Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دکتۆر قیسمەت میرخان

Closed
by December 27, 2010 گشتی

خەڵک لەکوردستان بەهۆی سیستەمی تەندروستی وەک مشکی تاقیگەی لێ هاتووە هەزاران کەس بکوژی شوێنێک نییە لێت بپرسێتەوە

کوردستان پێویستی بەعەقڵ و سیستەمی دروست هەیە بۆ تەندروستی پێش دروستکردنی بیناو کڕینی ئامێر

وەک پزیشکێکی کوررد لە ئەوروپا وڵاتی خۆم لەیادە هەست ئەکەم بەرپرسیارەتیەکی ئەخلاقی و نیشتیمانیم لەسەرشانە بەرانبەر بە کوردستان

کاتێک چومە کوردستان ئامێری پێشکەوتوم بینی کەس نەبوو کاری پێ بکات

لەکاری پزیشکیدا هەندێ شت کە ئێمە پێش ١٠ ساڵ دەمانکرد، ئێستا بیکەین دەبێتە جێی پێکەنین

حکومەتی کوردستان بەقسە زۆر گەرم بەدەم ئەو خەڵکەوە دەچێت کە عیلمیان پێیەو لەدەرەوە دەیانەوێت بچنەوە خزمەت بەوڵاتەکەیان بکەن بەڵام کە دەگاتە واری کرداری بە رۆتینات ماندوو بێزارت دەکەن

بڕیارمدا بچمەوە خزمەتی خەڵکی خۆم بکەم بەڵام یەک ساڵ شەهادەکانی من لەوەزارەتی خوێندنی باڵا مانەوە ئەوەندە بیزاریان کردم کە نەتوانم قبوڵی بکەم و گەڕامەوە دەرەوە

رزگار رەزا چوچانی / سوید
www.civilmag.com

دکتۆر قیسمەت میرخان لەساڵی ١٩٧٥ لەکوردستانی جێهێشتووە تا ساڵی ١٩٨٣ لە ئێران بووەو ناوەندی و دواناوەندی لەوێ تەواو کردووە ماوەی چەند ساڵێک پێشمەرگە بووە دواتر چۆتە سۆڤیەت و زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەسویدە  لەبواری پزیشکیدا خاوەنی دووبۆردە لە نەخۆشی باتنی و نەخۆشییەکانی دڵدا ئێستا وەک پزیشکێک لە نەخۆشییەکانی دڵ لە وڵاتی سوید کار دەکات لەم دیمانەدا لەگەڵ گۆڤاری سڤیل دکتۆر قیسمەت لەسەر پرسی تەندروستی کوردستان و سوید وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

رزگار رەزا چوچانی/ لەکودستان زۆر رەخنە لە سیستەم دەگیرێت تۆ لەو بارەوە ڕات چییە؟
د. قیسمەت/ دەستور سەرچاوەو ئەساسی ژیان و بەڕێوەبردنی هەروڵاتێکە، ئێمە دەبێت لە دەستوری هەرێمی کوردستاندا بیخەینە روو، چ جۆرە سیستەمێکمان دەوێت، بە چ سیستەمێک وڵات دەبەینەڕێوە، دەبێت لەوێ دیاری بکرێت کە ئێمە سیستەمێکمان دەوێ کە بەداهاتی نەوت و سامانی سروشتی بەڕێوەبچێت؟، یان دەمانەوێت بە سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو ژیان و رێکخرێت و وڵات بچێت بەڕێوە؟.  سیستەمی پێشکەوتوش بێگومان سیستەمی زەریبەیە، کە وڵاتانی پێشکەتوو خۆیانی پێ دەبەنەرێوە، بەڕای من دەبێت  ئێمە پشت بەو جۆرە سیستەمە ببەستین. دەبێت لە دەستوری هەرێمی کوردستاندا دیاری بکرێت، کە ئێمە پشت بە سیستەمی زەریبە ببەستین و زەریبە لەهەموو کەس وەربگیردرێت، بەتایبەت لە خەڵکانی سەرمایەدار و لەوانەوە دەست پێ بکرێت، بۆ ئەم سیستەمەش ئێستا هەموو زەمینەیەک هەیە لەکودستان، ئەو پاساوانەش نەماوە کە بڵێن کوردستان بەقۆناغی هەژاریدا دەڕوات و ناکرێت، چونکە تاوەکو ئەو سیستەمە دانەمەزرێت مەحاڵە ئێمە بتوانین پێشکەوین.

