Skip to Content

Tuesday, May 24th, 2022

تێرۆریزم، جیهاد، بەهەشت

Closed
by November 12, 2010 گشتی

بە بۆنەی هێرشەکانی ئەلقاعیدە بۆ سەر مەسیحیەکان لە عیراق، و پاکانە هێنانەوە بۆ ئیسلام و پاککردنەوەی لە لایەن لایەنە ئیسلامیە نەرمڕۆکان و دامودەزگا دینیەکانی سەر بە رژێمەکان، بە پێویستم زانی ئەم وتارە کورتە بنوسم.

چەند رۆژێکە میدیاکان باسی تێرۆریزمی ئیسلامی و چەوساندنەوە و کوشتنی مەسیحیەکانیان وروژاندۆتەوە، بە تایبەتی دوای هێرشە خوێناویەکانی ئەلقاعیدە بۆ سەر مەسیحیەکانی عیراق. زۆربەیان، لە ئیسلامیە نەرمڕۆ و دامودەزگا ئیسلامیەکانی سەر بە دەسەڵات و بە ناو عەلمانیەکان پێیانوایە کە کارە توندوتیژ و تێرۆریستیەکان کۆمەڵە کەسانێک و رێکخراوێک پێیهەڵدەستن کە نەخۆشی دەرونیان هەیە و کینە لە دڵن یانیش بۆ ئامانجی سیاسی دەیکەن و هیچ پەیوەندی بە ” ئاینی پیرۆزی ئیسلام”ەوە نیە. با بە کورتی هەوڵبدەین بزانین ئایا ئەم قسەیە راستە یانیش مەبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پشتە.

مرۆڤی سیاسی، وریا، ئاقڵ، ئەگەر هێزی نەبو ئاشتیخواز، نەرم و نیان، بەڵام هەرکە هێزی پەیدا کرد دەبێتە کەڵەگا و شەڕ دەفرۆشێت و خۆی دەردەخات. قورئانی ئیسلام دو بەشە، بەشی مەککە و بەشی مەدینە. ئەوەی مەککە باسی برایەتی و ئاشتی و رەحم و بەزەیی و لێبوردەیی و بانگەوازی ئاشتایانە و دور لە زۆرداری و گوشار دەکات، کەچی بەشەکەی مەدینە زیاتر باسی شەڕ و کوشتن و ئەنفال و ترساندن و تۆڵە و توندوتیژی و هێز دەکات. ئەم دو بەشە لەهجەجیاوازەی قورئان رێک رەنگدانەوەی زیرەکی و هێزی پێغەمبەری ئیسلام موحەممەد خۆیەتی. راستە لە مەککە موحەممەد دەچەوسێنرایەوە، چونکە مایەی مەترسی و هەڕەشە بو بۆ سەر دەسەڵاتدارانی قورەیش لەو شارە، بەڵام هەرکە بۆ مەدینە کۆچی کرد و چەندین خێڵ پشتیانگرت و تا راددەیەک هێزی پەیداکرد، ئینجا شەڕی بەرپاکرد بە هێرشکردنە سەر کاروانەکانی قورەیش کە بە تەنیشت مەدینەدا تێپەڕدەبون. بەشێکی زۆری قورئان رەنگدانەوەی ژیانی موحەممەد و هەندێک گۆڕانکاری بچوک لە سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی مەککە و مەدینە و بەشێکی تریشی وەرگرتنەوەی(بە کەمێک دەستکاریەوە) چیرۆک و سەربوردە و رێسا و یاساکانی ناو کتێب و ئەفسانەکانی تەورات، ئینجیل، زەردەشتی، مێزۆپۆتامیای کۆنی پێش ئیمپراتۆریەتی ئاری، میسری کۆن، تەنانەت ئەفسانەکانی هیندستان و هەروەها ئەدەبی جاهیلی پێش ئیسلام.

