Skip to Content

Tuesday, May 24th, 2022

بارزانی و مه‌لاكان، یه‌ك بیركردنه‌وه‌و دوو شوێن

Closed
by January 8, 2011 گشتی

                                      تابلۆكه‌ یه‌ك ڕه‌نگه‌
  بارزانی و مه‌لاكان، یه‌ك بیركردنه‌وه‌و دوو شوێن

نه‌به‌ز گۆران

زۆر جار شه‌وێنه‌كان بیركردنه‌وه‌ ناگۆڕن، بیركردنه‌وه‌كان شوێنه‌كان ده‌گۆڕان، ئه‌و گوتاره‌ی بارزانی پشتگیری لێده‌كات، هه‌مان ئه‌و گوتاره‌یه‌ مه‌لاكان ته‌حقیقی ده‌كه‌ن، باوه‌ڕ بوون به‌ كۆڵه‌كه‌ كلاسیكیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، باوه‌ڕبوونه‌ به‌و بنه‌مایانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خێڵ به‌هێز ده‌كات، هه‌ر هێزێك بیه‌وێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خۆی به‌رده‌وام بێت له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، هه‌میشه‌ ئه‌و هێزه‌ كار بۆئه‌وه‌ ده‌كات ئیش له‌سه‌ر خانه‌ گشتیه‌كانی كۆی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ مه‌یلی بۆ بنه‌ما كۆنه‌كان بوو، ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ چاپی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و فۆرمه‌، به‌دیوه‌كه‌ی تردا گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ ویستی ده‌رگاكانی به‌ره‌و مه‌ده‌نیت بكاته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات ببێته‌ كلیلی ئه‌و ده‌رگایه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ره‌خاتری مانه‌وه‌ی خۆیه‌تی،  به‌ڵام چوونگه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورد هێشتا له‌سه‌ر پایه‌ كۆنه‌كان خۆی ته‌حقیق ئه‌كات ده‌سه‌ڵاتیش ئیش له‌سه‌ر ئه‌و پایانه‌ ده‌كات ، ئیشكردنه‌كه‌ش له‌و سیاقه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ مانایه‌ك به‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بدات، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و بویه‌ ترس بۆله‌قاندنی ده‌سه‌ڵات،  ئیدی ده‌سه‌ڵات و كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌بنه‌ دژی ئه‌و بنه‌مایانه‌، بۆئێمه‌ی كورد هێشتا ناكۆكیه‌ك نابینرێت له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و بنه‌ما كۆنه‌كان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌رگریكاری سه‌ختی ئه‌و بنه‌ما كۆنانه‌ خودی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت، له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر میراسی ئه‌و بنه‌مایانه‌ ده‌ژین تا ئه‌م حاڵه‌ته‌ش پێویستیان پێیه‌تی و ده‌بێت به‌رگری لێبكه‌ن، بارزانی و حزبه‌كه‌ی یه‌كێكن له‌و گروپانه‌ی به‌بێ‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ كاڵ ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌سڵی بوونی ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و پایانه‌ وه‌ستاوه‌، ده‌شزانن هاتنی دیموكراسیه‌ت واته‌ شكانی ئه‌و كۆڵه‌كانه‌، بۆیه‌ گه‌ر ببنه‌ پارێزه‌ری ئه‌و بنه‌مایانه‌ مانای ئه‌وه‌نیه‌ باوه‌ریان به‌ ماهیه‌تی بنه‌ماكان بێت وه‌ك خۆی، به‌ڵكو دیوه‌كه‌ی تری راسته‌، به‌بێ‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ بوونی ئه‌وان له‌شوێنه‌ گرنگه‌كان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ له‌مه‌ترسی بپارێزرێت پێویستی به‌مانه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ هه‌یه‌. هه‌ر رێگریه‌كیش بكرێت له‌لایه‌ن بارزانی  و حزبه‌كه‌یه‌وه‌ دژی دیموكراسی، حه‌قێكی خۆیه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و و حزبه‌كه‌ی به‌ هاتنی دیموكراسی مانا راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و ره‌گووریشه‌كانی هه‌ڵده‌ ته‌كێنێته‌وه‌.بارزانی به‌بێ‌ ئاگایی كار بۆ خنكاندنی دیموكراسی ناكات، به‌ڵكو به‌ئاگایه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ست ده‌خاته‌ قورگی ئه‌و چه‌مكه‌وه‌، چونكه‌ له‌وه‌ تێگه‌شتوه‌ دوژمنه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خێڵ و كۆڵه‌كه‌كانی، دیموكراسیه‌تی راسته‌قینه‌یه‌.

