Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

چاره‌نوسی په‌رله‌مانتارانی گۆڕان له‌ نێوان به‌ دڕنده‌بوون له‌ ده‌زگایه‌کی دڕنده و سزای(فیر‌قه‌کانی ئیعدام) دا! ‌

Closed
by October 1, 2010 گشتی

گومان له‌وه‌دا نیه‌، که‌ په‌رله‌مانه‌کانی سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیا تا دێت ده‌وری خۆیان وه‌ک یه‌کێک‌ له‌ ده‌زگاکانی ڕێکخستن و فه‌راهه‌م کردن و پیاده‌کردنی دوژمنایه‌تی سه‌رمایه‌داران بۆ چینی کرێکار و توێژه‌ زه‌حمه‌تکێش و به‌شخوراوه‌کان زیاتر ده‌رده‌خه‌ن:
ـ له‌ کاتێکدا، که‌ سه‌دان هه‌زار کرێکار و کارمه‌ند و مامۆستای یۆنان ده‌ڕژێنه‌ سه‌رجاده‌ و هاوار ده‌که‌ن: نا بۆ سیاسه‌تی سک هه‌ڵگوشین!
که‌چی له‌ولاوه‌ په‌رله‌مان پشتیوانی به‌ند به‌ به‌ندی هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ سه‌ر به‌شه‌ ژیانی ئه‌وان ده‌کات!
ـ له‌ کاتێکدا، که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا، چه‌ندین جار ملیۆنه‌ها کرێکار و کارمه‌ند ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر یاسای خانه‌نشینی حکومه‌تی فه‌ره‌نسا ده‌رده‌بڕن، که‌چی له‌ولاوه‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ پشتیوانی له‌و یاسایه‌ ده‌کات!
ـ له‌ کاتێکدا، که‌ چینی کرێکار و توێژه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌کان ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ هه‌لومه‌رجێکی سه‌ختتردا کارده‌که‌ن و ده‌ژین، که‌چی سه‌رله‌به‌ری یاسا و بڕیار و موناقه‌شه‌کانیان بۆ فه‌راهه‌م کردنی زه‌مینه‌یه‌کی له‌بارتری چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی کریکار و توێژه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌کان و ده‌رکێشانی بڕێکی زیاتری قازانجه‌ له‌ ژیان و ما‌سولکه‌ و مێشکی ئه‌وان!
ئه‌مانه‌ وایان کردوه‌، که‌ سه‌رباری هه‌ر بێده‌سڵاتی یه‌ک و لێڵی هه‌رجۆره‌ ڕێگاچاره‌یه‌کی تر، تا دێت چین و توێژه‌ چه‌وساوه‌کان زیاتر و زیاتر دوژمنایه‌تی ئه‌م ده‌زگایه‌ وه‌ک هه‌ر ده‌زگایه‌کی تری فریودان و سه‌رکوت له‌ ته‌نکایی ته‌جروبه‌دا ببینن!
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕاستیه‌کانی ئه‌و په‌رله‌مانانه‌ بێت، که‌ په‌رله‌مانتاره‌کانی گۆران خه‌ونیان پێوه‌ ده‌بینن، ئه‌ی ده‌بێت چی له‌سه‌ر په‌رله‌مانێک بڵێین، که‌ دیکتاتۆریه‌تی ڕژێمی به‌عس و کاریگه‌ری ژه‌هری بیروباوه‌ڕی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان بۆ سه‌ر چینه‌ چه‌وساوه‌ و زه‌حمه‌تکێشه‌کان فرسه‌تی ئه‌وه‌یان دابێت به‌ حزبه‌ مافیاکانی کوردستان چۆنیان ویستبێت وا دایبڕێژن و به‌کاری بێنن؟
باوه‌ڕ ناکه‌م هیچکام له‌ په‌رله‌مانتارانی گۆڕان نکولی له‌وه‌ بکه‌ن،که‌ یه‌کێتی و پارتی به‌بێ هیج په‌رده‌یه‌ک و ڕاسته‌وخۆ په‌رله‌مانیان وه‌ک یه‌کێک له‌ ده‌زگا مافیایی یه‌کان بۆ تاڵان کردن و ترساندن و سه‌رکوتی چینه‌ چه‌وساوه‌ و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کان دروستکرد و به‌کار هێنا!
هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای کرد به‌شێک له‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ نزیکترین ماوه‌دا ئه‌م ده‌زگایه‌ش له‌ ڕیزی ده‌زگا حزبی و جاسوسی و سه‌رکوتگه‌ره‌کاندا دابنێن و چه‌ند ئومێدیان به‌ یه‌کێتی و پارتی هه‌بوو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ئومێدیان به‌ ده‌زگاکه‌ی هه‌بوو، که‌ ئه‌مه‌ خۆی ئاستێک له‌ گه‌شه‌ی وشیاری خه‌ڵکی کوردستانی ده‌نواند. به‌ڵام ئه‌وه‌ بوو( جه‌ماعه‌تی گۆڕان) توانی یان به‌ ده‌مامکی به‌رگریکردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ و به‌ خۆشخه‌یاڵ کردنی خه‌ڵکی کوردستان به‌وه‌ی که‌ ده‌توانن ئه‌دا! ی ئه‌و په‌رله‌مان و حکومه‌ت و داموده‌زگایانه‌ بگۆڕن و توانی یان ئه‌و به‌رگی حورمه‌ته‌ی له‌ خه‌ڵکیان دزیبوو بیکه‌نه‌وه‌ به‌ به‌ر ئه‌م ده‌زگا حزبی یه‌ دڕنده‌ و تاڵانچی یه‌دا و تاڕاده‌یه‌ک ڕسوایی یه‌که‌ی پێدابپۆشن( من لێره‌دا زۆر باسی ئه‌م ده‌وره‌ی گۆران له‌ دژی وشیاربونه‌وه‌ و هاتنه‌ مه‌یدانی جه‌ماعی خه‌ڵکی کوردستان ناکه‌م و پێشتر له‌ سایته‌کانی هاوپشتی و ئه‌مرۆ و کوردستان پۆست و ده‌نگه‌کاندا قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌مه‌ کردوه‌ و خوێنه‌ر ده‌توانێت
له‌م لینکه‌دا
ببینێت)http://www.emrro.com/heresheyp.htm
ئێستاش که‌ دوای پێنج مانگ! به‌ڵێ پێنج مانگ نه‌ک هه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانه‌( که‌ بڕیاربوو په‌رله‌مانتاره‌کانی گۆران ئه‌دای بگۆڕن و چاودێری حکومه‌ت! ی پێبکه‌ن و یاسا! بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌ربکه‌ن و ڕه‌وشی جێبه‌جێکردنی یاسا بپارێزن!) به‌ڵکو نه‌یتوانیوه‌ ئه‌دای حکومه‌ت و داموده‌زگاکانی بگۆڕێت و ڕه‌وشی جێبه‌جێکردنی یاسا( وردتر بڵێم یاسای سزادان، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ یاسا هه‌ره‌ ساده‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک) له‌ ئاشکراترین که‌یسی تاواندا( کوشتنی ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان) که‌ تاوانباره‌که‌ی خۆی هاوار ده‌کات، بپارێزێت! ( که‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ که‌مترین چاوه‌ڕوانی یه‌ له‌ په‌رله‌مانێک و له‌ په‌رله‌مانتاره‌کانی هه‌بێت، ئیتر با له‌وه‌ بگه‌ڕێین که‌ که‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان ته‌نیا که‌یسێکی تاوان نیه و پێناسه‌ واقعیه‌که‌ی ئه‌رک و مه‌هامی زۆر گه‌وره‌تر ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی په‌رله‌مانتارانی گۆڕان و حزبه‌که‌یان‌!)
