
یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت کۆمونیزمی لێنینییه*
به‌لشه‌فیزم=کۆمونیزم؟***
وشه‌ی کۆمونیزم له‌سه‌ر زاری هه‌مووانه، هه‌ندێك له‌وانه، ئه‌و که‌سانه‌ن که تازه ده‌ستیان داوه‌تێ زۆر ساده و ساویلکانه باسی ده‌که‌ن، هه‌ندێكی تریشیان ئه‌وانه‌ن که لێی تۆقیون و نه‌فره‌تی ده‌که‌ن، چونکه به هه‌ڕه‌شه و هێرشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانن، من دڵنیام له‌وەی که ئه‌وانه، نه ئه‌وان و نه ئه‌مان، هزرێکی ڕووناکیان نییه و نازانن کۆمونیزمی ڕاسته‌قینه چییه؟ هه‌روه‌ها ناشزانن به‌لشه‌فیزم چییه؟ که ئا به‌و جۆره کراوه‌ته ڕۆحاوی کۆمونیزم.
کۆمونیزم ده‌ربڕین و نوێنه‌رایه‌تیکارییه‌کی نموونه‌یی یه‌کسانی و برایه‌تیی مرۆییه، چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆ له‌لایه‌ن مرۆوه به سه‌رچاوه‌ی کۆیله‌یی و سته‌مدیده‌یی ده‌زانێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانێت و ده‌ناسێته‌وه که نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێشنه‌که‌وتنی ڕه‌وشتی و هزری له نه‌بوونی نابه‌رابه‌ری ئابوورییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
دروستبوونی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ‌چین خواست و هیوا و مه‌به‌ستی کۆمونیزمه، واته دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که تیایدا خاوه‌ندێتیی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن هاوبه‌شی کراوه، مرۆ ته‌نها له کۆمینێتییه‌کی بێ‌چین و هاریکاردا ده‌حه‌وێته‌وه و له‌زه‌ت ده‌بینێت.
مه‌به‌ستم له نووسینی ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه، به‌راوردێك بکه‌م له‌نێوان ئایدیالی کۆمونیزم و ئه‌وه‌دا که پراکتیزه ده‌کرێت له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، به‌ڵام بۆم ده‌رکه‌وت که ئه‌نجامدانی کارێکی وا، هه‌روا ئاسان نییه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که له ڕاستیدا یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت کۆمونیزمی لێنینییه، نه‌ك هه‌ر کۆمونیزمی لێنینییه، حزبی کۆمونیست، هیچ ڕێنماییه‌ک و پرانسیپێکی کۆمونیزمی جێبه‌جێ نه‌کردووه، له‌و وڵاته به بیروبۆچون و تێڕوانینی هه‌ندێك که‌س ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی من سووک و هیچووپووچه، لای هه‌ندێکی تریشیان، من زۆربڵێ و شتزلکارم، به‌ڵام من بۆ خۆم دڵنیام له‌وه که مه‌به‌ستی من، ته‌نها پشکنین و هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ئێستای ڕوسیایه و هیچی تر، کاریشم بۆ ئه‌وه‌یه، بتوانم خوێنه‌ر بهێنمه سه‌ر ئه‌و بڕوایه که نیازم پاکه و ڕاستی ده‌ڵێم.
با سه‌ره‌تا ئێمه گرنگی بده‌ین و سه‌رقاڵی ئه‌وه بین و وه‌های دابنێین که کاکڵه‌ی هزری به‌لشه‌فییکه‌کان کۆمونیزمه، به‌ڵام بنه‌مای هزری به‌لشه‌فیکه‌کان بریتییه له ناوه‌ندێتی و سه‌روه‌ری و ده‌وڵه‌تگه‌رایی و توندوتیژی و داپڵۆسینی ده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه‌ش هه‌موو ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی هاوبه‌شیخوازیی ئازاده‌وه‌یه، واته مه‌سه‌له‌که لای ئه‌وان ده‌سه‌ڵات و زۆره‌ملێییه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش له یاد نه‌که‌یین که مێتودی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌تی، مێتودێکه و خوازیاری ئه‌وه‌یه نه‌غمێکی کۆمونیستخوازی ببه‌خشێت به جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌کانی خۆی.
– به ناسیۆنالیزمکردن یا به سۆسیالیزمکردن؟
به سۆسیالیزمکردن یه‌که‌م مه‌رجی به ئه‌نجامگه‌یاندنی کۆمونیزمه، به سۆسیالیزمکردنی زه‌وییه‌کان و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن، ئامێره‌کان و زه‌وییه‌کان ده‌که‌ینه هاوبه‌شی تا به شێوازێکی تاکی، یا گرووپی، به‌گوێرەی پێویست به کار بهێنرێن، به‌ڵام له ڕوسیا له‌بریی ئه‌وه‌ی به سۆسیالیزم بکرێن، به ناسیۆنالیزم کراون. به ناسیۆنالیزمکردن هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه، چونکه له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌تمه‌ندی ناسیۆنالیستی بوونی نییه ، به ناسیۆنالکردن کیانێکی داماڵراو و کورتکراوه‌یه abstraite. بۆ ئه‌وه‌ی ببیته خاوه‌ندار، جا ئه‌و خاوه‌ندارییه تاکگه‌رای بێت، یا گرووپگه‌رایی بێت، له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا به‌پێی )چه‌ندایه‌تی( دیاری و پێوانه ده‌کرێت. موڵك تاکی بێت یا گرووپی، ده‌بێت یا سۆسیالیزه بکرێت، یا ناسیۆنالیزه بکرێت، چونکه چاره‌ڕێگه‌یه‌کی تر نییە. ئەگه‌ر ناسیۆنالیزه کرا، ئه‌وا له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌کرێته موڵکی ده‌وڵه‌ت و، حکوومه‌ت هه‌ڵیده‌سووڕێنێت، هه‌موو که‌سێك پابه‌ندی بڕیاری ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ته، ئەگه‌ر به پێچه‌وانه‌وه ئه‌نجام درا، واته به هاوبه‌شی کرا؛ ئه‌وا له‌م حاڵه‌ته‌دا، هه‌ڵسوڕانکارییەکه‌شی ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت، واته هه‌ر که‌سێ ده‌توانێت ئاره‌زوومه‌ندانه ڕووی تێبکات و به‌کاریبهێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هێزێك هه‌بێت و بتوانێت ڕێگری بێت.
له ڕوسیا نه زه‌وی، نه به‌رهه‌مهێنان، نه دابه‌شکردن، به هاوبه‌شی نه‌کراون، هه‌موو ئه‌وانه ناسیۆنالیزمه کراون و وان به ده‌ست حکوومه‌ته‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن پۆست له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و شه‌مه‌نده‌فه‌ر له ئه‌ڵمانیا وان به ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه، پێکهاته‌ی ئه‌و په‌یکه‌ره ئابوورییه‌ش به هیچ کلۆجێك فڕی به‌سه‌ر کۆمونیزمه‌وه نییه.
