Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

هه‌رگیز بیریشیان لێناكه‌مه‌وه‌، تا خه‌ونه‌كانم نه‌شێوێن

Closed

 كورته‌ چـیـرۆك:

(1)
شه‌وی ڕابردوو شه‌هره‌زاد هاته‌ خه‌ونم. شه‌هره‌زاد، ئه‌وه‌ی حیكایه‌تی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌ ده‌ڵێم. چه‌نێك به‌ بینینی ئه‌و كچه‌ دڵخۆش بووم، هه‌زار و ئه‌وه‌نده‌ جاریش دڵبریندار، گه‌رچی ئه‌و له‌ پێشدا نه‌یده‌یویست سیمای غه‌مگینی خۆی ئاشكرا بكا، به‌ڵام دواجار ناچار بوو و گوتی: پێویستیم پێته‌..
 + به‌ من خاتوونه‌كه‌م، به‌ من؟
 – به‌ڵێ.. ده‌بێ تۆ هاوكاریم بكه‌ی..
ئه‌و شه‌هره‌زاده‌ جوانه‌، ئه‌و كچی ئاسمانه‌، نازانم له‌ كوێڕا هاتبووه‌ خه‌ونم. هاتبووه‌ خه‌ونی منی بابا و سه‌رگه‌ردان، له‌وه‌ش قۆڕتر داوای حیكایه‌تێكی ده‌كرد بۆی بگێڕمه‌وه‌. ده‌پاڕایه‌وه‌ هاوكاری بكه‌م. منیش وه‌ك ته‌بیعه‌تی هه‌میشه‌ییم، كه‌ خۆم له‌وانی تر به‌ بچوكتر ده‌زانم، به‌هه‌مانشێوه‌، هه‌تا بڵێی ئاوا خۆمم به‌ ئاست نه‌ویتر ده‌هاته‌ پێش چاو و نه‌مده‌زانی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌ودا چ بڵێم..
ده‌یگوت: ئێستا من له‌ خه‌ونی تۆدام، له‌وێنده‌ر له‌ كۆشكێ هێشتا ڕۆژه‌ و پاشا سه‌رقاڵه‌، ده‌بێ هه‌تا شه‌وی دادێ، من حیكایه‌تێكی تازه‌ی بۆ ئاماده‌كه‌م، حیكایه‌تێكی وا، كه‌ دڵی ئه‌وی پێڕازی بێ و به‌وه‌ش شتێك له‌ عومری به‌زایه‌ چووم ده‌ستێنمه‌وه‌..
گوتم: به‌ڵام خاتوونی من، ئه‌ی مه‌گه‌ر ئێستا تۆ خێزانی شا (شه‌هریار) نیت؟ ئه‌ی مه‌گه‌ر دوای شه‌وی شه‌وان، كه‌ ئیدی تێگه‌شت له‌وه‌ی تۆ چ ئافره‌تێكی عه‌قڵمه‌ندی، نه‌یخواستی و نه‌بووی به‌ دایكی سێ كوڕی ئه‌و؟ ئه‌ی مه‌گه‌ر تۆ…
هه‌رچۆنێك به‌ هه‌زار و یه‌ك ده‌رده‌وه‌، ده‌مم هه‌ڵدێنا، شه‌هره‌زاد نه‌یده‌هێشت قسه‌كانم ته‌واو بكه‌م و ده‌یگوت: ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی ئێوه‌دایه‌ و ناوتان لێناوه‌ هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌، له‌ درۆیه‌ك زیاتر چی تر نییه‌، له‌ حونجه‌كردنی زوخاوی ناو دڵی من پتر چی دی نییه‌، ئه‌وه‌ چه‌ندین هه‌زار و یه‌ك شه‌وی تری به‌دواوه‌یه‌ و نه‌بڕاوه‌ته‌وه‌، جا ئێوه‌ ئاگاتان له‌ چییه‌؟ ئه‌وه‌ ته‌نیا منم بوومه‌ته‌ قوربانیی ده‌ستی ئه‌م گه‌مه‌یه‌و وا خه‌ریكه‌ ده‌شفه‌وتێم..
ڕاستییه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا من له‌وه‌ ده‌ترسام نه‌وه‌ك له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م حیكایه‌تخوانه‌ گه‌وره‌یه‌دا شه‌رمه‌زاریم بۆ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر ترسی ئه‌وه‌ دایگرتم  و به‌ خۆمم ده‌گوت: نه‌كا یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌ قۆڕه‌كانی خۆمی بۆ بخوێنمه‌وه‌و ئه‌ویش بچێ بۆ شه‌هریاری بگێڕیته‌وه‌و پێیڕازی نه‌بێ و ئیدی فه‌رمانی سه‌رپه‌ڕاندنی ئه‌میش ده‌ربكا، هه‌رچه‌ن ئه‌و له‌ چاره‌نووسی خۆی بێزار بوو، به‌ڵام من دڵخۆش بووم به‌وه‌ی حیكایه‌تخوانێكی وا گه‌وره‌ هێشتا له‌ ژیاندایه‌ و نه‌مردووه‌، بۆیه‌ گوتم: ئاخر خانمی شه‌هره‌زاد، بڕوات بێ به‌ هه‌ڵه‌ هاتوویه‌ لای من، دڵنیابه‌ چیم پێناكرێ.. ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێ هانێ ئه‌وه‌ حیكایه‌ته‌كاتی گوێ ئاگردان، بڕوات بێ زۆری به‌ دڵ ئه‌بێ، هانێ ئه‌وه‌ حیكایه‌ته‌كانی پیرباڵ قه‌صابی باوكی دكتۆر فه‌رهاد، بچۆ بیخوێنه‌وه‌.. ئه‌وه‌ (زمانی عه‌شق و زه‌مه‌نی ئه‌نفال)ی (ڕێبوار سیوه‌یلی)، پڕه‌ له‌ حیكایه‌تی جوانجوان..
كه‌چی ئه‌و ده‌یگوت: نا من بیستوومه‌، تۆ چیرۆكنووسیت، تۆ حیكایه‌تی زۆرت لایه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌، ده‌بێ هه‌رچۆنێك بووه‌ هاوكاریم بكه‌ی، ده‌نا ئۆباڵی سه‌رپه‌ڕاندم ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی تۆ..
گوتم: تۆ له‌ حه‌ژمه‌تی ڕۆحی خۆتا په‌نات وه‌به‌ر من هانیوه‌، ده‌نا كوا من فڕم به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌.. كوا من ده‌زانم چیرۆك بنووسم..!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا خه‌ونه‌كه‌م درێژ ده‌بوویه‌وه‌، بۆیشم ڕوون ده‌بوویه‌وه‌، كه‌ ئه‌م قسانه‌م هیچ سوودێكیان نییه‌، ئیدی وای لێهات من كه‌وتمه‌ پێگه‌ی پاڕانه‌وه‌ و ئه‌ویش ته‌واو وه‌ك كه‌سێك هه‌قی به‌ لامه‌وه‌ بێ، ئاوا له‌سه‌ر داواكه‌ی خۆی سوورتر بوو.
هه‌رچه‌نێك لێیده‌پاڕامه‌وه‌و هه‌رچۆنێك هاوارم ده‌كرد: ئاخر من كوا چیرۆك ده‌نووسم.. من ته‌نانه‌ت نازانم وه‌كی به‌شه‌ریش قسان بكه‌م، كه‌چی ئه‌و هێنده‌ی تر جه‌ختی ده‌كرده‌وه‌و خۆی به‌ كه‌سێكی مه‌زڵوم نیشان ئه‌دا و وای تێده‌گه‌یاندم، كه‌ هاكا وه‌خته‌ غه‌درێكی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌م. بۆیه‌ وه‌كچۆن نازانم كێ له‌ خه‌ونه‌كه‌مدا، پێگه‌ی منی خه‌وتوو و ئه‌وی بێداری ئاڵوگۆڕ پێكرد، هه‌ر ئاوایش له‌پڕێكا من ناچار بووم و گوتم: ده‌ی باشه‌ ئێستا تۆ ده‌ته‌وێ چ حیكایه‌تێكت بۆ بگێڕمه‌وه‌؟ له‌ باره‌ی به‌ڕه‌ی فریوده‌ره‌وه‌ یان ئه‌سپی باڵدار؟ شمشێری له‌ناوبه‌ر یان مستیله‌ی ئاماده‌كراو؟ قومقمۆكه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان یان جامی جیهان بین؟ پێمبڵێ: ئێستا تۆ گه‌یشتوویه‌ كوێی چیرۆكی (مارفی پینه‌چی)؟ دوای ئه‌وه‌ی فاتیمه‌ له‌ كۆشك چووه‌ ده‌رێ بۆ دزینی موستیله‌كه‌، چی به‌سه‌ر هات؟ له‌ كوێنده‌رێوه‌ ده‌ست پێبكه‌م، خاتوونی من، پێمبڵێ؟
پێكه‌نی و گوتی: وادیاره‌ ڕاست ده‌كه‌ی، پێده‌چێ هه‌ر به‌ڕاستی له‌ گوێی گادا نووستبی، یان ئه‌ته‌وێ خۆت گێل بكه‌ی؟
ده‌ی بیگێڕه‌وه‌، (كفری)یش بۆخۆی ده‌ردێكه‌ و كۆتایی نایه‌، چیرۆكێكه‌ و نابڕێته‌وه‌..

