Skip to Content

Saturday, February 24th, 2024
دیداری خوداوه‌نده‌ ناكامه‌كان

دیداری خوداوه‌نده‌ ناكامه‌كان

Closed
by December 12, 2011 ئەدەب

زه‌وی مه‌ی خانه‌دانیی خواردووه‌ته‌وه‌
قسه‌ی دڵم ده‌زانێ‌ و هه‌میشه‌ تاجی بیركردنه‌وه‌ و پشوودانیم
پیاڵه‌یه‌ك مه‌یم له‌ زه‌ویی خانه‌دان وه‌رگرت
له‌ ڕۆژێكی نزیكدا دێت
ده‌ستی سێبووری و پڕ ختووكه‌ی له‌سه‌ر دڵم داده‌نێ‌
به‌ ترپه‌ی ده‌ڵێت پشوو بده‌ ماندووی
ماندووبوون هێڵ و خاڵه‌ بۆ ئاوازی پیت و ڕه‌نگی دوا وێنه‌
گۆشت و ده‌مار و خوێنی خوداوه‌نده‌ ناكامه‌كان
ڕووی پاگژی زه‌وی بۆ ده‌نگی نه‌رمی خۆشه‌ویستی ئاماده‌ ده‌كه‌ن
باران وه‌ك ئه‌وه‌ی بلیمه‌تی ده‌روونیی ئاگرم پێ بڵێ‌
یان به‌خته‌وه‌ریی خۆی ئاشكرا بكات
ده‌نگی نزم كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ نه‌رمی له‌ گۆڕم ده‌دا
ئیدی ده‌بێ‌ من گۆڕ جێ بهێڵم و بێمه‌ ده‌رێ‌
ئایا به‌رانبه‌ری ده‌توانم چی بكه‌م و چیم پێ ده‌كرێ‌
چاوه‌كانی زه‌وی گرانبوون
تاسام
واقم وڕما
باڵنده‌ به‌سه‌ر
پێڵوو و
خولیا و
یاد و
چڵی ڕاهێنه‌ر بۆ خۆشخوانی بڵاوبوونه‌ته‌وه‌
مرۆڤیش به‌سه‌ر كارتۆنی یاری په‌یژه‌ و مار و هه‌مبانه‌ی فوودراو
مار هه‌ناوی زه‌ویی كون كردووه‌
خۆریش له‌ ئاسۆدا برژانگی چاوی ده‌ڕسكێ‌
ڕوونبوونه‌وه‌ی بیلبیله‌ یاڵی ئه‌سپ ده‌خه‌مڵێنێ‌
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك له‌ ده‌م و چاوی زه‌وی په‌یدا بوو
له‌ پڕ نه‌ما
مامزی تۆقیو ئاوڕ له‌ كانی و ئاو ده‌داته‌وه‌
كانی و ئاو ده‌بنه‌ ئاوێنه‌ی شه‌و و ڕۆژی مامز
مامز ڕووه‌و كانی و ئاو ده‌جمێن
زه‌وی جارێك چاوی كرده‌وه‌ و دای خسته‌وه‌
له‌چاوی خۆشی دوور نه‌كه‌وته‌وه‌
كه‌وی په‌ڕ و تووك خۆڵه‌مێشی به‌شاڕێدا ناڕٍوات
ئه‌و چاوانه‌ی مرۆڤ هه‌یه‌تی
له‌ زه‌ویدا مشتوماڵ ده‌بن و ئومێد و ده‌ستی ته‌نگانه‌ن
چاو ئه‌و شته‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ بۆی داگیرساوه‌
ده‌چێته‌وه‌ ناو هه‌موو ڕووناكییه‌ك
ڕووناكی به‌خته‌وه‌ریی خۆی ئاشكرا ده‌كات
ئیدی ده‌زانێ‌ شه‌ڕی گه‌رمی گومان ته‌واو بووه‌ و بێ‌ مه‌رج دڵنیایه‌
له‌ بینینی بێگه‌ردیی ئاسمان و رۆشنایی ناو شیری گوڵه‌گه‌نم و جۆ
ئه‌ی ئه‌فسوونی دڵا چاوت هاوتای مۆسیقای سه‌ره‌تای گۆرانییه‌
