Skip to Content

Saturday, May 28th, 2022

من وه‌ك تۆ نیم …. نه‌به‌ز گۆران

Closed
by November 4, 2010 ئەدەب

 

باخه‌كه‌مان گه‌ڵا ئه‌گرێت
 دڵی منیش تۆ

 شنه‌ شنی چنارێك له‌سه‌ر  تاقی به‌هار
له‌نگه‌ری هه‌تاو له‌سه‌ر لێواری به‌یانی
زرنگه‌ی پیاڵه‌یه‌ك
به‌ده‌ست لاروله‌نجه‌ی خوشكه‌كانمه‌وه‌
هه‌ناسه‌ی پاكی فه‌قێیه‌ك
له‌فه‌زای مناره‌ی خانه‌قایه‌كه‌وه‌
كه‌وتنی ئێواره‌ به‌سه‌رشانی گردێكه‌وه‌
خه‌وی قوڵی من بۆئه‌و په‌ڕی فڕین

مانگ له‌به‌رده‌م هه‌یوانه‌كه‌مانا ڕوناكی ئه‌گرێت و
دڵی منیش تۆ

هه‌واو هه‌وه‌سی كراسی ژنێك له‌به‌رده‌م پێكه‌نینی _ با _دا
ئه‌گه‌ری هه‌ڵكردنی به‌هار له‌خه‌یاڵی په‌لكه‌ گیایه‌كا
ته‌ماشاكردنی به‌ردێك له‌چه‌مێكی تووشدا
 شه‌ڵاڵ له‌قه‌وزه‌ی سه‌وز
ڕاكشانی سێبه‌ری كه‌پرێ به‌سه‌ر میوانێكی ناوه‌ختا

 گونده‌كه‌مان سێبه‌ر ئه‌گرێت و
دڵی منیش تۆ

پیاوچاكه‌كان بانگی حه‌ق ئه‌كه‌ن و
دڵی منیش بانگی تۆ

كۆڵانه‌كه‌مان به‌حه‌سره‌ته‌ بۆیاری و
دڵی منیش به‌حه‌سره‌تی تۆ
 

كزه‌ی ناوه‌ختی پێگه‌ینی توتڕك له‌سه‌ر توله‌ ڕێیه‌ك
حه‌سودی بێشكه‌ بۆخه‌وی مناڵی
لێهاتووی سنه‌وربه‌ر ده‌رهه‌ق به‌وه‌رزه‌كان
بۆنی خۆشی مشتێك خۆڵی دوای نمێك باران

مه‌یگه‌ده‌كان تامی مه‌ی ئه‌كه‌ن و
دڵی منیش تامی تۆ

شاعیره‌كان مه‌ست بوون ئه‌خۆنه‌وه‌و
دڵی منیش تۆ

كۆتره‌كان به‌سه‌ر پاساری زه‌مه‌نه‌وه‌ گمه‌یان دێت له‌فڕین
جێپێی به‌رخه‌كان ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی باخ
هه‌وه‌سی لێو بۆتامكردنی ترێیه‌كی ڕه‌ش
بانگكردنی ناوی دایكم به‌ئاسانی
بۆنی نزیكی شوانه‌كان له‌داربه‌ڕویه‌ك
دانیشتن له‌سه‌ر حه‌سیرێكی نمدار
چاخواردنی ده‌مه‌و عه‌سران، بۆنی ته‌ڕبوونی زه‌وی
چاوه‌ڕوانی هاتنی غه‌ریبه‌یه‌ك بۆگوند،
 ده‌نگی سیسرگێك له‌سوچێكی تاریكا
بازدان به‌سه‌ر جۆگه‌یه‌كا، شكانی لقێك به‌شه‌قه‌ی باڵی _با_
دابه‌شبوونی شوعله‌ی چرایه‌ك له‌ودیوی په‌رژینه‌وه‌

شه‌وانه‌ ئاسمانی گونده‌كه‌مان شه‌ڵاڵه‌ له‌ ئه‌ستێره‌  و
دڵی منیش له‌ تۆ

یانی من ئاوازی دێوانه‌كان بۆخۆم ئه‌ڵێمه‌وه‌
یانی من گۆرانی كچه‌كان بۆخۆم ئه‌ڵێمه‌وه‌
یانی من بێتاقه‌تی گه‌نجیه‌تیم بۆخۆم ئه‌ڵێمه‌وه‌

زاهیده‌كان خودا ئه‌خوێننه‌وه‌ و
دڵی منیش تۆ

جه‌ژنی هه‌رمێ‌ و هه‌نجیر له‌گه‌رمای هاوینا
توڕه‌ بوونی هه‌نارله‌دره‌نگ كه‌وتنی ئاو
تێگه‌یشتنی پایز له‌ده‌ماره‌كانی گه‌ڵایه‌كا
خۆشتر له‌تامی ئاو خه‌وتنی به‌رهه‌یوان
خۆشتر له‌وه‌رزی به‌هار ده‌نگی دایكم
خۆشتر له‌ فڕین بۆنی ئاوپرژێنی به‌رده‌رگا

