەخوازی بووین، بەڵکو مانای ئەوەیە، کە ئێمە بەسەر ئەو ڕق و ئازار و ئەشکەنجەیەدا زاڵ ببین، کە بە هۆی برین و تێکشکاندن و  ڕەشبینیی و شکستانەوە گرفتاری بووین. زۆر کەس هەنگاوی لێبوردن بە ئەرکێکی زۆر گران دەزانن، چونکە لێبوردن و ئاساییکردنەوەی بارەکە پێکەوە دەبەستنەوە. مرۆڤ دەبێت ئەوەی لا ئاشکرا بێت، کە بە تەنها لێبوردنێک ڕەفتاری کەسەکەی بەرامبەر نایەتە ناو ئەو چوارچێوەیەی، کە ئێمە دەمانەوێت. ئەو کەسەش، کە ئامادەیی تیادا بێت بۆ قبوڵکردنی لێبوردن و داوای لێبوردن ئەوا دەبێت بێگومان بێت، کە ڕەگی خۆشەویستی لە دڵیدا بە قوڵی خۆی داکوتاوە وە لە هەمان کاتدا بوار بە هیچ کینەیەک و تۆڵەیەک و هەستێکی وروژێنەری نێگەتیڤانە نادات لە دەروونیدا جێگەی خۆی بکاتەوە. ئارامی دەروونیی و هزریی، دڵفراوانیی و خۆشەویستی بنەمایەکی بەهێزە بۆ دوورکەوتنەوە لە زۆر کێشەی جەستەیی، کەمبوونەوەی خەو، کێشەی خواردن، نائارامیی وە سوڕی خوێن، لە هەمان کاتدا یاریدەدەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی مرۆڤ بخاتە سەر ڕێچکەیەکی ڕاست لە ژیاندا.
ئەو کەسانەی، کە دوورن لە لێبوردن و مامەڵەی نەرم لەگەڵ بەرامبەردا ئەم خەسڵەتانەیان تیا ئاشکرایە:
1. ژیان بە هەڵواسراوی: ئەو کەسە هەمیشە خۆی بە برین و ئازارەکانیانەوە خەریک دەکات وە ئەو کەسەی کە برینداری کردووە هێزێک و کێشێکی زۆری دەداتێ لە ژیانیدا، بە شێوەیەک ناتوانێت خۆی لە سێبەری ئەو کەسە ڕزگار بکات.
2. ژیان لە ڕابوردوودا: گەر کەسێک دڵی لێبووردنی نەبێت ئەوا ڕابوردوو هەمیشە ئازارەکان، برینەکان، کینە، ڕقەکان و ترسەکانیمان بۆ دەهێنێتەوە. ئەم هەستانەش هەموو وزەیەکمان لێ دەدزێت، کە دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی دڵشاد و بەختەوەر بین.
3. ژیان لەگەڵ نەخۆشیدا: کەسێک، کە دوور بێت لە خۆشەویستی و لێبوردن، کاردانەوەکەی نەک تەنها لە بارە دەروونییەکەدا دەردەکەوێت، بەڵکو لە لایەنە جەستەییەکشیدا ئاشکرا دەبێت. چونکە جەستەی مرۆڤ زۆر بە خێرایی کاردانەوەی خۆی لەسەر ئەو بارە دەروونییە دیاری دەکات، کە تیایدا دەژی. جگە لە هەندێک تێکچوونی بارە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی، گرژیی ، نارەزامەندێتی بەرامبەر بە ژیان و چەندەها شێوازی تریش.
چی ڕێگەمان لێ دەگرێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەرەکەمان نەبوورین؟
کاتێک کەسێک بە قوڵی بریندارمان دەکات، چەندەها بیرۆکە و خەیاڵ دێت بە مێشکماندا کە ڕێگەمان لێ دەگرێت بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی خۆشەویستی وەکو:
– گەر من تۆڵەی خۆم بسێنمەوە و گەر بتوانم هەموو کینە و ڕقی خۆمی پیشان بدەم یاخود لە ژیانمدا فەرامۆشی بکەم، ئەوا بەو شێوازە دەتوانم سزای خۆمی پێ بگەیەنم.
– کینە و ڕقەکانم لە جێگەی خۆیاندان و ڕاستن، گەر ئەو کەسە داوای لێبووردنم لێ نەکات.
– گەر من لەو کەسە ببوورم ئەوا لاوازییەکی گەورەی کەسایەتیی خۆمی پیشان دەدەم.
– گەر من لەو کەسە ببوورم، ئەوا دەوروبەر وا تێم دەگەن، کە من ڕازیم بۆ هەموو ئەو هەڵانەی، کە بەرامبەر منی کردووە و کە گوایە من تێگەشتنم بۆی هەیە.

وە بە پێچەوانەی ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، ئەو کەسەی کە دڵی خۆشەویستیی و لێبووردنی هەبێت لە کەشێکی تردا خۆی دەدۆزێتەوە کە بریتین لە:
– ژیان لە سەربەستیدا
– ژیان لە ئێستادا
– ژیان لە تەندروستیدا.
شێخی ڕۆحناسان و مرۆڤدۆستی ئەمریکی “ئەندریۆ کۆهین” دەفەرموێت: “خۆشەویستی لە ناو دڵتدا بڕوێنە و با هێندە ڕەگ دابکوتێت هەتا دەگاتە گشت برین، ڕق، کینە، ئەشکەنجە و ئازارەکانت و ساڕێژیان دەکات.”
ئێستاش
کاتێک ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە جەژنی ڕەمەزان یان کەمێکی ماوە یان تێپەڕیوە. بەڵام بۆ ئارامی دڵت هەرگیز پێویست ناکات چاوەڕوانی جەژن بکەیت بۆ ئەوەی لە کەسێک ببووریت یان داوای لێبووردن لە کەسێک بکەیت. ڕێگر لەبەر هەموو ڕێگرێک دابنێ، کە دوورەپەرێزت دەگرێت لە چاندنی دارێکی تری خۆشەویستی لە دڵتدا. ئاوڕ لە ڕابوردووە پڕ برینەکان مەدەرەوە، چونکە هەموو ئاوڕدانەوەیەک لێیان جگە لە زیادکردنی ئازارەکانت هیچ بەرهەمێکی تری نابێت، بەڵکو ئاوڕێک لە دڵت بدەرەوە، ئاوڕێک لە خۆشەویستیت بدەرەوە، کە لە یەکەم ڕۆژی ژیانتەوە ڕەگی خۆی لە ناختدا داکوتاوە. هەروەک هەنگاو دەنێیت و هەنگاوەکانیشت هەمیشە بەرەو پێشەوەن، بە هەمان شێوە با تێڕوانینیشت هەر بەرەو پێشەوە، بەرەو داهاتوو بێت. با خۆشەویستی ڕێچکەت لەو ساتەدا  دیاری بکات، گوێ لە وشە بێدەنگەکانی خۆشەویستیت بگرە، با ئەو ببێت بەو دەنگەی کە دەتگەیەنێتە ناو قوڵایی دڵت.

کامەران چڕوستانی
chrostani@hotmail.com

Previous
Next