رزگار رەزا چوچانی/ بەڵام زۆر کەس پێی وایە کە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی پێویست نییە پشت بە سیستەمی زەریبە ببەستێت، یان رەنگە سەرکەوتوو نەبێت لەپیادەکردنی؟
د. قیسمەت/ ئەم رایە رایەکی دروست نییە، تۆ لە وڵاتی نەرویج بڕوانە، سامانی نەوتی نەرویج بێ حەد زۆرە، بەڵام ئەو وڵاتە هەرگیز ئەم سامانە لە ژیانی رۆژانە بەکار ناهێنێ، چونکە پێیان وایە ئەوە موڵکی نەوەی داهاتووە، زیاتر خەریکی کاری گەورەن بەو سامانە، نەک بیهێنن دابەشی بکەن، بۆیە ئەوانیش وێڕای ئەو سامانە زۆرە، پشتیان بە سیستەمی زەریبە بەستووە، چونکە ئەو سیستەمە دەبێتە هۆی دروستکردنی عەدالەت لەناو کۆمەڵگەدا، ناکرێ من دەوڵەمەندم و مانگانە دوو ملێۆن دۆلار داهاتم هەبێت و هیچ زەریبەیەک نەدەم، ئەم سیستەمی زەریبە تاک فێری بەرپرسارەتی دەکات و پێی دەڵێ ئەبێت تۆش بەشدار بیت لە بەڕێوەبردنی وڵات، نەک کار بکات و وەربگرێت و ئامادەیی نەبێت بۆ وڵاتەکەی خۆی هیچ بدات، هۆکاری سەرەکی پێشکەوتنی ئەم وڵاتانە ئەم سیستەمەیە، بۆ نمونە ئێمە باسی پێشکەوتنی سیستەمی تەندروستی سوید دەکەین ناڵێین هۆکاری چییە، لەم وڵاتە ئەو زەریبەی کە وەردەگیرێت لە %١١ ی بۆ تەندروستییە، ئەوەیە وای کردووە کە لە سیستەمی تەندروستیدا خەڵک کێشەی نەبێت.

رزگار رەزا چوچانی/ بەڵام بۆچی کوردستان تاکو ئێستا دیاری نەکردووە، کام سیستەمی دەوێت، پێت وایە ترسی نەگونجانە لەگەڵ سیستەمی عێراق، یان ترسی مونافەسەسیاسییە ناوخۆییەکەیە،  یان هۆکاری چییە، کە ئەم سیستەمە بەکلیلی پێشکەوتن دادەنرێت و حکومەتی کوردستانیش خۆی نادا لەباسکردنی؟
د. قیسمەت/ سەرەتا کوردستان وڵاتێکی هەژار بوو، لەنێوان ئەو هەموو وڵاتانە موحاسر کرابوو، بەڵام لەدوای ٢٠٠٣ کوردستان گۆڕاوە و دۆخێکی تری هەیە، ناکرێ بەردەوام بین لەو بەهانەی کە وەڵا کوردستان وڵاتێکی هەژارەو ئەگەر باسی سیتەمی زەریبە بکەین خەڵک خۆپیشاندان دەکات و نارازی دەبێت، دەسەڵات نابێ لە دیاری کردنی سیستەمێکی پێشکەوتوو لە خزمەتی دوارۆژی وڵاتەکەی شەرم بکات، دەبێت لەو بارەوە ئاستی هۆشیاری خەڵکیش بەرزبکرێتەوە تا هەست بەمەسئولیەت بکات و ئامادەیی ئەوەی هەبێت، بەتایبەت چینی دەوڵەمەند، مەعقول نییە ئەوانە شەریکات و جێگای تایبەتی بازرگانیان هەبێت و داهاتێکی زۆریان هەبێت، ئامادەیی ئەوەیان نەبێت زەریبە بدەنە وڵاتەکەیان، دەبێت ئەوانە زەریبەیان لێ وەربگیرێت، بۆ خەڵکی چینی وەسەتیش ئەگەر هۆشیاربکرێتەوە،  خەڵک بزانێت ئەم سیستەمە چ داهاتویەک بۆ ئەوان گرەنگی دەکات، بۆخۆیان داوای دەکەن، بۆیە دەبێت کار بۆ دروستکردنی ئەو سیستەمە بکەین و لەپێناو پشخستنی وڵاتەکەمان پەیڕەوی بکەین. کە هەنگاوی یەکەم دەبێت ئێمە لە دەستوری خۆماندا دیاری بکەین کە خوازیاری ئەو سیستەمەین.
بەڵام نازانم زۆر جار رەنگە ئەو منافەسە سیاسیەش لەجێی باشتربونی، وڵات بەرەو خراپتر ببات، بۆ نمونە لەپێناو ئەو منافەسە سیاسییەی کەهەیە، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە ئێستا لەکوردستان هەیە، گوناهێکی گەورەی کرد و زەربەیەکی گەورەی لە میللەتی ئێمەدا، کە نەیانهێشت دەنگ لەسەر دەستوری هەرێمی کوردستان بدرێت.
 بۆیە شکم نییە لەوەی کە پێشنەکەوتنی کوردستان، هۆکار هەبونی منافەسیەکی ناشەریفانەی سیاسییە و نەبونی سیستەمێکی پێشکەووتووە، بەڵام وەک وتم نابێت دەسەڵات شەرمی هەبێت لەوەی کە چ سیستەمێک شیاوە بۆ پێشکەوتنی وڵاتەکەی ئیختیاری بکات و کاری بۆ بکات، بەنسبەت سیستەمی زەریبەش هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆنیش دەزانن و رازین کە سیستەمی زەریبە هەبێت لەکوردستان، بەڵام بۆچی تاکو ئێستا کاریان بۆ نەکردووە بەڕاستی نازانم.