پێکهاته و په‌یکه‌ری ئابووری له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت له‌وه ده‌رچووه و، یا بڵێین له‌وه‌دا نه‌ماوه، که په‌یوه‌ندی به کۆمونیزمه‌وه هه‌بێت. حکوومەتی ناوه‌ندی بۆته خاوه‌نی زه‌وی و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌رچاوه‌کانی تر، هیچێك نه‌ماوه ئه‌و، واته حکوومه‌ت، خاوه‌نی نه‌بێت و به ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵسوکه‌وتی پێوه نه‌کات. به هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌هاشی هه‌یه به‌سه‌ر بواری بازرگانیی ده‌ره‌وه‌دا. هه‌رچی چاپه‌مه‌نیش هه‌یه، هه‌ر موڵکی خۆیه‌تی، هه‌موو کتێبه‌کان و لاپه‌ڕه‌کان و کاغه‌زه‌کان بۆ بڵاوکراوه ڕه‌سمییه‌کان به کار ده‌هێنرێن، وێنه‌ی سه‌رده‌می -تزاره‌کان-، هه‌رچی هه‌یه، موڵکی ده‌وڵه‌ته، ته‌نها هه‌ندێك موڵك نه‌بێت که ناسیۆنالیزه نه‌کراون، ئه‌وانه‌ش بریتین له هه‌ندێك خانووبه‌ره‌ی داته‌پیوو له مۆسکۆ، یا هه‌ندێك دوکان و بازاڕی خۆجوانکردن. ئه‌وانه‌ش حکوومه‌ت ده‌توانێت له‌چاوترووکانێکدا بیانکاته موڵکی خۆی، له حاڵه‌تێکی ئاوه‌هادا ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دارمان، یا باشتر بڵێین ده‌وڵه‌تی خاوه‌نکارمان، پیشان ده‌درێت. که‌واته هیچ زیاده‌ڕۆیی و خه‌ووخه‌یاڵ و داڵغه‌لێدانێك نییه ئەگه‌ر بووترێت و وا ده‌ربخرێت که ئه‌و حاڵه‌ته هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به کۆمونیزمه‌وه نییه.
به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنان
با ئاوڕێکیش له به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنان بده‌ینه‌وه، تا بتوانیین ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ڵیبسه‌نگێنین، هه‌ر هیچ نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه به‌شکو که‌مێك کۆمونیزم بدۆزینه‌وه، یا بتوانین پله‌یه‌ك له پله‌کانی ژیان له یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت دیاری بکه‌ین و که‌مێك به شانوباڵیدا هه‌ڵبده‌ین.
له‌مه‌وبه‌ر باسی ئه‌وه‌م کرد که زه‌وی و ئامرازه‌کانی تری به‌رهه‌مهێنان کراونه‌ته موڵکی ده‌وڵه‌ت، واته ئه‌و چه‌ندایه‌تییه‌ی به‌رهه‌مهێنان که پێویسته له‌لایه‌ن یه‌که‌پیشه‌سازییه‌کانه‌وه -فابریکه‌کان- کارگه‌کان- به‌رهه‌م بهێنرێت هه‌مووی ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌تی ناوه‌ندی له مۆسکۆ دیاری ده‌کات و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت وڵاتێکی فراوانه، یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی جیهانه، ژماره‌ی دانیشتوانی خۆی ده‌دات له 165 ملیۆن که‌س، چه‌ند کۆمارییه‌کی ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌یی له‌خۆگرتووه، هه‌ر ناوچه‌یه‌کی وه‌ربگریت، به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، گومان له‌وه‌دا نییه که نه‌خشه‌کێشانی پیشه‌سازی و ئابووری گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها گومانیش له‌وه‌دا نییه که باشگوزه‌رانی کۆمینێتگه‌ری و یه‌کسانیی ئابووری نێوان مرۆکان و کۆمیونێته‌کان بوونی حزبێکی کۆمونیستی به‌فه‌ڕ و نێتپاك فه‌رز ده‌کات، هه‌ر کۆمیونێتێییه‌ك وه‌ربگریت پێویستی به باشترین و کاریگه‌رترین نه‌خشه‌ی ئابووری هه‌یه، به‌گوێرەی پێویستی و تواناکانی ناوچه‌که خۆی، ئه‌وه جگه له‌وه که ده‌بێت ئازادیی ته‌واو ببێته بنه‌مای نه‌خشه‌کێشانی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك. هه‌روه‌ها پێویسته هه‌ر کۆمیونێتێییه‌ك هێنده‌ی پێویستییه‌کانی خۆی خاوه‌نی به‌رهه‌می خۆی بێت. دیاریکردنی ئه‌و پێویستییانه ئه‌رکی تایبه‌تی خۆیه‌تی، ده‌شبێت کۆمیونێتییه‌کان خۆیان سه‌روه‌ری ئاڵوگۆڕکاری بن. لێره‌دا مه‌به‌ست له ئاڵوگۆڕکردنه به‌و به‌رهه‌مانه که له پێویستییه‌کانی خۆیان زیاتره، که‌واته ده‌بێت نه‌هێڵرێت هیچ هێزێکی ناوه‌ندی له ده‌ره‌وه‌ی کۆمیون ده‌ست وه‌رداته ئه‌و ئاڵوگۆڕانکارییه.
له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووری، کۆمونیزم به‌و چه‌شنه نییه له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه هه‌ڵنه‌چنراوه و هه‌ڵناسووڕێت. ئێمه ته‌نها له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه که باسمان کرد دەتوانین بڵێین که به پێویست کۆمونیزم ئازادیخوازه -ئه‌نارکییه-، ئێمه به هیچ کلۆجێك نه کاریگه‌ری، نه شوێنه‌واری ئه‌وه له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت به‌دی ناکه‌ین. ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌یه، نه‌ك هه‌ر به پێچه‌وانه‌وه‌یه، به‌ڵکو هه‌موو هه‌وڵێکیش بۆ ڕێکخستن و پراکتیزه‌کردن له‌و چه‌شنه، واته کۆمونیزمی ئازادیخواز، کراوه‌ته تاوانێکی گه‌وره و سزاکه‌شی کوشتنه.
نه‌خشه‌کێشانی پیشه‌سازی و پرۆسیسی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن وا له مشتی حکوومه‌تی ناوه‌ندی و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابووریدا، واته وا له مشتی حزبی کۆمونیستدا. ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابووریش ته‌واو دابڕاوه له خه‌ڵکانی کۆمارییه سۆسیالیسته سۆڤیه‌تییه‌کان، بڕیاره‌کانیشی کراونه‌ته هه‌لومه‌رجی کارکردنی خودی ئه‌نجومه‌ن خۆی، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که بووه مایه‌ی ئه‌وه که ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌شێکی زۆر زۆری گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ی باشوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی نارده ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ش بووه هۆیه‌کی سه‌ره‌کیی کوشتنی دوو ملیۆن که‌س له‌ژێر باری برسێتییه‌که‌ی 1932-1933دا.
ده‌وڵه‌ت له‌وه‌شدا تاوانباره که ته‌واوی هۆی دروستبوونی ئه‌و باروزووفه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه که پێشه‌واکان هه‌ر سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه که هه‌ر درێژه بده‌ن به سه‌روه‌ریی خۆیان. پێویسته ئه‌وه‌ش له یاد نه‌که‌م که سه‌رباری ئه‌وه که برسێتی هه‌موو وڵاتی ته‌نیبوو، نه‌خشه‌ی ڕۆژانه‌ش بریتی بوو له‌وه که ده‌بێت گرنگییه‌کی تایبه‌ت بدرێت به پیشه‌سازیی گه‌وره و پێش بخرێت، به‌ڵام کام پیشه‌سازیی گه‌وره و چ جۆره پێشخستنێك؟ بێگومان ئه‌و پیشه‌سازی و پێشخستنه، که‌وا کراوه‌ته خزمه‌تکاری مه‌به‌سته سه‌ربازییه‌کان.
