
نامۆ… ڕەسوڵ سەفەریانی
له‌وه‌تی له‌بیرم بێت له‌گه‌ڵمدایه. وه‌ک هه‌ناسه ئاوێته‌ی ژیانم بووه. زۆر جار به قنج بوونه‌وه له به‌رده‌م پێکه‌نینه‌کانمدا، ده‌بێته هۆی سیس بوونی گوڵی خه‌نده‌م. ده‌مه‌وێت بخه‌وم پێش من سه‌ری له‌سه‌ر سه‌رنگاکه‌م داناوه و وه‌ک گیزه ده‌چێته گوێم و نایه‌ڵێت به ئارامی بخه‌وم. به‌یانیان پێش هه‌ستانم له‌سه‌ر قه‌ره‌ویله‌که‌م دانیشتوه و ده‌بێته یه‌که‌م وێنه‌ی سه‌ر کامێرای چاوم بۆ ده‌سپێکی رۆژێکی نوێ. به‌ڵام کام رۆژی نوێ، ئه‌گه‌ر هه‌موو رۆژێک سیمایه‌ک و ره‌نگ و ده‌نگێک لات دووپات بێته‌وه، هه‌موو چرکه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌کان خۆی به ژووری ده‌روندا بکات و هه‌ناسه‌ت قورس بکات، ئیتر ئه‌مه که‌ی کۆن و نوێی ده‌مێنێت. ئه‌گه‌ر تاریک و روونییه‌کانی شه‌و و رۆژ له‌به‌ر چاو نه‌گرین، من به جورئه‌ت ده‌توانم بڵێم هه‌موو ژیانم یه‌ک رۆژ بووه. چی بیره‌وه‌ریم هه‌یه هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه. چی وێنه له مێشکمدا خزن کراوه له هه‌ر هه‌موویاندا سه‌ری ناوه به‌سه‌رمه‌وه. ده‌ڵێی ئاوه‌ڵزادمه و نوساوه به له‌شمه‌وه و ناکرێت لێک بینه‌وه. ره‌نگه واش بێت، به بێ یه‌ک بمرین.
یه‌که‌م وێنه‌کا‌نی پێکه‌وه بوونمان یان بڵێم یه‌که‌م بیره‌وه‌ریه‌کانم له‌و، ده‌گه‌رێته‌وه بۆ یه‌که‌م رۆژی مه‌کته‌ب چوونم. له‌بیرم دێت پاش ته‌واو بوونی ده‌وام، له رێگادا به‌ره‌و ماڵه‌وه، که به نێو ته‌نیا شه‌قامی شاره بچوکه‌که‌دا تێپه‌ڕ ده‌بوو، کابرایه‌ک ترێی ده‌فرۆشت. منیش قرانێک جیره‌ی رۆژانه‌م پێ درابووم. ترێکه سه‌رنجی راکێشام و حه‌زم لێکرد. بایی په‌نابایه‌ک ترێم کڕی. هێشتا دوو ده‌نکم لێ نه‌خواردبوو که هاته به‌رده‌مم و به شکڵێکی ترسناکه‌وه وتی ئه‌وه چی ئه‌که‌ی نا‌بینیت مامۆستاکه‌ت خه‌ریکه دێت و ده‌ت بینێت. ئه‌و وه‌های وت که من بێ بیر کردنه‌وه، کرده‌وه‌که‌ی خۆمم وه‌ک تاوان هاته به‌رچاو، بۆیه به په‌له هه‌موو ترێکه‌م فڕی دا و هه‌ڵاتمه‌وه به‌ره‌و ماڵ.
له‌و رۆژه‌وه له‌گه‌ڵم گه‌وره بووه و له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونه‌که‌شدا تا هاتووه زۆرتر خۆی تێکه‌ڵاوی ژیانی من کردووه. ئه‌وه‌نده تێکه‌ڵاو، که زۆر جار خۆم و ئه‌وم لێ تێک ده‌چێت. زۆر بڕیار که له‌ژیانمدا ده‌بووا بدرایه‌ت، خۆی تێهه‌قورتاندووه و له کۆتایی بڕیاره‌که‌دا نه‌مزانیوه من بووم ئه‌و بڕیاره‌م داوه یان ئه‌و.