رزگار رەزا چوچانی/ بەڵام شێوازێکی زەریبە وەرگرتن ئێستا لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت؟
د. قیسمەت/ ئەوە سیستەمێکی کۆنە و هیچ کەڵکێکی نییە، بون و نەبونی وەک یەکە، هیچ یاسایەکی باش و کاریگەری نییە، بۆیە دەبێت سیستمی زەریبە لە ئەساسەوە دابڕێژرێتەوە، بەرپرسانی ئێمە راستییەکە دەزانن، نەدەبوو خۆیان لەو باسە دوا بخەن، بە ئۆپۆزسین و حکومەتەوە بەرپرسەکانیان ئاگایان لە سیستەمی ئەوروپا هەیە، لەدنیادا هیچ وڵاتێک پێشنەکەوتووە بێ هەبونی ئەو سیستەمە، یەک وڵاتم بۆ بێنە لەدنیادا پێشکەوتبێت و سیستەمی زەریبە هۆکاری نەبوبێت، بەردەوام ئەو وڵاتانەی پشت بەسامانی سروشتی خۆیان دەبەستن بۆ خۆ بەڕێوەبردن، سیستەمەکەیان هاندەرو هۆکاری دروستکردنی تەمەڵی بووە نەک داهێنان.

رزگار رەزا چوچانی/ تۆ گرفتی پێشنەکەوتنت بۆ نەبونی سیستەمێکی پێشکەتوو گێڕاوە، بەڵام خۆ ناکرێ تا دروستبونی ئەو سیستەمە خاوەنی پلانی باش نەبین، بەبێ ئەو سیستەمەش ئێستا لەکودستان سیستەمێک هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵام رەخنە هەیە لەوەی کە سیستەمی تەندروستی بەهەڵە دەچێتەبەڕێوە، تۆ وەک دکتۆرێکی کورد کە لەسیستەمێکی پێشکەوتوی تەندروستی کار دەکەیت هەڵەکانی سیستەمی تەندروستی لەکوردستان لەکوێدا دەبینی؟
د. قیسمەت/  فەوزا هەیە لە سیستەمی تەندروستی کوردستان، چوارچێوەی خزمەتگوزاری تەندروستی دیاری نەکراوە، دیار نییە ئەرکی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت لەو بوارەدا چییە، سیستەمێکی کامڵ نییە بۆ تەنزیمکردنی، بەڕای من رەنگە حکومەت نەتوانێ بەتەنها سیستەمێکی پێشکەوتوی تەندروستی بەڕێوە ببات، رەنگە زەمینەش هەبێت بۆ هاتنە پێشەوەی کەرتی تایبەت و حکومەت ئەو بەرپرسیارەتییە لە ئەستۆی خۆی لابدات، هەرکەسەو خۆی تەحەمولی خۆی بکات و نۆرینگەکان تایبەت بن و نەخۆشخانەکانیش تایبەت بن، لە ئەمریکاش سیستەمێکی وەها هەیە، بەڵام ئەوان سیستەمی “تەئمین” دڵنیاییان هەیە، شەریکاتی تەئمینی خسوسیان هەیە، لەورێگایەوە تەنزیمی کارەکان دەکەن و کاریگەری فەوزای سیستەم کەم دەکەنەوە، لە ئەمریکا هەرکەس بیمەی نەبێت نەخۆش بکەوێت ناتوانێ هیچ  یارمەتیەک وەربگرێت، لەکوردستانیش رەنگە ئەو شێوازە گونجاو بێت، بەڵام دەبێت یاسایەکی تایبەت هەبێت داکۆکی لەمافی نەخۆش بکات و مافی نەخۆش بزر نەبێت، بەراستی بەداخەوەم خەڵک لەکوردستان بەهۆی ئەو فەوزای کەهەیە لە سیستەمی تەندروستی وەک مشکی تاقیگای لێ هاتووە هەزاران کەس بکوژی دەرمانی هەڵەی پێ بدەیت شوێنێک نییە بۆ لێپرسینەوەو لێت بپرسێتەوە، بۆیە یاسای پاراستنی مافی نەخۆش چۆن لەهەموو وڵاتێکی پێشکەوتوو هەیە دەبێت لەکوردستانیش هەبێت، لەگەڵ هەبونی ئەو یاساش رونکاری لەبارەی سیستەمی تەندروستی هەبێت و گۆڕانکاری نەوعی گەورە بکرێت، تا ئەو وڵاتە لەو فەوزایە، دەربازی بێت.
رزگار رەزا چوچانی/ رەخنەتان لە سیستەمی تەندروستی کوردستان هەیە، تۆ لە سیستەمی پێشکەوتوی سوید شارەزایت، ئایا چارەکردنی سیستەمی کوردستان بەوە دەکرێت چەند ئامێرێک بکڕدرێت و ببرێتەوە کوردستان؟ یان چەند نەخۆشخانەیەکی چەند قەرەوێڵەیی دروست بکرێت؟ یان پێوستمان بەعەقڵی تەندروستی هەیە؟
د. قیسمەت/ بێگومان سیستەم پێویستی بەعەقڵ هەیە، ئامێر چییە؟ کەنەتوانی بەکاری بهێنیت. نەخۆشخانەی چەند نهۆمی چییە؟ ئەگەر نەتوانی بەسیستەمێکی دروست کاری لەسەر بکەیت. من کاتێک چومە کوردستان ئامێری پێشکەوتوم بینی، کەس نەبوو کاری پێ بکات، بۆیە کوردستان پێویستی بەعەقڵ و سیستەمی دروست هەیە بۆ تەندروستی، پێش دروستکردنی بیناو کڕینی ئامێر، وەک وتم ئەو شتانەت کە هەبوو و عەقڵی بەڕێوەبردنیت نەبوو کێشەیە و ناکرێ هەروا بە فەزاو ئەو بنەما عیلمیانەی کە پێویستە کاریان لەسەر نەکەیت و رەچاویان نەکەیت، پارە خەرج بکەیت، هەموو شت دامەزرێنی و بی کڕی، چونکە دوای ماوەیەک کەڵکی نامێنی کۆن دەبێ و فڕێ دەدرێت، تا خەڵک رادێنی، سیستەم ئەوەیە بەر لەهەرشت عەقڵ و توانای بەڕێوەبردن رەچاوبکات و کاریان بۆ بکات، لە کوردستان توانای باشیش هەیە لەباری تەندروستی، بەڵام ئەویش پەرتەوازەیە.
 خۆ ئەگەر ئەو سیستەمە دروستە هەبوو، دەتوانێ ئەو پەرتەوازەییە رێکبخات، چونکە لەباری تواناوە کەرەستە هەیە، تەنها بەکارخستن و رێکخستتنی دەوێت.