      كۆڵه‌كه‌كانی خێڵ و گوتاری ئاینی

له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی حزبی كوردیه‌وه‌، حزب وه‌ك بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی جیاواز نه‌هاتوه‌ته‌ ناو ژیانی گشتیه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌زیفه‌ی حزب به‌هێزكردنی خیڵ بوه‌، یان خێڵ دینه‌مۆی حزب بووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ حزب وه‌ك دیوارێك بوه‌ته‌ پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كانی خێڵ له‌ناو حزبدا، ئه‌شكرێت بڵێین ئه‌وه‌ خێڵه‌ حزب دروست ده‌كات نه‌ك بیركه‌ره‌وه‌یه‌ی دی له‌ده‌ره‌وه‌ی خێڵ، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی خێڵیش كار بۆدروستكردنی حزب كرابێت، دواجار ئه‌و حزبه‌ خراوه‌ته‌ خزمه‌تی خێڵه‌وه‌، نه‌ك بوبێته‌ ده‌رگایه‌ك بۆكاڵكردنه‌وه‌ی خێڵ.  ساڵانی شه‌سته‌كان بۆئێمه‌ ساڵانی دروست بوونی جه‌نگه‌ڵێكه‌ به‌فۆرمێكی حزبیه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ی حزب له‌و سه‌رده‌مه‌دا بویه‌ ده‌مامك بۆ خێڵ ئیدی حزب وه‌زیفه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست دا، حزب نه‌بویه‌ ده‌رگایه‌ك بۆهوشیاركردنه‌وه‌، به‌ڵكو بویه‌ ده‌وارێك بۆكۆكردنه‌وه‌ی خێڵه‌كان و پرچه‌ك كردنیان بۆبه‌رگریه‌ك به‌ناوی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی، گوتاره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ش له‌ پێناو به‌هێزكردنی خێڵ بوو نه‌ك له‌پێناو مافی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، بۆیه‌ هه‌ر خێڵ بریاری چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی دا.
هه‌ر له‌و كاته‌دا  ماهیه‌تی حزب دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات بوو له‌بنه‌ماڵه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ بچوكه‌كان، وه‌ستانی حزب له‌سه‌ر پایه‌ی ” خێڵ، پیرۆزی، نه‌ته‌وه‌” سێ‌ له‌و پایانه‌ن له‌ناو ئایندا مانایان پێده‌درێت،  بۆنمونه‌ ئه‌و كاته‌ی حزب بریار ده‌دات یه‌كێتی ئافره‌تان دامه‌زرێنێت وه‌ك رێكخراوێكی حزبی، له‌هه‌مان كاتیشدا بریار ده‌دات یه‌كێتی زانایانی ئاینی دامه‌زرێنێت، مامه‌ڵه‌كردنی حزب له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی چالاكوان و مه‌لایه‌ك، یه‌ك جۆر مامه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام له‌ دوو شوێنی جیادا، كاتێك مه‌لاكان كه‌خوێنه‌واره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن قبوڵ ده‌كه‌ن وه‌ك رێكخراوێكی حزبی بچنه‌ ناو هه‌یكه‌له‌ی حزبه‌وه‌، ئازارێك به‌ر ئیمانی راسته‌قینه‌ ده‌كه‌وێت، چونكه‌ یه‌كێتی زانایان و یه‌كێتی ئافره‌تان بۆحزب یه‌ك مانای و یه‌ك وه‌زیفه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ركه‌كان جیان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ حزب هه‌وڵی