ئه‌ی ئه‌فسوونی دڵا چاوت هاوتای هێلانه‌ی ئاوه‌دانی باڵنده‌یه‌
ئه‌ی ئه‌فسوونی دڵا چاوت هاوتای ئاوێنه‌ی ده‌ستگێڕی به‌رده‌می بووكه‌
ئه‌ی ئه‌فسوونی دڵا چاوت هاوتای به‌رده‌نووسی وێنه‌داری باپیرانه‌
كراسی سروشتیش گه‌ردی نه‌گرتووه‌
ئه‌گه‌ر دڵم بشكێنی گه‌رده‌لوول كراسی سروشت
له‌ ڕسته‌ی ماڵان ده‌ڕفێنێ‌
خۆر سبه‌ینان تامی نان ده‌كات و به‌ ئه‌مه‌ك و خورپه‌داره‌
جوان له‌ كونی كه‌روێشك ده‌دا
كه‌روێشك ئاكاری خۆر ده‌ناسێ‌ و ده‌زانی ئه‌مه‌كی چییه‌
ئاگاداری ده‌كاته‌وه‌ له‌ ترپه‌ی پێی ڕاوچی و بوومه‌له‌رزه‌
گوێڕایه‌ڵی ئه‌و خۆره‌یه‌ كه‌ هه‌ڵدێ‌
به‌ڵام نازانێ‌ هیی زه‌وییه‌ یان ئاسمان
ئه‌فسوونی دڵا خۆر له‌ دڵه‌وه‌ش هه‌ڵدێ‌
هێزی خۆری دڵا گیاندار جاڕس ناكات
كه‌روێشك به‌ قوونه‌قوون
له‌م ژوور بۆ ئه‌و ژوور چاوشاركێی له‌گه‌ڵدا ده‌كردین
خه‌نه‌یی
چاو سوور
ترپه‌ی پێی مۆسیقا
خرمه‌ی ددانی پێوه‌ندیی زه‌وی
كه‌ ده‌چووه‌ به‌ر خۆر
تووكی ڕه‌نگی ده‌گۆڕا
كه‌روێشكی كێوی له‌ پێناو كونی خۆی سروشت ده‌پارێزێ‌
هیی ماڵیش به‌ دڵشكاوی ڕا ده‌كات
له‌ناو چاوه‌ی مێزدا گوێی له‌ ئاسن ده‌سوێ‌
به‌یانیش له‌ زه‌نگی كاتژمێری دانداوه‌ ده‌ترسێت
پارچه‌ لبادێكی دامه‌ دامه‌ ڕاده‌خات له‌سه‌ری داده‌نیشێ‌
چاوی به‌ ده‌وری خۆیدا ده‌گێڕێ‌ و دڵخۆشی به‌چكه‌كانی وه‌رده‌گرێت
ئه‌و سه‌وزه‌یه‌ی خانمی ماڵا پاكی كردووه‌ته‌وه‌ ده‌یخوات
كه‌روێشك جه‌رگسووتانی زۆر دیوه‌
خانمی ماڵا ڕۆبێكی قاوه‌ییی پۆشیوه‌
پرچی به‌ تۆقه‌یه‌كی حه‌لوایی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌
ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌ڵماسیش له‌ په‌نجه‌ی شه‌وق له‌كانی و ئاو ده‌دا
گوان پڕ بوون دوای سه‌وزه‌ خواردن و پشوودانه‌
له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌نمڕه‌نگدا
رووناكییه‌ك به‌ نیگایه‌كی گه‌رم خۆی پێشان دا
ده‌ڵێت كه‌روێشك دۆستێك له‌م ژووره‌دا
ته‌پاوتل ده‌دا و خه‌ریكه‌ ده‌زووی ئاوریشمینی گیانبازی له‌ ده‌ست به‌ر ده‌بێ‌
هیچ شتێك نه‌ماوه‌ ئازارم نه‌دا
پاكترین خاك ئه‌و پارچه‌یه‌یه‌
كۆتر كلكی لێ‌ ده‌خشێنێ‌
خوشك و برا شكۆمه‌نده‌كانم كۆتر
به‌ ده‌نووك گۆڕێكم له‌ ناوی بۆ خۆش كه‌ن
