Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

له‌مه‌ش‌ زیاتر…… هیچ

Closed
by October 4, 2010 ئەدەب


له‌ پێشدا وا ده‌رکه‌وت
به‌ لای په‌نجه‌ره‌یه‌کدا تێپه‌ڕێت
وا‌ هاته‌ به‌رچاو
بگات و ئومێدم تێدا هه‌ڵچنێته‌وه‌،
به‌ده‌م ئیقاعێکی غه‌ریبه‌وه‌
سه‌مای ده‌کرد،
له‌ شێوه‌ی نمایشدا بوو،
دواجار که‌ هات
له‌ دوای خۆی
وردوخاشی کردم
(ژیان).
********
لێره‌دا بووه‌سته‌..
بووه‌سته‌ هیچ مه‌ڵێ… هیچ
گه‌ڵایه‌کی وه‌ریو بگره‌ به‌ ده‌سته‌وه‌و
وه‌ک ئه‌وه‌ی ماخۆلانت گرتبێت
خۆتی پێوه‌ خه‌ریک بکه،‌
چونکه‌ ئیتر لێتناگه‌ڕێم
هێنده‌ی تر بمخۆیته‌وه،‌
به‌ڵێمن داوه‌ له‌وه‌ی
تا فه‌نابوون
بینت پێوه‌ نێم
(ته‌نیایی).
*******
هه‌رچی کاره‌ساته‌کانی ژیانه‌ چێشتم
ته‌واوی مه‌راقه‌کانم نۆشی
ژانه‌کان به‌ کۆمه‌ڵ هاتنه‌ بوونمه‌وه‌
“با” وه‌ک خۆی نه‌مابوو که‌ گه‌یشته‌وه‌،
ئاوه‌کانیش شڵه‌قابوون و
باغه‌کان ببوونه‌ که‌لاوه،‌‌
باران له‌ بارینی خۆی که‌وتبوو،
که‌ که‌ڵکه‌ڵه‌ی گه‌یشتنی
له‌ چوارده‌وری که‌له‌سه‌رم کۆبوویه‌وه،
چه‌نده‌ به‌ڵایه‌کی جوانه‌
(عه‌شق).
********
به‌ ته‌نیا دانیشتووه‌
بیر له‌ هه‌موو شتێک ده‌کاته‌وه‌
خه‌یاڵی ده‌چێته‌ سه‌ر زۆر شت
خه‌ونی وا ده‌گێڕێته‌وه‌
نه‌مانبیستبێت،
قسه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕێک ده‌کات
بێ ئاگاین لێی،
تێبینی/
ده‌ستی ناچێته‌ شتێکه‌وه‌
ئه‌ویش ئاسووده‌یی ئێمه‌یه‌
(مه‌رگ).

Previous
Next