داوه‌ سه‌رنجی مه‌لاكان بۆخۆی راكێشێت، چونكه‌ گوتاری مه‌لاكان گوتارێكه‌ ئه‌و حزبه‌ به‌هێزده‌كات كه‌خۆی له‌سه‌ر كۆڵه‌كه‌كانی ئه‌وان بنیات ناوه‌، موقه‌ده‌س بوون و پیرۆزی هه‌رله‌بنه‌ره‌ته‌وه‌ به‌رهه‌می ئاین بوه‌و پاشان له‌ساڵانی شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌م كۆڵه‌كه‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆناو حزبو بنه‌ماڵه‌یه‌ك و كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ پیرۆز ده‌كات، ئه‌گه‌ر بارزانی له‌ ئێسته‌دا ده‌ست له‌و گوتاره‌ هه‌ڵگرێت مه‌لاكان ده‌یده‌ن، ده‌ستی له‌ به‌شێك له‌ ماهیه‌تی خۆی و حزبه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌، له‌هه‌رشوینێكیش مه‌لایه‌ك گوتارێك ده‌دات له‌باره‌ی پیرۆزیه‌وه‌ له‌و شوێنه‌دا بارزانی و حزبه‌كه‌ی به‌هێزده‌بن، به‌بێ‌ شكاندنی ئه‌و پیرۆزیانه‌ قورسه‌ حزبه‌كه‌ی بارزانی كرانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ‌، كاتێك بارزانی له‌سه‌ر وشه‌ی ” جێنده‌ر” یاسایه‌ك ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆپه‌رله‌مان، ئه‌م گه‌رانه‌وه‌یه‌ له‌خۆكرده‌ نیه‌، به‌ڵكو باوه‌ر بوونی بارزانیه‌ به‌ بنه‌ما كۆنه‌كان، بارزانی ده‌یه‌وێت دڵی مه‌لاكان راگرێت، بۆئه‌وه‌نا كه‌ خۆشه‌ویستی ئه‌ون، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وان ببنه‌ پارێزه‌ری بنه‌ماكانی ئه‌و و حزبه‌كه‌ی.
ناكرێت له‌ئێسته‌دا كۆمه‌ڵگه‌ داوا له‌بارزانی بكات پشت له‌و گوتاره‌ كلاسیكیه‌ بكات و بانگه‌شه‌ی كرانه‌وه‌ بكات بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ركرانه‌وه‌یه‌ك به‌و مانایه‌یی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌ئازاده‌كان و ئۆپۆزسیۆن ده‌یه‌وێت ترسێكه‌ له‌به‌رده‌م ئاینده‌ی كورسیه‌كه‌ی بارزانی و نه‌وه‌كانی، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیدا بارزانی نه‌بێته‌ به‌رگریكاری ئه‌و بنه‌ما كلاسیكانه‌ی له‌خێڵه‌وه‌ دێنه‌ ناو ژیانی شاره‌كان و ناو سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵا ت و یاساكان، واتای ئه‌وه‌یه‌ ئاینده‌ی نه‌وه‌كانی خستوه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، وه‌زیفه‌كه‌ی بارزانی و وه‌زیفه‌ی ئه‌و مه‌لایانه‌ی رێگرن له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ یه‌ك وه‌زیفه‌یه‌ له‌ دوو شوێنی جیادا، بارزانی ده‌یه‌وێت به‌یاسا رێگری له‌ كرانه‌وه‌بكات، مه‌لاكیانیش به‌گوتاری ئاینی، ره‌گو ریشه‌ی ئه‌م بنه‌مایانه‌ش له‌سه‌رده‌می ئه‌یلولدا ده‌ست پێده‌كات، ئه‌وكاته‌ی مه‌كته‌ب سیاسی حزب له‌گه‌ڵ بارزانی ناكۆكیان ده‌ست پێده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌سه‌ركره‌كانی ئه‌وكاته‌ نایانه‌وێت حزب بكرێته‌ قوربانی خێڵ، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی رابردویانه‌وه‌ ئیدی ئه‌و دره‌خته‌ی خۆیان چاندبویان له‌ده‌ستیان رۆچووبوو، چونكه‌ خێڵ و توره‌بوونه‌كانی خێڵ بوو به‌رگریكردنی ده‌ست پێكرد و ناو نرا شۆرش، هه‌رخێڵ و كاره‌كته‌ره‌كانیشی بوون توشی شكستیانكرد نه‌ك سیاسیه‌كانی، زه‌حمه‌ت بوو بۆ ئه‌و گروپه‌ بتوانن ئه‌و هێزه‌ بخه‌نه‌وه‌ ژێر ده‌ستی خۆیان بۆیه‌ جیابوونه‌وه‌ی لێده‌روست بوو.