Skip to Content

Sunday, May 5th, 2024
بەهاری عەرەبی یان بەهاری ئیسلامی سیاسی!

بەهاری عەرەبی یان بەهاری ئیسلامی سیاسی!

Closed
by December 12, 2011 گشتی

 
گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سێکیولارو ئیسلامیەکانیەوە، بەسەدان ساڵە تینووی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی و دیموکراتین. خەونی ڕەوای لە مێژینەیان ئەوەبووە کە دەرباز بن لەو ڕژێمە چەوسێنەرو دڕندانەی کەوا وەک بەندەو کۆیلە سەیریان دەکەن. ئەگەر  دوور نەڕۆین و بەپەلە چاوێک بە مێژووی بەناو شۆڕشەکانی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووی ئەم ناوچەیەدا بخشێنینەوە، دەبینین ئەوە دەسەلاتداران بە پاشایەتی و کۆماریەوە کاتێک بەناوی سۆسیالیستی و وەختێک بەناوی نەتەوایەتی عروبی و تورکی و فارسی و تەنانەت بە تێکەڵاوکردن یان بە ناوی ئاینیشەوە، زۆرینەیان لە ڕێگەی دانان لەلایەن ووڵاتە زلهێزەکان یاخود کودەتای سەربازیەوە هاتونەتە سەر حوکم.

هەر بۆمانەوە لە سەر تەختی دەسەڵات هەموو توانا ئابووری و سەربازی و کەلتوری و راگەیاندنیان بۆ سەرکوتکردن و خەڵەتاندنی کۆمەڵانی خەڵک دەخستە گەڕ، سڵیان لە بەکارهێنانی هیچ هۆیەکی پیس و نەشیاو نەدەکردەوە بۆ مانەوەیان، لەوانە:  زەبروزەنگی بێئەندازە، هەتا دەگاتە شەڕ هەڵگیرساندنیش؛ بەرتەسککردنەوەی ئازادی و مافی ڕادەربڕین؛ دیماگۆگیەت و هەڵخەڵەتاندن؛ تەنانەت هەڵبژاردنەکان ئەوەندە ڕووکەش و مەرجدار بوون پێویستی بە ساختەکاریش نەبوو. دەبوایە پشتیوانی یەکێ لەم دوو بلۆکەی سۆسیالیستی یان سەرمایەداریەی کە لەو سەردەمەدا هەبوون مسۆگەر بکەن.

دەسەڵاتداران چەندین بەڵێن و دروشمی بریقەداریان بەکاردەهێنا گوایە دنیا لەسەر دەستی ئەوان دەبێتە بەهەشتی دیموکرتی و ئازادی و دادپەروەری، کە هەموان لەسایەیدا بە خۆشگوزەرانی و بەختەوەری دەژین. لەدوای دەیان ساڵ سەرگەرمکردنی خەڵک بەم بەڵێنە بریقەدارانە، لەچەند گۆڕانکاریەکی ڕووکەش زیاتر هیچیان نەدەکرد، تەنیا دەسەڵاتی خۆیان قایمتر دەکرد بۆ ئەوەی سامانی دزراوی کەڵەکەبوویان بپارێزن. لێرەدا کۆمەڵانی خەڵک بۆ ماوەیەکی درێژ چاوەڕێی گۆڕانێکبوون بە قازانجی ئەوان، کەچی بەشی ئەوان بە تایبەتیش کەمدەرامەتەکان، هەر هەمان چەوساندنەوەو کۆیلایەتی بوو ئیتر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو بەناو سێکیولارانە بەدیارکەوت. ڕوونبووەوە کە ئەوانە نەک هەر دیموکرات و ئازادیخواز نین، بەڵکو دیکتاتۆرو خوێنڕێژن. هەر بۆیە ئەمڕۆکە دەبینین ئەوا کانی رقی پیرۆزی کۆمەڵانی خەڵک بە شێوەی ڕاپەڕین و شۆڕش خۆی نمایش کردووە، وەک پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی، لە پێناوی گۆڕانکاری و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات و ڕزگاربوون لە سیستەمی گەندەڵ و نادادپەروەردا.

