Skip to Content

Tuesday, May 24th, 2022

پارتی و سیاسه‌تی پینه‌ په‌ڕۆ

Closed
by September 19, 2010 گشتی

شكستی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پارتی له‌سلێمانی و كه‌ركوك، یه‌كه‌م شكستی نییه‌و بێگومان دواشكستیشی نابێت، بۆیه‌ باسكردن له‌شكستی ئه‌م حزبه‌ له‌وناوچانه‌دا شتێكی نوێ نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانكراو بووه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا جێی تێرامان و قسه‌له‌سه‌ركردنه‌ هه‌وڵدانی ئه‌و حزبه‌یه‌ بۆ چاره‌كردنی شكسته‌كان و چاره‌سه‌ركردنی شكست به‌شكسته،‌ ئه‌وه‌ی له‌دووره‌وه‌ له‌ئیختیاره‌كانی ئه‌و حزبه‌ بۆ چاره‌كردنی شكسته‌كانی راده‌مێنێت، هه‌ست به‌پرۆسه‌یه‌كی كۆمیدیا ده‌كات و ئه‌وه‌ی به‌شیك له‌شكسته‌كانی ئه‌و حزبه‌ش به‌خۆی ده‌زانێ هه‌ست به‌كاره‌سات و ماڵوێرانی ده‌كات، چونكه‌ كێشه‌ی ئه‌م حزبه‌ له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ تاكو ئێستاش ئه‌وه‌بوو،ه‌ بۆ شكست سیاسه‌تی پینه‌ په‌ڕۆو چاره‌كردنی شكستی به‌شكست كردووه‌.
پارتی حزبێكه‌ ته‌مه‌نێكی دورودێرێژی له‌خه‌بات هه‌یه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی چانسی هێشتنه‌وه‌ به‌م حزبه‌ ده‌دا هێنده‌ عه‌تفی خه‌ڵكه‌ بۆ خودی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، هێنده‌ نه‌بونی حزبێكی به‌مانای حزبه‌ له‌هه‌مبه‌ری، هێنده‌ دسپلین و سیسته‌مێكی به‌هیزی حزبی نییه،‌ كادره‌كانی هێنده‌ خه‌ریك به‌فرۆشتنه‌وه‌ی شانازییه‌كانی رابردون له‌ئه‌مڕۆدا، هێنده‌ خاوه‌نی فكرو پلان و پرۆژه‌ی نوێ نین، خۆ ئه‌گه‌ر كارو به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و كابینه‌ش وه‌لانێی كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی كردو هه‌ڵوێسته‌كانی مه‌سعود بارزانی له‌هه‌مبه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بخه‌یته‌وه‌ لاوه،‌ هیچ شتێكی تر نامێنێته‌وه‌ به‌رپرسه‌كانی  ئه‌م حزبه‌ بیخه‌نه‌روو، بۆیه‌ ده‌ست به‌هۆنینه‌وه‌ی باسكردنی مێژووی شۆڕش ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌كاتێكدا كه‌ رابردوی كورد له‌لایه‌ن هه‌ندێك خه‌باتكاری دێرین و ده‌به‌نگ به‌شێوه‌یه‌ك خراوه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ باسكردنی بۆ گه‌نجی ئه‌مرۆ شتێكیان ده‌ست نه‌خات جیا له‌خۆ ماندوو كردن، ئه‌گه‌ر حزبێكیش ئه‌مه‌ كادیره‌كانی بێت بێگومان ده‌بێت چاوه‌ڕوانی شكست و هه‌ره‌سی یه‌ك له‌دوا یه‌ك بكات، درستبونی ئه‌م له‌شكره‌ سه‌ركرده‌و كادره‌ موچه‌خۆرو بێ توانایه‌ش لەناو پارتی، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پارتی ته‌نها بۆ جارێكیش شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌و كادیرو سه‌ركردانەی له‌ناو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام ده‌شیانكاته‌ به‌رپرسی جه‌ماوه‌ری، خۆ خوانه‌كرده‌ له‌ناو پارتیدا له‌هه‌مبه‌ر وه‌رنه‌گرتن و حساب نه‌كردن بۆ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی سه‌ركرده‌و كادره‌كانی له‌دامه‌زاراندنیان، تواناو كه‌فائه‌ت و لێزانی و لێهاتوی په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێته‌وه‌ له‌ناو پارتیدا هه‌بونی دۆست و هاوڕێیه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی، یان خسته‌سه‌ر یه‌كی ساڵانی خه‌باته،‌ ئه‌ویش به‌و مه‌رجه‌ی دیسان خزمێكت له‌سه‌ره‌وه‌ڕا كار بكات، بۆیه‌ ئه‌م