جیابوونه‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی، جیابوونه‌وه‌ی حزب بوو له‌ خێڵ، به‌ڵام كاتێك حزب شكستی هێنا له‌به‌رده‌م خێڵدا گوناهه‌كه‌ ته‌نها له‌ئه‌ستۆی مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێك بوو له‌وگوناهه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای خێڵ په‌روه‌رده‌كردبوو، په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی خێڵه‌كی بوو نه‌یده‌توانی له‌م بازنه‌یه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆی بخاته‌ ژێر چاپی حزبه‌وه‌, بۆیه‌ خێڵ هه‌م بوویه‌ حزب هه‌م بویه‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌میش بویه‌ خاوه‌نی بریاره‌كان.
كاتێكیش كۆڵه‌كه‌مانی خێل پاییه‌ی خۆیان له‌ناو حزب به‌هێز كرد ئیدی سه‌رتاپای به‌رگریه‌كه‌ برایه‌ باڵای خێل و زیندوبونه‌وه‌یه‌ك له‌ ناو ده‌ماره‌كانی خێڵدا سه‌ری هه‌ڵدا، گه‌ر ئه‌یلول به‌شێك بێت له‌به‌رگریكردنی كورد، به‌شێكی تری  بریتیه‌ له‌كوشتنی كورد و وه‌ستاندنی كورد به‌سه‌ر دنیای كراوه‌دا، به‌شێكی باجی ئه‌و ناته‌ندروستیه‌ی ئه‌وسا له‌ ئێسته‌دا ده‌ده‌ین. بارزانی ناتوانێ‌ له‌گه‌ڵ وشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێی  وه‌ك ” جێنده‌ر” دا بێت، چونكه‌ گه‌روابكات له‌رێگه‌ی بنه‌ماكانی خۆی و حزبه‌كه‌ی لایداوه‌، بۆئه‌و رۆشنبیرو كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌ گرنگ نیه‌، بۆئه‌و ئه‌وگوتاره‌ گرنگه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌وه‌ستێنێت و ده‌یگه‌رێنیته‌وه‌ بۆ شوێنیكی تاریك، چونكه‌ بوونی هۆشیاری گشتی لاوازی ئه‌و ده‌ره‌خات، گه‌رانه‌وه‌شمان بۆ شوێنه‌ كۆنه‌كان، ره‌عیه‌ت و رۆحی كۆیله‌ زۆرده‌كات، گه‌ر ره‌عیه‌ت و رۆحی كۆیله‌ زۆر بوون بارزانی به‌هێزده‌بێ‌، خێڵ و حزبی خێڵه‌كی به‌بێ‌ ئه‌م جۆره‌ مه‌خلوقانه‌ مانای نامێنێت، گه‌ر كه‌مێك بگه‌رێینه‌وه‌ دواوه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین ئه‌یلول كه‌پایه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و حزبه‌یه‌ چ كاره‌ساتێكی به‌سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ هێناوه‌، له‌بری هوشیاری،  خێڵی زیندو كردوه‌ته‌وه‌، له‌بری ناساندنی خه‌ڵك به‌كتێب، چه‌ك بوه‌ته‌ به‌رهه‌می، له‌بری لێك تێگه‌یشتن، شه‌ر هاتوه‌ته‌ شوێنی، یانی به‌هه‌ردیوێكدا ته‌ماشایه‌كی وردی رابردوی ئه‌م هێزه‌ بكه‌یت كه‌ ئێسته‌ له‌ژێر دروشمی دیموكراسیدا خه‌ونه‌ جه‌هه‌نه‌میه‌كانی خۆی ده‌ره‌خات، كۆمه‌ڵگه‌ ئیفلیج ده‌كات.