وەک گوتمان قورئان دابەش دەبێتە سەر سورەتە مەککیەکان و سورەتە مەدینیەکان. هەموشیان، بە قسەی قورئان، قسەی خودان و بۆ هەمو زەمان و مەکانێکن و ناکرێت پشتگوێبخرێن. پەیدابونی مەزهەب و ئایدیۆلۆجیای جیاجیا لە ناو ئیسلامدا پەیوەستن بە لێکدانەوەی ئایەت و حەدیسەکان. ئەم توندڕۆیانەی ئەمڕۆ کە بە سەلەفی و جیهادی سەلەفی و تەکفیری و هتد ناسراون لە ئەنجامی لێکدانەوەی وشە بە وشەی ئەو ئایەت و حەدیسانە هاتونەتە کایەوە کە هانی جیهاد وکوشتن و تەکفیر و تەشریک دەدەن، با لە سەردەمێکی جیاوازیش بوبن، بەڵام مادام قسەی خودان و مرۆڤەکانیش بە کردەوە و بیر دەکرێت رابردو دوبارە بکەنەوە، پەیدابونی ئەم گرۆپە سیاسی و ئایدیۆلۆجی و دینیانە ئاساییە. هەرچی نەرمڕۆکانیشن، کە ئیخوانی و مەدخەلی و موسڵمانانی سەر بە ئیتحادی عولەماکانی کە سەر بە رژێمە بە ناو عەلمانیەکانن، ئەمانیش پابەندی ئایەت و حەدیسە مەککیەکان و نەرمەکانن کە دورن لە سیاسەت و جیهاد و تەکفیر، و وای دادەنێن کە ئایەتە توندوتیژەکان بۆ سەردەمی پێغەمبەربونە و ئێستا دەکرێت بە شێوازی تر رەفتار بکرێت.

یەکێتی زانایانی ئیسلامی و ئیخوانەکان سەبارەت بەم ئایەتانە چی دەڵێن؟
سورەتی التوبە، ئایەتی پێنج: (فاذا انسلخ الاشهر الحرم فاقتلوا المشركين حيث وجدموهم واحصورهم وقعدوا لهم كل مرصد وان تابوا واقامواة الصلاة واتوا الزكاة فخلوا سبيلهم فان الله غفور رحيم)
سورەتی الانفال، ئایەتی شەست: (وأعدوا لهم ما استطعتم من قوة ومن رباط الخيل ترهبون به عدو الله وعدوكم وءاخرين من دونهم لا تعلمونهم الله يعلمهم وما تنفقوا من شيء في سبيل الله يوف إليكم وأنتم لا تظلمون)

سورەتی ال عمران، ئایەتی سەد و پەنجا و حەوت: (وَلَئِنْ قُتِلْتُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَوْ مُتُّمْ لَمَغْفِرَةٌ مِنَ اللَّهِ وَرَحْمَةٌ خَيْرٌ مِمَّا يَجْمَعُونَ)

سورەتی ال عمران، ئایەتی سەد و پەنجا و نۆ: (وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ)

سورەتی محمد، ئایەتی چوار: (فَإِذَا لَقِيتُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا فَضَرْبَ الرِّقَابِ حَتَّى إِذَا أَثْخَنْتُمُوهُمْ فَشُدُّوا الْوَثَاقَ فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاءً حَتَّى تَضَعَ الْحَرْبُ أَوْزَارَهَا ذَلِكَ وَلَوْ يَشَاءُ اللَّهُ لَانْتَصَرَ مِنْهُمْ وَلَكِنْ لِيَبْلُوَ بَعْضَكُمْ بِبَعْضٍ وَالَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَلَنْ يُضِلَّ أَعْمَالَهُمْ)

سورەتی المائدە، ئایەتی حەفتا و دو: (لَقَدْ كَفَرَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّهَ هُوَ الْمَسِيحُ ابْنُ مَرْيَمَ وَقَالَ الْمَسِيحُ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ اعْبُدُوا اللَّهَ رَبِّي وَرَبَّكُمْ إِنَّهُ مَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدْ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ وَمَأْوَاهُ النَّارُ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنْصَارٍ)

ئەمە مشتێکە لە خەروارێک لەو ئایەتانەی کە هانی کوشتن و توندوتیژی و جیهاد دەدەن. کافران و موشریکانی دوێنی جیاوازیان نیە لەگەڵ هی ئەمڕۆ!

