ولیه‌م فۆكنه‌ر.. جیا له ڕۆماننووسان
هه‌مه‌ڕه‌نگیی سیاسه‌ت‌و كۆمه‌ڵگاو دابونه‌ریت له زۆربه‌ی هه‌رێمه‌كانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هۆكارێك بووه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی رۆمانی ئه‌مه‌ریكی‌و دابڕان‌و سه‌ربه‌خۆبوونی له‌كاریگه‌ربوون به رۆمانی ئینگلیزیی دایك .گه‌لێك رۆماننووسی ئه‌مه‌ریكی تووانیویانه له‌گه‌ڵ ره‌گه‌وی ریالیسته‌كانی فه‌ره‌نسای دوای شۆڕش بڕۆن‌و هه‌وڵ بده‌ن له‌گه‌ڵ هونه‌ری راسته‌قینه بڕۆن، له‌وانه: ئێرنست هه‌مه‌نگوای، روبه‌رت فرۆست، هێنری جیمس، یۆجین ئۆنێل، مارك توین‌و ولیه‌م فۆكنه‌ر، زۆربه‌ی ره‌خنه‌گران‌و توێژه‌رانی ئه‌ده‌ب له‌و بڕوایه‌دان كه‌وا سه‌رجه‌می رۆمانه ئه‌مه‌ریكاییه نه‌مره‌كان له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ناوه‌ڕۆكیان گیانێكی یاخیگه‌راییان پێوه‌دیاره، واته ئامانجی نووسه‌رانیان گه‌یشتن بووه به واقیع، به‌ڵام یاخیبوونی ئه‌م نووسه‌رانه به‌شێوه‌یه‌كی هوشیارانه‌و بیرمه‌ندانه نه‌بووه‌و ته‌نانه‌ت زۆر كه‌میش به‌لای شیكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی یا مرۆڤایه‌تیدا رۆیشتوون.
تاكه شۆره‌ِ سوارێك به‌م شێوه‌یه نه‌بووبێ (ولیه‌م فۆكنه‌ر) بووه، كه له ساڵی (1950) خه‌ڵاتی نۆبلی پێ به‌خشراوه‌و دوای مه‌رگیشی له ساڵی (1962)دا نۆزده كتێبی له‌دوا به‌جێما كه بریتی بوون له رۆمان‌و كورته چیرۆك‌و شانۆنامه.
ولیه‌م فۆكنه‌ر له‌ساڵی (1897) له (ئه‌لبانی)ی میسیسیپی له‌دایك بووه له‌ساڵی (1902)دا بنه‌ماڵه‌كه‌یان چۆته ئۆكسفۆردی سه‌نته‌ری زانكۆی میسیسیپی. باوكی دوكانێكی ئاسنفرۆشی‌و خانێكی ئه‌سپانی هه‌بوو، به‌ڵام به توانای خۆی پاشان بۆته به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباره‌كانی زانكۆ، به‌ڵام باپیره‌گه‌وره‌ی فۆكنه‌ر (باپیری باوكی) كه ناوی ولیه‌م. س. فۆكنه‌ر بووه ,مرۆڤێكی ناوازه بووه‌و ژیانی وه‌ك پاڵه‌وانه‌كانی چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییه‌كان بووه، هه‌روه‌ها سه‌ربازێكی ئازاش بووه‌و سه‌ركرده‌یی گروپێكی جه‌نگاوه‌رانی شه‌ڕی ناوخۆیی بووه، ژیانی ئه‌مه‌یان له هه‌ژارییه‌وه ده‌ستی پێكردووه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی پاره‌په‌یدا كردنی داوه تا دایكه بێوه‌ژنه‌كه‌ی بژیێنێ، تا دواجار بوو به خودانی هێلێكی شه‌مه‌نده‌فه‌رو ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی یاسادانان له‌ویلایه‌ته‌كه، به‌ڵام باپیری فۆكنه‌ر پارێزه‌رو كارگێڕی بانك‌و دواتریش یاده‌ده‌ری پارێزه‌ری گشتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه.
