Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ دکتۆر حوسێن خه‌لیقی

Closed
by October 15, 2010 گشتی

دوکتۆر حوسێن خه‌لێقی:
سه‌د له‌ سه‌د، شه‌ڕی نیوخۆیی ده‌س پێده‌کا.

1. بە باوەڕی ئێوە، هەنووکە هۆکاری سەرەکی پێکنەهاتنی بەرەی کوردستانی لە کوردستانی ئێران چیه؟
وه‌ڵام: به‌ کۆرتی له‌به‌ر هه‌ست نه‌کردن به‌ به‌رپرسایه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانداو سه‌رقاڵبوون به ‌کێشه‌ی نێوخۆیی له‌ لایه‌ک‌و ململانێ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانی دیکه ‌له‌ لایه‌کی تر. هه‌روه‌ها ونبوونی ئامانجی سه‌ره‌کی‌و دانانی ویستی پله‌خوازیی رێکخراوه‌یی له‌ جێگای ئه‌و ئامانجه‌ که‌ بریتییه ‌له‌ خه‌باتی هاوبه‌ش بۆ رزگاری خه‌ڵک‌و خاک‌و سرینه‌وه‌ی هه‌ر شێوه‌ چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی باو.

2. ئەدی هاوکاری و کۆدەنگیەکی گشتیی بۆ وڵامدانەوە بە پرسگەلێک کە کەموزۆر پێوەندیدار بە هەموانەوەیە بۆ سەر ناگرێ؟.
وه‌ڵام: کاتێک رێکخراوێک، به‌ لارێدا، ڕێنوینی کراو ئه‌ ندامه‌کانی له‌ بیری ململانێدا بوون له‌گه‌ڵ یه‌کترو گشت تێکۆشانیان، ته‌رخان کرد بۆ به‌زاندنی یه‌کترو وه‌ده‌ستهێنانی پله‌ی رێکخراوه‌یی، کۆ ده‌نگی چلۆن دیته‌ ئاراوه‌؟!

3. پێتان وایە سەرجەم هێزە کوردستانییەکان لە هەلومەرجێکدان کە ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا بێتە ئاراوە، بتوانن هەلەکە بە قازانجی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بقۆزنەوە؟
وه‌ڵام: کاتێک پرژوبڵاوی‌و نه‌خویندنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌و که‌ڵوه‌کێشیی بۆ خۆسه‌پاندن هه‌م له‌ نێوخۆی رێکخراوه‌کانداو هه‌م له ‌ده‌ره‌وه‌، به‌رچاو ده‌که‌وێ، قۆزتنه‌وه‌ی دۆخی وه‌ها نه‌گونجه‌و ئاکامه‌که‌شی ده‌بێته‌ ململانێ بۆگه‌یشتن به‌ ده‌سکه‌وتی کاتی‌وسه‌رئه‌نجام زاڵبوونی دوژمن به‌ سه‌ریاندا‌و به ‌فیرۆدانی ره‌نجی چه‌ندین ساڵه.‌

4. لە بارودۆخی ئێستادا، پرش و بڵاویی رێکخراوە سیاسییەکان لە ئاستی نێوخۆیی‌و دەرەوەدا چ مەترسیگەلێکی پێکهیناوە؟
وه‌ڵام: یه‌که‌م مه‌ترسی، وه‌ک وتم، ده‌سپێکردنی ته‌قه‌و لێکدانه‌ له‌ نێوان خۆیانداو دووه‌م مه‌ترسی، له‌ ئاکامی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌وه‌، زاڵکردنی دوژمنه‌ به‌ سه‌ر دۆخه‌که‌دا‌و سییه‌م، بێ هیوا کردنی خه‌ڵک‌و چواره‌م، به‌ فیڕۆدانی خوێن‌و ره‌نجی خه‌باته‌که‌مانه‌.

5. قازانجەکانی پێکهاتنی بەرەی کوردستانی، یان کۆدەنگیەکی هەمە لایەنە لە نێو رێکخراوە سیاسییەکاندا بۆ پرسی سیاسیی کورد لە ئێراندا چییە؟

وه‌ڵام: سڕینه‌وه‌ی گشت ئه‌و شوێنه‌وارانه‌یه‌ که ‌له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سه‌ره‌وه‌دا، ئاماژه‌م پێکرد.