رزگار رەزا چوچانی/ لەسوید چۆن نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکان دابەش دەبن بەسەر رێژەی دانیشتوان؟

د. قیسمەت/  لەهەر ناوچەیەک لە سوید، نەخۆشخانەیەکی گەورە هەیە. بەڵام لێرەش ناتوانرێ بۆ هەر شارۆچکەو گوندێک. نەخۆشخانەیەکی گەورە بەهەموو پێویستیەکانیەوە دابین بکەیت. ئەوە نە مەعقولە، نەمەنتقەو نە عیلمییە. بۆ نمونە تۆ بڵێی چۆن لەشاری سلێمانی نەخۆشخانە بەهەموو پێویستیەک هەیە، دەبێت لە هەڵەبجەو لە چەمچەماڵ و لەهەموو شارۆچکەیەک هەمان شت هەبێت، بەڕاستی ئەوە مەعقول نییە و مەنتقی تێدانیە، لەهیچ جێیەکیش لەدنیادا ئەوە نییە، لەسویدیش هەروایە، هەر ناوچەیەک، واتە هەر هەرێمێک نەخۆشخانەیەکی گەورە بەهەموو پێویستیەکانیەوە هەیە، ئەو شارانەش کە لەدەورو بەری ئەو نەخۆشخانەن. هەمان شت نەخۆشخانەیان هەیە. بەڵام هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان تیا نییە. لەشارە بچوکەکان بەپێی حەجمی شارەکان، نەخۆشخانەی گچکە هەیە،  لە ٣٠٠٠د. قیسمەت/ ٤٠٠٠ کەس بنکەیەکی تەندروستیان هەیە. جگە لەوەش لەناو شارەکە بنکەی تەندروستی هەیە. هەر بنکەیەکی تەندروستی کۆمەڵێک نەخۆش وەردەگرێت. بنکە تەندروستیەکان بەرپرسن لە سیحەتی نەخۆشەکان. خەڵک هەر مشکیلەیەکی هەبوو دەچێتە ئەو بنکانە. ئەگەر چارەسەر نەکرا رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە دەکرێت. لەوێش چارە نەکرا رەوانەی نەخۆشخانەی هەرێمیی دەکرێت. کە هەموو ئیمکانیەتێکی تێدایە.
ئەگەر حاڵەتێکی لەناکاو دروست بوو، نەخۆشەکە بەهۆی روداوێک توشی خوێن بەربونی مێشک بوو، بۆ نمونە لە نەخۆشخانەکان دوای پشکنین یەکسەر خێرا ئەبولانس”ئیسعاف” ئامادەیەو ئەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی هەرێمی، لە کورترین کاتدا، ئەوانە هەموو بەسیستەم رێکخراوە.

رزگار رەزا چوچانی/ زانستی پزیشکی بەردەوام لەگۆراندایە، بەڵام ئایا چۆن دەکرێت پزیشکێک ١٠ ساڵ لەمەو بەر خوێندنی تەواو کردبێت و ئاگای لە داهێنانە تازەکان بێت، لە سوید چی دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە؟