بۆ وێنه کاتێ ده‌رسم ده‌خوێند و له زانکۆ بووم، له گه‌ڵم ده‌هاته ده‌وام و تا دواین چرکه لام داده‌نیشت. که ده‌مویست وه‌ڵآمی پرسیارێک بده‌مه‌وه یان له باس و جه‌ده‌لێکدا به‌شداری بکه‌م، خێرا ده‌هاته به‌رده‌مم و ده‌یوت نا، نه‌که‌ی، تۆ نایزانیت، ئه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره نییه. باشتره قسه نه‌که‌یت ئه‌گینا ده‌بیته گاڵته جاڕی هاورێکانت. منیش بێده‌نگیم ده‌هێنا و مات ده‌بووم، به‌ڵام که سه‌یرم ده‌کرد وه‌ڵامه‌که هه‌ر ئه‌وه‌ی من بووه. چه‌ند جارێک ویستم گوێ بۆ ئه‌و شل نه‌که‌م، غیره‌تم ده‌دا به‌ر خۆم و سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی و ناره‌زایه‌تی ئه‌و ده‌ستنم هه‌ڵده‌هێنا و ده‌مویست پرسیاره‌که وه‌ڵآم بده‌مه‌وه. به‌ڵام ده‌چووه ناخمه‌وه و ده‌ستی ده‌کرد به سوخرمه لێدانم و کارێکی وای ده‌کرد که وه‌ڵامه‌که‌م لێ تێک ده‌چوو، ده‌که‌وتمه پرته پرت و قسه‌که‌م به ناته‌واوی یان ناروونی کۆتایی پێده‌هێنا. ئه‌م شته ته‌نیا له باره‌ی مه‌کته‌ب و ده‌رس و ده‌وره‌وه نه‌بوو. زۆر جار که له‌گه‌ڵ که‌سێک له‌سه‌ر شتێک لێم ده‌بوو به شه‌ڕ و قسه‌مان تێکده‌گیرا، خێرا به‌رده‌می پێده‌گرتم و نه‌یده‌هێشت داخی دڵی خۆم برێژم، ده‌ستی ده‌نا بینم، تێکه‌ڵاوێک له ترس و حه‌یای ده‌دا ده‌رخواردم. پاش شه‌ڕه‌که به‌رۆکم به‌م ده‌گرت و داخی دڵم پێده‌ڕشت. تا ده‌متوانی قسه‌م به‌و به خۆم ده‌ووت. لوتم لێده‌کرد و نه‌مده‌دوان. به‌ڵام ئه‌م ته‌نیا بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژارد، یان جار و بار ده‌یوت تۆ نازانیت، تۆ وایت و ده‌بێ وابیت ئه‌گینا ئیتر ئه‌وه تۆ نیت.
هه‌موو جارێکیش پاش کۆن بوونی رووداوه‌که، که ده‌یزانی خه‌ریکم هێور ده‌بمه‌وه، خۆی لێم نزیکتر ده‌کرده‌وه و ده‌یووت من تۆم خۆش ده‌وێت. تۆ نازانیت من خۆم به به‌شێک له تۆ ده‌زانم. ده‌یوت ره‌نگه بڕوا نه‌که‌یت که به بێ من له‌وانه‌یه تۆ نه‌توانی بژیت. ده‌یوت ئه‌زانم که ئێستا تووڕه‌ی به‌ڵام باشتره بزانی په‌ژیوانم ده‌بیته‌وه. به‌م قسانه ورده ورده ده‌هاته‌وه جه‌سته‌م و منیش ده‌چوومه‌وه دۆخه‌که‌ی خۆم و سه‌رقاڵی ژیانی رۆژانه‌م ده‌بووم.
زۆر جار ئه‌م به‌سه‌رهاتانه‌م بۆ بنه‌ماڵه وهاورێیانم گێڕاوه‌ته‌وه و داوام لێکردون که رێگه چارێکم بۆ ببیننه‌وه. هه‌ر که‌سه و له روانگه و بۆچوونی خۆیه‌وه سه‌یری بابه‌ته‌که‌ی ده‌کرد و پیشنیارێک یان بڵێین رێگه‌چاره‌یه‌کی ده‌خسته به‌رده‌مم.
– من پێم وابێت ئه‌وه شتێکی خراپه و باشتره له کۆڵ خۆتی بکه‌یته‌وه و واز له‌یه‌ک بێنن و خۆت رزگار بکه‌یت.