لەبەرئەوەی کە جەماوەر ئەو لایەنە بە ناو سێکولار و شمولیانەیان تاقیکردەوە کە بەڕاستی وێنەیەکی ناشرینی دەسەڵاتیان پێشکەش کرد، بۆیە ڕێژەیەکی زۆری جەماوەر لەتاو ئێش و ئازارو بێچارەیی خۆی، ئەم نەبوونی ئازادی و نادادپەروەریەی حەوالەی خوای گەورە دەکرد. ئینجا لە غیابی هێزێکی سێکیولاری ڕاستەقینەی بە‌هێزدا و لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکی باوەڕێکی بتەویان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەیە، ئەم کەشو هەوایە، بەوەی گوایە (ئیسلام چارەسەرە)، بووە دەرفەتێکی گونجاو بۆ ئیسلامیە سیاسیەکان. هەر بۆیەش لە هەموو ئەو ووڵاتانەی کە ئەو شۆڕشانەی تێدا سەرکەوتوو بووە یان بەڕێوەیە، رەوتی ئۆپۆزسیۆنی ئەم ئیسلامیانە بە ئەندازەی جۆراوجۆر، باشتر و ڕێکخراوتر لە رەوتی سێکیولارەکان، سواری شەپۆڵی ناڕەزایی و تووڕەیی خەڵک بووینە و لە ڕاپەڕین و هەڵبژاردنەکاندا لە پێشەوە و زۆرینەن، هەروەک لە تونس و میسرو ووڵاتانی تردا بە جوانی بەدیدەکرێ. چاوەڕوان دەکرێت لە زۆربەی هەرەزۆری ووڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوانەی هێشتا ڕزگاریشیان نەبووە، بە ڕاپەڕین بێ یان بەڕیفۆرم، باڵە ئیسلامیە سیاسیەکان بە شێوەی جیاواز لە پێشەوە بن، تا ئەو کاتەی دوور نیە بۆ دەیان ساڵ رەوتی ئیسلامگەرایی باڵی بەسەر تەواوی گەلانی ناوچەکەدا بکێشێ و ببێتە مۆدەی سەردەم و ئەوانیش بە دەوری خۆیان بە بەڵێنی بریقەدار خەڵک دەخافڵێنن. بۆیە ڕاستتر وایە بڵێین( بەهاری ئیسلامی سیاسی).

لێرەدا نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کە ووڵاتە زلهێزەکانی دنیا، بە تایبەتیش ئەمریکا،  دەستیان لە داڕشتنەوەی ناوچەکەدا هەیە، بە تایبەتیش ئەو تێزەی ڕۆژهەڵاتی گەورە کە ئەمریکا بۆ ناوچەکە هەیەتی لە مەودای نزیکدا سەری نەگرت، بۆیە ئەمریکا بە شێوەیەکی تر مامەڵە دەکا. تەنانەت ووڵاتە ئیقلیمیە گچکەو گەورەکانیش، بە ئاست و شێوەی جۆراو جۆر دەستیان لەناو ئەم بەهاری عەرەبیەدا هەیە، کوردستانیش هەر مەپرسە، هەریەکەی بۆ بەژەوەندی و ئامانجی خۆی، کە پێویست بە نموونە ناکات.