هێنده‌ی زه‌ردێنه‌ی هێلكه‌یه‌ك
ئاهه‌كانمی له‌ناو ده‌ترووكێ‌
كه‌ هێلكه‌ ده‌ترووكێ‌
زه‌وی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر
له‌ سۆراخی هه‌وێنی هیوادا
ده‌ستی له‌ناو نیازی بێگه‌رد گه‌رم ده‌بێته‌وه‌
به‌ ئاسووده‌ییشه‌وه‌ به‌رزی ده‌كاته‌وه‌ بۆ لای دڵ و چاوی
نائومێدییه‌كی قووڵا ناخی زه‌وی به‌ر ده‌دا
سه‌یری دڵا و چاوی زه‌ویم كرد
ڕه‌نگی تێك چوو
وه‌ك له‌وه‌ بترسێت
له‌به‌رده‌م جامخانه‌یه‌كدا بوه‌ستم
نهێنییه‌كی ئاشكرا و بۆنی مورتكی ته‌ڕ له‌گه‌ڵا بۆنی ده‌سكێشی كیژێك به‌راورد بكه‌م
ده‌ماری گرژ بوو
به‌نمه‌ بارانێك خاو بووه‌وه‌
دره‌نگ ته‌ماشای ئاسمانم كرد
نهێنیی ئاسمان ئه‌فسوونی دڵه‌
ئه‌فسوونی دڵا یارمه‌تیی دام بۆ
پێشبڕكێ‌ و
كێبڕكێ‌ و
 به‌رزبوونه‌وه‌ و
پشوودان
پارچه‌ گۆشتی دڵم
كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی
مێرووستان ده‌وره‌یان داوه‌
ئاهی گه‌رمی دڵم
سمێڵی مێرووستانی هه‌ڵكڕووزاند
سه‌رنجێكی ڕاڕا
ده‌می سۆنده‌ی ئاوی خسته‌
سه‌ر شاره‌ مێرووستان
له‌ ته‌نیشتیدا ئاگرێكی كرده‌وه‌
له‌ یه‌ك دوو هه‌نگاو به‌ولاوه‌تر
دووپشكێك له‌ناو كۆمه‌ڵێك ئێسكدا مردار بووه‌ته‌وه‌
خه‌ڵكانێك به‌ ترسه‌وه‌ دێنه‌ به‌ر هه‌تاوی به‌هار
په‌یام له‌ زه‌مینی دووره‌وه‌ دێت
پێش نوێژم پێ ده‌به‌خشێ‌
په‌یامبه‌خش دڵم له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی ڕاده‌خات و له‌ چاوی نزیك ده‌كاته‌وه‌
دڵم سه‌رڕێژه‌ له‌ جوانی
جوانی دڵی خودایه‌
خودا گه‌رماییی دڵی زه‌وییه‌
زه‌وی جیهانێكی ته‌واوه‌ له‌ نێوان ئاسك و كیسه‌ڵا
سه‌د جۆگه‌ی له‌ چاوی هه‌ڵگرتووه‌
بۆ دڵخۆشی ڕه‌گ و چڵا و ناوكی میوه‌
ڕه‌گ و چڵا و ناوكی میوه‌
گلێنه‌ی چاویان خۆش ده‌وێ‌ و خۆیان له‌ بای توند ده‌پارێزن
ده‌ستم له‌سه‌ر دڵم لاده‌به‌م
قۆچ و بڕبڕه‌
پڕوپاگه‌نده‌ بۆچی ده‌كه‌ن
یان چییان لێوه‌ بزر ده‌بێ‌
گای ئێسك پته‌و و پڕ خوێن و گۆشت و چاومانگ
وه‌ك پاڵه‌وان له‌ دایك بووه‌
ڕۆژێك زه‌وی له‌سه‌ر قۆچه‌كانی فڕێ‌ ده‌دا
مرۆڤیش له‌سه‌ر بڕبڕه‌ی پشتی ده‌هێڵێته‌وه‌
گایه‌ك هه‌موو گایه‌كانه‌ و سزا دراوی په‌ڕۆی سووره‌
به‌ ددانی پانی په‌لكه‌ شفتی ده‌خوا
نیوه‌ڕۆیانیش خۆر
قۆچ و بڕبڕه‌ی پشتی ڕووناك ناكاته‌وه‌
