سێوی مه‌عریفه
سێوی مه‌عریفه
بازنه (داخراو/كراوه)كانی جه‌سته
“جه‌سته، تیشكۆی مه‌عریفه و كانی ژیانه”
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
جه‌سته له فیكری هاوچه‌رخدا به یه‌كێك له وه‌سیله بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ته‌عبیركردنی خود داده‌نرێت. به‌و مانایه‌ش مرۆڤ له رێگه‌ی جه‌سته‌وه له ئه‌ویدیكه ده‌گات، وه‌ك چۆن هه‌ر له رێگه‌ی جه‌سته‌وه ده‌رك به شته‌كان ده‌كات. جه‌سته هه‌ر ته‌نها قالب، یان ته‌ن نییه، به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا خوده و ئامرازی (من)ه بۆ چه‌سپاندنی خودی خۆی و وێناكردنه‌كانی خۆی له ده‌ره‌وه، وه‌ك چۆن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ رووبه‌ڕووی شێوه جیاوازه‌كان بێته‌وه، به گۆڕینی مه‌رجه‌كانی واقیع و ناوكۆییهكانی خۆی هه‌ڵده‌سێت. لێره‌وه‌یه ده‌ربڕینی جه‌سته‌ی مرۆ به ره‌فتاری خودی ئه‌و جه‌سته و وه‌زیفه‌كانی و جولهكانییهوه په‌یوه‌ست ده‌بێت! به‌و مانایه‌ش جه‌سته له‌نێوان خۆی و ره‌گه‌ز و زمان په‌یوه‌ستبوونێك به‌خۆی داده‌مه‌زرێنێ. كه‌واته جه‌سته نیشتمان و شوێنی له‌دایكبوونی خۆیه‌تی، وه‌ك چۆن ئامرازی ئه‌و ده‌لاله‌تانه‌یه كه خود له رێگه‌یه‌وه له خودی خۆی ده‌رده‌چێت و ده‌كه‌وێته نێو دنیایه‌ك له خۆی و بۆ بوونی تایبه‌تی خۆی ده‌بێته كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی و ره‌مز، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌بێته ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی پێكهێنانی فه‌لسه‌فه‌ی فینۆمینۆلۆژیا.
(مۆریس میرلۆپۆنتی 1908-1961) پێیوایه مرۆڤ له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه بوونی خۆی له جیهان راده‌گه‌یه‌نێت. جه‌سته ئامرازێكه بۆ ئاماده‌گی له جیهان و بوون به به‌شێك له واقیع. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ جه‌سته‌ی من له به‌رانبه‌رم نییه، رووبه‌ڕووی منه، واته بابه‌تێكی وه‌ستاو به‌خۆی نییه، یان شتێك نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی من بێت و بێ من سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵكو من جه‌سته‌ی منه. لێره‌دا ده‌رككردن ئه‌وه نییه كه كلاسیكیه‌كان و قوتابخانه‌ی ده‌روونی ته‌قلیدی به چالاكی فیكری و ده‌روونی دایده‌نێن، به‌ڵكو ده‌رككردن ئه‌و په‌یوه‌ندییه پته‌وه‌یه كه ده‌كه‌وێته نێوان جه‌سته‌و ئاماده‌گی جه‌سته له جیهاندا، نه‌ك هه‌ر هێنده به‌ڵكو جه‌سته لای میرلۆپۆنتی بنه‌ڕه‌تی هه‌موو دهرككردنێكه. جه‌سته ده‌ریچه‌یه‌كه شته‌كانی لێوه ده‌بینین. ئه‌و پێیوایه ئه‌گه‌ر قسه‌كردن ته‌عبیر له فیكر بكات، ئه‌وه جه‌سته ته‌عبیر له جیهان ده‌كات. دنیا و جه‌سته له‌نێو بینراودان، كه‌واته ده‌بێ واز له‌و حوكمانه بهێنین كه جه‌سته ده‌خه‌نه نێو جیهان و بینین ده‌خه‌نه نێو جه‌سته‌وه، یان به پێچه‌وانه‌وه. چونكه هه‌ر یه‌ك له جیهان و جه‌سته بهنیویهكداچوونه، یه‌ك له‌نێو ئه‌ویدیكه‌دا ده‌بینرێت.