جا من لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە  لە وورەو هیوای شۆڕشگێڕان و چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆنی سێکیولار کەمبکەمەوە، کە هەڵگری ئامانجە پیرۆزەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی و دیموکراسی ڕاستەقینەن، هەروەها ناشمەوێ لە چالاکی و هیممەتی دڵسۆزانەی خەڵکی موسوڵمانی خۆمان کەمبکەمەوە، کە تینووی هەمان ئازادی و دیموکراتین، بەڵکە من بە هەموو پێوەرێک پێموایە هەڵتەکاندنی ئەم دیکتاتۆرانە کارێکی ڕەوایە و کەسیش ناتوانی ڕێگەی پێبگرێ. ئامانجم لەوەدا تەنیا ئەوەیە کە سوود لە ئەزموونەکانی وەک دەڵێن بەهاری عەرەبی و ڕۆژهەڵات بەگشتی وەربگرین. ئەگەر بەهاری کوردستان وەک بەهاری هەندێ لەو ووڵاتانە بێت، کێ دەڵێ بۆ کوردستان زستان نابێت. هەرچەندە زەمینەی کوردستان بۆ ئەم جۆرە ئیسلامیانە بەو ڕاددەیەی ووڵاتانی دەوروبەر نیە، بەڵام کە خاوەنی ئەزموونی بیست ساڵەی سەقەتی ئەم جۆرە دەسەڵاتە کوردیە بین، کە دادپەروەری و ئازادی و دیموکراتی تیایا لە ئاستێکی نزمدایە، وە بەهۆی لاوازی ئۆپۆزسیۆنی سێکیولاری ڕێکخراو لەلایەکی ترەوە، بێگومان ئەوە لێکچونێکی گرنگە لەگەڵ ئەو ووڵاتانەدا، هەر ئەوەشە ڕێگە خۆشکەرە بۆ پەرەسەندنی هێزی ئۆپۆزسیۆن بۆ خۆپیشاندان بە شێوەیەکی گشتی، ئیسلامیە سیاسیەکانی کوردستان بە تایبەتی.

پێویستە بگوترێ پێشی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕابردوو دەستیپێکرد، لێرەو لەوێ دەنگی نیمچە ئۆپۆزیسیۆنێکی تاڕادەیەک بەهێزیش هەبووە، بە ئیسلامی و سێکیولاریەوە، کە قاچێکیان لە ناو دەسەڵات و ئەوی تریان لە دەرەوە بووە. بەڵام ڕێکخراو نەبووە.

ئەزموونەکان پێمان دەڵێن ئیسلامیەکان بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش جیاواز بن تا ئەو کاتە باوەڕیان بە دیموکراتی هەیە تا جێ پێی خۆیان قایم دەکەن، کە تەرازووی هێز زۆرتر بەلایاندا شکایەوە، ئەوانە ئیدی میانڕەو نین، دادپەروەریشیان لە بەزەیی و خێر و سەرفیترە و زەکات تێپەڕ ناکات.

خۆ ئەگەر ئیسلام بۆ سەردەمێک چارەسەر بووبێ، ئەوە گەڕانەوە بۆ دەقەکانی ئیسلام بە بێی هیچ ڕیفۆرمێک، بۆ ئەمڕۆ نەک هەر هیچ چارەسەرێکی پێنیە و لەگەڵ دیموکراسیەت و گیانی سەردەم یەکناگرێتەوە، بگرە دەمانگەڕێنێتەوە دواوەش. ڕژێمی ئیسلامی سیاسی، درێژەدانی هەمان نادادپەروەری و چەوسانەوەی مرۆڤە بە شێوەیەکی تر لە ژێر دروشمی ئەوەی کە( دەوڵەمەند و هەژار خوا دایناوە)، ئەوە نەگۆڕ و پیرۆزە، ناکرێ دەسکاری بکرێ.

خۆ نموونەی ئەزموونی ناشرینی ئەم جۆرە ئیسلامیانە هەیە لە سۆماڵ و ئەفغانستان و ئێران. باشترین نموونەیان گوایە ئەردۆگانی تورکیابوو، بزانن پاشی ئەم هەموو گفت و هەرێیە دیماگۆگیانەی بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بەم هێڕشەی بە سەر ناوچەکانی قەندیل و هەڵسوکەوتی حکومەتەکەی لەسەر بوومەلەرزەکەی شاری وان و ئەو ڕەشبگیریەی بۆ گرتن و ڕاوەدونان و ئەشکەنجەی ئازادیخوازان، چۆن پاشەڵی پیسی بە ڕۆشنی کەوتە بەرچاوان. ئەگەر لەبەر هەندێ هۆ نەبێت کە بۆی ناچێتەسەر و لێرەدا بواری باسکردنی نیە، ئەوە بێ دوودڵی یەکسەر کودەتای ئیسلامی دەکردو پەرلەمانی هەڵدەوەشاندەوە.