له‌مباره‌یه‌وه خه‌ڵكی ئه‌وێنده‌ر ده‌گێڕنه‌وه‌و ده‌ڵێن: پیاوێكی توندوتووش بووه، فۆكنه‌ر ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ی له دوو توێی هه‌ردوو رۆمانی (ساتۆریس)و (ئه‌وانه‌ی بێ خه‌من)و زۆربه‌ی كورته چیرۆكه‌كانی خۆیدا باسكردووه. ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه به‌شێكی بنه‌ڕه‌تیشن له ئه‌فسانه‌ی خوارووی ئه‌مه‌ریكاو رۆڵێكی گرنگیان له‌داستانی فۆكنه‌ردا بینیوه، ئه‌و داستانه‌ی كه به‌شێوه‌ی رۆمانی جیاجیا له‌باره‌ی ئه‌م شوێنه‌وه نووسیویه، به‌ڵام فۆكنه‌ر خۆی له خوێندندا ته‌وه‌زه‌ل بووه‌و قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندیی جێهێشتووه تا ببێته فه‌رمانبه‌رێك له‌و بانكه‌ی كه باپیره‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بووه، به‌ڵام فۆكنه‌ر زۆری ده‌خوێنده‌وه‌و شیعریشی ده‌نووسی. هه‌روه‌ها هه‌وڵی وێنه‌كێشانیشی ده‌دا. ئه‌م ئاره‌زووانه‌ی بوون وایان كرد كه به‌شداریی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری بكات، فۆكنه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی نامۆكارانه‌و میزاجی سه‌یر بووه‌و ئه‌مه وای كردووه كه خه‌ڵكی ئۆكسفۆرد نه‌توانن تێی بگه‌ن‌و له‌ره‌فتاری شاره‌زابن.
له‌ساڵی (1914) پێوه‌ندیی دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ پارێزه‌رێكی لاو په‌یدا كرد كه ناوی (فیل ستون) بوو و توانیی به‌هۆیه‌وه دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌دیبه هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی وه‌ك رۆبه‌رت فۆرست‌و ئه‌زراپاوه‌ندو شرود ئه‌ندرسۆن‌و زۆری دی په‌یدا بكات. فۆكنه‌ر خۆی كورته باڵا‌و له‌ڕو لاواز بوو، وه‌ك هه‌موو نووسه‌رانی ئه‌وكاته بیر‌و ئاوه‌زی لای رووداوه‌كانی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی بوو، بۆیه‌ش زۆربه‌ی نووسینه به‌راییه‌كانی له‌باره‌ی ئه‌م رووداوانه‌وه بووه.
پاشان فۆكنه‌ر له زانكۆی میسیسیپی وه‌رگێراو توانیی زمانی ئینگلیزی‌و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی بخوێنێ، به‌ڵام له ساڵێك زیاتر نه‌یتوانی له خوێندن به‌رده‌وام بێت.