د. قیسمەت/ راستە ژیان و کارکردن لەسەر عیلم لە گۆڕاندایە، تۆ ناتوانی هەمان ئەو عیلمەی من بۆم خوێندووە، هەمان شت بۆ ئەم سەردەمە پەیرەو بکەیت، ئەوەی من ٢٠ ساڵ پێش ئێستا فێری بووم و خوێندوومە، ئێستا دنیایەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەکاری پزیشکیدا هەندێ شت کە ئێمە پێش ١٠ ساڵ دەمانکرد، ئێستا بیکەین دەبێتە جێی پێکەنین، چونکە شتی نوێ دروست بووە. ئەی چۆن ئاگایت لە گۆرانکارییە تازەکان بێت، خۆ لە ئاسمانەوە بۆت دانەبەزێ، دەبێت بەردەوام پزیشک لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی عیلمی طب لەخۆ ئەکتیڤکردندا بێت، دنیایەک گۆڕانکاری و لێکۆڵینەوەو دۆزینەوەی نوێ لەو زانستەدا ساڵانە روودەدەن، ئەگەر ئاگات لەمانە نەبێت جێ دەمێنی.
لە سوید هەر بنکەیەکی تەندروستی و تا دەگاتە وەزارەت، لەم بارەوە هەست مەسئولیەت دەکات، بۆیە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ پزیشکەکان دەکرێت، تا بەشداری کۆرشات و کۆنفراسات و کۆنگرە عیلمییەکان بکەن، بونمونە ٤ ساڵ پێش ئێستا، لەئەمریکا کۆنگرەی تایبەت بە دڵ هەبوو، ٣٢٠٠٠ دکتۆری دڵ لەیەک کۆنگرە دانیشتبون کە لەسەرانسەری دنیاوە هاتبوون، لەوێ دواترین و باشترین و پێشکەوتوترین، تەحلیلات و تەحقیقاتی پزیشکی کە کراوە خرایە بەرباس و منیش بەشداریم تێداکرد، ساڵانە ئەو کۆنگرەیە لە ئەمریکا هەیەو لە ئەوروپاش هەیە، گۆڕانکاریە علمیەکان لەوێ باس دەکرێت، ئەم جۆرە کۆنفرانس و کۆنگرانە بەردەوامن، لە ئەمریکا زیاتر کەرتی تایبەت دەیکات شەریکات و کۆمپانیاکان ئەوانەی کە دەرمان و چارەیەکی نوێ دەدۆزنەوە کۆمەڵێک کۆمپانیا بڕیار دەدەن پێکەوە کارەکە دەکەن، بەڵام بەشداریکردن لەو کۆنفراسانە بەبەلاش نییە، ئەو نەخۆشخانانەی کە تۆ دەنێرن دەبێت پارە بدات، بۆ بەشداریکردنی تۆ، بەڕاستی لە سوید تۆ وەکو پزیشکێک، لە گیرفانی خۆت هیچ پارەیەک نادەیت، بەڵکو حکومەت هەموو ئەو خەرجیە لە ئەستۆ ئەگرێت، بۆ ئەوەی بەردەوام پزیشکەکان ئاگایان لە عیلمی نوێ هەبێت. لە کوردستانیش زۆر پێویستە، خودی پزیشکەکان بۆخۆیان لەهەوڵدا بن و حکومەتیش هاکار بێت، وەک سوید کە دەبینی لەپێناو زیندوو راگرتنی بوارەکە، حکومەت بەردەوام هاوکاری پزیشکەکان دەکات.

رزگار رەزا چوچانی/ لە نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی دنیا زۆر پزیشکی کورد هەن کار دەکەن و جێ دەستیان دیارە، بەڵام دەشبینن وڵاتەکەی خۆیان پێویستی بەتواناو عیلمی ئەوان هەیە، بۆ ناچنەوە کوردستان؟ هاوکاری ناکرێن و ئاسانکاری نییە یان چی؟