به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین هه‌ر له سێوه‌كه‌ی ئاده‌مه‌وه، جه‌سته ده‌كه‌وێته به‌ر ئازار و سزا و چه‌وسانه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به سه‌رچاوه‌ی گوناح سه‌یر ده‌گرێت؟! ئه‌وه‌ی ئه‌و گوناحه‌ی جه‌سته‌ش پاك ده‌كاته‌وه جگه له سزادان، دهستبهسهراگراتن و داخرانی جه‌سته‌یه. یه‌كه‌میان ریسوابوونی جه‌سته نیشان ده‌دات و دووه‌م قه‌ده‌غه‌كردن. ئه‌گه‌ر ریسوابوونی جه‌سته وێرانكردنی جه‌سته بنوێنێ، ئه‌وه قه‌ده‌غه‌كردن بێ به‌هایی جه‌سته وێنا ده‌كات. ریسواكردن و قه‌ده‌غه‌كردنی جه‌سته ته‌عبیر له دیدێك ده‌كات، كه پێیوایه به‌ختیاری به به‌ندكردن و داخستنی جه‌سته‌وه به‌نده؟! ئه‌و دیده پێیوایه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی بگه‌یه‌نێت، پێویسته جه‌سته له‌رێگه‌ی ریسواكردن و قه‌ده‌غه‌كردنه‌وه له خراپه‌كان پاك بكاته‌وه؟! به‌ڵام له به‌رانبه‌ر ئه‌و دیده دیدێكی دیكه ره‌وایه‌تی به‌خۆی ده‌دات و پێیوایه هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م جگه له بانگه‌شه‌كردن بۆ ئازادی شتێكی دیكه نییه، پاكبوونهوهش له گوناح جگه له بێ به‌هاكردنی جه‌سته، ریسواكردن و به‌زینی جه‌سته‌ش ده‌گه‌یه‌نێت؟! ئه‌و دیده، پاكبوونه‌وه‌ی جه‌سته له ئازادی جه‌سته‌دا ده‌بینێته‌وه، نه‌ك له قه‌ده‌غه‌كردن.
دیدی یه‌كه‌م به‌های مرۆڤ له ریسوابوونی جه‌سته‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه، به‌ڵام دیدی دووه‌م هه‌موو به‌هاكان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێ كه به جه‌سته‌وه به‌نده، هه‌ر له په‌رستنی جهستهوهش سرووتێك ده‌سازێنێ. دیدی یه‌كه‌م پێیوایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌سته بۆگه‌ن ده‌بێ، بۆیه هه‌موو شتێ بێ بایه‌خ و بۆشه، به‌ڵام دیدی دووه‌م ده‌یه‌وێ پارێزگاری له جه‌سته بكات و پێیوایه هه‌موو ته‌گه‌ره درووستكردنێك بۆ جه‌سته، ته‌گه‌ره درووستكردنه بۆ خودی ئازادی! به‌و مانایه‌ش جه‌سته به پێش جه‌سته‌و پاش جه‌سته‌وه نابه‌ستێته‌وه، به‌ڵكو خودی جه‌سته به بنه‌مای به‌خته‌وه‌ری داده‌نێت. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌ڵێت: جه‌سته‌یه‌كی ئازادم بده‌رێ، ده‌روونێكی میهره‌بان وه‌رگره‌وه، به‌ڵام جه‌سته‌ی ریسوا و به‌زیوو نه میهری تێدایه و نه ئازادی.