دابه‌شکاری و هه‌موو چالاکییه‌کانی تریش هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه، بۆ پای نەگبه‌تیی ئه‌وه ته‌نها هه‌ر له شار و شارۆچکه‌کاندا وا نییه، له هه‌موو ئه‌و هه‌رێمانه‌شدا وایه که یه‌کێتیی سۆڤیه‌تیان لێ پێکهاتووه هه‌ر به‌و چه‌شنه‌یه، که‌واته هه‌رێمه‌کان سه‌ربه‌خۆ نین هه‌موویان ژێرده‌سته و ملکه‌چی مۆسکۆن، هه‌موو چالاکییه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌کانیش به زۆری زۆرداری له‌ژێر چه‌پۆکی -دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا-دان له مۆسکۆ. له‌وه خراپتریش ئه‌وەیه که له کۆمارییه سۆسیالیسته‌کاندا هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی ژیانی ناوچه‌یی و ژیانی تاکه‌کانیش به‌پێی –هێڵی گشتی- ده‌برێن به‌ڕێوه، ئه‌و هێڵه‌ش ده‌ستودیاریی ناوه‌نده، به واتایه‌کی دی لیژنه‌ی ناوه‌ندی و مه‌کته‌بی سیاسیی حزب دایناوه، ئه‌و پێکهاته‌یه‌ش وا له چنگی پۆڵایینی یه‌ك زه‌لامدا. پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن که‌سێك ده‌توانێت نازناوی کۆمونیزم ببه‌خشێت به‌و دیکتاتۆرییه‌ته؟ ئه‌وه ئۆتۆکراتییه‌تێکی ڕه‌هایه، هێزی تزاری به تۆزی پێیدا ناگات، هه‌ر ئه‌وه‌شه که ناچێته ئه‌قڵه‌وه و منی سه‌رسام کردووه.
ژیانی ڕۆژانه له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت
با ئێسته پشکنینکاری بکه‌ین، تا بزانین -کۆمونیزم- به‌لشه‌فیك چۆنچۆنی کاری کردۆته سه‌ر ژیانی جه‌ماوه‌ر و تاك له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت.
هه‌ندێك که‌سی ساده و ساکاری ساویلکه بڕوایان وایە که هه‌ندێك خه‌سڵه‌تی کۆمونیزم چۆته ژیانی جه‌ماوه‌ری ڕوسه‌وه. من حه‌زم ده‌کرد ئه‌وه وا بووایه، چونکه هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌وه ئاسۆیه‌کی ڕووناکی ده‌رده‌خست، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌و ئاڕاسته‌یه، هیچ گه‌شبینییه‌ک و گه‌شه‌کردنێك دیار نییه له ژیانی سۆڤییه‌تییه‌کاندا، نه له بواری په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، نه له بواری تاکیدا، هیچ هه‌وڵێك نه‌دراوه بۆ جێبه‌جێکردنی پرانسیپه‌کانی کۆمونیزم. پێشان جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه کرد و ده‌رمخست که ده‌بێت کۆمونیزم ئازاد و ئاره‌زوومه‌ندانه بێت، به‌ڵام ئه‌وه له ڕوسیا حه‌رامه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که ئه‌و جۆری بیرکردنه‌وه ئازادیخواز و ئاره‌زووخوازییه خراوه‌ته خانه‌ی دژه‌شۆڕشه‌وه و مه‌زنتریین خیانه‌تیشه که ده‌کرێت ده‌رهه‌ق به ستالینی هه‌ڵه‌نه‌ناس و حزبی بێگه‌رد -حزبی کۆمونیست-.
لێره‌دا باس له کۆمونیزمی ئازادیخواز -ئه‌نارکیزم- ناکه‌ین و وه لاوه‌ی ده‌نێین، ئێمه له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت هیچ جێگه‌ده‌ستی کۆمونیزم نادۆزینه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تگه‌راییه و سه‌روه‌ریخوازیش سمبولێتی.
له‌ناوبردنی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وزه‌به‌خشی کۆمونیزمه، ته‌نانه‌ت لای کۆمونیزمه زوڵمکاره‌که‌ش هه‌ر به‌و جۆره‌یه.
قۆناغی یه‌که‌می کۆمونیزم به‌رقه‌رارکردنی یه‌کسانیی ئابوورییه، هه‌ر ئه‌وه‌شه بناغه‌ی جه‌می فه‌لسه‌فه‌ی کۆمونیزم. جا ئەگه‌ر هه‌ندێك جیاوازیش هه‌بێت، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که هیچ خاڵێکی هاوبه‌ش نییه. نه‌خێر ئامانجی هاوبه‌ش هه‌ر زامنکردنی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌موو مه‌سه‌له‌کانیش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که سه‌ره‌تا ئێمه ناتوانین دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی بچه‌سپێنین، به‌بێ به‌رقه‌رارکردنی یه‌کسانیی ئابووری، ته‌نانه‌ت –ئه‌فلاتۆن-یش، به‌بێ هیچ چه‌ندوچۆنێك و بگره‌وبه‌رده‌یه‌ك، له کۆماره‌که‌ی خۆیدا به ته‌واوی لایه‌نگری یه‌کسانیی ئابووری کردووه، ئه‌وه له کاتێکدا بووه که پێشبینی هه‌موو جۆره جیاوازییه ڕۆشنبیری و ڕه‌وشتییه‌کانیشی کردووه. ئه‌و، واته -ئه‌فلاتۆن-، دژی ئه‌وه بووه که خاوه‌نئیمتیازه‌کان، ئیمتیازه‌کانیان زیاتر بکرێت، چونکه ده‌بێته هۆی له‌قکردنی پارسه‌نگی یه‌کسانیی ئابووری، که‌چی تازەبەتازە له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت به پێچه‌وانه‌وه‌یه. له ڕوسیا به‌لشه‌فیزم چینه‌کانی له‌ناو نه‌بردووه، ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی ته‌نها په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئاوه‌ژوو کردۆته‌وه و که‌له‌به‌ره چینایه‌تییه‌که‌ی پێش شۆڕشی فراوانتر و قووڵتر کردووه.
-به‌ش و ئیمتیازه‌کان
ئه‌و ده‌مه‌ی خۆم بینییه‌وه له ڕوسیا، واته جه‌نیوه‌ریی 1920، به چاوانی خۆم بینیم که به‌شێکی یەکجار زۆری هه‌مه‌چه‌شنه هه‌بوو که حکوومه‌ت خواردنی ده‌دانێ. ئه‌و به‌شه هه‌مه‌چه‌شنه‌یه، به‌شه‌کانیان له ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه زۆر بوو هه‌مه‌جۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگ بوو، چۆنایه‌تییه‌که‌شی له هه‌ره باشه‌کان بوو. ئه‌وانه ئه‌ریستۆکراته‌کانی شۆڕش بوون، له ڕووی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه جێگه و پێگه‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو، ئه‌وانه خاوه‌نئیمتیازه‌کان بوون. دوای ئه‌وانه سه‌ربازه‌کان و پیاوه‌کانی سوور دەهاتن، ئه‌مانه وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێشوو نه‌بوون، تا به‌شه‌کانیان له هه‌ره باشه‌که بێت. دوای ئه‌وانه‌ش کارگه‌رانی بواری چه‌کسازی بوو، دواتر وه‌ستا و پیشه‌زانه‌کان بوون و…تاد. ئه‌وانه حاڵیان شڕ بوو، له ڕیزی هه‌ره خراپه‌کاندا بوون، به‌شێکی زۆر که‌م و خراپیان ئه‌دانێ له نان، چەوری، شەکر و تووتن، ئەگه‌ر له‌به‌ر ئه‌وانی تر بمایه‌ته‌وه هه‌ندێك کاڵای تریشیان ئه‌دانێ. دوای ئه‌مانه‌ش ئه‌و که‌سانه بوون که کاتی خۆی سه‌ر به چینی بۆرژوازی بوون، واته ئه‌و چینه که به ڕه‌سمی له‌ناوبرابوو. ئه‌و نه‌گبه‌تانه هه‌ر هیچیان نه‌ده‌دانێ، زۆریشیان مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو خانووشیان هه‌بێت، بۆشیان نه‌بوو هیچ جۆره کارێک بکه‌ن، ئه‌وانه ناچار یا ده‌بوون به دز و جه‌رده، یا پاڵیان ده‌دا به سووپای دژه‌شۆڕشه‌وه.