د. قیسمەت/ لەبارەوە هۆکار زۆرە. بێگومان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. کەسێک کە لە پێش راپەڕینی کوردستانەوە هاتبێتە دەرەوە، رەنگە ئێستا مناڵەکانی لە قۆناغی سەرەوەی خوێندن بن، مەسئولیەتێکی ئەخلاقی و ئینسانی کەوتۆتەسەر، ناتوانی مناڵی خۆت لە خوێندن داببڕیت و بچیتەوە کوردستان، یان دەبی مناڵەکەت تەنیا جێی بهێڵی کە ئەوەش سەختە، هەیە ژنی ئەوروپی هێناوە، یان مێردی بە ئەوروپیەک کردووە، لایەکی تر ئیمتیازاتە، کە موچەو ئیمتیازاتی ئێرە بەراورد ناکرێ بەکوردستان بەڕاستی، خەڵکێکیش هەن کە ئەو ئمتیازاتەیان لا گرنگ نییەو ئامادەن بچنەوە خزمەتی وڵاتی خۆیان بکەن، بەڵام رۆتیناتی کوردستان رێگرە، کە ئەم هۆکارەیان پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کەلەناو دامودەزگاکانیدا ئاسانکاری پێویست نییە، حکومەتی کوردستان بەقسە زۆر گەرم بەدەم ئەو خەڵکەوە دەچێت، کە عیلمیان پێیەو لەدەرەوە دەیانەوێت بچنەوە خزمەت بەوڵاتەکەیان بکەن، بەڵام کە دەگاتە واری کرداری بە رۆتینات ماندوو بێزارت دەکەن و رێت لێدەگرن بۆ چونەوە بۆ وڵات، دنیایەک هاتوچۆو دەساودەستت پێ دەکەن، بۆ نمونە کاتێک شەهادەیەکی رەسمی لە ئەوروپاوە دەبەیتەوە، دەبێت لە کوردستان دوبارە هەڵیسەنگێننەوە، لەوەش کێشەت نییە، بەڵام دیسان ئەوەندە ئەملاولا دەکەن، ناتوانی چاوەڕوان بکەی، من بۆخۆم بڕیارمدا بچمەوە خزمەتی خەڵکی خۆم بکەم، یەک ساڵ شەهادەکانی من، لەوەزارەتی خوێندنی باڵا مانەوە بەناوی هەڵسەنگاندن، بەڵام بەدواداچونیشی بۆ نەکرا، تا ئاخری ناچاربووم هەڵمگرتن و هێنمامەوە بۆ سوید، لەکاتێکدا زۆر ئاسان بوو پەیوەندی بەو زانکۆوە بکەن کە من لێم خوێندووە، یان پەیوەندی بەو نەخۆشخانەوە بکەن، کە من لە سوید کاری لێ دەکەم، بەڵام یەک ساڵ بێ کارکردن شەهادەکانی منیان دانابوو، ئەمە بۆ ئەوان سەختە پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانەوە بکەن، کەکاری لێ دەکەین، لەکاتێکدا من ئیمەیل و تەلەفۆن و هەموو پێویستیەکی پەیوەندیم پێدابوون تا بەدواداچون بکەن. بەڵام ئاسانە نەخویندەوارێک عەیادەیەک دابنێ و خۆیان لێ بکا بە پزیشک، یان شەریکەک دابنێ و دەرمان بفرۆشێت. بۆیە بەڕاستی من زۆر ناڕەحەت و بێزار بووم، لەوەی کە من لێرەوە بچمەوە خزمەتی وڵاتی خۆم بکەم، بەڵام بەم رۆتیناتە بەربەستت بۆ دروست بکەن، لەکاتێکدا من بروانامەی دوو بۆردم خستبونە بەردەست، بۆردی داخلی و بۆردی دڵ، ئەوەندە بیزاریان کردم، کە نەتوانم قبوڵی بکەم و گەڕامەوە دەرەوە، لەکاتێکدا من ئامادەبووم کارو مەساڵحی شەخسی خۆم جێ بهێڵم، بچمەوە لەوێ خزمەت بکەم.
بەڵام من وەک پزیشکێکی کوررد لە ئەوروپا وڵاتی خۆم لەیادە و ئەشمەوێ خزمەتی بکەم، هەست ئەکەم بەرپرسیارەتیەکی ئەخلاقی و نیشتیمانیم لەسەرشانە بەرانبەر بە کوردستان، بۆیە خەڵکی کوردمان هاوکاری کردوە لەهاتنە ئێرە بۆ چارەسەر و ناردومانەتەوە، یان ئەو کوردانەی کە لێرە هەن، لەگەڵ ئەوەش من ساڵانە دوو جار دەچمەوە کوردستان، هەرجاری چەند هەفتەیەک یارمەتی ئەو خەڵکە هەژارە دەدەم، کە دێنە لام و هەم لەناو شار، هەم لەو ناوچەو گوندانەی سەردانی دەکەم، لەوێوە ئەوەندەی بتوانم هاوکاری ئەو خەڵکە دەکەم کە پێویستیانە، ناوچەی سۆران و مێرگەسور چوم، دهۆک چوم، ئاکرێ چووم، هەر ناوچەیەک توانیبێتم چوم، بەهیوام ناوچەکانی تری کوردستانیش سەردان بکەم و هاوکاری خەڵک بکەم.

رزگار رەزا چوچانی/ تۆ چویتە کوردستان هەم نەخۆشخانەکان و هەمیش نۆرینگە تایبەتەکانت بینیوە، تێبینیت چییە لەسەریان؟

د. قیسمەت/ بەراستی تێبی نیم زۆرە، لە سیستەمی نا رێکوپێکی ژوری ئینتیزار، لەسەرە بەڕێکردندا عەدالەت نیە، پاک و خاوێنی لەوپەڕی خراپیدایە، هەروەها چۆنیەتی نەخۆش بینین و دەرمان پێدان، من چوم بینیم ١٦ نەخۆش پێکەوە لە ژورەوە بوون، دکتۆرەکەش بێ ئەوەی فەحسێک بکات ، زەختێک بگرێت، گوێ رابگرێت، دەرمانی دەنوسی!! فەزابوو و زۆرم پێ ناخۆش بوو، ئەوەش بەنسبەت تەندروستیەوە کارەساتە.