كه‌واته سێوه‌كه‌ی ئاده‌م له‌داری مه‌عریفه‌وه چنراوه، خواردنی سێ‌و، جگه له مه‌عریفه و ژیان شتێكی دیكه نییه، ئه‌گه‌ر مه‌عریفه هۆیه‌ك بێ بۆ به‌رده‌وامییه‌تی مرۆڤایه‌تی، ئه‌وه ژیان پانتاییه‌كه بۆ له‌خۆگرتنی هه‌موو جوله و ریتمه جیاواز و گونجاوه‌كانی مرۆڤایه‌تی. به‌و مانایه جه‌سته، ژیان و مه‌عریفه‌ی لێده‌كه‌وێـته‌وه؟! بۆیه پێویسته رێزگرتن و به پیرۆزگرتنی وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆڤانه سه‌یر ده‌كرێت.
ئه‌و به‌هه‌شته‌ی كه ئاده‌م به‌ر له تامكردنی مه‌عریفه‌ی جه‌سته تێیدا ده‌ژیا، ره‌مزی هاوسه‌نگی بوو. بۆیه كاتێك مرۆڤ له به‌هه‌شت ده‌ركرا به‌دوای ئه‌و هاوسه‌نگییه‌دا ویڵ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه دووباره وه‌ده‌ست بهێنێته‌وه وێڵ بوو، به‌دوای فیكره‌ی زۆر دوور كه‌وت، چونكه نه‌یده‌زانی رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ هاوسه‌نگی له خودی جهستهوهدایه.. ئه‌وه خودی جه‌سته‌یه هاوسه‌نگی ده‌سازێنێ! ئیتر لێره‌وه ده‌بینین هاوگونجانی فیكر و جه‌سته ته‌عبیر له هاوسه‌نگی ژیان ده‌كات و بێ ئه‌و هاوسه‌نگییه ناتوانین به‌رگه‌ی ژیان بگرین، بۆیه جه‌سته، به تیشكۆی مه‌عریفه و كانی ژیان ناس ده‌كرێت. ئه‌گه‌رچی بیروڕای جیاواز له‌باره‌ی داخران و په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌ندامه سێكسییه‌كانی جه‌سته له ئارادا هه‌یه، به‌ڵام (فرۆید) داپۆشینی ئه‌ندامه سێكسییه‌كان به پیرۆزییه‌وه ده‌لكێنێ، به‌ڵام ده‌شێ ئه‌و داپۆشینه به پیسییهوهش به‌ند بكه‌ین. وه‌ك چۆن ده‌شێ هه‌ردوو هۆكار وه‌ك هۆیه‌ك بۆ داپۆشین ته‌ماشا بكه‌ین.
لێره له‌نێوان پیسی و پاكژی، له نێوان هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و سزادان، له نێوان كۆت و به‌ند و ئازادی، سێوه‌كه‌ی ئاده‌م له كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه بۆ ئه‌فسانه‌و ئایین و تا ده‌گاته تراژیاكانی گریك درێژبۆته‌وه و گه‌مه‌ی جۆراو جۆری له به‌رانبه‌ردا ده‌كرێت. چه‌مكی سێوه‌كه‌ی ئاده‌م به دیدێكی میتافیزیكییه‌وه به‌نده، هه‌ر له‌و دیده‌شه‌وه سێوه‌كه‌ی ئاده‌م به ره‌مزی كه‌وتن وه‌سف ده‌كه‌ن؟! سێوی ئاده‌م هۆی ده‌ركردنی ئاده‌م و حه‌وا. له سێوی ئاده‌مه‌وه، ئاده‌م و حه‌وا ژیانی هه‌تا هه‌تایی به‌هه‌شتیان دۆڕاند، سێوی ئاده‌م له به‌رانبه‌ر رۆح ده‌بێته ئه‌هریمه‌نی فاوست و مه‌عریفه پێشكه‌ش ده‌كات! ئه‌وه‌ی كه ده‌گوترێ ئاده‌م به‌خته‌وه‌ری نه‌مری دۆڕاند، ده‌شێ له‌وێوه كورتی بێنێ كه بنبه‌ستبوونی نه‌زانیشی ده‌دۆڕێنێ!! لێره‌وه فیكره‌ی دووه‌م ئازادی به‌رز ده‌كاته‌وه و مه‌عریفه وه‌ك بنه‌مای پێشكه‌وتن ته‌ماشا ده‌كات.