ئه‌ندامانی حزبی کۆمونیستیش خاوه‌نی کارتی سوور بوون، پله‌وپایه به‌رز بوون. لەناو ئه‌و کارت سوورانه‌شدا پله‌ی جیاواز جیاواز هه‌بوو، هه‌ندێکیان به ئیمزای سه‌روه‌رێکی حزبی ڕووخسه‌تی ئه‌وه‌یان پێ ده‌درا له چێشتخانه حیزبییه‌کاندا چێشت بخۆن. ئه‌وانه ژێر به‌رگیان گه‌رموگوڕ بوو، پێڵاوه‌کانیان چه‌رم بوو، هه‌روه‌ها پاڵتۆکانیشیان خووری بوو. به‌لشه‌فیکه باڵاده‌سته‌کان چێشتخانه‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو، قەدەغە بوو به‌لشه‌فیکه‌کانی خواره سه‌ری پێدا بکه‌ن و چێشت بخۆن. ئه‌و چێشخانانه له گه‌ڕه‌که گشتییه‌کان بوون. دوو جۆر چێشتخانه هەبوو، یه‌که‌میان بۆ کۆمونیسته هه‌ره زه‌به‌لاحه‌کان بوو، دووه‌میش بۆ ئه‌و کۆمونیستانه بوو که که‌مێك له خواره‌وه‌تر بوون. -زینۆفیف- سه‌رۆکی سۆڤیه‌تی پترۆگراد دەبووایه له‌وێ نانی بخواردایه، واته ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که پله‌ی به‌رز بوو بۆی نه‌بوو له چێشتخانه‌ی زه‌به‌لاحه‌کان چێشت بخوات. سه‌رباری ئه‌و ئیمتیازانه، ماوه‌یه‌کیش جێگه‌ی شاره‌وانی کرایه یانه‌ی سه‌فاهه‌تی ئه‌و کۆمونیستانه به خۆیان و خاووخێزانیانه‌وه، له‌وێکه ڕایانده‌بوارد. لە مۆسکۆ، خارکۆڤ، کیێڤ و ئۆدێسا ئە‌و بەزمی سه‌فاهه‌ته هه‌ر به‌و جۆره بوو، له سه‌رتاپای ڕووسیا به باو کرابوو.
ئه ئاواهی بوو –کۆمونیزم-، -به‌لشه‌فیزم-. ئه‌و سیستمه کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی خوڵقاند و بووه مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایی و هه‌ستونه‌ستی دژایه‌تکاری هورووژاند، ئه‌وه‌ش بووه مایه‌ی تێکوپێکشکاندن و په‌کخستنی کارگه‌کان. لە دێهاته‌کانیش مانگرتن و ڕاپه‌ڕینه‌کان به‌رده‌وام بوون، ده‌وترا و ده‌وترایه‌وه که مرۆ ته‌نها به نانه‌سکێ ناژی، مه‌سه‌له‌ی ئازادیی وڵات لای جه‌ماوه‌ری خوێنڕژاو گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو. جگه له‌وانه که باسمان کردن، سیستەم دروستکردنی جیاوازی نێوان ناوچه‌کان و هه‌رێمه‌کانی کردۆته سه‌مبولی ڕژێمی نوێ، لای جه‌ماوه‌ر به‌لشه‌فیزم بۆته درۆیه‌کی زل، چونکه به‌ڵێنه‌کانی به درۆ ده‌رچوون، به تایبه‌تی به‌ڵێنی به‌رقه‌رارکردنی ئازادی، لای جه‌ماوه‌ر ئازادی ته‌نها یه‌ك مانای ده‌به‌خشی، ئه‌وه‌ش دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانیی ئابووری بوو. به ده‌گمه‌ن غه‌ریزه‌ی جه‌ماوه‌ر به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، ئا لێره‌دا ئه‌و پێشبینییه پێغه‌مبه‌رانه‌ی جه‌ماوه‌ر ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئێمه له‌وه سه‌رسام نابین که کاتێك ده‌بینین گه‌رموگووڕیی گشتی جه‌ماوه‌ر بۆ شۆڕش ده‌گۆڕێت و ده‌بێته دژایه‌تیکاری و ڕقوکینه دژی و چێشتنی تاڵاوی نائومێدبوون.
چه‌ند جار؟ کرێکاران هاتنه لای من و سکاڵایان ده‌کرد له ده‌ست )نانەزگێ له‌بریی کارپێکردنی زۆر و قورس و نادادپه‌روه‌ری. ئه‌و کرێکارانه ده‌یانگووت چ قه‌یدی نییه ئەگه‌ر وڵات هه‌ژار و نه‌بووەیه و نان نییه، به‌ڵام با ئه‌وه‌ی هه‌یه له ناوخۆماندا یه‌کسان به‌شی بکه‌ین، هه‌ندێك زۆر زۆر وه‌رده‌گرن، هه‌ندێك که‌مێك که‌متر وه‌رده‌گرن، هه‌ندێکیش هه‌ر هیچ وه‌رناگرن، ئه‌م سیستمه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئیمتیازچێتی هه‌ڵچنراوه، ته‌نها که‌مێك ده‌ستکاری و ورده‌کاری تێدا کراوه، ئەگه‌ر نا هه‌ر وه‌ك سیستمی پێشوو وایه(.