با دڵی لقه‌كان ئه‌داته‌وه‌و
دڵی منیش تۆ

باوه‌شێك هه‌ور به‌سه‌ر كه‌مه‌ری كێوێكه‌وه‌
كه‌وتنی ئاوازێك به‌سه‌ر دنوكی كه‌وێكه‌وه‌
فڕێنی كولله‌یه‌ك له‌حه‌شمه‌ت چۆله‌كه‌یه‌ك
ڕاكشانی گیا له‌ژێر نازی جێپێی ئه‌سپێك
سیس بوونی سێپه‌ره‌ به‌دیار چاوه‌ڕوانی هاتنی _گا_یه‌ك
هیلاك بوونی هێشوه‌ترێك به‌ده‌ست پۆلێ‌ زه‌رده‌واڵه‌وه‌
شۆِربونه‌وه‌ی هه‌نجیرێك له‌كاتی تێربوونا
ده‌ركه‌وتنی عه‌وره‌تی هه‌نار له‌كاتی قڵیشانا

شوانه‌كان شمشاڵ ئه‌ژه‌نن و
دڵی منیش تۆ

ده‌ست هێنان به‌شانوملی په‌ڵه‌یه‌ك گه‌نما
خۆشاردنه‌وه‌ له‌داخی مێشوله‌یه‌كی عه‌جول
هه‌وه‌سی شۆِره‌بی بۆ سه‌ر گه‌ردنی گۆماوێكی ته‌ڕ
تێپه‌ڕینی وه‌رزه‌كان به‌نێو په‌نجه‌ی لقێكا
گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوین له‌كاتی تینویه‌تیا
شه‌ڕی دوو چۆله‌كه‌ی به‌رهه‌یوان و خه‌به‌ری هاتنی میوانێك
دڵخۆشی باخه‌وانێك له‌به‌رده‌م بارانا
ره‌ق بوونه‌وه‌ی تۆپه‌ڵێك چنور له‌ژێر ده‌واری به‌فرا

ئاو له‌ڕۆیشتنی خۆی تێرنابێت و
دڵی منیش له‌دیداری تۆ

ته‌ماشاكردنی دڵی سپیی زستان
حه‌په‌سان به‌دیار میهره‌بانی
گوڵی سه‌ركراسه‌كانی دایكم
لاكردنه‌وه‌ی گه‌ڵایه‌ك له‌وپه‌ڕی كۆڵانی باخه‌وه‌
ڕوتانه‌وه‌ی سه‌ری دره‌ختێك به‌ده‌ستی پایز

گوڵه‌به‌ڕۆژه‌كان ڕوو له‌هه‌تاو ئه‌كه‌ن و
دڵی منیش ڕوو له‌تۆ
به‌یانیان به‌چۆله‌كه‌ تازه‌ ئه‌بێته‌وه‌و
دڵی منیش به‌تۆ

تۆ له‌دڵی منا به‌وێنه‌ی بازێك
له‌فڕینای
تۆله‌دڵی مناچه‌شنی میتاڵێك
زڕه‌نگه‌ت دێ‌
تۆله‌دڵی منا سه‌وڵ لێده‌ده‌ی

 ته‌مه‌نم ته‌نیایی تێیا تێئه‌په‌ڕێ‌ و
دڵیشم تۆ

گونده‌كه‌مان كه‌وتوه‌ته‌ لای سه‌رینی خواوه‌
تۆش كه‌وتویته‌ بان سه‌رینی دڵم

سه‌رنجدان له‌كچی باخه‌وانێك له‌كاتی چنینی توودا
هه‌ستانه‌وه‌ی پۆلێك پۆڕ له‌وه‌ختی ته‌شریف هێنانی ده‌نگا
خۆشاردنه‌وه‌ی ” گوارێك” له‌ترسی سێبه‌ری مامم
خۆپیشاندانی پوشكه‌به‌قنگه‌كان له‌سه‌ر چڵێكی وشك
پێبشڕكێی بۆقه‌كان له‌مپه‌ڕی جۆگه‌كه‌وه‌ بۆئه‌وپه‌ڕ