– به ڕای من هه‌بوونی وه‌ها هاوبه‌شێک له ژیاندا خراپ نییه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی نه‌بێته رێگر و سه‌رۆک به سه‌رته‌وه.
– من بم قه‌ت شتی وه‌ها قبوڵ ناکه‌م، هه‌ر له‌یه‌که‌م خۆ تێهه‌ڵقورتاندنیدا له ده‌می ده‌ده‌م و قه‌ت رێگه‌ی گه‌ڕاننه‌وه‌ی پێ ناده‌م. بۆ ده‌بێت گوێ بده‌یته شتی وه‌ها. پیاو ده‌بێت ئازاد بێت.
– ها ها ها ئه‌وه ئیتر چ به‌زمێکه، من قه‌ت گوێم له شتی وا نه‌بووه و هه‌ر کاتێک ویستبێتم به هه‌ر جۆرێک دڵم ویستبێتی و پێی راحه‌ت و رازی بووبێتم حه‌ز و مه‌یلی خۆم ده‌ر بڕیوه وگوێم له هیچ نه‌بووه.
ئه‌م قسانه‌ش لام بووبوونه موشکڵه‌یه‌کیتر و شه‌و و رۆژ بیرم لێده‌کرده‌وه و له نێوان دوودڵی راراییدا گیرم کردبوو. خۆم به بێ توانا و زه‌عیف و زۆر جار خوێڕی ده‌هاته به‌رچاو. تا رۆژێک له‌م رۆژانه ویستم داوای قه‌رزێک له هاۆرێیکم بکه‌مه‌وه که ماوه‌یه‌ک بوو پێم دابوو، به‌ڵام ئه‌و باسی نه‌ده‌کرد و هه‌ر کاتێکیش من ده‌هاتم باسی بکه‌م، ئه‌م به‌ری پێده‌گرتم و نه‌یده‌هێشت باسی بکه‌م. ده‌یگوت لێیگه‌ڕێ له‌وانه‌یه نه‌یبێت، ده‌ست ته‌نگ بێت، عه‌یبه با دڵی نه‌یه‌شێت.
ئه‌ورۆژه ئیتر که هه‌ڤاڵه‌که‌م بینی هه‌ر له لای خۆمه‌وه بڕیارم دا و به‌میش وت که ئێستا پێی ده‌ڵێم و تۆش بۆت نییه باسم بکه‌یت. هه‌رچی هه‌وڵی دا قه‌ناعه‌تم پێبێنێت که وا نه‌که‌م به‌لام من چه‌پۆکێکم کێشا به ده‌میا و خێرا به هاۆرێکه‌م وت : ئه‌وه باشه زانیار، من باسی پاره‌که ناکه‌م تۆش نابێت باسی بکه‌ی؟ زانیار ره‌نگی په‌ڕی و تف له ده‌میا وشک بوو و که‌وته پرته پرت و ویستی شتێک بڵێت که من خێرا زارم کرده‌وه و وتم پێویست ناکات چی بڵێیت هه‌ر ته‌نیا ئه‌مڕۆت مۆڵه‌ت هه‌یه، به‌یانی ده‌بێت بۆم بێنێته‌وه ئه‌گینا خۆم دێم درگات پێده‌گرم. ئیتر چاوه‌ڕێم نه‌کرد که هاورێکه‌م قسه بکات، سه‌رم داخست و به‌جێم هێشت. ئاگام لێ‌بوو که هاورێکه‌م تا ماوه‌یه‌ک هه‌ر له جێگاکه‌ی خۆیدا راوه‌ستا بوو. به سه‌ڕسامه‌وه و به سیله‌ی چاو شوێن پێمی گرت تا له چاوی ون بووم.
پاش ئه‌وه هه‌ستم به رازی بوونێک ده‌کرد و خۆم وه‌ک قاره‌مانێک ده‌هاته به‌رچاو که له دوو شه‌ڕی قورس‌دا سه‌رکه‌وتوو بووبێت. هه‌ستم ده‌کرد دوونیا له گۆشه‌نیگایه‌کی تره‌وه ده‌بینم و ره‌نگ و تام و بۆنه‌کان گۆڕاون. خۆم له دونیایه‌کیتردا ده‌بینی، دونیایه‌ک که تا راده‌یه‌ک تێدا نامۆ بووم. به‌ره‌و ماڵه‌وه به‌ڕێ که‌وتم. به‌ڵام ده‌ڵێیت ئه‌مه یه‌که‌م جاره به‌و رێگادا ده‌ڕۆم. لام وابوو که له شارێکی نه‌ناسراودام، هه‌ستم به نامۆیی و نوێبوون ده‌کرد. به رێبواری هاورێم گه‌یشتم، چه‌ند ده‌ققه‌یه‌ک له‌لای راوه‌ستام و چاک و چۆنیمان کرد. هه‌ستم کرد جۆرێک سه‌یرم ده‌کات به‌ڵام هیچی نه‌وت ماڵئاوایی کرد و ملی رێگای گرت و رۆیشت.