حزبه‌ وه‌ك وتم ئه‌گه‌ر شانازییه‌كانی ماڵی بارزانی لێ بكه‌یته‌وه‌ دای ئه‌ماڵیت له‌ هه‌ركارێك و ئه‌بێته‌ تۆپه‌ڵێك له‌ نه‌زانی، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ بۆ پارتی شكست به‌رده‌وام شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رگیز ئه‌م حزبه‌ بۆیه‌ك جار لێپرسینه‌وه‌ی له‌هۆكاره‌كانی شكست نه‌كردووه،‌ بۆیه‌ شكست به‌رده‌وامه‌و شكستی گه‌وره‌تریش چاوه‌روانكراوه،‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كوردستان لای خه‌ڵكی هۆشمه‌ندی ناو ئه‌و حزبه‌ ئه‌نجامه‌كانی كاره‌سات ئامێز بوون و بۆ خه‌ڵكه‌ كلاسیه‌كه‌كه‌‌ش ئه‌نجامه‌كان مایه‌ی شاگه‌شكه‌و زیاتر مه‌ست بون و دوركه‌وتنه‌وه‌یان بوو له‌جه‌ماوه‌ر، خه‌ڵكی هۆشمه‌ندی ناو ئه‌و حزبه‌ زه‌رب و ته‌قسیمێكی ده‌نگه‌كانی پارتی یان كردووه‌ و به‌راوردیان كردووه‌ به‌و پێگه‌یه‌ی كه‌ پارتی له‌ هه‌لبژاردنه‌كانی ساڵی 92 هه‌یبوو و له‌هه‌مان كات ده‌نگه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی یان كۆكردۆته‌وه‌ هه‌ردوو ده‌نگه‌كانیان به‌راوردی ده‌نگه‌كانی پارتی كردووه‌ و به‌حسابكردن بۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ حوكمڕانییه‌ی پارتی، ئه‌نجامه‌كه‌ بۆ ئه‌وان مایه‌ی شۆك و نیگه‌رانی گه‌وره‌ بووه،‌ به‌ڵام نه‌زانه‌كانیش بێ بیركردنه‌وه‌ له‌و لایه‌نانه‌ و حساب كردن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ حزبێكی به‌هێز له‌هه‌مبه‌ر پارتی نه‌بووه‌ كه‌ كێ به‌ركێ له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ بكات و بانگه‌شه‌كانی هه‌لبژاردنی راسته‌وخۆ له‌هه‌مبه‌ر پارتی بوبێت، به‌ ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان شاگه‌شكه‌ بوون، به‌شێوه‌یه‌ك مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ حزبه‌كه‌شیان توشی ئه‌م شاگه‌شكه‌‌ كردبێت و وای تێبگه‌یه‌نن كه‌ پارتی بووه‌ته‌ تاكه‌ حزبی گۆڕه‌پانه‌كه‌و هێزنییه‌ شان له‌شانی بدات، ئه‌م مه‌ترسییه‌و بیرنه‌كردنه‌وه‌ی پارتی له‌چاره‌كردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی روبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه‌ و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی پینه‌په‌ڕۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی شكسته‌كانی، هیوا له‌خه‌ڵكی به‌هیوای ناو ئه‌و حزبه‌ دائه‌ماڵن و زه‌نگی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م مانه‌وه‌ی ئه‌م حزبه‌ وه‌ك حزبێكی سه‌ره‌كی لێده‌ده‌ن، به‌ڵام پارتی بێ باك و بێ ئاگا له‌م راستییه‌ رۆژوكات به‌ڕێده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا رون بوه‌وه‌ كه‌ به‌مانای گشتی كوردستان حزبێكی كوردستانی نییه‌ و هه‌موو حزبه‌كان حزبی ناوچه‌یین و به‌ تێڕوانین له‌بێ هێزی و خۆخۆری هه‌مبه‌ره‌كانی، خه‌ڵك چاوه‌روانی ده‌كرد پارتی هه‌نگاوی پراكتیكی مه‌زن بهاوێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌یی ‌بون، له‌دوو پارێزگا خۆی رزگار بكات و به‌ره‌و سلێمانی و كه‌ركوكیش په‌لبكێشێ، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن، له‌ هه‌یكه‌لی حزبی له‌و ناوچانه‌ دیسان ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كان و به‌ناوچه‌ی بون مێشێكی نه‌كردوه‌ته‌وه‌ میوانی پارتی و به‌هه‌مان سیاسه‌تی پینه‌په‌ڕۆی پێش شكست‌ خه‌ریك به‌حه‌لكردنه.
