Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

دوای تونس و میسر .. كوێی تر؟

Closed
by February 5, 2011 گشتی

دوای تونس و میسر .. كوێی تر؟ 
ستیڤان شه‌مزینانی

 

دوای ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان له‌پێناوی گۆڕینی ریژێم و لابردنی دیكتاتۆر، له‌ تونس سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی وه‌ده‌ستهێنا، هه‌نووكه‌ باهۆزه‌كه‌ رووی كردۆته‌ میسر و ئاپۆره‌یه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری میسریی له‌ پێناوی گۆڕینی دیكتاتۆری سی ساڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا، به‌چڕیی رژاونه‌ته‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و مه‌سجی یه‌كه‌م و كۆتایی خۆپیشانده‌رانیش چۆڵكردنی كورسی حوكمه‌ له‌لایه‌ن “موباره‌ك”ی گه‌وره‌ دیكتاتۆری وڵاته‌وه‌، هه‌نووكه‌ له‌ شه‌قامی میسرییدا ده‌بینین چۆن ناڕه‌زایی خه‌فه‌كراو و په‌نگخواردووی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به‌رووی ده‌سه‌ڵاتدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ كه‌ دوور نییه‌ سه‌رئه‌نجامی دیكتاتۆره‌كه‌ی میسریش هه‌مان سه‌رئه‌نجامی دیكتاتۆری تونس بێت. هه‌رچه‌نده‌ توێژه‌ر و رۆشنبیرانی نزیكی ده‌سه‌ڵاتی میسریی به‌رده‌وام جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ میسر، تونس نییه‌ و مه‌رج نییه‌ هه‌مان سیناریۆی ئه‌و وڵاته‌ی تێدا تاقی بكرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌باری واقیعییه‌وه‌ هه‌موو شاهیدین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ و موعاناتی گه‌لی میسر و تونس زۆر له‌یه‌كتره‌وه‌ نزیكه‌، هه‌ر له‌ نه‌بوونی ئازادیی سیاسیی و بیروڕا و ده‌ستاوده‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵات و گرانی و بێكاریی و هه‌ڵلووشینی داهاتی وڵات له‌لایه‌ن گروپێكی سیاسیی مافیاوه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌ر كۆی كێشه‌كانی تر، بۆیه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی پێشبینی لایه‌نگرانی موباره‌كه‌وه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ شاهیدی ئه‌وه‌ین گه‌لی میسر هه‌مان رێگای گه‌لی تونسی له‌ پێناوی گۆڕینی ریژێم و دیكتاتۆردا گرتۆته‌به‌ر و ره‌نگه‌ كاردانه‌وه‌ی گه‌لی میسر زۆر له‌ په‌رچه‌كرداری تونسییه‌كان توند و مه‌حكه‌متریش بێت.
پرسیاری هه‌نووكه‌یی ئه‌وه‌یه‌ دوای میسر و تونس، ئه‌م باهۆزه‌ به‌م كاریگه‌رییه‌ روو له‌ كوێی تر ده‌كات؟. به‌ بڕوای من هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی بگریت هه‌ر له‌ كه‌نداوه‌وه‌ تا ئۆقیانووس، هێنده‌یان كێشه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌مان باهۆز روویان تێبكات، یان به‌ده‌ربڕینێكی تر ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان و راپه‌ڕین ده‌كرێت له‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی دیكه‌دا رووبداته‌وه‌، چوونكه‌ كۆی ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ رووی ئازادیی سیاسیی و ئازادیی را ده‌ربڕین و مافی هاووڵاتیبوون و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كێشه‌ی جه‌وهه‌ریی و گه‌وره‌یان هه‌یه‌، هیچ ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بیی نییه‌ له‌ رووی سیاسیی و ئابوورییه‌وه‌ هاووڵاتیانی خۆی سه‌ركوت نه‌كردبێت، هه‌روه‌ك چۆن هیچ ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بیی نییه‌ توانیبێتی دیموكراسی و پلۆرالیزم و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چێ بكات. بۆیه‌كا به‌ دیتنی من ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌مان راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانی گه‌لی تونس و میسر، له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی تری عه‌ره‌بیی رووبداته‌وه‌ و بارودۆخه‌كه‌ له‌وه‌ سه‌خت و قورستریش ته‌قینه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، ئه‌مه‌ش ده‌مانهێنێته‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م باهۆزه‌ هه‌روا له‌و دوو وڵاته‌دا قه‌تیس ناخوات و هه‌روه‌ك شه‌پۆلی بارانبارین زۆر جێگه‌ و ناوچه‌ی تر ده‌ته‌نێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر باسی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌دا به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كوردستان، ناكرێت به‌ تونس به‌راوورد بكرێت، یان به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌م شه‌پۆله‌ زیاتر رووی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌ نه‌ك كوردستان، به‌ڵام ئه‌م ته‌رزه‌ له‌ بانگه‌شه‌ و بیركردنه‌وه‌ نه‌ك خزمه‌ت به‌ره‌وشی كوردستان ناكات و خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی كوردیی هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌هه‌مان كاتدا وه‌همێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ زێده‌تر ده‌سه‌ڵاتدارانی پێ چه‌واشه‌ ده‌كرێت، چوونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ئاستی ناوخۆی كوردستاندا ده‌یبینین بایی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌ی تێدا رووبدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ كوردستان هه‌مان ئه‌و كێشانه‌ی له‌ تونس یان میسر بوونیان هه‌یه‌ به‌زیاده‌وه‌ له‌ ئارادان. هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه‌ ره‌نگه‌ كارێكی مه‌حاڵ و ئه‌گه‌رێكی دوور نه‌بێت كه‌ جه‌ماوه‌ری كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌ راپه‌ڕن، ره‌نگه‌ راپه‌ڕینی ئه‌مجاره‌ له‌ جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانیشه‌وه‌ بێت، پاشان سه‌رتاسه‌ری كوردستان بگرێته‌وه‌. هه‌ر له‌م روانگه‌وه‌ پێویسته‌ وه‌بیری ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستانی بهێنینه‌وه‌ كه‌ زۆر گرنگه‌ وانه‌ له‌ تونس و میسر وه‌ربگرن و تا زووه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خه‌ڵك بكه‌ن و ئیشكالییاتی خۆیان له‌گه‌ڵ پرسی ئازادییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی شه‌پۆلی خۆپیشانده‌ر و راپه‌ڕیوان بگاته‌ سه‌ریان و ناچار به‌ چاره‌نووسێكی وه‌ك “زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی” بن.
خولاسه‌ی قسه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ولێر چیتر ئارام نییه‌، ره‌نگه‌ سبه‌ینێ یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی راپه‌ڕین له‌ پایته‌ختی هه‌رێمه‌وه‌ كڵپه‌ بستێنێت، ئه‌مه‌ش ته‌نیا خه‌یاڵێكی شاعیرانه‌ نییه‌ و به‌س، به‌ڵكو به‌ پشت به‌ستن به‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی ئازادییه‌ی له‌ كوردستان بوونی هه‌یه‌، ده‌شێ هه‌مان باهۆزی تونس و میسر به‌خێراییه‌كی جادوویی بگاته‌ ئێره‌ش، به‌ڵام ئێمه‌ هیچمان حه‌زمان له‌ سووتانی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت و هه‌ولێرێكی وێران نییه‌ له‌ ئه‌نجامی راپه‌ڕین و خۆپیشاندان، به‌ڵكو ئاره‌زوو ده‌كه‌ین ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان خۆیان چاك بكه‌ن و سیستمێكی سیاسیی نوێ له‌ كوردستان دابمه‌زرێنن كه‌ ئازادیی و دیموكراسیی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی پایه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌و سیستمه‌ بێت، به‌بێ ئه‌نجامدانی كارێكی له‌و چه‌شنه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كورده‌وه‌ هیچ گره‌نتییه‌ك نییه‌ رێگه‌ له‌و باهۆزه‌ بگرێت و ده‌بێت هه‌مووانیش خۆمان بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌ین ئه‌وه‌ی له‌ ته‌رابلوس و قاهیره‌، روویدا و رووده‌دات، له‌ هه‌ولێریش رووبدات.

Previous
Next