له‌نێوان سێ‌و و كه‌وتن، له‌نێوان كه‌وتن و نه‌فره‌ت، نه‌فه‌ره‌تی هه‌تا هه‌تایه، مرۆڤ هه‌موو رۆژێ سێ‌و دهكرمێنێ! سوپاسگوزاری و پیاهه‌ڵدان.. پاكبوونه‌وه دابین ناكات. كورسی دانپیانان، ئه‌و تاوانه ناسڕێته‌وه! بۆیه مرۆڤ دووچاری نائومێدی ده‌بێت. هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌بێ باجه‌كه‌ی بدات، هه‌ڵه‌ی جه‌سته‌یه نه‌ك هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه. بۆیه كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كان، ئایینه‌كان، نۆرم و ترادیسیۆنه‌كان، پاكبوونه‌وه به‌سه‌ر جه‌سته‌دا فه‌رز ده‌كه‌ن، تا مرۆڤ نوێ بێته‌وه؟! به‌ڵام جه‌سته له‌ناو ده‌چێت، بێگومان نیگه‌رانی مردن وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی فه‌ردی سه‌یر ده‌كرێت، هه‌ر ده‌بێ له‌گه‌ڵی بسازێ و به‌دوای چاره‌ی گونجاو‌دا بگرێت؟!
ئۆدیب پاشا چاوی خۆی به‌هۆی سێوه‌كه‌ی ئاده‌مه‌وه له ده‌ستدا، ئه‌و كه‌شیشه‌ی كه له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی خه‌ونئامێزدا بیر له سێوه‌كه‌ی ئاده‌م ده‌كاته‌وه، چۆن ئیمان له ده‌ستده‌دا… لێره‌وه له هه‌موو ئه‌و نموونانه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ چۆن هه‌ڵه‌و گوناح دوای سوپاسگوزاری به‌ره‌و پیرۆزی ده‌چێ و چۆن پیرۆزییه‌كان به ته‌نها بیركردنه‌وه له سێوی ئاده‌م وێران ده‌بن.
كه‌واته كۆی ئه‌و كاره‌سات و تراژیدیایانه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا هاتووه، كۆی هه‌ڵه‌و پاكبوونهوهكان… هه‌موو رزگاربوونێك له سێوه‌كه‌ی ئاده‌م، پێویستی به ئازار و سزا و مه‌رگه‌وه هه‌یه، یان دانیانان و تۆبه و په‌شیمانبوونه‌وه… به‌و مانایانه‌ش هه‌موو ئه‌فسانه‌كان و ئایینه‌كان و ترادیسیۆنه سه‌ره‌تاییه‌كان، مرۆڤ وه‌ك وامدارێك سه‌یر ده‌كه‌ن، كه هه‌وڵده‌دات به‌ڵگه بۆ تاوانه‌كانی خۆی بهێنێته‌وه. به‌ڵام لێره چۆن ده‌شێ روویه‌كی دیكه‌ی ئه‌و تێڕوانینانه وێنا بكه‌ین، چۆن ده‌شێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌یان بۆ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین. له كۆی ئه‌و كاره‌سات و تراژیدیایه، چۆن كۆی ئه‌و به‌تاوانباركردن و ریسوایی و بێ نرخكردنانه، كۆی گوناحه‌كان وه‌ك به‌خشنده‌یی و ناز و خۆشی و چاكه‌كردن بخوێنینه‌وه!! چۆن له‌گه‌ڵ جه‌سته، له‌گه‌ڵ سێوه‌كه‌ی ئاده‌م ئاشت ببینه‌وه؟! له‌بری ئه‌وه‌ی مرۆڤ بخه‌ینه نێو ئازار و سزا و ژانوژوار… ده‌شێ دڵشاد و به‌خته‌وه‌ری بكه‌ین.. ده‌شێ سێوه‌كه‌ی ئاده‌م وه‌ك چاكه‌كاری و به‌خشنده‌یی و رێگه‌یه‌ك بۆ پاراستنی مرۆڤایه‌تی، وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به مرۆڤی حه‌قیقی سه‌یر بكه‌ین؟! هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌شێ سێوه‌كه‌ی ئاده‌م وه‌ك سرووتێك بۆ به پیرۆزڕاگرتنی جه‌سته و رێزگرتنی جه‌سته ته‌ماشا بكه‌ین؟! واته ده‌شێ كۆی ئه‌و ته‌ماشاكردنه سه‌ره‌تاییانه‌یه به به‌خشنده‌یی و ناز و خۆشی بگۆڕینه‌وه. جه‌سته وه‌ك ژیان ببینین و ژیانیش له مه‌عریفه و رۆحدا درێژ بكه‌ینه‌وه.