ناخی شۆڕشی ڕووسی، هه‌ڵچوون و هورووژانێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و مه‌یله‌که‌شی مه‌یلێکی ئازادیخوازانه‌یه و ئامانجی سه‌ره‌کیشی یه‌کسانیی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه. ماوه‌یه‌کی زۆر پێش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر، نۆڤه‌مبه‌ری 1917، کرێکارانی ناو شاره‌کان ده‌ستیان کردبوو به که‌ڵكوه‌رگرتن له جێگه پیشه‌ییه‌کان -فابریکخانه‌کان-، -کارگه‌کان-، له هه‌مان کاتدا جووتیاره‌کانیش ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر موڵکه گه‌وره‌کاندا و به کۆمه‌کی به‌کاریان ده‌هێنان، پێشکه‌وتن و نه‌شونماکردنی شۆڕش به‌رده‌وام بوو به‌ره‌و کۆمونیزم، شۆڕش پشتئه‌ستوور بوو به یه‌کێتیی هێزه شۆڕشگێڕه‌کان و ده‌ستپێشخه‌ری دروستکارانه‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ر کارگه‌ران، گه‌ل به گشتی گه‌رموگوڕ و بێئارام بوو بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئامانجه که له‌به‌رده‌میدا بوو، ئه‌و ئامانجه‌ش بریتی بوو له دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نوێ له جێگه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك بوو ده‌یچه‌وساندنه‌وە. جه‌ماوه‌ر خۆی ئه‌و توانایه‌ی هه‌بوو به خۆی ڕێگه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه ڕووه‌و کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ، هه‌روه‌ها ئه‌و توانایه‌شی هه‌بوو که به‌رده‌وامیدان به نوێکردنه‌وه زامن بکات، به‌ڵام مه‌زه‌به ده‌وڵه‌تگه‌راییه‌که‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان کرایه کۆسپێکی کوشنده له به‌رده‌می هه‌موو چالاکییه‌کی دروستکارانه‌ی جه‌ماوه‌ردا. گومان و سڵکردنه‌وه بووبوونه سیمای سه‌ره‌کی ده‌روونی Psychologie به‌لشه‌فیك، خواست و ویستی تیۆریی مارکس‌یش، هه‌ر ئه‌وه بوو که ده‌بێت ده‌سه‌ڵات له قووله‌مستی حزبدا بێت، دڕندانه و به‌زۆری زۆرداری دژی هه‌موو هاریکارییه‌کی نێوان شۆڕشگێڕان و حزبه سیاسییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی بوو، سیاسه‌تی به‌لشه‌فی دژی لانی که‌می هه‌موو ناڕه‌زاییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بوو، هه‌موو ڕه‌خنه و بیروڕایه‌کی سه‌ربه‌خۆی یاساغ ده‌کرد و ده‌یخنکاند، ده‌سپێشخه‌ری جه‌ماوه‌ر قەدەغە کرابوو. هه‌موو ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ژێر چه‌پۆکی به‌لشه‌فیدایه و جموجووڵی ئابووری و پیشه‌سازی وڵاتی ئیفلیج کردووه، جه‌ماوه‌ر بۆی نییه و ناتوانێت توخنی نه‌خشه‌کێشانی سیاسیی شۆڕش بکه‌وێت، ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ر مافی ئه‌وه‌شی نییه که‌مێك به‌شداریی کاغه‌ز و قه‌ڵه‌مکاری بکات، ته‌نانه‌ت لەو بوارانه‌شدا که په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه به کاروباره‌کانی خۆیه‌وه.، سه‌ندیکاکان کراونه‌ته نۆکه‌ر و خزمه‌تکاری ده‌وڵه‌ت، هه‌موو چالاکییه‌کانی سه‌ندیکاکان له بواری هاریکاری نێوان شار و شارۆچکه‌کان و هه‌رێمه‌کاندا به‌سته‌ڵه‌ك کراوه، سۆڤیه‌ته‌کانی جووتیاران و کرێکاران پووچه‌ڵ کراونه‌ته‌وه، کۆمویته‌کان کراونه‌ته کۆڕوکۆمه‌ڵی -به‌ڵێ-به‌ڵێ-به‌ڵێ-قوربان، واته هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنترۆڵکراون و وان به ده‌ست حکوومه‌ته‌وه و ئامێرێکی بیرۆکراتی ده‌به‌نگ و بووده‌ڵه دامه‌زرێنراوه که له گه‌نده‌ڵ و دڕنده‌کاری زیاتر هیچ کارێکی تری نییه، خۆی له جه‌ماوه‌ر دوور خستۆته‌وه، شۆڕش حوکمی مردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، جه‌ماوه‌ر ته‌واو پڕ و ناڕازییه له تۆقاندنکاریی به‌لشه‌فیك، به‌تایبه‌تی ئه‌و شێوازی داپڵۆسین و تۆقاندني به‌لشه‌فییه که له سه‌ره‌تادا پراکتیزه ده‌کرا له‌ژێر ئاڵای )جه‌نگی کۆمونیزم(دا. جه‌نگی کۆمونیزمیش بریتی بوو له به‌سه‌ربازکردنی جووتیاران و کرێکاران، که خۆی له خۆیدا بریتییه له کاولکردنی دێهاته‌کان و شارۆچکه‌کان به تۆپهاوێژه به‌لشه‌فییه‌کان. برسێتییه سامناکه‌که‌ی1921 له‌و هه‌نگاو و پلانه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
له1921وه چ گۆڕاوه؟
ئه‌مڕۆ چ باسه؟ گه‌یشتوونه‌ته کوێ؟ ئایا کۆمونیزم سروشتی خۆی گۆڕیوه و بەڕاستی جیاوازه له کۆمونیزمه‌که‌ی1921؟
جارێکی دی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌مه‌وه، که له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بڕیاره سیاسی و هاتوهاواری نه‌خشه‌کێشان و هه‌نگاوه ئابوورییانه‌دا، به‌لشه‌فیزم-کۆمونیزم-، هه‌ر کۆمونیزمه‌که‌ی جاری جارانه، واته کۆمونیزمه‌که‌ی 1921. ئه‌مڕۆ جووتیاران زه‌وییه‌کانیان لێ زه‌وت کراوه به ناوی هه‌ره‌وه‌زیکارییه‌وه، کێڵگه‌کان حکوومه‌تین و جووتیاران کراونه‌ته -سه‌پان-، واته وێنه‌ی کرێکارانی کارگه‌کان کرێگرته‌ن، به‌لشه‌فییکه‌کان ئه‌و به‌زمه‌یان ناو ناوه بەپیشه‌سازیکردنی کشتوکاڵ، گۆڕینی جووتیار بۆ پرۆلیتار، زه‌وییه‌کان هه‌ر به ناو هیی دێهاته‌کان و شارۆچکه‌کانن، له‌ڕاستیدا هی ده‌وڵه‌تن، هه‌نووکه ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت بڕیار بدات و به هه‌ره‌وه‌زکار بڵێت شڕوشیتاڵت کۆ بکه‌ره‌وه و بڕۆ له ناوچه‌یه‌کی تر کار بکه، له کاتی سه‌رپێچیکردن و بێگیۆییکردنیشدا، ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت گوێی با بدات و شاربه‌ده‌ری بکات. ڕاسته کێڵگه‌کان هه‌ره‌وه‌زیین، به‌ڵام له‌ژێر ڕکێفی حکوومه‌تدان به پاساوی ئه‌وه که زه‌وییه‌کان موڵکی ده‌وڵه‌تن و ده‌وڵه‌ت بۆی هه‌یه به ئاره‌زووی خۆی باج و نرخی دانه‌وێڵه و به‌رهه‌مه‌کانی تر دیاری بکات، له کڕینی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا قسه‌ی هه‌ره‌وه‌زیکاران هیچ به‌هایه‌کی نییه و بڕ ناکات و ناخوات، ئیتر ده‌وڵه‌ت چۆن و چه‌ندی دیاری کردووه هه‌ر ئه‌وه‌یه و به‌س، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ته‌نها ده‌وڵه‌ت خۆی بڕیاری قه‌رزپێدان ده‌دات و فه‌رزیشی ده‌کات. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر دانه‌وێڵه و به‌رهه‌مه‌کانی تردا، چونکه به موڵك و مافی ڕه‌وای خۆی ده‌زانێت. به بیروبۆچوونی من برسێتییه گه‌وره‌که‌ش له زه‌وتکردنی زه‌وییه‌کانی جووتیارانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، هه‌ر ئه‌و برسێتییه‌ش بوو وایکرد ناڕه‌زایی و هه‌ڵچوون سه‌رهه‌ڵ بدات و کاریگه‌ری ئه‌و ناڕه‌زایی و هه‌ڵچوونەش بوو که لێنینی ناچار کرد سیاسه‌تی –نی‌پ-Nep- بهێنێته گۆڕێ، به‌پێی ئه‌و سیاسه‌ته که‌مێك زیاتر به‌شی جووتیاران ده‌درێت، من ئه‌و ڕاستییه ده‌ڵێم، که ئه‌و سیاسه‌ته که‌مێك باروزروفی وڵاتی ئه‌هوه‌ن کرده‌وه.