بارزانی به‌رگری كاری راسته‌قینه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌یه‌، نزیكترین دۆستی بارزانی ئه‌وانه‌ن باوه‌ریان به‌و كۆڵه‌كه‌ كلاسیكیانه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ئه‌وانه‌ی داوای دنیاییه‌كی نوێده‌كه‌ن بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌، بۆیه‌ ده‌بینین بارزانی ئیمزای یاسای خۆپیشاندان ده‌كات كه‌ رێگری له‌ مافی خه‌ڵكه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر وشه‌ی ” جێنده‌ر” یاسایه‌ك ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ناو په‌رله‌مان، ئه‌م دوو نامه‌یه‌ی بارزانی به‌سن بۆئه‌وه‌ی بڵێن بارزانی و ئه‌و مه‌لایانه‌ی بونه‌ته‌ گردێك له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌دا یه‌ك بیركردنه‌وه‌و دوو شوێنه‌. ئه‌گه‌ر به‌چاپێكی دی سه‌یری ئه‌م دوانه‌یه‌یی بارزانی و مه‌لاكان بكه‌ین، ره‌نگه‌ ناچار بین قسه‌له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین، به‌رگری كردنی مه‌لاكان له‌ سرینه‌وه‌ی ” جێنده‌ر” له‌ناو یاسایه‌ك ته‌نها به‌رگریكردنێكی ئاینی بێت، وه‌لێ‌ بارزانی كاتێك ئه‌م یاسایه‌ ره‌د ده‌كاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌نیه‌ خزمه‌ت به‌و خه‌ونه‌بكات مه‌لاكان ده‌یبینن، به‌ڵكو حزمه‌ت به‌و خه‌ونه‌ده‌كات خۆی ده‌یبینێت، خه‌ونه‌كه‌ی بارزانیش ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عاده‌ته‌كان بڕۆ بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌، له‌كاتێكدا سیاسی ده‌كرێت زۆر جار دوور له‌عاده‌ته‌كان و دوور له‌زۆرینه‌ بیر له‌ چه‌مكی ” مه‌نتیق ”  بكاته‌وه‌، به‌س بارزانی ئه‌وه‌ ناكات، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ناكات به‌ڵكو به‌هه‌نگاوه‌كانیدا ده‌ره‌كه‌وێت خه‌ونی كرانه‌وه‌ی نیه‌ بۆكۆمه‌ڵگه‌، كاتێك ده‌ڵێت ” هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌ دووبه‌ی” ئه‌مه‌ له‌روی فۆرمه‌وه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و ناتوانێت بڵێت ” هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌ پاریس” چونكه‌ له‌پاریس مرۆڤه‌كان ئازادن و ئازادی مرۆڤه‌كان گرنگتره‌ له‌ چاككردنی شه‌قامێك، مافی مرۆڤه‌كان گرنگتره‌ له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌ك، به‌س بۆبارزانی شه‌قام و باڵه‌خانه‌كان مانای كرانه‌وه‌ن، ئیدی له‌پشت ئه‌م پرۆژانه‌وه‌ ماف له‌ ئینسان بسه‌نرێـته‌وه‌ و هه‌ره‌شه‌ بكرێت له‌ئازادیه‌كان و به‌ناوی یاساوه‌ كار بۆدروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی فاشی بكرێت گرنگ نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شاره‌كان جوان بن و هه‌موو شته‌كان له‌ ئینسان بسه‌نرێـته‌وه‌، سه‌ر سام بوونی بارزانی به‌ ” دوبه‌ی” سه‌رسه‌ما بوونی كه‌سێكه‌ به‌ باڵه‌خانه‌و شه‌قامه‌كان، نه‌ك