جه‌سته، به كوێ ده‌گات؟ له‌پاش فه‌لسه‌فه‌ی جه‌سته چی وه‌ستاوه؟ وه‌ك ده‌زانین هه‌رگیز كه‌سێتی مرۆڤ ئه‌و كه‌سێتییه هاوگونجاوه نییه، كه له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤ ته‌با بێته‌وه، به‌ڵكو كه‌سێتی مرۆڤ بارستاییه‌كه لهنێودژی و خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌میشه هه‌وڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌و نێودژیانه ده‌دات. هه‌ندێجار كه‌سێتی به‌دژی خۆی راده‌بێته‌وه و لاملی ده‌كات و سووره له‌سه‌ر ناته‌بایی، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌و نه‌گونجان و ناته‌باییه له نائاگاییه‌وه بێت، به‌ڵكو له زۆربه‌ی جاردا به ئاگاییه‌وه به ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نرێت. بۆ نموونه زۆرجار پهندیارێك، بانگه‌شه‌ی بۆشی جه‌سته ده‌كات.. كه‌چی له ناخه‌وه بێ سنوور بایه‌خ به جه‌سته‌ی خۆی ده‌دات! یان سه‌یر ده‌كه‌ین یه‌كێك له رووكاردا زۆر دڵخۆش خۆی ده‌نوێنی، به‌ڵام كه ده‌چیته ناخی ده‌بینی چه‌ند غه‌مباره… به كورتی له پشت ئه‌و ناهاوسه‌نگییه‌ی ناوه‌وه‌ی جه‌سته مه‌رگ وه‌ستاوه، وه‌ك چۆن فه‌لسه‌فه‌ی جه‌سته له مه‌رگدا خۆی ده‌دۆزێته‌وه! ئه‌و هه‌موو بایه‌خدانه به جه‌سته، ترسی مه‌رگی له پشته‌وه‌یه. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی به فه‌لسه‌فه‌ی جه‌سته بگه‌ین، ده‌بێ فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی جه‌سته رابه‌رایه‌تیمان بكات. بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادی جه‌سته بگه‌ین، پێویستمان به هاوسه‌نگی نێوان جه‌سته‌و ئاگایی هه‌یه. هه‌موو هاوسه‌نگییه‌كی نێوان جه‌سته و ئاگایی، ده‌لاله‌تی ئارامی و دڵنیایی و هێمنی جه‌سته ده‌نوێنێ. هه‌ر له رێگه‌ی ئارامی و هێمنی و دڵنیایشه‌وه جه‌سته ده‌توانێ پێشبینی بكات. واته له‌رێگه‌ی هه‌ستی راستگۆیانه‌ی جه‌سته‌وه فیكر ده‌توانێ ئاگایی بدۆزێته‌وه، هه‌ر به‌و مانایهشهوه فیكر جه‌سته‌یی ده‌كه‌وێته‌وه. كه‌واته فیكر به‌بێ جه‌سته هه‌رگیز ناتوانێ به ئه‌ركه‌كانی خۆی رابێته‌وه. ئه‌گه‌ر بێت‌و جه‌سته فه‌رامۆش بكه‌ین، ئه‌وه بێگومان عه‌قڵ و ئاگایشمان فه‌رامۆش كردووه. دواجار هه‌ر له رێگه‌ی جه‌سته‌وه، ده‌شێ ده‌ست بۆ ئاڕاسته‌كانی به‌ختیاری درێژ بكه‌ین.