گونده‌كه‌مان به‌چه‌مۆِڵه‌یه‌ك هه‌تاوقایله‌ و
دڵی منیش به‌پێكه‌نینی تۆ

گونده‌كه‌مان ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ر باخێكی فێنك
گونده‌كه‌مان ، هه‌وای پاكی باخچه‌ ئه‌داته‌ ترپه‌ی دڵ
باوه‌شێك وه‌رزه‌ گونده‌كه‌مان
وای له‌گونده‌كام چه‌ند بۆنی خۆشه‌و چه‌ند له‌خه‌ونه‌كانی منه‌وه‌ نزیكه‌
له‌گونده‌كه‌ی ئێمه‌
سه‌بای ساڵحان له‌جۆگه‌یه‌كا مراوی په‌روباڵی وه‌رزێك ئه‌شوا
پاساری ئاوازی به‌خه‌به‌ربوون ئه‌دا
به‌گوێی مناڵانا
فێنكی ژیان له‌سه‌ر قوله‌ی دارچنارێكه‌وه‌ به‌رئه‌بێته‌وه‌ بۆحه‌وزه‌كه‌ی به‌رهه‌یوان

ئێواران له‌گه‌نده‌كه‌مانا ڕوناكی ئاوائه‌بێ و
له‌دڵی منیشا تۆ هه‌ڵدێی

من به‌ئه‌سڵ گوندیم
من به‌گیانم، به‌دڵم،  گوندیم
من زۆركه‌یفم به‌گونده‌كه‌مان دێ
زمانی من به‌رانبه‌ر مناره‌ی خانه‌قایه‌ك پژا
دڵیشم له‌سه‌ر تاڵێك له‌پرچه‌كانی تۆ
 تاقی ماڵه‌باپیرانم
 پڕه‌ له‌ كتێبی شه‌هامه‌ت ، له‌ دیوانی خانه‌دانی
له‌ حورمه‌تی شاعیرانه‌
له‌سه‌ر تاقی دڵیشم پڕه‌ له‌ئاره‌زوی شاهانه‌ بۆتۆ
هێشتا باپیرم مابوو
دایكم له‌سه‌ر به‌رماڵی دوعاكانی نزای بۆ كورد ئه‌كرد
دڵیشم بۆتۆ

باوكم مشتێك غه‌ریبی بوو به‌كێوانه‌وه‌
هه‌موو دراوسێكانیشمان باخه‌وانن
دڵی منیش دیوانه‌ بۆتۆ
ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌وتوه‌ته‌ گه‌ره‌كی دارتوه‌كانه‌وه‌
دڵیشم لای هه‌ناسه‌ی تۆوه‌یه‌
له‌پشت دار هه‌رمێ‌ ته‌ڕه‌كانه‌وه‌  بڕۆ
به‌لای حه‌وزه‌ ته‌ڕه‌كه‌ی دڵماسه‌ركه‌وه‌
ده‌گه‌یته‌ شیرینی زمانی ماڵمان
دڵیشم پڕه‌ له‌غوربه‌تی تۆ
ماڵی ئێمه‌ زۆر گوندین
ماڵی ئێمه‌ نیوه‌ڕۆیان له‌سه‌ر سه‌كۆی به‌رهه‌یوان
ژاوه‌ژاوی مناڵ دێت،  ژاوه‌ژاوی وشه‌ی ته‌ڕی خانه‌واده‌یی دێت،
قاڵه‌قاڵی پێكه‌وه‌ بوون دێت
هه‌میشه‌ خه‌می دۆستانی غه‌ریبی لایه‌كی دڵی ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ی ته‌نیوه‌.
خوشكه‌كانم، به‌گونده‌كه‌مان ئه‌ڵێن ئاو
دڵی منیش به‌تۆ ئه‌ڵێت قیبله‌
براكانم، به‌شار ئه‌ڵێن، دووری
دڵی منیش به‌تۆئه‌ڵێت سه‌عاده‌ت

دایكیشم، له‌هه‌رشوێنێك بێت خوای له‌بیره‌

ماڵی ئێمه‌ خانه‌خوێی غه‌ریبانه‌و
دڵیشم خانه‌خوێی تۆ

مامم شێتی كێوانه‌
مامم شه‌وان له‌ ” داڵه‌هۆ ” ڕوناكی ئه‌كرێت
هه‌میشه‌ له‌قه‌فه‌زه‌كانیان، ده‌نگی كه‌و دێت، ئاوازی كێوان دێت
مامم كه‌لاروله‌نجه‌ی ژنێك ئه‌بینێ‌ ئه‌ڵێت” ته‌حا له‌كه‌و ئه‌چێ‌”
مامم ناچێت بۆبه‌هه‌شت
مامم په‌نجه‌كانی پژاون له‌خوێنی بزنه‌كێوییه‌كان
مامم ده‌سته‌كانی پڕن له‌ حه‌قیقه‌تی كوشتنی پۆڕه‌كان
مامم راوچیه‌
مامم گه‌ریده‌ی كێوانه‌و
دڵی منیش گه‌ریده‌ی تۆ

