Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
پەیامیك لەخۆپیشاندانى 8ى مارس ، رۆژى جیهانى ژنان لەلەندن

پەیامیك لەخۆپیشاندانى 8ى مارس ، رۆژى جیهانى ژنان لەلەندن

Closed
by March 12, 2008 ژنان

 "بەلاى جەنگ و داگیركارى،  توندوتیژى و كوشتنى ژنان لەكۆمەلگاى عیراق و كوردستان رابگرن!"
 پەیامیك لەخۆپیشاندانى 8ى مارس ، رۆژى جیهانى ژنان لەلەندن
 رۆژى 8ى مارس 2008 لە شارى لەندەن لە بەریتانیا ژمارەیەكى زۆر لە رێكخراوەكانى ژنان بە پشتیوانى یەكێتىیە كرێكاریەكانى بەریتانیا هەستان بە سازدانى خۆپیشاندانێكى بەرفراوان بە ناوى " هەستانى یەك ملیۆن ژن "  بە دژى توند و تیژى لە بەرامبەر ژناندا لە بەریتانیا .
 خۆپیشاندانەكە لە مەیدانى هاید پارك – سپیكەرس كۆرنەر لە كاتژمێر 12 ى نیوەرۆ بە رێپێوانێكى شكۆدار دەستى پێكرد  كەتێیدا بە هەزاران ژن و منداڵ بەشداریان كرد و چەندین لافیتە و پلاكاردیان بەرزكردبوەوە و بە هوتاف كێشان و نارەزایەتى دەربرین لە بەرامبەر توند و تیژى نێو ماڵ و دەرەوەدا لە بەرامبەر ژنان هاواریان دەكرد . رێپێوانەكە ماوەى دوو كاتژمێر و نیوى خایاند بە نێوەندى شاردا و بەرەو مەیدانى بەناوبانگى تراڤل گار سكوێر لە لەندەن بە رىَكەوت .
 لە دواى گەیشتنى ریّپێوانەكە بە مەیدانى تراڤل گار سكوێر كۆبوونەوەیەكى جەماوەرى بەرفراوان بە بەشدارى هەزاران كەس وە زیاد لە 23 ووتاربێژ بە رێوە چوو. ووتار بێژان پێك هاتبوون لە نوێنەرانى رێكخراوەكانى ژنان و هەڵسووراوانى بزوتنەوەى یەكسانیخوازى ژنان كە نوینەرایەتى بەرەیەكى فراوان و هەمە جۆریان لە بزوتنەوەى ژنان لە كۆمەڵگاى بەریتانیادا دەكرد .
 لە چوارچێوەى ووتارەكاندا رێكخراوەكانى ژنان بە گشتى نارەزایەتى خۆیان دەربرى لە بەرامبەر سیاسەتى دەوڵەتى بەریتانیا لە بەرامبەر چارەسەر كردنى كێشەى توند و تیژى لەبەرامبەر ژناندا لە نێو ماڵ و لە دەرەوە ، رەخنەى زۆریان گرت لەوەى كە ئەم دەوڵەتە پارەى زۆر تەرخان دەكات بۆ كار و بارى عەسكەرى و هێرش كردنە سەر وولاتانى تر و پشتیووانى سیاسەتى شەرخوازى ئەمریكا لە  كاتێكدا كە رۆژ بە رۆژ پارە و موچە لە رێكخراوەكانى ژنان و ئەو خزمەتگوزاریانە دەبرێت كە بۆ پشتیوانى و یارمەتیدانى ژنان كە توشى توند و تیژى دەبن دامەزراون . هەروەها رەخنەى توند گیرا لەوەى كە حكومەتى بەریتانیا سەرەراى ئەوەى كە ئیمزاى خۆى داوە لە بانگەوازى جیهانى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆتایى هێنان بە توند و تیژى لە بەرامبەر ژنان و منداڵاندا  كەچى تا ئێستا ستراتیژیەكى نىیە لە چوارچێوەى ئەم بانگەوازەدا بۆ چارەسەر كردنى ئەم كێشەیە لە بەریتانیا.
 لە نێو ووتار بێژانى كۆبوونەوەكەدا گۆنا سەعید لە لایەن سەنتەرى خۆرهەڵااتى ناوەراست بۆ مافەكانى ژنان و سەوسەن سەلیم لە لایەن رێكخراوى ژنانى پەنابەرى كوردستان بەشداریان كرد .