لە ئایەتەکەی سورەتی ئەنفال وشەی ئیرهاب هاتوە. ترساندنی دوژمن بەشێکە لە جیهاد. کوشتنی موشریک واجبە. موشریک ئەوانەن کە شەریک بۆ خودا پەیدا دەکەن. لای ئیسلامیە توندڕەوەکان مەسیحیەکان موشریکن چونکە مەسیح دەهێننە ئاستی خودا. وە ئەگەر یارمەتی داگیرکەرانیان دا، ئەوە کوشتنیان جائیزە. ئەمانە لە سایتی ئیسلامیەکان و بەیاننامەی ئەلقاعیدە و رێکخراوە تێرۆریستیەکانی تردا بەدیدەکرێن. هەروەها لێکدانەوەیەکی سەیریشیان هەیە کە کاتێک هێرشیکی تێرۆریستی دەکەن، ئەگەر خەڵکی مەدەنی و بێتاوانیش بەرکەوتن، ئەوە قەدەری خودایە، ئەگەر گوناهبار بن ئەوە خودا دەیانباتە دۆزەخ و ئەگەر ئیماندار و لەخواترسیش بن ئەوە خودا دەیانباتە بەهەشت. واتە هێرشە تێرۆریستیەکە تەنها مردنەکەیانی پێشخستوە!

ئەم کارە تێرۆریستیانە سەرچاوەکەی قورئان و هەندێک لە حەدیسەکانی پێغەمبەرن. خودا لە قورئاندا دەڵێت تەنها ئیسلام ئاینی هەقە و ئاینیەکانی تر قەبول ناکرێت و هەڵگرەکانیان دەچنە دۆزەخ، واتە مەسیحیەکان و جولەکە و یەزیدیەکان دەگرێتەوە. ئەمانە لە موشریکن و کوشتنیان بە هەندێک ئایەتی قورئانی جائیزە بە تایبەتی ئەگەر بونە رێگر لە بەردەم بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام یانیش هاوکاری دوژمنانی ئیسلامیان کرد، یانیش زولمیان لە موسڵمانان کرد! هەروەها شیعەکانیش دەچنە خانەی موشریک چونکە هەندێکیان حوسێن و عەلی دەگەیەننە ئاستی پێغەمبەر و خودا کاتێک لێیاندەپاڕێنە و داوای رەحمەتیان لێدەکەن لە دوعاکانیاندا!

بە لێکدانەوەی ئایەتەکانی قورئان و حەدیسەکان و قیاسکردنیان لەگەڵ روداو و کێشەکانی ئەمڕۆ، توندوتیژی (جیهاد، کوشتن) جائیز دەبێت. ئەم لێکدانەوانە هاوکاتی دۆخی جەنگە کە موسڵمانانی موجاهید رایانگەیاندوە لە دژی داگیرکەرانی یەهودی و خاچپەرست و هاوکارانیان لە تاغوتەکانی کورد و عەرەب و تورک و هتد!

گوایە بە بارمتەگرتنی مەسیحەکانی ناو کڵێسای سەیدە النجاە بەرامبەر زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی دو ژنی قیبتی میسری بوە کە بونەتە موسڵمان لە لایەن کڵێسایەک لە میسر. بۆیە ئەلقاعیدە رایگەیاند کە بەرامبەر ئەمە کوشتنی مەسیحیەکان ئامانجیان دەبێت، تەنانەت کەسانی بێتاوانیش. کوشتنی بێتاوانەکانیش بە ئایەتی قورئان پاساو دەدەن، دەڵێن مادام موشریکە، دەبێت بکوژرێت!

ئەگەر ئیسلامیەکان چالانی بکەن و دەعوە بکەن بۆ ئیسلام و خەڵکی ئاینەکانی تر بکەنە ئیسلام، ئاسایی بێت، بەڵام مەسیحیەکان مافیان نیە موسڵمان بکەنە مەسیحی ئەگینا دەکوژرێن! سەیرکەن لەم ملهوڕی و ناماقوڵیە، بەوە پاساوی دەدەن کە ئیسلام دوا ئاینی خودایە و دەبێت هەمو گەلانی دونیا ببنە موسڵمان.