رزگار رەزا چوچانی/ دەرمانخانەکانت چۆن بینی لەکوردستان؟
د. قیسمەت/ ناچارم بۆ هەمووی کارەسات بەکاربهێنم، چونکە بەراستی کارەساتن، دەرمانخانەکانیش هەمان شت کارەسات ترن، خۆ ئەوانە دەرمانخانە نین دووکانن، هەر دەرمانێک حەزلێ بکەی دەیکڕیت و هیچ مشکیلە نییە دەستت دەکەوێت، ئەزانی ئەگەر بیر لەوانە دەکەیتەوە، ترس دات ئەگرێت، لە ئایندەی ئەو وڵاتە، لە سوید ناتوانی بێ نوسینی دکتۆر کەمترین “ئەنتی بیۆتیک” وەربگریت، لەدەرمانخانەیەک، بەڵام لەکوردستان مناڵێک ئەتوانێ خۆی بڕیار بدات، چی دەرمانێکی دەوێت، ئەوەی چانسی ئەو وڵاتە بێت، ئەوەیە گەنجەکانمان لە خۆ کوشتن هەندێ دورترن، خۆ ئەگەر گەنجی ئەوروپی، یان سویدی، لەکودستان بونایە، کارەساتی گەورە دەخولقا، بەهۆی دەرمانخانەکانی کوردستانەوە.
 چەندان گەنج هەن دەیانەوێ خۆیان بکوژن، ئەگەر بچن داوای ئەو دەرمانەش بکەن کە رەنگە بە ٣ یان ٤ دەنگ حەب بتکوژێت، دەرمانخانەکان بەئاسانی پێت دەدەن، ئەو شێوە کارکردنە، لە بواری تەندروستیدا کفرە، لە سوید هەرگیز شتی وانیە، دەرمانخانەش بەشێکی گرنگی لایەنی سەحییە، بۆیە دەبێت پزیشک دیاری بکات، کامە دەرمان دەدرێت بەکامە نەخۆش، بەڵام لەکوردستان هەرکەس بۆخۆیەتی.

رزگار رەزا چوچانی/ سیستەمێک پەیڕەو دەکرێت لە سوید کە لە نەخۆشخانەکان دۆسیەی تایبەت بەنەخۆش هەیە و کە چووە سەردانی نەخۆشخانە، بێ پرسیار دکتۆر دەزانێ چی هەیەو چی بۆ کراوە لە تەندروستیدا، ئەگەر باسێکی ئەو سیستەمە بکەیت؟
د. قیسمەت/ بەڵێ هەموو نەخۆشێک، پەروەندەی خۆی هەیە لەنەخۆشخانەکان، یەک جار بچێتە سەردانی نەخۆشخانە، یان عیادەیەک، ئەوە ئەو پەروەندەت هەیەو نوسراوە چیت بۆ کراوە، دواتریش بەهۆی ئەو پەیوەندییە کۆمپیوتەریەی نێوان نەخۆشخانەکان، دەزانی نەخۆشەکە چی بۆکراوە، ئەوەش پەیوەندی بەسیستەمی تەکنەلۆژیای زانیاریەوە هەیە، ئەوروپاو سوید لەوبارەیەوە پێشکەوتون بەسیستەمی کۆمپیوتەری هەموی بەیەکەوە رەبتە، بەڵام لەسوید هەموو وڵات نا، ناوچە ناوچە بەیەکەوە رەبتە، واتە ئێستا لەم شارەی من لە “سکۆنە” لێرەوە ئەتوانم پەروەندەی نەخۆشێک لە “مالمۆ” ببینم، لەهەر شارێک لەم شارانەی ئەم ناوچەیە دەتوانم. یان لەهەر شارێکی سوید نەخۆشێک هەبوو، کە لەهەرێمەکەی تۆ نەبوو، تەلەفۆنێک دەکەی بۆ ناوچەکەی، هەموو پەروەندەکەیت بۆ دەنێرن، هەوڵی ئەوەش هەیە ئێستا هەموو سوید بکرێتە یەک و هەموو ئەو پەیوەندیەی هەبێت، نەک ناوچەکان، ئەوەش ئاسانکاری هەم بۆ پزیشک و هەمیش بۆ نەخۆش دەکات، بۆ ئیشاعەش ئەوە هەیە، ئێمە لێرە ئیشاعە دەگرین، لە شارێکی تر دکتۆر دەیبینێت، ئەوەش ئاسانکاری زۆر گەورەی کردووە، پێویست ناکا نەخۆش لەشارێکەوە بچێت بۆ شارێکی تر، ئەمە سیستەمێکی پێویستە، ماوەیەک ئێمە دکتۆری ئیشعەمان کەم بوو، بەڕێگای ئەو سیستەمە، ئیشعەی نەخۆشەکەمان دەنارد بۆ ئوسترالیاو هیندو ئەو جێگایانە، بەماوەی نیو سەعات دکتۆر لەویوە دەیبنی و تەشخیسی خۆی بۆ دەناردینەوە.

رزگار رەزا چوچانی/ لە مافی پزیشک لە سویدو لە کوردستان چی جیاوازییەک دەبینی؟
د. قیسمەت/ پێم وایە لێ نەپرسینەوە لەو دکتۆرانەی کە لەکوردستان کار دەکەن، وای کردووە، مافی زیاد لەخۆیان هەبێت، من نەمزانیوە دکتۆر لەوێ وەک پێویست زەریبە بدات، پزیشک حەپس بکرێت، نەم بیستووە شەهادە لە دکتۆرێک بسەنرێتەوە لەکوردستان، وای لێهاتووە کەسانێک لە کوردستان بەناوی پزیشکەوە، تجارەت بە ژیانی خەڵک دەکەن، رێزیان بۆ پزیشکیش نەهێشتۆتەوە وەک جاران، ئێمە لێرە لە بنکە تەندروستیەکان ١٥د. قیسمەت/١٦ نەخۆش دەبینین، بەڵام لەکوردستان ١٨٠ نەخۆش لە ئێوارەیەک بینراوە، نازانم چۆن توانیویانە هەر مەرحەبایەکیش لەگەڵ ئەو هەموو نەخۆشە بکەن؟. لێرە ئەگەر نەخۆشێک شکات لە کەمتەرخەمیەکی تۆ بکات، رەنگە توشی غرامەیەکی زۆر ببی، لێرە سیستەمێک هەیە پێی دەوترێت بەرپرسیارەتی ژیانی هاوڵاتیان، ئەگەر پزیشکێک هەڵەبکات، لیژنەیەکی بێلایەنی لەسەر دەگیرێت، لە غرامەوە رەنگە لەسەر پزیشکەکە بکەویت، تا ئینزارو لێ سەندنەوەی شەهادەکەی.