به‌ ئازادی و مافی مرۆڤه‌كان، تازه‌ترین نمونه‌شمان بۆئه‌م سه‌رسام بوونه‌، ئیمزاكردنی یاسای خۆپیشاندان بوو، ئیمزاكردنی ئه‌م یاسایه‌ ئیمزاكردنی خنكانی دیموكراسی بوو، شه‌قامی كوردی زۆرینه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ئیمزایه‌ هه‌ستایه‌ سه‌رپێ‌، كه‌چی بارزانی گوێی نه‌گرت، و هیچ یه‌كێك له‌ دوو حزبه‌كه‌ش ناكۆك نه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیمزایه‌دا و پێشیان قورسه‌ له‌دژی ئه‌و ئیمزایه‌ هه‌نگاوێك بنێن، چونكه‌ شكۆی ئیمزاكه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگتره‌ له‌ شكۆی ده‌نگی خه‌ڵك، مه‌لاكانیش له‌سه‌ر ئه‌م ماف كوشتنه‌ قسه‌یه‌كیان نیه‌، بۆئه‌وانیش گرنگ نیه‌ شه‌قامی كوردی كۆنترۆڵ بكرێت و ناره‌زایه‌تیه‌كان خه‌فه‌بكرێن، بۆئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌گوێیان بكات له‌و شوێنه‌ی ئازادی ده‌ست بۆ ئه‌وان و باوه‌ره‌كه‌یان ده‌بات، سه‌یركه‌ن ئه‌م دوو تایپه‌ چه‌ند له‌یه‌ك نزیكن بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌، یه‌كێیان له‌رێی گوتاره‌ ئاینیه‌كانیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ملكه‌چی ئه‌و وه‌عزانه‌بێت له‌ رێگه‌ی زمانی ئه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ر، یه‌كێكی دیشیان له‌رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانیه‌وه‌ جارێكی دی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خاته‌وه‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی خۆی، له‌و شوێنه‌شدا په‌رچه‌كردارێك ده‌رهه‌ق به‌یه‌كێكیان روده‌دات هه‌ردوولا وه‌ك تیمه‌ێك دژی ئه‌وه‌ستنه‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر یه‌كێكیشیان دژی نه‌وه‌ستێت بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێریت.
هیچ له‌م دوانه‌ ئازار نین بۆسه‌ر ماف و دیموكراسی خه‌ڵك له‌م هه‌رێمه‌، چونكه‌ هه‌ردوولا له‌ماهیه‌تیاندا دژی ئه‌و چه‌مكانه‌ن، ئه‌وه‌ی ئازاره‌ بۆسه‌ر خه‌ونه‌گه‌وره‌كه‌” دیموكراسی راسته‌قینه‌” ئه‌و هێزانه‌ن له‌م نێوانه‌دا به‌ بێده‌نگی و شه‌رمنیه‌وه‌ سه‌ریری روداوه‌كان ده‌كه‌ن و قسه‌یه‌كیان نیه‌، یان بڵێین به‌جۆرێك شه‌رمن بوون ئیدی ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌و بایه‌دا شه‌ن بكه‌ن كه‌ ره‌زه‌كه‌یان ئه‌پارێزێت. مل ملانێكه‌ ئێسته‌ له‌نێوان هێزه‌كاندا نیه‌ بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكانه‌، به‌ڵكو مل ملانێكه‌ له‌نێوان خه‌ڵكێكی ئازادی خوازو له‌شكرێك له‌ محافزكاره‌، ئه‌وه‌ی سه‌ره‌رمی محافزكاریه‌كه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدان و ئه‌وی دی له‌ ناو خه‌ڵكدایه‌، ئه‌وان له‌ دوو شوێنی گرنگدا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، له‌ناو ئاین و له‌ناو خودی ده‌سه‌ڵات خۆی، خێڵه‌كان