له سه‌ده‌ی رینیسانس و سه‌د ساڵی یه‌كه‌میدا جه‌سته‌ی رووت دهكهۆیته نێو هونه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش بۆخۆی كرانه‌وه‌یه‌كی دیكه بوو، بۆ راڤه‌كردن و شیكردنه‌وه‌ی نۆرم و ترادیسیۆنه كۆنه‌كانی چاخی ناوه‌ڕاست، چونكه ئه‌و كات قسه‌یه‌كی جیدی له‌سه‌ر جه‌سته بوونی نه‌بوو. به‌ڵام دواتر له رێگه‌ی هونه‌ره‌وه، نه‌بینراو و نادیاره‌كانی جه‌سته‌مان بۆ ده‌ركه‌وت، بۆ نموونه (تابلۆی له خاچدانی مه‌سیح، مایكل ئه‌نجیلۆ)… به‌ڵام جه‌سته‌ی رووت هه‌ر ته‌نها له چوارچێوه‌ی هونه‌ردا نه‌مایه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر له رێگه‌ی ئه‌و روتبوونهوهیه ده‌ركه‌وت، كه جه‌سته‌ی مرۆڤ زیاد له پێویست شێوه‌یه‌كی جوان و ته‌واوی له‌خۆ گرتووه، به‌و مانایه‌ش جه‌سته‌ی رووت مه‌زنترین نموونه‌ی گۆڕینی ماده‌یه بۆ شێوه؟! كه‌واته هه‌رگیز ناشێ جارێكی دیكه نكۆڵی له جه‌سته بكه‌ین، وه‌ك چۆن له چاخی ناوه‌ڕاست ئایینگهراییانی مه‌سیحی نكۆڵیان لێده‌كرد. به‌مجۆره وه‌ك حه‌قیقه‌تێك كه به درێژایی ژیان خاوه‌ندارێتیمان ده‌كات، له‌گه‌ڵ جه‌سته ئاشتبوونه‌وه‌مان راگه‌یاند.