دواتر هه‌مان باروزروفی 1921 ده‌بینینه‌وه، که چۆن –ستالین- له‌وه تێگه‌یشت و ناچار بوو چاو بخشێنێته‌وه به سیاسه‌تی خۆید او دان به‌وه‌دا بنێت که ڕوسیا وڵاتێکی کشتوکاڵییه و پێویسته به‌شێك له موڵکی وڵات بدرێت به جووتیاران، ئه‌و سیاسه‌ته فڕوفێڵ و پشوودانێکی کاتییه و دیاره که فڕی به‌سه‌ر کاری کۆمونستییه‌وه نییە. تا باشتر بێت له‌وه‌ی پێشوو له بواری کشتوکاڵیدا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ره‌وه ده‌وڵه‌ت و دیکتاتۆرییه‌تی به‌لشه‌فییه، که ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر کاری ناردنه‌ده‌ره‌وه‌دا، ئه‌و مۆنۆپۆلکارییه‌ش که‌م و زۆر له توندوتیژیی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندندا خۆی ده‌نوێنێت، باش دیاره که له‌و بواره‌شدا هه‌ڵسوکه‌وتی تساریزمی tsarismeی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م پیاده ده‌کرێت، که‌واته سته‌مکاریی به‌لشه‌فی بێکۆتاییه، ئازادییه‌که‌شی لاقزنجیرکردنه، بۆیه سه‌یر نییه که به‌لشه‌فیزم ئازادی به ته‌نته‌نه و عه‌نته‌نه و- فه‌نتازی-ی بۆرژوازییانه ده‌زانێت.
خۆهه‌ڵواسه‌ر و پیاهه‌ڵده‌ره زمانلووسه‌کانی thuriféraires یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت سه‌رقاڵی پاساوهێنانه‌وه‌ن بۆ )جه‌نگی کۆمونیزم(، وه‌های ده‌رده‌خه‌ن که ئە‌و جه‌نگه له خودی شۆڕش خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئابڵووقه‌دان و باری سه‌ربازی سه‌رسنووره‌کان فه‌رزیان کردووه. ئه‌و پاساوانه به‌تاڵن، وا شانزه ساڵ تێپه‌ڕ بووه، نه ئابڵووقه ماوه، نه شه‌ڕی سه‌ر سنووره‌کانیش، نه دژەشۆرشیش ماوه، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌ته زه‌به‌لاحه‌کانیش نه‌ماون، هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه یه‌کێتیی سۆڤیه‌تیان بە ڕەوا ناسیوە و بڕوای خۆیان پێ به‌خشیووه، یه‌کێتیی سۆڤیه‌تیش ئاماده‌باشیی خۆی پیشان داوه بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و له‌نێوانیاندا بۆته جامباز و چه‌رچی و بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌کات و بازاڕه‌کانیانی بوژاندۆ‌ته‌وه، له‌و بواره‌دا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ش هه‌نگاوی ناوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ -هتلر- و مۆسۆلۆنیش ده‌کات، ئه‌و پاڵه‌وانه ئازادیخوازه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی گه‌رده‌لووله ئابوورییه‌کان بگرێت، که‌وتۆته یارمه‌تیدانی کاپیتالیزم و به ملوێنه‌ها دۆلار ده‌ستاوده‌ست پێ ده‌کات بۆ کردنه‌وه‌ی بازاڕه تازه‌کان.
به شێوه‌یه‌کی گشتی، ئه‌وه‌ی ئه‌نجام دراوه له ڕوسیای سۆڤیه‌تی، له ماوه‌ی ئه‌و حه‌ڤده ساڵه‌دا، به هه‌ندێك ده‌ستکاری ڕووکه‌شی له بواری ئابووری و سیاسی‌دا، ته‌نها درێژه‌دانه به حوکمڕانییه‌که‌ی پێشوو، ده‌وڵه‌ته‌که‌ش هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌ی جارانه، هه‌روه‌ك جاری جارانیش ده‌هێڵرێته‌وه. به واته‌یه‌کی دی، زوڵم و سته‌مکاری و تو ندوتیژی هه‌روه‌ك ساڵی1920-1921 ده‌هێڵڕێنه‌وه.
زیادبوونی توێژ و چینه‌کان
ئه‌مڕۆ له ڕوسیای سۆڤیه‌تی هه‌ندێك توێژ و چین دروست بوون که کاتی خۆی، واته 1917 نه‌بوون، به‌لشه‌فیك له جووتیاران و کرێکاران بیرۆکراتێکی زۆری دروست کردووه ،ئیمتیازێکی زۆری پێ به‌خشیوون، لغاوی ئه‌وانه‌شی داوه‌ته ده‌ست ئه‌وانه که خاوه‌نی ئیمتیازی زیاترن، واته هاوڕێ سه‌روه‌ره‌کان -ئه‌ریستۆکراتی نوێی سۆڤیه‌تی. چینی کرێکاریش دابه‌ش کراوه به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێکی تایبه‌تیدا، جۆرێکیان oudarmiki ئه‌م جۆره له کارگه‌کاندان به به‌شی -شۆك- CHOC-ناوبانگیان ده‌رکردووه و کراونه‌ته خاوه‌نی چه‌نده‌ها ئیمتیاز، ئه‌وانه له -پسپۆڕان، پیشه‌کاران-کرێکاری ساده، ئه‌مانه جگه له‌وه‌ی که ئه‌ندامی کۆمیته‌ی کارگه‌کانن، ئه‌ندامی حزبیشن. جۆرێکی دی ناسراوه به -کومسومۆل- ئه‌مانه جگه له ئیمتیازه مادییه‌کان، باڵاده‌ستیش. هه‌روه‌ها چینێکی گه‌وره‌ش هه‌یه به ناوی -Lishenti-، ئه‌مانه هیچ مافێکی سیڤلیان نییه، زۆربه‌یان بۆیان نییه هیچ کارێك بکه‌ن، هه‌روه‌ها بۆشیان نییه له هه‌ندێك جێگه بژین. سه‌رده‌می تزار به‌تایبه‌تی ده‌فته‌رێك هه‌بوو بۆ جووه‌کان، جووه‌کان مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو له هه‌ندێك جێگه‌ی دیاریکراوی وڵات بژین، ئێسته ئه‌و ده‌فته‌ره کراوه به په‌ساپۆرتێکی سۆڤیه‌تی، هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ی جاران به‌کاره. له سه‌روو ئه‌و هه‌موو چین و توێژانه‌وه، دامه‌زراوه‌یه‌کی تۆقێنه‌ر و به‌هێز هه‌یه به ناوی Guépéou حوکم ده‌کات. ئه‌و دامه‌زراوه‌یه خۆی بۆ خۆی حکوومه‌تێکه له‌ناو حکوومه‌تدا، چه‌نده‌ها پله‌وپایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تیایه، خاوه‌نی هێزی چه‌کداری خۆیه‌تی. هه‌روه‌ها دامه‌زراوه بازرگانی و پیشه‌سازییه‌کان سه‌ربه‌خۆ نین، په‌یڕه‌وی ناوخۆ و یاساکانیشی تایبه‌تن به کاره‌کانی خۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، کۆیله و به‌ندکراوێکی زۆریشی هه‌یه، هه‌موویان له که‌مپه‌کاندا دانراون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا پله‌وپایه‌ی جیاوازجیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رقه‌رار کراوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه و باسمانکرد به‌بێ هیچ چه‌ندوچۆنێک و بگره‌وبه‌رده‌یه‌ك، به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها دژەکۆمونیزمه.