 بۆنمونه‌ له‌كه‌ركوكدا ئه‌نجامه‌كان بۆپارتی نه‌ك مایه‌ی نیگه‌رانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بوو به‌ڵكو مایه‌ی شه‌رمه‌زاری كادرو سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه‌ بوو له‌و شاره‌ چونكه‌ حزبه‌كه‌یان له‌رابردوو یه‌ك شۆڕشی كردۆته‌ قوربانی، له‌م سه‌رده‌مه‌ش سه‌رۆكه‌كه‌یان دنیایه‌ك ته‌سحیه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی داوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌روربه‌رو لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان له‌هه‌مبه‌ر داكۆكیكردنی له‌كه‌ركوك، به‌ڵام كادرو سه‌ركرده‌كانی پارتی نه‌یانتوانی ده‌نگی ته‌نها كورسیه‌ك به‌هه‌قی خۆیان به‌ده‌ست بهێنن، له‌سلێمانیش وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی شكستی گه‌وره‌ی تیا هێنا، به‌ڵام شكسته‌كانی گه‌وره‌تر نه‌بوو له‌وانی كه‌ركوك، ئه‌نجامه‌كان له‌و دوو شاره‌ به‌ڕاستی مایه‌ی نه‌نگی بوون، به‌شێوه‌یه‌ك کە سه‌ركردایه‌تی پارتی دەبوو ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان له‌هه‌ولێرو دهۆك مه‌ستی كردوون، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ توشی شۆك بونایه‌ به‌و شكسته‌ گه‌ورانه‌ی سلێمانی و كه‌ركوك و ناچار به‌ به‌خۆدا چونه‌وه‌ ببونایه،‌ به‌ڵام پارتی بۆ ئەم شکستەش له‌جێی به‌خۆدا چونه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ سیاسه‌تی پینه‌په‌ڕۆی گرته‌ به‌رو شكستی به‌شكستی گه‌وره‌تر چاره‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسی لقه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌یان گۆڕی و ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ركوكیان خسته‌جێیان كه‌ نه‌یانتوانی له‌ كه‌ركوك ده‌نگی یه‌ك كورسی به‌ده‌ست بهێنن، بڕیاره‌ بۆ جێكردنه‌وه‌ی ئه‌وانی سلێمانیش كه‌ باوكی شكسته‌كانن، یه‌ك لقی سه‌ركردایه‌تی دروست بكرێت و ئه‌و راگه‌یاندنكارانه‌ش هاوشانی ئه‌وان جێ بكه‌نه‌وه،‌ كه‌ ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتوی راگه‌یاندنیان نه‌بووه‌ له‌رابردوو، ئاخر به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ئێستا پارتی خه‌ریكیه‌تی نه‌ك هه‌وڵی چاكسازی نییه‌، یاریكردن و ده‌ست نه‌رمكردنیه‌تی له‌گه‌ڵ شكست، ئه‌مه‌ نه‌ك ناوی چاكسازی و به‌خۆدا چونه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو سیاسه‌تی پینه‌په‌ڕۆو ئاڵوگۆڕی شكسته‌ له‌ده‌ڤه‌رێكه‌وه‌ بۆ ده‌ڤه‌رێكی تر، ئه‌مانه‌ و چاوه‌ڕوانی به‌هێزتربونی ئۆپۆزسیۆن و زیاتر به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی راگه‌یاندنه‌كانی پارتی و هۆشیاربونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌وه‌ی كه‌ بۆ ده‌نگدان كه‌س به‌دوایه‌وه‌ نییه‌ تاچاودێری ده‌نگدانی بكات و نه‌مانی مه‌ترسی نان بڕین و جیاكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ له‌حزب و نه‌مانی هه‌یمه‌نه‌ی حزب به‌سه‌ر هه‌موو داموده‌زگانی ئه‌و وڵاته‌وه،‌ زه‌نگی كاڵبونه‌وه‌و پاشكشه‌ی پارتی ده‌ده‌ن به‌گوێی ئه‌و حزبه‌دا.
 ئه‌وجا با پارتی هه‌رخه‌ریكی دروستكردنی سیسته‌می حوكمڕانی و جێگۆڕكێ به‌شكست و دروستكردنی مه‌كته‌ب بۆ باوكه‌كانی شكشت و راگه‌یاندنكاره‌ بێ شانازییه‌كانی كاری راگه‌یاندن و باهه‌ر خه‌ریك به‌ په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی پینه‌په‌ڕۆبێت.

 

رزگار ره‌زا چوچانی / سوید
rzgarchuchani@hotmail.com

Previous
Next