قوربانییه‌كانی ددانی گا و ددانی مشار
مه‌ی خانه‌دانیی زه‌وییان خواردووه‌ته‌وه‌ و به‌خته‌وه‌ریی خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن
تۆفانێك به‌سه‌رزه‌وی ده‌ڕژی
بێ‌ شه‌رمێكی درۆزن بووه‌ته‌ پیاوێك له‌ خوێن و گۆشتی زه‌وی
به‌سه‌ر كه‌شتییه‌وه‌ هێما و ئاماژه‌ ده‌دا
ره‌گ سه‌رقاڵه‌ به‌سه‌ركێشیی چڵه‌وه‌
زه‌وی هه‌ست به‌ له‌رزینی خۆی ده‌كات
خۆی به‌ كه‌وانه‌ی ئاسمان گرتووه‌
ئه‌رێ‌ له‌ به‌هه‌شتدا كه‌س له‌ دووباره‌ مردن ده‌ترسێ‌
ئایا به‌هه‌شت باڵنده‌ی تێدایه‌
سه‌رگه‌ردان بیفڕێن و ئارام بنیشێته‌وه‌
یان بۆ سه‌ر زه‌مین هه‌موو شتێكی له‌سه‌ر ده‌ژی
به‌هه‌شتیش ته‌نیا مرۆڤ
كێش زار بۆ به‌ختی هه‌ڵده‌دا
چ ده‌دۆڕێنێت
خانه‌كانی زار پیرۆزه‌ی چاوه‌زاران
پیرۆزه‌ مووچڕكی سارد به‌خانه‌كانی له‌شی دادێت و ناوچه‌وانێكی بێ‌ به‌هره‌یه‌
ناوچه‌وانی به‌ختمان بچووكه‌
جێگای نووسینی هه‌موو ویسته‌كانی تێدا نابێته‌وه‌
به‌ شه‌قامێكی نیمچه‌ تاریكدا ده‌ڕۆمه‌ ناو ژیان
چی بكه‌مه‌ نموونه‌ی ژیانم
به‌رد مردوون یان خه‌وتوون
یان له‌ قووڵایییه‌كی ناقۆڵا و كوشنده‌دان
خه‌ونیان نه‌بووه‌ته‌ خه‌نده‌ی ئومێد و نایه‌نه‌ ده‌نگ
به‌ده‌نگهاتنی به‌رد ده‌نگی مارشی شه‌ڕه‌
ئاو خۆی به‌كه‌ناردا ده‌دا
بێده‌نگی ده‌هێنێته‌ ده‌نگ
له‌وه‌ته‌ی به‌رد هاتووه‌ته‌ ده‌نگ و خۆشه‌ویستی ڕوونكردووه‌ته‌وه‌
خه‌به‌ری نێوان به‌رگی كتێب و قه‌وان خۆشبووه‌
به‌ په‌نجه‌مۆری یه‌كه‌مین نهێنی سه‌رسام بووم
غه‌زه‌ل موتربه‌یه‌كی بێ‌ وێنه‌یه‌
له‌ هه‌موو دره‌خته‌ به‌رداره‌كان
لك و پۆپی دره‌ختی به‌رداری ماڵا
به‌سه‌ر دیواری حه‌وشه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌رێ‌
دوورییه‌كی ئاڵۆز
ئاوی خه‌واڵووی ناو گۆزه‌ بخۆره‌وه‌
شووشه‌ تورشیات و ڕادیۆ له‌ تاق و په‌نجه‌ره‌ به‌رانبه‌ر یه‌كدی داده‌ندرێن
سروودخوێنی زه‌وی به‌ كاغه‌زی په‌یام كفن كراوه‌
به‌ره‌و گیانی خۆی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ‌
به‌رده‌وامیش ئاوڕ له‌ قه‌ڵا ده‌داته‌وه‌
ده‌گاته‌ دیداری خوداوه‌نده‌ ناكامه‌كان
زه‌ویم بینی سوورهه‌ڵگه‌ڕا بوو
گوێی له‌ سروودخوێنی خۆی گرتبوو
له‌ پشت و خوێنگری ده‌پرسی
خۆر له‌ترێ‌ ده‌دا