 • سەوسەن سەلیم لە ووتارەكەیدا تیشكى خستە سەر رۆڵى نێگەتیڤى حكومەتى بەریتانیا لە داگیر كردنى عێراق و پشتیوانى كردنى لە ئەمریكا ، سەوسەن باسى وەزعى ژنانى عێراقى كرد لە ژێر فەزاى داگیركارى و شەرى قەومى و سكتاریستی و تیرۆریزمى ئیسلامیدا  دووچارى توند و تیژیەكى كەم وینەبوونەتەوە. هەر لە كوشتنى بە كۆمەڵى ژنان تا حجابى بەزۆر و ژیرپینانى سەرەتایىترین ئازادىیە فەردى و كۆمەلایەتىیەكانى ژنان لەلایەن حكومەتى عیراق و سەرجەم دەستەو گرۆپى ئیسلامى و قەومى و تایفەگەرىیەوە،  تا كرین و فرۆشتنى ژنان و دزین وسەوداكردن  بە لەشى ژنان و بەكارهێنانیان بۆ لەشفرۆشى لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق و فراندن و دەیان دیاردەى ناهەموارى تر رووخسارە دزیوىیەكانى كۆمەلگایەكیان بەناوى عیراقەوە نەخشاندووە كەراستەوخۆ بەرهەمى جەنگ و داگیركاى ئەمریكاو بەریتانیایە لەدژى خەلكى عیراق. هەربۆیە سەوسەن بانگەوازى داواكردنى  دەست بە جێ كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا و بەریتانیاى كرد لە عێراق و ئەمەى وەك مەرجێكى سەرەكى بۆ  چارەسەر كردنى كێشەى توند و تیژى لە بەرامبەر ژناندا ناساند و پاشان خوازیارى جیاكردنەوەى دین لە دەولەت و  هینانەسەركارى دەسەلات و سیستەمیكى عەلمانى نەقەومى ونەدینى لەلایەن خەلكى عیراق خۆیانەوە بەداوایەكى رەواو دەست بەجآى باشبوونى وەزعى ژنان و سەرجەم كۆمەلگا بەریگاچارەیەكى كارساز ناساند . 
 •  گۆنا سەعید باسى لە توند وتیژى لەسەر ژنان لە خۆرهەڵاتى ناوەراست كرد و بە تایبەت لەسەر ژنان لە كوردستانى عێراق . گۆنا باسى لەوە كرد كە چۆن توند و تیژى لە بەرامبەر بە ژنان لە ژێر ناوى پاراستنى شەرەفدا رێگەى بۆ خۆش كراوە . ژنان توشى لێدان و كوشتن و ئیهانە و مەحروم كردن لە منداڵ و چەندین بێمافى تر دەبنەوە كە هەمووى تەنها بۆ كونترۆڵ كردنى ژیان و هەڵس و كەوت و لەشى ژنانە و پاراستنى شەرەف بۆتە ئەو بیانووەى كە پیاوان دەتوانن بەكاریبهێنن لە هەر كاتێكدا . گۆنا باسى لەوەكرد كە توند و تیژى بەهەر بیانوویەكەوە لە بەرامبەر ژنان كێشەیەكى گەورەى جیهانە بەڵام لە خۆرهەلاتى ناوەراست جیاوازیەكەى لەوەدایە كە ئەم توند و تیژیە قانونى كراوە و پیاوان لە هەموو سزایەك دەپاریزرێن   ، نمونەى قانونى بەردەباران كردن و كەشتنى ژنانى لەسەر شەرەف هیچنایەوە . لە كرتایى قسەكانیدا   بانگەوازى ئەم بزوتنەوەیەى ژنانى كرد كە پشتیوانى لە ژنانى خۆرهەلاتى ناوەراست بكەن و پەیامى نا بۆ توند و تیژى لەبەرامبەر ژ1ناندا بە هەر بیانوویەكەوە بدەن بە حكومەت و دەسەڵاتى ئەو ناوچانە لە نێوانیشیاندا حكومەتى هەرێمى كوردستان
 لە نێو ئەو رێكخراوانەش كە بەشداریە كى چالاكانەیان كرد لە رێپێوانى " هەستانى یەك ملیۆن ژن" رێكخراوى ژنانى كورد لە كەركلیس بوو كە بە ژمارەیەكى زۆر لە شارى هەدەرسفیلدەوە بەرەو لەندەن هاتبوون بۆ بەشدارى  .
 شایەنى باسە هەر لەسەرەتاى خۆئامادەكردنەكانى بزوتنەوەى ژنان و رێكخراوەكانى  لە بەریتانیا لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە بۆ ئەم بۆنەیە ، رێكخراوى ژنانى پەنابەرى كوردستان و سەنتەرى خۆرهەڵاتى ناوەراست بۆ مافەكانى ژنان ئەندامى بەرەى خۆئامادەكردن بوون بۆ ئەم رۆژە و چالاكانە بەشدارى كۆبەوونەوەى هەفتانە و خۆئاماەكردنەكانیان كرد .
 
 رێكخراوى ژنانى پەنابەرى كوردستان
 سەنتەرى خۆرهەڵاتى ناوەراست بۆ مافەكانى ژنان
 10/3/2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.