 گونده‌كه‌ی ئێمه‌ باوه‌شێك سێبه‌ره‌
دڵی منیش سه‌رشار له‌ تۆ

جاران كه‌جۆگه‌یه‌ك هه‌ڵی ئه‌كرد
مناڵی پرئه‌بوو له‌شادی
ئه‌كه‌ویتینه‌ شوێن گه‌ڵاكان تا ئه‌و په‌ڕی ته‌ڕ بوون
له‌ناو زیخه‌ڵانی جۆگه‌یه‌كا به‌شوێین سه‌ره‌ میكوته‌یه‌كا ئه‌گه‌ڕاین
بۆهاوڕێیه‌تی
له‌ناو دڵیشما به‌شوێن خانه‌قایه‌كائه‌گه‌ڕام بۆزیكری تۆ
تا ده‌نگی دایكم ده‌هات ژیان ئه‌گه‌یشته‌ چۆكی مناڵیمان
له‌ناو جۆگه‌ ئاوه‌كانا دنیایه‌ك پاكی هه‌بوو
له‌ناو دڵی گه‌نجیه‌تیشما گۆرانیه‌ك هه‌یه‌ بۆ تۆ

جاران ورته‌ ورتی دوو گه‌ڵاله‌حه‌وزێكدا فه‌زای قه‌ره‌باڵغ ئه‌كرد
ئێستا ته‌نیایی من به‌شی هیچ ناكا
جاران ته‌جه‌لابوونی فه‌قه‌یه‌ك نووری ئه‌دایه‌ رۆح
ئێستا غه‌ریبی تۆ قڵیشانی رۆحه‌

من خه‌یاڵی خۆم ئه‌گرم تائه‌گه‌مه‌ تامی دێوانه‌یی
من خۆم ئه‌گرم تانه‌بمه‌ شاعیر

جاران به‌ فه‌قێكانم ئه‌وت زانست
دڵیشم به‌تۆ ئه‌ڵێت مانگ

ده‌روێشه‌كان زیكری ته‌جه‌لابون ئه‌كه‌ن و
دڵی منیش زیكری تۆ
 باڵنده‌ فڕین ئه‌خاته‌ فه‌زاوه‌و
دڵی منیش تۆ

ده‌چم ئه‌م ته‌نیایه‌م بشۆم
ده‌چم ئه‌م كانیه‌ پاكه‌مه‌وه‌ به‌به‌ردی تۆ ڵێڵ بوو
ده‌چم له‌حه‌وزه‌كه‌ی لای ماڵی شێخ
سه‌ری سپیم ته‌ڕكه‌م به‌ یادی تۆوه‌
ده‌چم كتێبه‌كان كۆئه‌كه‌مه‌وه‌و جۆگه‌یه‌ك ئاو هه‌ڵئه‌كه‌م
ده‌چم له‌بری ژن له‌ژێر سێبه‌ری دارسێوێكا دائه‌نیشم
ده‌چم بۆسه‌ر كێوه‌كان تێر ته‌ماشای به‌فرده‌كه‌م
ده‌چم تامی ڕێواس ئه‌كه‌م ، تامی دڵ ئه‌كه‌م

نه‌نكم به‌ته‌زبیحه‌كانی له‌خودا نزیك ئه‌بێته‌وه‌و
دڵی منیش له‌تۆ
هاورێكانم دڵیان بۆغه‌ریبی ئه‌سوتێ‌ و
دڵی منیش بۆتۆ

چه‌ن خودا له‌گونده‌كه‌مانه‌وه‌ نزیكه‌
دڵی منیش هێنده‌ له‌تۆ
چه‌ندداربه‌ڕوو دۆستی گونده‌كه‌مانه‌
دڵی منیش هێنده‌ له‌تۆ

من ووتم:
گونده‌كه‌مان وه‌ك بارینی باران نه‌رمه‌
دڵیشم چه‌ترێكه‌ بۆتۆ
من ووتم:
له‌ناو ده‌ریاكاندا بێده‌نگی هه‌یه‌
له‌ناو دڵیشما تۆ
من ووتم:
سێبه‌ر یانی ژن
تۆش یانی دڵم
من ووتم:
ده‌سته‌كانت جوانن
یانی ژیان زه‌ینی سه‌فه‌ره‌ له‌گونده‌وه‌ بۆشار

 كه‌چی….
ئه‌وه‌تام لێره‌
 خه‌ریكی بژاری ته‌نیایم
له‌كۆڵانێكی بێدره‌ختا، له‌مالێكی نزیك له‌ پیری
دوور له‌گونده‌كه‌مان مه‌ستم وه‌ك عارفێك
دێوانه‌م وه‌ك سه‌وزه‌ فرۆشێك
ته‌نیام وه‌ك په‌ره‌سێلكه‌یه‌ك
شاره‌كان ته‌نیایی ئه‌به‌خشنه‌وه‌و
دڵی منیش تۆ

هه‌ولێر: وه‌رزی به‌هار وهاوین   2008

Previous
Next