بێگومان مێژووی مرۆڤایه‌تی له گه‌ڕان به‌دوای نادیار به‌رده‌وامه، مێژووی مرۆڤایه‌تی مێژووی گه‌ڕانه به‌دوای نه‌بینراو نادیار، مێژووی دۆزینه‌وه و داهێنان و به‌خشینی جۆراوجۆره. مرۆڤایه‌تی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بوونه‌وه هه‌تا ئێستا به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دا ده‌رگا له نادیاره‌كان بكاته‌وه، نادیاری سرووشت، نادیاری كۆمه‌ڵگه، نادیاری بوون و گه‌ردوون… سه‌فه‌ری گلگامێش به‌دوای نهێنی ژیاندا.. گه‌ڕانی زاناكان به‌دوای ماده‌یه‌ك كه شت بكاته زێڕ.. یان ماده‌یه‌ك كه هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی جه‌سته رابگرێ و مردن دوور بخاته‌وه.. به‌ڵام وێڕای ئه‌و هه‌موو دۆزینه‌وه و داهێنانه جۆراوجۆرانه كه‌چی نادیاره‌كان ئه‌وه‌نده زۆرن كه دیار له چاو نادیار له دورگه‌یه‌كی بچووك زێتر نییه. بۆ نموونه چۆن نه‌هه‌نگی (عه‌نبه‌ر) دوژمنه‌كه‌ی ده‌ناسێته‌وه، كام ئه‌ندامی جه‌سته به‌و كاره هه‌ڵده‌ستێت؟ باڵنده‌كان چۆن دوای سه‌فه‌رگه‌لی دوورودرێژ، دوای بڕینی ئه‌و هه‌موو چیا و ده‌ریا و دار و ده‌شته.. به لانه‌كانی خۆیان شاد ده‌بنه‌وه؟ گژو گیا چۆن هه‌ست به دوژمنه‌كه‌ی ده‌كات و چۆن دژی دوژمنه‌كانیان ده‌جه‌نگن و دوژمنه‌كه‌یان ده‌خه‌نه تۆڕه‌وه؟
هه‌میشه مه‌عریفه‌ی جه‌سته ده‌لاله‌تی دووباره بوونی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، بۆیه پێویسته له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو نادیارانه‌وه مرۆڤ به‌رده‌وام هه‌وڵی هاوگونجان بدات، به‌رده‌وام ئاگایی و جه‌سته به ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی بزانێ.. چونكه جه‌سته بۆخۆی رێگه‌یه‌كه بۆ گه‌ڕانه‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌فسانه‌ی (ئه‌دۆنیس) بكه‌ین، ده‌بینین سرووشت ته‌نها به مه‌رگی جه‌سته‌ی ئه‌دۆنیس له‌ناو ده‌چێ و په‌ژمورده ده‌بێت. لێره‌دا ئه‌دۆنیس ده‌بێته رۆحی سرووشت. واته ژیانی جه‌سته‌ی ئه‌دۆنیس-له كۆتاییدا- مه‌رگی رۆحی زیندووی سرووشت ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌دۆنیس له دوای كوشتنی ده‌بێته (هادیس- واته ماڵی مردووان) هه‌تا ئه‌دۆنیس له‌و ماڵه‌دا بمێنێته‌وه، سرووشت به مردووی ده‌مێنێته‌وه، كاتێ جه‌سته‌ش له‌نێوان مردووان هه‌ڵده‌سێته‌وه، دووباره ژیان له سرووشتدا دهبوژێـتهوه. له دووتوێی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه ده‌بینین رۆح له دوا لێكدانه‌وه ته‌نها ره‌مزی چالاكی جه‌سته‌یه. تا ماوه‌یه‌ك رۆح جه‌سته به‌جێده‌هێڵێ و پاشان بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه!
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
– بونتي, موريس ميرلو , المرئي واللامرئي , ت. د. سعاد محمد خضر, دار الشؤون الثقافية العامة , بغداد , 1987 , ص126.
– حنا عبود، تفاحة ا‌دم، دراسة في النظرية الفلسفية عند د.ه. لورانس، دار المسيرة-بيروت، ط ص7، 16،37.
– فرويد سيغموند Freud Sigmund (1856_1939) ثزيشكى دةروونى نةمساوى، بة بةناوبانطترين زاناى دةروونى لة فيكرى نوىَ ديَتة ذماردن. دامةزريَنةرى ريَبازى دةروونشيكاريية (Psychoanalysis).
– – حنا عبود، تفاحة ا‌دم، دراسة في النظرية الفلسفية عند د.ه. لورانس، دار المسيرة-بيروت، ط 1 1980، ص116.
تيَبينى: دةشىَ ئةو نووسينة لايةنى تيَؤرى كتيَبى (حنا عبود، تفاحة ا‌دم، دراسة في النظرية الفلسفية عند د.ه. لورانس، دار المسيرة-بيروت، ط 1 1980) نيشان بدات.