سروشتی مرۆڤ وەهایە، خەڵک ئەو کاتە ئەو ئیسلامیانە باشتر دەناسێ کاتێ لە پڕاکتیکدا درێژە بە هەمان چەوسانەوەی جاران دەدەن. هەر کە دەم و چاوی ناشرینیان دەرکەوت، ئەوکاتە خەڵک لێیان هەڵدەگەڕێنەوە، ئینجا هەمان سوڕی ڕاپەڕین و شۆڕش دەست پێدەکاتەوە، ئەمجارەیان لەدژی ئیسلامیەکان. بۆیە مافی خۆمانە کە بە گومانەوە سەیری هەندێ جوڵانەوە بکەین. خۆ نابێ جوولانەوە بکەینە ئامانج و مەبەستە پیرۆزەکانمان لەبیر بچێتەوە، یانیش تەنیا گۆڕان بکەین لە پێناوی گۆڕاندا.

دەبێ ئەو مێژوەمان لەیاد بێت ئەگەر نەتەوەکانی تر هەریەکەی بە شێوەیەک لە شێوەکان سوودی لە ئیسلام بینیوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بەڵام تا ئێستا نەتەوەی کورد لە دینداری زیاتر، (هەرچەندە ئێمە پێشی ئیسلامیش ئایینی زەردەشتیمان هەبووە) ئەوە هیچ قازانجێکی بۆ نەتەوەکەمان نەبووە و بگرە زیانیشی هەبووە. ئەگەر مەسەلەکە تەنیا بۆ خواپەرستی بێت بێ، ئەوە هەر کەس بەبێی ئیسلامیە سیاسیەکان، دەتوانێ لە مزگەوتیش نەبێ، لە ماڵەوە باوەڕی دینداری خۆی پەیڕەو بکات. بۆیە دەبا بە هەوەنتە بەگەر لێشاوی هەر ڕوبارێک نەکەوین کە نازانین لە کوێ لەنگەر بە کەشتیەکەمان دەگرێ و خۆ ئەگەر پاشانەکە بڵێین سەد خۆزگە بە کفندز فایدەی چیە.

لە کۆتاییدا دەڵێم ئەگەر کوردستان وەکو ئەو ووڵاتانەشی لێبێت کە باسم لێوە کرد، یان خوانەخواستە هەتا ئەگەر وەکو ئەفغانستانیشی لێبێت، ئەوا بێگومان بە شێوەیەکی سەرەکی خەتای دەسەڵاتی نادادپەروەر و بێسەرو بەری کوردیە، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی بە ئاشکرا شکستی هێنا بە لەدەستدانی ئەم دەرفەتە مێژووییەی دوای ڕوخانی ڕژێم بۆ سەندنی مافە نەتەوایەتیەکان، هەروەها بووە نموونەیەکی ناشیرینی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

بە داخەوە دەسەڵاتی کوردی، نیشانەی مەترسیداری هەنگاوی بەرەو دیکتاتۆریەتی لێدەرکەوتووە. هەموومان دەزانین ئەو دەسەڵاتدارانە ماوەیەکی درێژە جێگەی کورسیان گەرم کردووە کە سووڕی ژیانی خۆیان و ملیارەها دۆلاری بانکەکانیانی پێدەپارێزن. ئەمانەش تێکڕا تووشی نەخۆشی دائول عەزەمەی کردوون و نابینای کردوون. خۆ ئەگەر بە پەلە چاکسازی ڕاستەقینە نەکەن، دیسان کێشەکان بە لێژنەی درۆزنانە بسپێرن، ئەوە بێگومان لەم بارودۆخە ناڕۆشنەی کوردستاندا، ڕۆشناییەکی ئەوتۆ لە تونێلی دواڕۆژی کوردستانی بەدیناکرێ.

سەدیق رەنجبەر

hoshmend-salih@hotmail.com
١٢-١٢-٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.