6. باشە پێتان وانییە سەرەڕای هەموو جیاوازیەکان، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموواندا هەیەو پێویستە لە بەر قازانجی گشتیی لە سەر ئەو خاڵانە رێکبکەون؟

وه‌ڵام: من،  پێم وایه‌، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، جیاوازییه‌ک ئه‌گه‌رهه‌بێ له‌ ناو دایه ‌نه‌ک ئامانج‌و ناوه‌رۆک. که‌وابوو هۆی رێکنه‌که‌وتنیان بۆ جیاوازی په‌یڕه‌و پڕۆگرامه‌کانیان ناگه‌ڕیته‌وه‌، به‌ڵکوو وه‌ک ئاماژه‌م پێکرد، هه‌ژمونی‌‌و مه‌زنیخوازی‌و پله‌خوازی‌و نه‌ره‌سیوی سیاسی‌و هه‌ست نه‌کردن به‌ به‌رپرسایه‌تی، هۆن بۆ یه‌کنه‌گرتن.
7. پاش چوونەوە وڵات، بەو کولتورە سیاسییەی ئێستا لە نێو رێکخراوە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ئارا دایە، چەندە مەترسی شەڕی نێوخۆیی بە شێلگیر دەزانن؟

وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر یه‌کنه‌گرن (که ‌ناگرن)‌و نه‌بنه‌ خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌کی گونجاو بۆ په‌یره‌وی لێکردن‌و کێشه‌کانیان به‌ر له‌ رووداوی سه‌ره‌ونخوونبوون، چاره‌سه‌رنه‌که‌ن، سه‌د له‌ سه‌د، شه‌ڕی نیوخۆیی ده‌س پێده‌کا.
8. بۆ ئەوەی شەڕی نێوخۆیی دروست نەبێ ده‌بێ چ پرۆژەیەک بۆ داهاتوو له‌ ئارادا بێت؟
 وه‌ڵام: پرۆژه‌ ئه‌وه‌ی له‌ وڵامی پرسیاری 7دا ئاماژه‌م پێکرد.

9. حیزبه‌کانی ئێمه‌ به‌ کرده‌وه‌ چەندە باوەڕیان بە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسیی هەیە، پێتان وایه‌ ئامادەن لە داهاتوودا بۆ چارەسەرکردنی گرفت‌و ئاستەنگەکان پەنا بۆ چەک نەبن؟

وه‌ڵام: ئه‌م پرسیاره ‌له ‌باسه‌کانی پیشوودا، وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه
10. ئه‌بێ چ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی هەموو لایەنەکان لە سەر ئەوە رێکبکەون کە نابێ هیچ لایەنێک بۆ بڕینەوەی کێشەکانی لەگەڵ لایەنێکی دیکە دەست بۆ چەک بەرێ؟

وه‌ڵام: ئه‌بێ ئه‌ندامه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و رێکخراوانه، مێشکیان له‌ خۆ به‌زلزانی، بیری خیڵایه‌تی‌و پله‌خوازی خاڵی بکه‌ن، ببنه‌ خاوه‌ن بیری نه‌ته‌وه‌یی‌و خاوه‌ن هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریی له‌ به‌رانبه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان، ژیر بێژیی بکه‌نه‌ به‌شێک له‌ خوو خه‌ده‌ی خۆیان‌و ئامانجه‌ به‌رته‌سکه‌کانیان، له‌ باره‌گای ئامانجی سه‌ره‌کیدا، بکه‌نه ‌قوربانی. ئه‌مه‌ش نیازی به‌ گۆرانکاری قووڵ له‌ فه‌رهه‌نگ به‌ گشتییه‌و به‌م ده‌موده‌سته ‌بۆ من‌وتۆ ده‌سنادا.
کورته‌ییه‌ک له‌سه‌ر ژیانی به‌رێز دوکتۆر حوسێن خه‌لێقی:

له‌ دایکبووی سنه له‌ ساڵی1937دا. پله‌ی خوێنده‌واری، دوکتورای فه‌لسه‌فه‌، 22 ساڵ مامۆستایه‌تی له‌ پۆلی ‌سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی‌‌و مامناوه‌ندییه‌کاندا له‌ تاران، ته‌ورێزو سنه‌. 15 ساڵ پێشمه‌رگایه‌تی له‌ پله‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا.
چل‌و شه‌ش نووسراوه‌ی له‌ بواری جۆراوجۆری وه‌ک فه‌لسه‌فه‌، کۆمه‌ڵناسی، عیرفان، مافی مرۆڤ‌ومێژوودا هه‌یه‌ که‌ نیوه‌ی زیاتریان چاپ کریاگه‌. ئێستا له‌ سوئید ده‌ژی‌و به‌رپرسی ئه‌نیستیتوی کورد له‌ شاری ستۆکهۆڵمه‌.

سه‌رچاوه:‌
http://www.rahimrashidi.com

 

Previous
Next