ئایەتی قورئانی دەڵێت ئەگەر لە پێناو ئیسلام و خودادا بکوژرێن، ئەوا دەچنە بەهەشت. ئەمە هاندەرێکە تا موسڵمان شەڕ بکات و خۆی بە کوشت بدا تا بچێتە بەهەشت.

من پێموایە توندڕەوە جیهادیەکان سورەتەکانی مەدینە پیادە دەکەن وبەمەش پەیڕەوی قورئان دەکەن و نەرمڕۆیەکانیش ئەو بەشەیان پشتگوێخستوە، جا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بێت تا لە دەسەڵات بخۆن و یانیش سیاستێکە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمی جیهانی تازە بە شێوەیەکی پراگماتیکی. ئەو نەرمڕۆیانە خۆیان بە ئایەتەکانی مەککە دەبەستنەوە و ئەو ئایەتانە پەیڕەو دەکەن کە نابنە هەڕەشە لە سەر سیستەمی سیاسیی وڵاتێک یانیش جیهانی. هەردوکیان پەیڕەوی قورئان دەکەن و هەردوکیان موسڵمانن. توندڕەوی و نەرمڕۆیی لە قورئانەوە سەرچاوەی گرتوە نەک نەخۆشی دەرونی و سەرلێشێواوی و قین لە دڵی.

ئەوانەی دەڵێن تێرۆریستەکان (موجاهیدەکان) دورن لە ئاینی ئیسلام، بۆ داکۆکیکردنە لە سیستەمی سیاسی و هەروەها دورخستنەوەی خەڵکی موسڵمان لە بەرەی جیهاد و سەلەفیەت تا هەڕەشە دروست نەبێت لە سەر رژێمەکان. ئەمانە لە قسەکانیان نیوەی زیاتری قورئان پشتگوێدەخەن و هەر بە قورئان شەرعیەت دەدەنە رژێمەکان مادام رێز لە ئیسلام دەگرن وەک دینی دەوڵەت.

تۆڵەسەندنەوە لە لایەن قورئانەوە کراوەتە بەهایەک کە موسڵمان دەبێت هەیبێت ئەگینا دوژمنان زاڵ دەبن. جا موسڵمانە نەرمڕۆکان مەڵێن تێرۆریستەکان لە ئیسلام لایانداوە بەڵکو جێبەجێکاری چەندین ئایەتی قورئانین و داکۆکی لە خودا دەکەن کە ناتوانێت خۆی داکۆکی لە خۆی بکات بۆیە موسڵمان دەکاتە ئەداتی قەدەری خۆی!

ئیسلامیەکان دەڵێن دەبێت رێز لە ئاین بگیرێت، واتە نابێت رەخنە بگیرێت، ئێ باشە ئاینەکان، بە تایبەتی ئیسلام رێز لە مرۆڤ دەگرێت، تا مرۆڤیش رێزی لێبگرێت؟ چەندین ئایەتی قورئانی هەن سوکیاتەی بە مرۆڤ دەکەن و لە سەر قسە و بیر هانی کوشتنیان دەدەن. رێزگرتن واتە نەمانی رەخنە، نەبونی رەخنەش واتە نەگۆڕان و بەردەوامی ستەم و چەوساندنەوە لە سەر بێباوەڕان، ناموسڵمانان، ژنان، تەنانەت منداڵان. رەخنە لە سیستەم هەنگاوێکە بۆ چاککردن نەک بۆ تێکدان لە پێناوی تێکدان.

لە کۆتاییدا دەڵێم تێرۆریزم بە واتای ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و کوشتن و پیشاندانی هێز لە قورئانەوە هاتوە نەک بیدعەی سەردەم. موجاهیدە تێرۆریستەکان پەیڕەوکەری قورئان و سوننەتی پێغەمبەرن. پێغەمبەر خەڵکی کوشتوە جا موسڵمانی ئەمڕۆ چۆن ئەم سوننەتە یان واجبە پشتگوێبخات لە کاتێکدا ئایەتی قورئانیشی لە سەرە!

ئیسلام بە نەرم و رەقیەوە بەڵایەکە بۆ مرۆڤایەتی.  تەنها عەقڵانیەت و هۆشیاری و تێگەیشتن لەم بەڵایە رزگارمان دەکات.

کانەبی موحەممەد عەوڵا
kanawla@yahoo.com


Previous
Next