و ئه‌و عه‌قڵه‌ی كه‌ خێڵ به‌رهه‌م ده‌هێنێت بازنه‌ی بچوك بچوك و گه‌وره‌ گه‌وره‌ن له‌م دوو شوێنه‌دا، هه‌رگیز ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتانه‌ نه‌ده‌توانن مافی ئینسانه‌كان به‌ته‌واوه‌تی بده‌ن، نه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ده‌گرن كه‌ دیموكراسیه‌تی راسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنیت، بۆیه‌ ده‌بێت نیگه‌ران نه‌بین له‌وه‌ی گه‌ر په‌رچه‌كرداری ئه‌وان هه‌ر جۆرێك بێت، چونكه‌ په‌رچه‌كرداره‌كه‌یان باوه‌ریانه‌ نه‌ك هه‌وڵێكی ئاسایی بێت.

      ده‌ر ئه‌نجام

هه‌ر هێزێكی سیاسی یان حزبێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چاپه‌وه‌ كه‌ جیهانی ئه‌مرۆی ته‌نیه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت، په‌رچه‌كردارێكی دی  دێته‌ ئاراوه‌، په‌رچه‌كرداره‌كه‌ش له‌ و تایپه‌یه‌ كه‌نایه‌وێت بگه‌رێته‌وه‌ بۆئه‌وخه‌ونانه‌ی ماف و ئه‌ركه‌كان بخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و بنه‌ماكانی، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵێكی زۆریش بدرێت له‌رێگه‌ی یاسا و هێزه‌كانه‌وه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ كپ بكرێت، به‌ڵام دواجار ده‌بێت ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ بچێت كه‌خه‌ونی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ كرانه‌و دیموكراسیه‌تی راسته‌قینه‌و به‌رهه‌م هێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست دوور له‌ چاپه‌ خێڵه‌كیه‌كه‌، توره‌بونه‌كانی خه‌ڵك و زیندو بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هاتنه‌ ئارای ئۆپۆزسیۆن و به‌هێزی رۆژنامه‌ئازاده‌كان، ئه‌وپه‌یامه‌ ده‌ده‌نه‌ ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته‌ كه‌زۆر زه‌حمه‌ته‌ جارێكی تر هیچ هێزێكی كۆنزه‌رڤاتیڤ بتوانێت ئاقاری ئه‌م شه‌پۆله‌ بگۆرێت، ئه‌شێت ئه‌وانیش كاری خۆیان بكه‌ن و هه‌وڵی خۆیان بده‌ن، وه‌لێ‌ دواجار باكه‌ به‌و ئاقاره‌دا ناچێت به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌وان شه‌ن بكات، كاتی ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌ ده‌ست به‌كڵاوه‌كانه‌وه‌ بگرێت تا با نه‌یبات، بایه‌ك له‌ئارادانیه‌ بۆبردنی كڵاوه‌كان، به‌ڵكو ترسی ئه‌وان له‌كڵاوه‌كان واده‌كات زۆر شت بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی چیدی كورسیه‌كان نه‌كه‌وێته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی ئه‌و توره‌بوونه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رزانیش بیه‌وێت خه‌ونی ئه‌وه‌ ببینێت جارێكی دی ئه‌م هه‌رێمه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆسه‌رده‌می ئه‌یلول و له‌م سه‌ری نیشتیمانه‌وه‌ بۆئه‌وسه‌ری نیشتیمان بكه‌وێته‌ ژێرباڵه‌كانی ئه‌و، ئه‌م خه‌ونه‌ هی سه‌رده‌مێك