دوای ئه‌وه له كتێبخانه‌یه‌كی شاری نیویۆرك خه‌ریكی كاركردن بوو، زۆری نه‌برد گه‌ڕایه‌وه ئۆكسفۆردو خه‌ریكی هه‌ندێ كاری وه‌ك دارتاشی‌و بۆیه‌كردنی خانووبه‌ره بوو. پاشان بڕیاریدا له‌رێگای (نیوئۆرلیانز) بچێته ئه‌وروپاو ماوه‌ی شه‌ش مانگان له‌وێ مایه‌وه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵه چیرۆكی (ئاوێنه‌كانی شه‌قامی شارتر)و چه‌ندین وتاری له رۆژنامه‌كان بڵاوكرده‌وه‌و پێوه‌ندیی پته‌ویشی له‌گه‌ڵ ژنه نووسه‌ر شروود ئه‌ندرسۆن په‌یدا كرد كه ئه‌وكاته ناودارترین نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكا بوو، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌وێ یه‌كه‌مین رۆمانی خۆی به‌ناوی (پله‌ی سه‌ربازی) نووسی‌و بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ی شروود ئه‌ندرسۆن یارمه‌تییدا. له‌ساڵی (1925) به كه‌شتیی بارهه‌ڵگر چووه ئیتالیا‌و له‌گه‌ڵ یه‌كێك له هاوڕێكانی له‌وێوه به‌پێی چوونه فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا. پاشتریش له ساڵی (1926)دا گه‌ڕایه‌وه نیویۆرك به ئاواتی ئه‌وه‌ی (پله‌ی سه‌ربازی) بڵاوبكاته‌وه، كه رۆمانێكی بچووكه‌و نه‌وه‌ی ونبوو ده‌گرێته‌خۆی، نه‌وه‌ی گه‌نجانی دوای جه‌نگی جیهانی. فۆكنه‌ر له‌م رۆمانه‌دا شێوازی نووسه‌ری ئینگلیزی (سوینبێرن)ی به‌كارهێناوه. شایانی باسه ئه‌م رۆمانه‌ی نرخێكی وای نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌شی سه‌لماند كه‌وا نووسه‌ره‌كه‌ی خاوه‌ن پاشینه‌و توانایه‌كی به‌هره‌دارانه‌و بلیمه‌تیه‌كی شاراوه‌یه. پاشان فۆكنه‌ر رۆمانه‌كانی دیكه‌ی خۆی بڵاوكرده‌وه. هه‌ندێ له رۆمانه‌كانی بۆ ته‌له‌فزیۆن‌و سینه‌ماش نمایش كراون و به‌زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپاشدا بڵاوبوونه‌ته‌وه.
رۆمانه‌كانی فۆكنه‌ر ئه‌وه‌نده به‌چێژن ته‌نانه‌ت پڕن له‌گیانێكی پێكه‌نیناویی له‌ناخدا تراژیدی‌و هیچ رۆماننووسێكیش نه‌یتوانیوه وه‌ك ئه‌و به‌رهه‌مه‌كانی پڕ بكه‌ن له قورسایی فه‌لسه‌فه‌و توانای به‌رزی ته‌كنیكی. هه‌ندێ له ره‌خنه‌گرانیش له‌و بڕوایه‌دان كه فۆكنه‌ر له‌باره‌ی ئۆرستۆكراتییه‌ت له خوارووی ئه‌مه‌ریكا ده‌نووسێ، یاخود دژی ته‌كنیكه هاوچه‌رخه‌كانه‌و له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئامێر‌و جووله‌ی دروستكاری له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌شه‌ڕو خۆپه‌رستی زیاتر نابینێ.
له‌ڕاستیشدا ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی فۆكنه‌ر به‌پێی زنجیره‌ی نووسین بخوێنێته‌وه‌و بابه‌ته‌كانی شیبكاته‌وه‌و گرێكانی كورت بكاته‌وه، ده‌گاته ئه‌و رایه‌ی كه‌وا ئه‌م بۆچوونه به‌هیچ جۆری به‌لای راستیی شیكردنه‌وه‌یه‌كی قوڵی ئه‌كادیمییانه‌دا ناچێ، ئه‌وه‌ی به وردی كاره‌كانی بۆنموونه هه‌مه‌نگوای‌و رۆبه‌رت فرۆست بخوێنێته‌وه، سه‌رنج له‌وه ده‌دا كه‌وا هه‌ندێ بابه‌ت له‌كاره‌كانیاندا دووباره‌ن یاخود تاراده‌یه‌ك پێكبه‌ستی له‌زنجیره‌ی به‌رهه‌مه‌كانیاندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه له فۆكنه‌ردا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ستی پێناكرێ، ته‌نانه‌ت بابه‌تێكی گرنگی فه‌لسه‌فیش وه‌ك له‌كاره‌كانی جیمس جۆیس دا هه‌یه، له كاره‌كانی فۆكنه‌ردا هه‌ستی پێ ناكرێ.. رۆمانی (ده‌نگ‌و تووڕه‌یی) به‌شێوازێك نووسراوه، وه‌ك شێوازی جیمس جۆیس‌و جۆزیف كۆنراد وایه، ئه‌و شێوازه‌ی كه باوه‌ڕی وایه ژیان چیرۆك نییه، به‌ڵكو له ناو زماندا دیدگایه‌كی دیاریكراو به‌جێدێڵێ.