دیکتاتۆرێك بێبه‌زه‌ییتر ده‌بێت
ئاواهین پرانسیپه‌کانی سیستمی سۆڤیه‌تی
به‌لشه‌فیکه ده‌مارگرژه سه‌رسه‌خته‌کان، پێمان ده‌ڵێن که کارپێکردنی زۆره‌ملێ له بواری به‌رهه‌مهێناندا به‌ره‌و خۆڕێکخستنمان ده‌بات، ده‌بێت ئێمه بیسه‌لمێنیین که بڕواکردن به‌و ناماقوڵییه، ساویلکه‌ییه و دووڕووییه و هیچ پاساوێکی نییه، لێبووردن نییه به‌رامبه‌ری. من سه‌رسام دەبووم به‌وه که کاتێك ده‌گه‌یشتم به هه‌ندێك که‌س که به ڕواڵه‌ت دانا و زانا بوون، بڕوایان وا بوو و بانگی ئه‌وه‌شیان ده‌دا که به‌لشه‌فیکه‌کان خه‌ریکی دامه‌زراندنی )کۆمونیزمن(. هه‌ندێکیشیان وایانده‌زانی که دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نوێ، پێویستی به‌وه‌یه که به‌رزترین به‌های جه‌سته‌یی و ڕه‌وشتیی مرۆڤایه‌تی تێکوپێك بدرێت. هه‌ندێکی تریشیان داوای ئه‌وه‌یان ده‌کرد که ده‌بێت ڕێگه‌ی ئازادی و هه‌روه‌زیکاری به به‌کۆیله‌کردنی کارگه‌راندا تێ بپه‌ڕێت، ده‌بێت ڕۆشنبیران له ناو ببرێن، چونکه ژه‌هرێکه پێکهاتووه له ڕقوکینه و حه‌ز و ئاره‌زوو و چاوچنۆکی. ئه‌وانه، واته ئه‌و به‌لشه‌فیکانه، لایان وایه که به‌و جۆره تۆوی گیانی برایه‌تیی کۆمونیستی ده‌چێنرێت له کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا. هه‌روه‌ها ئه‌وانه دامه‌زراندنی داموده‌ستگایه‌کی سیخووڕیی تۆقێنه‌ر به پێویست ده‌زانن ، تا وه‌ك ئامرا وو مێوۆدێك به کار بهێنرێت بۆ گه‌یشتن به ئامانجێك، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ن به‌وه که ئه‌و ئامراز و مێوۆده خۆی له خۆیدا ده‌بێته ئامانجێك. ده‌مێکه به‌لشه‌فیکه سه‌روه‌ره‌کان وازیان له‌وه هێناوه که کۆمونیزم و سۆسیالیزم وه‌ك ئایدیالێك ئیلهامیان بێت، ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگیی تایبه‌تی هه‌یه ده‌سه‌ڵات و به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاته، بێگومان ئه‌وه‌ش به به‌باوکردنی ملکه‌چیی کوێرانە و چه‌وساندنه‌وه و داڕماندن و شێواندنی ئه‌قڵی خه‌ڵك.
نه‌وه‌ی نوێ گۆشه‌کراو به‌رهه‌می ئه‌و پرانسیپ و مێتوده‌ی به‌لشه‌فیکه‌کانه، له ڕوسیای سۆڤیه‌تی ئه‌وه‌ی که قەدەغە نییه بیروبۆچوونی به‌لشه‌فییه، بیروبۆچوونی ڕه‌سمی له ده‌ست ده‌وڵه‌تدایه، ئه‌و دایده‌ڕێژێت و کۆنترۆڵی کردووه.
گه‌نجی سۆڤییه‌تی به ده‌ردێك براوه هیچ زانیارییه‌کی نییه له‌سه‌ر ڕوسیا و وڵاتانی تر، به‌شێك له‌و گه‌نجانه ده‌مارگیره کوێرکراوه‌کانن، ئه‌و به‌شه ته‌واو ئاسۆته‌سکن و هیچ لێبووردنێکیان نییه، ته‌واو بێڕه‌وشت و چڵیتن، ئاڕاسته‌ی دادپه‌روه‌ری و ماف لای ئه‌و به‌شه هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت. هه‌لپه‌رسته‌کان، خۆهه‌ڵواسه‌ره ده‌ملووسه‌کان له‌ناو ئه‌و به‌شه‌دان، هه‌موویان ئه‌قڵ به‌لشه‌فیکن. له‌ناو گه‌نجاندا به‌شێکی تر هه‌یه که هۆشیاره به به‌رپرسیاریی خۆی، ئه‌وه‌ش باش ده‌زانێت که حزب داوا و زوڵمێکی زۆر ده‌کات، هه‌روه‌ها هۆشیاره به‌وه که جه‌ماوه‌ر قوربانی خیانه‌تکارییه. پێویسته ئه‌وه بزانین که گه‌نجان هه‌موویان ملکه‌چ و بووکه‌سه‌ماکه‌ره نین، داماو و ترسنۆك نین، خۆیان نه‌کردۆته ساقه‌سه‌ری- ستالین- و مه‌رقه‌ده‌که‌ی- لینین-.
ڕژێم به‌بێ کاره‌که‌ری و خزمه‌تکاریی دیکتاتۆر کاری مه‌ره‌خه‌س نابێت، له هەر کوێ سیستمی چینایه‌تی باو بێت، نابه‌رابه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیش باوه و فه‌رزیشه که ده‌وڵه‌ت په‌نا بباته به‌ر هێز و سته‌مکاری. تاقیکردنه‌وه‌کان لای جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه که تاڵاو و ده‌رده‌سه‌ری لەوێوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئەگه‌ر به‌راوردی داپڵۆسین له وڵاته شارستییه‌کان بکه‌ین به داپڵۆسین له ڕوسیای سۆڤیه‌تی، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که داپڵۆسین له ڕوسیا زۆرتره. ئەگه‌ر وا نه‌بێت به‌کۆیله‌کردنی سه‌د ملیۆن جووتیار بۆ –ستالین- نەده‌چووه سه‌ر. داپڵۆسین، هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووە. ڕقوکینه و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر له ڕژێم سه‌رچاوه‌یه‌کی تره. ئه‌ی ده‌بێت ڕقوکینه و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت؟ بێگومان له وێرانکردنی پیشه‌سازی و ئیفلیجکردن پێشکه‌وتنی وڵاته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌وه سه‌رباری په‌ڕپووتیی باری هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌ش، که شانزه ساڵه کراوه‌ته خزمه‌تکاری بواری سه‌ربازی.
ئێمه گومانمان له‌وه نییه که برسیه‌تییه‌که‌ی باشوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌و هۆیانه‌وه که باسمانکردن سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ئەگه‌ر بڕوا وا بێت که له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، ئه‌وا ئێمه ڕوونکردنه‌وه و شکردنه‌وه‌یه‌کی تر شك نابه‌ین بۆ ئه‌و دیارده‌یه، ئه‌و مه‌رگه‌ساته، ناتوانین هۆکاری ئه‌و برسێتییه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ که‌شوهه‌وا و ته‌مه‌ڵی و خاووخلیچکاریی جووتیاران، چونکه له‌و ناوچه‌یه‌دا که‌شوهه‌وا زۆر له‌باره، جگه له‌وه‌ش که جووتیاران پابه‌ندی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان کراون و به زۆری زۆرداری کارێکی زۆر و چڕیان پێ ده‌کرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی زۆر زیاتر له توانای خۆیان. هه‌روه‌ها گواستنه‌وه و ده‌ستاوده‌ستپێکردنیان به باو کراوه، زیاتر له یه‌ك ملوێنیشیان لێ ته‌فروتونا کراوه. به‌لشه‌فیك باڵاده‌ستی ڕه‌ها ده‌گه‌یه‌نێت، به‌رده‌وام ڕه‌قتر و توند‌وتیژتر ده‌بێت، خزمه‌تگوزارێکی باشه و ده‌توانێت هه‌موو بیروبۆچوونێکی نه‌یار له ڕه‌گه‌وه ببڕێته‌وه. ئه‌و توندوتیژییه ڕیزه‌کانی حزبیشی گرتۆته‌وه، که‌چی له ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا وای پیشان ده‌دات که هه‌موو شتێك ئاساییه و باش ده‌ڕوات. به‌لشه‌فیکه‌کان به دڵنیایی و خه‌مساردییه‌کی زۆره‌وە ئه‌و قسه‌وباسانه کاوێژ ده‌که‌ن، له‌ولاشه‌وه -هیتلر- سه‌رقاڵی زیادکردنی هێزه‌کانی خۆیه‌تی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مان گوێ بده‌ن به‌وه و به‌لایانه‌وه گرنگ بێت.