ئه‌ورۆژه که‌سی ترم له رێگادا نه‌بینی، به‌ڵام حه‌زم کرد به‌شاردا بگه‌ڕم و خۆم پیشان بده‌م و شاریش له‌م گۆشه‌نیگا نوێوه زۆرتر ببینم. بۆیه سواری تاکسی و پاس نه‌بووم، به کۆڵانه‌کاندا به‌ره‌و ماڵه‌وه ده‌ڕۆیشتم. دره‌نگتر له جاران گه‌یشتمه ماڵه‌وه. له‌به‌ر درگای ماڵه‌که له شوێنی پێڵاوه‌کاندا جووتێ پێلاوی نامۆم بینی که وادیاربوو میوانمان هه‌بێت. درگام کرده‌وه، زانیار له سه‌ر موبله‌که‌ی به‌رانبه‌ر درگاکه دانیشت بوو. هه‌ر که منی دی خێرا هه‌ستا و پاکه‌تێکی به‌ده‌سته‌وه بوو، رایکێشا به‌ره‌و من و وتی:
– فه‌رموو، ئه‌وه‌ش پاره‌که، سپاست ده‌که‌م. بڕێکی که‌م بوو بۆم جێبه‌جێ کردی. ماڵت ئاوه‌دان بێت ئیتر من ده‌بێت بڕۆم.
منیش پاره‌که‌م وه‌رگرت و ته‌نیا وتم زۆر باشه ده‌ستت خۆش. ئیتر هیچم نه‌وت. ئه‌ویش به‌ره‌و درگاکه رۆشت و پێڵاوه‌کانی له پێ ده‌کرد. هاوسه‌ره‌که‌م هات و داوای لێکرد بۆ نانخواردن له‌گه‌ڵمان بمێنێته‌وه. به‌ڵام نه ئه‌و قبوڵی کرد و نه منیش داوام لێکرد. ته‌نیا وه‌ڵامی خواحافیزییه‌که‌م دایه‌وه.
پاش رۆشتنی ئه‌و، هاوسه‌ره‌که‌م رووی له من کرد و وتی: ئه‌وه شه‌ڕتان بووه؟ یان چی؟
– نا هیچ نه‌بووه، من داوای پاره‌که‌م کرد و هیچیتر.
– باشه بۆ داوات لێکرد؟ تۆ نازانی ئه‌و ئێستا ده‌س ته‌نگه؟ بۆ خوڵکت نه‌کرد؟ چیته، ساخی؟
ئه‌ورۆژه رۆشت و رۆژانی دوای ئه‌وه‌ش تێپه‌ڕ‌بوون. به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونێ رۆژاندا، هه‌ستم به دابڕان و پچڕانێک له نێو خێزان و هاورێیاندا ده‌که‌م. هه‌موویان جۆرێک سه‌یرم ده‌که‌ن. وه‌ک سه‌یرکردنی که‌سێک که به‌ره‌و ترازان و تێکچوون ده‌چێت. نیگاکان پرسیاراوین. به گومانه‌وه لێم ده‌ڕوانن. دەڵێی هه‌موویان شتێک له مندا ده‌بینن و نایانه‌وێت بیدرکێنن. سڵم لێده‌کن. ته‌نانه‌ت کچه دوو ساڵانه‌که‌م به گومانه‌وه لێم ده‌ڕوانێت. وه‌ک بڵێیت نه‌مناسێته‌وه، یان هه‌ست به جۆره مه‌ترسیێک له لایه‌ن منه‌وه بکات. هه‌موو شت و هه‌موو که‌سێکم بۆ نامۆیه،لێم نامۆیه، نامۆن، نامۆیین، نامۆم.
oktober 2011