(2)
دوێنێ یان پێرێ بوو، مه‌جید پاشای بابان بیری كه‌وته‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا، له‌ چایخانه‌كه‌ی (ئه‌حه‌كه‌تان)ی ڕه‌حمه‌تی، به‌ به‌رچاوی چه‌ندین پیاو ماقوڵه‌وه‌، سوێندی به‌ شه‌ره‌ف و ناموسی بنه‌ماڵه‌ی بابانیان خواردبوو، له‌وه‌ی چیدی ئاوا بێده‌نگ و ده‌سته‌وه‌ستان دانانیشێ و كه‌سیش نه‌بێ ته‌نانه‌ت تڕێكیشی بۆ لێدا.. بۆیه‌ هه‌ستا و چوو، ده‌ستی دایه‌ تۆخماخێكی گه‌وره‌ گه‌وره‌، گه‌وره‌تر له‌وه‌ی باپـیـره‌م، كه‌ نه‌مدیوه‌و بۆمی باسه‌كه‌ن، زرموكوت به‌ربووه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی. من به‌ ڕێكه‌وت به‌وێدا تێپه‌ڕیم. پێشا له‌ وێنه‌ی گه‌نجێكی موعتاد و سه‌ره‌ڕۆدا هاته‌ پێش چاوم، ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ هه‌زار حاڵ تۆزێك حه‌شیش یان تریاكیان ده‌سده‌كه‌وێ و به‌هه‌زار ترسه‌وه‌ قوزه‌ڵقورتی ده‌كه‌ن، كه‌ لێیوردبوومه‌وه‌، ئه‌وجا ناسیمه‌وه‌: حه‌ی خۆ ئه‌وه‌ مه‌جید پاشایه‌، مه‌جیدی پاشای بابان..!!
به‌ ئیحتیرامه‌وه‌، سه‌ڵاوم لێكرد: باشه‌ جه‌نابی پاشا خێره‌ ئه‌وهای ده‌كه‌ی؟ چما پێنازانی، ئه‌وه‌نده‌ قه‌ڕنه‌ ئه‌توو حه‌قت به‌سه‌ر هه‌و كۆشكه‌یوه‌ نه‌ماوه‌؟ مه‌گه‌ر نازانی ئێستا ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كانی شــار؟
به‌ڵام ئه‌و، هه‌ر به‌ڕاستی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو شته‌كی بیرچووبێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی تووشی (فوقدان زاكیره‌) بووبێ، له‌وه‌ی ڕۆژگارێ كه‌سایه‌تییه‌كی ناوداری ناسراو و نه‌جیبزاده‌ بووه‌، بێگوێدانه‌ هیچ شتێ، به‌ غه‌مگینی و نه‌ختێكیش به‌ په‌ستییه‌وه‌ هاته‌پێشێ و چاوی بڕییه‌ نێو چاوانم، لێم وه‌ ده‌نگ هات و گوتی: ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ (وه‌ستا مه‌حاو)یش زستانان، به‌و قوڕوقوڕاوه‌، شه‌و یان ڕۆژ، هه‌ركات خۆی ئاره‌زوو بكا و بیه‌وێ، ده‌چێ شتێك له‌ قه‌یسه‌رییه‌كه‌ی خۆی ئه‌ڕوخێنێ و كه‌سیش نییه‌ گوونی بگرێ؟