بوو نه‌ك هی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، تاقه‌ هێزێك بتوانێت ئه‌م هه‌رێمه‌ بخاته‌ ژێرباڵی خۆی دیموكراسیه‌ت و كرانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ نه‌وه‌یه‌ك به‌رێوه‌یه‌ ئه‌ستێره‌كانی زۆر جیاوازن له‌ ئه‌ستێره‌ی نه‌وه‌كانی پێش خۆی، ره‌نگه‌ له‌ ئێسته‌دا ئه‌و هێزه‌ كۆنزه‌رڤاتیڤه‌ بتوانێت كه‌مێك له‌هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ بوه‌ستێنێ‌، وه‌لێ‌ دواجار ده‌بێت له‌و ئاوازه‌ بخوێنێن له‌گه‌ڵه‌ خۆیدا هه‌موو ماناكان له‌یه‌ك جیائه‌كاته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌یه‌ك جیائه‌كاته‌وه‌و ئه‌ركه‌كانیش له‌یه‌ك جیائه‌كاته‌وه‌، ئاینیش به‌شێك نیه‌ له‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌له‌م هه‌رێمه‌ به‌رێده‌كرێت، ئاین رۆحه‌، په‌یوه‌ندی مرۆڤ و خوایه‌، عه‌داله‌ته‌ به‌دیوه‌ پاكه‌كه‌ی، نه‌ك پردێك بێت بۆگه‌یشتن به‌كورسی ده‌سه‌ڵات، باشترێكیشه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌خوداوه‌ نزیك بین له‌مه‌لاكان دور بكه‌وینه‌وه‌، نزیك بوونه‌وه‌ له‌مه‌لاكان و ئه‌و هێزانه‌ی به‌رگێكی سیاسیان كردوه‌ته‌ به‌ر ئیمانی راسته‌قینه‌ دروكه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌خودا، گه‌ران به‌شوێن خوادا له‌ناو مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێناكات له‌ناو رۆحی خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، ته‌فسیركردنی كرانه‌و دیموكراسیه‌ت به‌ دژه‌ ئاین یه‌كێكه‌ له‌و ته‌فسیره‌ حزبیانه‌ی خزاوه‌ته‌ ناو ئیمانی خه‌ڵكه‌وه‌، ده‌بێت خه‌ڵك له‌وه‌ تێبگات ئیمانداری راسته‌قینه‌ ئه‌و كه‌سه‌نیه‌ دژی كرانه‌وه‌ ودیموكراسیه‌، به‌ڵكو ئه‌و مه‌خلوقه‌ بێده‌نگه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌هه‌رێمه‌كه‌یدا ناعه‌داله‌تی ده‌بینێت و ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆشی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌رم ده‌كات كه‌ بوه‌ته‌ هۆی تێكشكانی هه‌موو بنه‌ماكانی ژیان. ئه‌وكاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌یه‌ك جیاكرانه‌وه‌و هه‌ر شته‌و خرایه‌وه‌ شوێنی خۆی و حزب نه‌بوه‌ ده‌رگایه‌ك بۆژیان و ئاین گه‌راندرایه‌وه‌ شوێنه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی، ئه‌وكاته‌ مانایه‌ك بۆژیان ده‌گه‌رێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌م ته‌فسیره‌ی ئێسته‌ رازی بین كه‌ له‌لایه‌ن مه‌لاكان و بارزانیاوه‌ بۆژیان ده‌كرێت، مانای وایه‌ رازی بوین له‌وه‌ی ده‌ست له‌ ئیمانی راسته‌قینه‌ی خۆمان هه‌ڵگرین و گشت شته‌كانمان بده‌ینه‌ ده‌ست ئه‌و هێزه‌ كۆنزه‌ر ڤاتیڤه‌ی ته‌فسیری هه‌یه‌ بۆهه‌موو شتێك، ته‌فسیرێك كه‌ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م تاریكیكه‌ی راسته‌قینه‌.

 

Previous
Next