كووپه‌ بیر له‌ ڕسكانی شه‌راب ده‌كاته‌وه‌
پیاوێك به‌ نازی ژن و منداڵه‌كانی ده‌وره‌ دراوه‌ له‌ خه‌و ده‌ڕوا
په‌رداخێكی گوڵگوڵی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌
له‌ كووپه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌
دوای سپی كردنی ڕێواسێكی مزر و قومێك
له‌ كووپه‌ی دڵخۆش و لێو ته‌ڕ به‌ ستایش و ماچ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌
ئاگرێك له‌ گیانی په‌یدا ده‌بێ‌ و ده‌بێته‌ سۆز و به‌زه‌ییی خودا
به‌یانییه‌ و منداڵه‌كانم تازه‌ له‌ خه‌و هه‌ستاون
سۆبه‌ هه‌وای متبه‌خی خۆش كردووه‌ و شه‌كردان پڕه‌
گۆرانییه‌ك بۆ ئاكاری ئه‌م ژووره‌
گۆرانییه‌ك بۆ تیشكی ناو ده‌نووكی باڵنده‌ی ڕاهێندراو بۆ خۆشخوانی
گۆرانییه‌ك بۆ حیكمه‌تی یه‌كه‌م سڵاو
گۆرانییه‌ك بۆ لاولاوی هه‌ڵگه‌ڕاو به‌ دیواری ماڵێكی بڕدراو
له‌ گۆرانییه‌كی نائومێددا
زار بۆ دووبه‌ختی هه‌ڵده‌ده‌م
پرد جه‌سته‌یه‌كی سارد و سڕه‌
به‌سه‌ر ئاوه‌وه‌ دڕێژ كراوه‌
مرۆڤ سروشت نابه‌زێنێ‌
ئێمه‌ ئه‌و كات مه‌زن و به‌خته‌وه‌ر ده‌بین
كۆمه‌ڵێك باڵنده‌ی كاغه‌زی فڕێ ده‌ینه‌ ئاسمان
به‌سه‌ر میوه‌ی نایلۆن بنیشنه‌وه‌
مه‌ترسیی سروشت
ئاگر كه‌وتنه‌وه‌
بوڕكان
هه‌ڵبزڕكانی مانگ
سوێربوونی ئاوی ژێر زه‌وی
هه‌ڵۆ ده‌نووك له‌ پێستی پڵینگ ده‌دا
ئاوازی گۆرانییه‌كی په‌ند ئامێز به‌رز ده‌بێته‌وه‌
كۆمه‌ڵێك ته‌وار كۆرسن
تاووسیش ڕه‌نگی كوژراوه‌ و عه‌وداڵی تێكه‌ڵكردنی ڕه‌نگی دیكه‌یه‌
بای سارد خه‌ریكه‌ ده‌یكوژێ‌ و له‌ ڕه‌نج و به‌دبه‌ختی ده‌مێنێته‌وه‌
بی شه‌رمێكی درۆزن
ناوله‌پی له‌یه‌كتری خشاند
قاوه‌ی گرته‌وه‌ و له‌ بنی فنجانه‌كه‌دا وێنه‌ی
ڕه‌گی دره‌ختێكی بینی ده‌چووه‌ ناو بلووری چرایه‌ك
كیسه‌ڵا له‌ شه‌رمی خۆیدا چووه‌وه‌ ناو خۆی و قه‌پێلی تونتر كرد
پیتی زی نێوان
كازێوه‌ و زه‌رده‌په‌ڕ
ئاخاوتن و نه‌وای خۆم
دیدار و ناوهێنانی خۆم
ئاهه‌نگ و هاتنه‌گۆی خۆم
سڵاو و دروودی خۆم
ڕووه‌و زێد و كتێبخانه‌ و گۆڕه‌پانی شار ئاشكرا ده‌كه‌م
دڵخۆشه‌ ئه‌و ئاگره‌ی له‌ بن مه‌نجه‌ڵی خواردنی ماڵان هه‌ڵت كرد
زه‌وی ده‌ستی له‌سه‌ر دڵه‌
نیوه‌ڕۆ وه‌ره‌ ئه‌ی ئه‌فسوونی دڵا
به‌روبوومی زه‌ویی له‌ناو ته‌رازووی پێڵوودا
چاوساغی و هاوڕێیه‌تیت ده‌كات
