Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دواوەسوەسەى ژیان …!

دواوەسوەسەى ژیان …!

Closed

  سەروەر كەریم…….
 
 * (( شەوێكیان بەمۆسیقایەك كەبۆئافرەتێكم ژەنى ، تاقە ئافرەتێك ، سیحرم لەتەواوى ئافرەتانى دنیاكرد …. )) ئەلیساندرۆ باریكۆ

 ئەمێستا وادەى نووسینەوەى …
 گۆرانییە خەمبارەكانى خەلیقەتەو ،
 دوایین فڕینى پەروانەكانى ژیانە ،
 بەنێو زەنوێرەكانى موحیبەت دا …
 كەس هەناسەكانى نەوڕەس ناناسآ ،
 تالەماناى خنكانى ئاوبگات و ،
 وەسوەسەى مەعشوق ئەزبەر بكات و ،
 ئاوس بوونى ( با ) بەدەریا بسپێرآ و ،
 ( خەزان ) ى داڕمانى خەون …
 لەدەست نووسى عارفێكدا بدۆزێتەوە و ،
 فەرموودەكانى ترس لەبوون …
 بەباڵە ئاویەكانى ( عەنقا ) یەك ببەخشآ ،
 تاسرووتى ڕاهیبە خەمبارەكان ،
 كەنیسەكانى گومان هەڵوەشێنن و ،
 كچە ئاهووەكانى زەمەن …
 بەفرمێسكیان دواین نەخشەى عەشق بنەخشێنن و ،
 جۆگرافیاى دڵى بەرد …
 بۆنێو دەهالیزەكانى ڕابووردوو بەرنەوە .
 ئاى قامەتى حزورى كۆترەكان ،
 لەتەقسى فڕینى ئێوەدا …
 جوانترین نمایش دەبەخشنە ئاسمان و ،
 دەریا لەحەسرەتا بەشەپۆلە تووڕەكانى …
 كەنارەكانى بوون دەسڕێتەوەو ،
 خەونەكانى گەیشتن بە ( لیقا ) ، لەخۆیدا نغرۆدەكات .
 ئیدى كەس بەشوێن عاشقە تەنیاكاندا ناگەڕآ ،
 كەمانگ هەموو خەونەكانى لىَ دزین و ،
 بەبآ پرس بەعەدەم و سەرابى سپاردن …
 تاماتماتیكى حەرفەكانى ( ئاو ) نەناسن و ،
 ماناكانى خنكان ئەزبەر نەكەن …
 تائایەتەكانى پاك بوونەوە ،
 لەبەرۆكى مەعشوقە دڵ ڕەقەكان نەدەن ،
 تاگومانەكانى جێژوان كۆتا نەبن .
 ئەم فەلسەفەى وێرانەى ژیان ،
 ڕۆژانە وانەكانى خۆى دووبارە دەكاتەوە …
 لەهەر ساتێك دا ( ڕۆمیۆ ) یەك دەوەرێنىَ و ،
 ( جاك ) ێك لەدەریاى محاڵ دا دەخنكێنآ و ،
 تاڵاوەكانى دابڕان بە ( وەلى ) دەنۆشآ …
 تاچیرۆك و ئەفسانەكانى ناكامى بنووسێتەوە و ،
 سرووتەكانى وێرانەو دڵشكان و خەم …
 لەپەرستگاكانى دڵ ماڵئاوایى نەكەن و ،
 كەناریەكان بۆهەتا … هەتایە ،
 چاوەڕوانى ژوانى باخچەكانى عەشق نەكەن .
 
Sarwar_kareem@yahoo.com
 سلێمانى
 20/5/2008
 * (شەوێكیان بەمۆسیقایەك كەبۆئافرەتێكم ژەنى ، تاقە ئافرەتێك ، سیحرم لەتەواوى ئافرەتانى دنیاكرد. ئەوئافرەتە پێستى لەشى سپییەكى مەیلەو ئاڵ بوو ….. لەگەڵ مۆسیقاكەى مندا سەرى دەهێناو دەبرد ، بەبآ ئەوەى پێبكەنێت …. بەدرێژایى ئەو شەوە مۆسیقام بۆژەنى ، بەبىَ ئەوەى چاوى لەسەر چاوم هەڵبڕێت …. كاتێكیش هەڵساو ڕۆیشت بەتەنها ئەو نەبوو كەلەژیانم چووەدەرىَ ، بەڵكو تەواوى ئافرەتانى دنیا لەژیانم چوونەدەرىَ ) ئەمە پەڕەگرافێكە لەڕۆمانى ( نۆڤیچینتۆى پیانۆژەن ،یان ئەفسانەى 1900 ) نوسینى ( ئەلیساندرۆ باریكۆ ) وەرگێڕانى بۆكوردى ( ئازاد بەرزنجى )
 ماناى هەندێك ووشە :
 وەسوەسە : گومان
 خەلیقەت : سفرى تەكوین
 زەنوێر : دەشتێكى فراوانى پڕلەگوڵ و گوڵزار
 عەنقا : باڵدارێكى وەهمیە
 قامەت : باڵا
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.