له‌مانه‌ش زیاتر: ڕۆژێک پاسه‌وانه‌کانی په‌رله‌مان! خه‌ریکن فه‌لاقه‌یان بکه‌ن و ڕۆژێک مه‌سعود بارزانی نه‌عره‌ته‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تیا ده‌کێشێت و ڕۆژێک ده‌بێته سه‌ربازخانه ( بڕوانه‌
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7176ae6c
‌وه‌ ڕۆژێک زۆر زه‌بونانه‌ باس له‌و به‌شه‌ ئیهانه‌یه‌ ده‌که‌ن، که‌ سه‌رۆکه‌که‌ی پێشکه‌شی کردوون!
http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=30440&cat=1
که‌چی ئه‌مان هێشتا هه‌ر خه‌و به‌وه‌وه‌ ده‌بینن، که‌ ئه‌دای! ئه‌و په‌رله‌مانه‌ بگۆڕن و پرۆژه‌ یاسا! کانیان قه‌بووڵ بکات!
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م (ته‌مرینانه‌) ته‌نیا له‌ لێڵی مه‌زاجی که‌مال که‌رکوکی یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتوه‌، به‌ڵکو ئه‌مه‌ بۆ دروستکردنی (ئینسانی گونجاو!) ه‌ بۆ (ده‌زگای گونجاو!). ده‌زگایه‌کی( دڕنده‌) ی بنه‌ماڵه‌یه‌کی( دڕنده‌) و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چینیکی( دڕنده)، یان ده‌بێت ئه‌مان به‌جێی بێڵن وه‌یان ئه‌گه‌ر ده‌مێننه‌وه‌، ده‌بێت دڕنده‌ بن! ئه‌گینا ده‌بێت چاوه‌ڕێی سزا بن! ‌
له‌ کۆتاییدا ڕوو له‌ په‌رله‌مانتارانی گۆڕان ده‌که‌م و ده‌ڵێم:
ئێوه‌ له‌ ده‌زگایه‌کی دڕنده‌ و دژی ئازادی و تاوانبار و ڕسوادا کارده‌که‌ن. باوه‌ڕ ناکه‌م هه‌ڵوێست و ده‌وری په‌رله‌مان له‌ هه‌مبه‌ر که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا، هیچ گومانێکی ته‌نانه‌ت بۆ ئێوه‌ خۆشتان هێشتبێته‌وه که‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ هیچ جیاوازیه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌زگا دڕنده‌کانی تری پارتی و یه‌کێتی و بنه‌ماڵه‌کانی بارزانی و پارتیدا نیه‌!
ئه‌ندام بونتان له‌و ده‌زگایه‌دا( ئه‌ندام بوونه‌ له‌ یه‌کێک‌ له‌و ده‌زگایانه‌دا، که‌ زیاد له‌هه‌ر شتێکی تر ئامراز و‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی هێز و توانای ملهوڕی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی یه‌) ، که‌ نه‌ک هه‌ر ده‌ور و مه‌هامی دڕندانه‌ و دوژمنانه‌ و تاوانبارانه‌ی بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان دیاره‌، به‌ڵکو خه‌ریکه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئه‌رک و ده‌وری تاک تاکی ئێوه‌ش له‌وه‌ نزیک ده‌کاته‌وه‌، که‌ یان زه‌بونانه‌تر و دڕندانه‌ تر خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی و یه‌کێتی و سه‌رمایه‌داران بکه‌ن یان تووشی سزای( فیرقه‌کانی ئیعدام) ده‌بن! چونکه‌ پێداویستیه‌کانیان هه‌ر ته‌نیا به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێت ده‌زگای دڕنده‌یان هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌ندامی دڕنده‌ش تیایاندا کار بکه‌ن!

 29.09.2010

amang70@hotmail.de

 

Previous
Next