من نازانم بۆچی له‌و كاته‌دا بیرم به‌ لای وه‌زاره‌تی ئاسار و ماسارا چوو.. هه‌رگیز نازانم، بۆ؟ خۆزگه‌ ده‌خوازم وام نه‌كردبا، چونكی خه‌ونه‌كه‌م لێئاڵۆزكا و شه‌هره‌زاد خاتوونیش به‌وه‌ زۆر بێزار بوو، له‌پڕێكا خۆی له‌ پێش چاوم ون كرد، هێند خراپ داپه‌ڕیم، وه‌ختبوو سه‌رم به‌ر بنمیچی ژووره‌كه‌ كه‌وێ.
ئێستا من ئێجگار نیگه‌رانم، نازانم ئاخۆ شه‌هره‌زادی هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌ چی به‌سه‌ر هات؟ نازانم ماوه‌ یان نا؟ تۆ بڵێی شا شه‌هره‌یار به‌و حیكایه‌ته‌ قۆڕ و نیوه‌ناچڵه‌ی من قایل بووبێ و سه‌ری ئه‌و خاتوونه‌ جوانه‌ی لێنه‌كردبێته‌وه‌؟
داخه‌كه‌م.. هه‌رگیز نه‌ده‌بوو له‌ كاتی گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كه‌مدا بیر له‌ شتی وا قۆڕ بكه‌مه‌وه‌. ئێستا هه‌رچۆن بیر له‌و خه‌ونه‌ی دوێنی شه‌وم ده‌كه‌مه‌وه‌، گریانێكی خه‌ست به‌ر بینگم ده‌گرێ، به‌خۆم ده‌ڵێم: كه‌شكێ كوێراییم داده‌هات، به‌س له‌ ڕێڕه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ لام نه‌ده‌دا، كێ ناڵێ دوای ته‌واوكردنی ئه‌و حیكایه‌ته‌، شه‌هره‌زاد بڕیاری نه‌ده‌دا له‌وه‌ی جارێكی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كۆشكی پاشا و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌كنه‌ من نه‌ده‌مایه‌وه‌؟
ته‌نیا شته‌ك له‌و خه‌ونه‌ی دوێنێ شه‌ودا دڵم پێیخوشه‌ ئه‌وه‌نده‌یه‌، كه‌ فێربووم بۆ جارێكی تر هه‌رگیز له‌ هیچ چیرۆكێكمدا، له‌ هیچ حیكایه‌تێكمدا، ناوی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات نه‌به‌م.. هه‌رگیز بیریشیان لێنه‌كه‌مه‌وه‌، تا خه‌ونه‌كانم نه‌شێوێن.

11/12/2010
كفری
ئـاری عوسمان خه‌یـات
arikhayat@yahoo.com

Previous
Next