بارمته‌گرکاری و نیشتمانچێتی
دکتاتۆر گرژ و شپرزه‌یه، ڕۆژ دوای ڕۆژ، بێبه‌زه‌یی تر ده‌بێ. دوامه‌رسووم که ده‌رکرا دژی ئه‌وانه بوو که له ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه و خیانه‌تی لێده‌که‌ن، واته )دژەشۆڕش(ن. له پشت ئه‌و مه‌رسوومه‌وه مه‌رامێکی تر خۆی مه‌ڵاس دابوو، ئه‌و مه‌رامه‌ش ئه‌وه بوو که بڕوای خۆهه‌ڵواسه‌ره ده‌ملووسه‌کان، دووڕووه ده‌روونگه‌رمه‌کان، به هێزتر بکه‌ن به‌و مۆجوزانه که ئه‌نجامدراون له ڕوسیا. جگه له‌وه ئه‌و مه‌رسومه پته‌وکه‌ری ئه‌و یاسایه‌ی پێشوو بوو که پراکتیزه ده‌کرا، یاساکه‌ش دژی ئه‌وانه بوو که ناتوانن یا نایانه‌وێت ڕێزی سێ کۆڵه‌که پیرۆزه‌که -مارکس، لێنین و ستالین-بگرن. مه‌رسوومه‌که هیچ لێبووردنێکی تیادا نه‌بوو، هه‌تا بڵێی ڕه‌ق و توندوتیژ بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه که تاوانبار ده‌کران و حوکم ده‌دران. بەبارمته‌گرتن کردار و مه‌سه‌له‌یه‌کی نوێ نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه له هیچی خۆڕایی نه‌بوو که له‌وه‌وپێش کرۆپۆتکین و ڤێرا فینجنەر دژی ئه‌و له‌که ڕه‌شه بوون که لکێنرابوو به شۆڕشی ڕوسییه‌وه. تازەبەتازە دوای حه‌ڤده ساڵ به‌لشه‌فیکه‌کان، ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌تی ده‌رکردنی ئه‌و مه‌رسوومه به پێویست ده‌زانێت و شه‌لم کوێرم و ناپارێزم ئاسایی که‌وتۆته وێزه‌ی خه‌ڵکی، ته‌ماشایه‌کی ئه‌و مه‌رسوومه چه‌وته بکه‌ن )هه‌رچ هاونیشتمانییه‌ك زیان بگه‌یه‌نێت به هێزی سه‌ربازی یه‌کێتیی سۆڤیە‌ت و حورمه‌تی سنوور ڕانه‌گرێت و سیخوڕی بکات و نهێنییه سه‌ربازی و ده‌وڵه‌تییه‌کان بدرکێنێت لای دوژمن، یا هه‌وڵی ئه‌وه بدات به فڕۆکه به‌ره‌و وڵاتێکی بێگانه بڕوات، ئه‌و که‌سه لاسار و تاوانباره( مه‌رسوومه‌که ئه‌وه‌شی دیاری کردووه که هه‌ر که‌سێكیش به هپشیارییه‌وه، یا بە ناهۆشیارییەوە یارمه‌تیی ئه‌و جۆره که‌سانه بدات، به هاوکار داده‌نرێت و سزای قورس ده‌یگرێته‌وه -به‌ندکردن-ده‌ربه‌ده‌رکردن و…تاد، دیاریی چه‌ور و به‌له‌زه‌تیش ده‌درێت به‌و که‌سانه که زانیاری ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی هه‌وڵدانی خۆقووتارکردن، جگه له‌وه ئه‌و که‌سانه‌ی زانیارییه‌کان ده‌گه‌یه‌نن، هه‌رچی تاوانێکیان له‌سه‌ر بێت له‌سه‌ریان لاده‌برێت. ئه‌و تێکسته هه‌موو داواکارییه ڕیشه‌ییه‌کانی پرۆلیتاریای خستۆته مه‌ترسییه‌وه، ئێستا سروودی ئه‌نته‌رناسیۆنالیزم کراوه به گۆرانیی پیاهه‌ڵدان و شانازی‌کردن به وڵاته‌وه، واته به کار دە‌هێنرێت بۆ گوڕدان و به‌هێزکردنی گیانی وڵاتچێتی. وه‌کو وتمان یاسا ڕه‌هاکانی ڕژێمی سته‌مکار دژی ئه‌وانه‌یه که خیانه‌ت له وڵات ده‌که‌ن، یا نیازیان خراپه و ده‌یانه‌وێت خیانه‌تی لێ بکه‌ن. له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووریش ڕێژیم ڕێژیمێکی سته‌مکاره. له باشترین حاڵه‌تدا، ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تێکی سه‌رمایه‌داره. به واتایه‌کی تر، په‌یوه‌ندیی به‌رهه‌مهێنان، په‌یوه‌ندیی نێوان کاری کرێگرته‌وه و ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داره، خاوه‌نکاره.
سه‌رچاوه:
فه‌ره‌نسی :
http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/goldman/nocominrussiafr.html
** ئه‌م بابه‌ته به ئینگلیزی له The American Mercury ;vol.xx lv بڵاو کراوه‌ته‌وه، ئه‌پریلی 1935 به فه‌ره‌نسی بڵاوکراوه‌ته‌وە.
*** ناوی به‌شه‌کان وه‌رگێڕ N.D.L.R. دایناون.
تێبنی: به دووری نازانم که‌سێك بڵێت دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌سه‌ر نه‌مانی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تدا، خێروبێری وه‌رگێڕانی ئه‌و بابه‌ته چییه؟ من له وه‌ڵامی ئه‌و که‌سه‌دا ئه‌مانه دەڵێم:
– به‌و نووسینه و سه‌دان نووسینی تردا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که ده‌یان ساڵ به‌ر له شۆڕشی ڕوسی سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کان -ئه‌نارکییه‌کان- په‌رده‌یان له‌سه‌ر ماهیه‌تی سۆسیالیزمی ده‌وڵه‌تخواز لاداوه و له ئه‌نجامه مه‌ترسیداره‌که‌ی گه‌یشتوون،
– ڕاسته یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت نه‌ماوه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش ئه‌و سیستمه به‌لشه‌فییه پراکتیزه ده‌کرێت له چین، کۆریا، کوبا و ڤێتنام.
– له دنیای ئه‌مڕۆدا سۆسیالیسته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان له کار نه‌که‌وتوون، له‌به‌رئه‌وه خه‌باتی هزری بۆ ده‌رخستنی ماهیه‌تی سۆسیالیزمی ده‌سه‌ڵاتخواز، نه‌ك هه‌ر ئه‌رکێکی مێژوویی سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کانه، به‌ڵکو به‌رده‌وامیدانیشه به خه‌باتی هزری ئازادیخوازان.
– ئەگه‌ر له نزیکه‌وه ئه‌و بابه‌ته بخوێنینه‌وه، زیاتر باس له داپڵۆسین و مرۆڤکوشتن و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات. نه‌بوونی ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ش، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ نه‌بوونی یه‌کسانیی ئابووری. جا پرسیار ئه‌وه‌یه، مه‌گه‌ر له کوردستانیش هه‌ر به‌و چه‌شنه نییه؟