رزگار رەزا چوچانی/ مافەکانی نەخۆش چین لە سویددا؟
د. قیسمەت/ لەم وڵاتەدا مافی نەخۆش زۆرە، ئەو یارمەتیەی نەخۆش پێویستیەتی ئەگەر مومکین بێت، دەبێت پێشکەشی بکرێت، ناتوانی بەنەخۆش بڵێی ئێمە ئەوەندە ئیمکانیەتەمان هەیەو ناتوانین زیاترت بۆ بکەین، لەهەر شوێنێکی ئەو وڵاتە ئەو پێویستیەی نەخۆشەکە پێویستیەتی هەبیت، دەبێت ئاراستەی ئەو نەخۆشە بکرێت، زۆر کات لەدەرەوەش، بۆنمونە ئێمە نەخۆشێکمان هەبوو مار پێوەی دابوو، دەرمانی ئەو جۆرە ژەهرەمان نەبوو، ناچار بە فرۆکە لەئەڵمانەوە بۆمان هێنا، ماوەیەک دیاری کراوە، ئەگەر لەوماوەدا نەتوانی هاوکاری نەخۆشەکەت بکەی، ئەوە نەخۆشەکە دەتوانێ داوای هاوکاری لەکۆمۆنێکی تر بکات لەسوید، هەر کۆمۆنێکیش بەرپرسە لەخەرجی ئەو نەخۆشە.
هەروەها ساڵانە مەبلەغێک پارە دیاری کراوە، کە لەو ساڵەدا نەخۆش ئەوەندە پارەی خەرج کرد، بۆ سەردان کردنی پزیشک و پشکنینی پزیشکی، دوای ئەوە هەرچەند سەردانی پزیشک بکەی، لە نەخۆشخانەی تایبەت یان حکومی بەبەلاش سەردانی دەکەی، لەماوەی ئەو ساڵەدا، بەهەمان شێوە دەرمانخانەکانیش سیستەمێکیان هەیە بۆ هاوکاری نەخۆش، لەوێش مەبەلەغێکی دیاری کراو هەیە، کە گەشتە ئەو مەبلەغە تا مەبەلەغێکی تر، نیوەی پارەی دەرمان دەدەی واتە لە % ٥٠ ، دوای ئەو مەبلەغەش بۆ دەرمان لە % ٢٥ ئەدەیت و دوای ئەوەش کە گەشتە ئەو بڕەپارەیەی کە دیاری کراوە، هەر دەرمانێکت پێویست بێت بەبەلاش وەریدەگریت، هەر لەم وڵاتە بۆ ئەوەی بازرگانی بە نەخۆشەوە نەکرێت، تا ساڵێک لەمەوبەریش حکومەت هەموو دەرمانخانەکانی مۆنۆپۆڵ کردبوو، موڵکی حکومەت بوون، بەڵام ئەم ساڵ نزیکەی %١٠ ی داوە بە کەرتی تایبەت، ئەوەش کۆنترۆڵێکی زۆری لەسەرە، تا نەتوانن بازرگانی بەگیانی نەخۆشەوە بکەن.

رزگار رەزا چوچانی/ ئەو كۆمپانیا تەندروستییانەی كە دێنە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
د. قیسمەت/ ئێستا کۆمەڵێک کۆمپانیای تەندروستی لەئێران و وڵاتانی تر، دێنە کوردستان، هەموو بۆ پارە ئیش دەکەن و سەرمایەیەکی زۆری ئێمەیە، دەچێت بۆ ئەو وڵاتانە، لەکاتێکدا کە ئێمە بۆخۆشمان ئەو توانایەمان هەیە، یانی ئێمە خەڵکمان نیە بتوانن قەستەرە بکەن؟ نازور بکەن؟ بەڵێ هەمانەو ئەوان دەهێنین، کێشەنییە دێن بەڵام کە دێنە کوردستان دەبێت وەک پێویست سودیان لێوەربگریت. دواتر دەبێت کەدێنە کوردستان زەریبەیەکی باشیان لێوەربگریت، ئەگەر لە% ٢٥ زەریبە وەربگریت لە شەریکاتی کوردستان، دەبێت لە % ٥٠ وەربگریت، لەو کۆمپانیانەی دەرەوە کە دێنە ئەوێ، لەوڵاتانی ئەوروپاش وایە، کاتێک شەریکەیەکی دەرەوە دەچێتە وڵاتێک باجێکی زۆر دەدات.

Previous
Next