خودا سروشت شه‌رمه‌زار ناكات
كه‌پووم له‌ نزیك میوه‌ی موتربه‌كراو كورژ كرده‌وه‌ و بیرم
له‌ زیره‌كی و تا هه‌تایه‌ی زه‌ویی كرده‌وه‌
كه‌روێشكێك له‌ناو قۆپه‌نه‌گیادا به‌چكه‌كانی فێره‌ چاوبزی ده‌كات
كێشكه‌یه‌كیش به‌سه‌ر هه‌ڵۆیه‌كی مۆمیاكراودا نیشته‌وه‌
نیشانه‌ و حیكمه‌تی زه‌ویی تازه‌ خۆشكراو بۆ نه‌مام و به‌ر و چاوگه‌شبوون
په‌یام له‌ زه‌مینی دووره‌وه‌ دێت
پێشنوێژیم پێده‌به‌خشێ‌
په‌یامبه‌خش دڵم له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی ڕاده‌خات و له‌ چاوی نزیك ده‌كاته‌وه‌
قه‌ت دڵی وا پڕٍ كازێوه‌ و زه‌رده‌په‌ڕی نه‌دیوه‌
له‌وه‌ته‌ی دڵم بیندراوه‌
خه‌به‌ری هه‌وا خۆش بووه‌
ماسی خۆی له‌ ڕه‌گی دره‌خت ده‌دا
مه‌لیش له‌ چڵه‌پۆپه‌
ماسی و مه‌ل خۆیان تار و ته‌ریك ناگرن
مارێك له‌ناو شووشه‌یه‌كی داخراودا
بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ چۆن خۆی
له‌لكی دره‌ختێك بئاڵێنێ‌
له‌ پارێزی نیشتنه‌وه‌ی به‌چكه‌ كێشكه‌یه‌كی كه‌م ئه‌زمووندا
په‌یامبه‌خش دڵم له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی ڕاده‌خات و له‌ چاوی نزیك ده‌كاته‌وه‌
پیاڵه‌یه‌ك مه‌یم له‌ زه‌وی خانه‌دانه‌وه‌ ده‌داتێ‌
ترپه‌ی دڵی هه‌میشه‌ خوداییم و ده‌نگدانه‌وه‌ی دڵشكاوان
به‌ ئه‌سپایی به‌ دره‌خته‌وه‌ ده‌نووسێت
له‌ سێبه‌ری گه‌رمی دره‌خته‌كه‌دا بزه‌یه‌ك بۆ كامێرا بكه‌
حه‌كایه‌تی مردن كه‌مێك له‌ ژیان درێژتره‌
گوێچكه‌ ماسی ڕۆخ ڕووبار هه‌ڵگره‌وه‌
فڕێی ده‌ره‌وه‌ ناو ئاو
بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ چل شه‌و و چل ڕۆژه‌ له‌به‌ر خۆردا دانیشتووی
نان و
ئاو و
كتێب و
نامۆیی نه‌بوون
له‌ناو ده‌سته‌كانت ئه‌م دیو و ئه‌و دیو ده‌كه‌یت
ده‌ستت بخه‌وێ‌
ڕیشۆڵه‌كانی شار شوێنیان نامێنێ‌ تێیدا قاچیان له‌ بن باڵیان گه‌رم كه‌نه‌وه‌
په‌نجه‌ت دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ی باڵنده‌یه‌ و به‌خشنده‌یی ده‌نوێنێت
قۆزاخه‌یه‌ك ده‌كرێته‌وه‌
كۆمه‌ڵێك گه‌نمه‌ شامی برژاوی له‌ ده‌وردا ڕژاوه‌
زه‌وی جارێك چاوی كرده‌وه‌ و دای خست
له‌چاوی خۆشی دوور نه‌كه‌وته‌وه

كانوونی یه‌كه‌می 2010 هه‌ولێر
سه‌باح ره‌نجده‌ر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.