خوێنه‌ری فۆكنه‌ر واده‌زانێ كه‌وا نووسه‌ر هه‌ندێ جار خۆ له كه‌سایه‌تی ئه‌و هه‌ڵده‌قورتێنێ‌و ده‌یه‌وێ ئه‌و بگۆڕێ، به‌ڵام به‌واتایه‌كی جیا‌و ئاواتێكی دیاریكراو. رووداوه‌كانی رۆمانی (ده‌نگ‌و تووڕه‌یی) له‌باره‌ی خێزانێكی رووخاوی خوارووی ئه‌مه‌ریكایه كه له نێویاندا چه‌ندین جه‌نه‌ڕاڵ‌و پارێزگار‌و كشتیارانی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ن، ئه‌ویش خێزانی (كۆمبسون)ـه كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌خێزانی فۆكنه‌ر ده‌چن. رۆمانه‌كه له‌باره‌ی دوا نه‌وه‌ی ئه‌م خێزانه‌یه. مسته‌ر كۆمبسون به‌رده‌وام خه‌ریكی بیكردنه‌وه‌یه له‌وه‌ی كه له رابردوودا خێزانه‌كه‌ی چۆن بووه‌و ئێستاش چۆن خه‌ریكی له‌ناوچوونه.
له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ی خێزانه‌كه، له‌وانه كاندیس‌و كۆبنتن‌و گاسۆن‌و بیگی. له‌باره‌ی (كۆبتن)ـه‌وه، له‌شاری كامبریجی ولایه‌تی ماساسوستس ده‌گوترێ كه‌وا خه‌ریكی خۆكوشتنه، به‌ڵام گاسۆنی چواره‌م برای كۆبنتن له فرۆشگایه‌كی ئاسن كارده‌كات‌و به‌رده‌وام خه‌ریكی دزینی ئه‌و پاره‌یه كه‌وا كاندیسی خوشكی بۆ كوڕه ناشه‌رعیه‌كه‌ی خۆی ده‌نێرێ، له‌كاتێكدا تاكه‌كه‌سی خێزانه‌كه كه خاوه‌ن ره‌وشت‌و پابه‌ندبێ به بنه‌ماڵه‌كه (ویلزی)ی پیره پێستڕه‌شه. جارێكیان فۆكنه‌ر له‌باره‌ی (ده‌نگ‌و تووڕه‌یی)یه‌وه گوتی: ئه‌مه چیرۆكی پاكانه‌یه‌كی ونبووه، هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌كی زۆر چیرۆكی گۆڕانكاریی ناوه‌وه‌ی خێزانێكه كه له‌نێو سۆز‌و میهره‌بانی‌و رابردوودا ده‌ژین. ئه‌مه‌ش رۆمانی (برایانی كارامازۆف)ی نووسه‌ری ناوداری رووسیا (دیستۆڤسكی)مان بیرده‌خاته‌وه. زۆر له ره‌خنه‌گران كه‌سایه‌تی كۆبنتت به‌كه‌سایه‌تی راسكۆلینكۆڤ ) ی (تاوان‌و سزا)ی دیستۆڤسكی ده‌چوێنن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر توانیمان بڵێین رۆمانی (ده‌نگ‌و تووڕه‌یی) له‌ناوه‌خندا چیرۆكی پاڵه‌وانێكی هاوچه‌رخه كه به‌دوای واتا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیاندا ده‌گه‌ڕێ، هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین له‌باره‌ی هه‌ره‌سهێنانی ئه‌ڤین ده‌دوێ له‌نێو تاكه‌كانی خێزانێك. ئه‌م رۆمانه گوزارشتێكی مرۆڤایه‌تییه‌له خوارووی ئه‌مه‌ریكا .
عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی
سه‌رچاوه:
مجله الكویت، العدد 19 ص48.