Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تارماییەكانى ئەو….. عومەر جەلال

تارماییەكانى ئەو….. عومەر جەلال

Closed
by June 7, 2008 هۆنراوە

  نیگایەكى لە نێو دوكەڵى جگەرەكەى دەستمدا بە جێماوە ,زۆر سات بە خەیاڵى رۆژانى پۆلەكانى زانكۆ رامانێك دەمباتەوە بۆ ئەودیوى خەندە شەرمنەكانى ئەو و گوناهە سپییەكانى خۆم ,ئەو كتێبێك بوو زەرد وەك رەنگى بەجێماوى من لە ژیان, پەڕەكانى بۆنى تەنهایى منى لێدەهات لەساتى گڕ گرتندا,شەپۆلەكانى ئاو بەو هەموو سادەییەوە نەدەگەیشتە شەپۆلەكانى ئەو لە ساتى توڕەبووندا , من لە سەرەتاى ناسینى ئەوەوە بەشەرمەوە ئاو دەخۆمەوە و لەبەردەم باراندا وەك بەرد خۆم رووتدەكەمەوە لە پەشیمانى,ئەو پەڕاوەم وەك كتێبێكى پیرۆز هەڵَگرتووە و كە بەدەست خەتى ئەو نووسراوە چەندە رقم لە عەشقە,بەرگى ئەو (میترۆیەم) لەتەك وێنە شەرمنەكانمدا هەڵگرتووە كە ئەو بۆ یەكەم جار پیشكەشمى كرد.
 من كەسێكى بەجێماو لە كۆڵانەكانى منداڵى و خووگرتوو بە هەنگاوەكانى ئەو بۆ هەركوێ بێت ئاراستەم پەیوەستە بە خەونەكانى ئەو,دەستێكم بە نیگەرانییەكانى خۆمەوە گرتووە و دەستێكى دیكەم ونبوو لە نێو جەنگەڵستانى پرچى تۆ لە رۆژە پایزییەكانى تەمەنى عیشقى شكست خواردووى خۆم,دوكەڵى تارمایى گەلێك ژوورەكەمى  لێوانلێو كردووە لە بۆنى ئەو,لە سپێتى جانتاكەى كە تەژى بوون لە فرمێسكى من ,ژوورەكەم سیخناخە بەهەنگاوى ئەو ,هەنووكە بۆنى ئەو چەپكە نێرگزەى كە بەدەستەكانییەوە زەرد دەبوون كتێبخانەكەمى ئاوێتە كردووە بە بۆنى خۆى.
 دایكم دەرگاى ژوورەكەم لێدەكاتەوەو دەمبینێت چەندە لەقۆناغى  منداڵییەوە نزیكم ودەرنەچووم لەوانە ماتماتیكییەكانى ئەزموونى ژیانم وئیدى بە بێدەنگى دەڵێت :
 -كوڕم ئەم هەموو زامە سەختە چیە بە رۆحتەوە ؟ ئەم هەموو كتێبە تۆزلێنیشتووانەى تەمەنتى كردووەتە قوربانى رەنگەكانى بێهوودەیى,دڵنیام ( ئەو)  تارماییە وهەرگیز نییە ئەگەر دەبووە بۆ ساتێك دەهاتە شانشینە غەمگینییەكەت و دەستەكانى دەگرتى لەم خەرەندە تاریكەى بۆنى ژوورەكانى دۆزەخى لێدێت رزگارى دەكردى.
 هاوڕێكانم  بە شۆخییەوە پێم دەڵێن :
 -ئەم هەموو ئازارە بۆ كێ ؟ ئەم هەموو سوتانە كێ دەیبینێت جگە لە بێكەسی تۆ ؟ وەرەوە بۆ نێو زیندەگى و بەتارماییەكانى ئەو بڵێ ماڵاوا , بە ئەندازەى تابلۆیەكى منداڵانە رەنگت نەماوە ,كەى ساتى گۆشەگیرى و پشتكردنە لە ژیان.
 هەمیشە غەمى من لەوەدایە ئەوانى دى ناتوانن بمخوێننەوە ,كێشەى من ئەوەندەى پەیوەستە بە رۆحەوە نیو هێندە پەیوەست نییە بە ئاسوودەى ئەم ژیانە سادەیە كە مرۆ بووەتە ئامێرى دەستى خۆشگوزەرانى.
 من بە دیار تەنیایى خۆمەوە دانیشتوم و ئارەزوومە شكستە جوانەكانى خۆم بنووسمەوە پەیامێك بنێرم بۆ ئەو هاورێ شكستخواردووانەى كەوەك من بەدەستى گرى عەشق پارچە پارچە بوون و پێیان بێژم :
 پێویستە ئێمەى عاشق پەیكەرێك لە تارمایى درووست بكەین و كتێبى پیرۆزمان ئەو نامانە بێت بەترسەوە دەمانوسی و ئاینمان عەشق بێت و نیشتمانیشمان ئەو ژوانگە بێت كە بۆیەكم جار یەكدیمان تێدا بینى,عەشق فێرى ئەوەمان دەكات میهرەبانبین بەرابەر بە سروشت و لەتەك بەفر بەسانایى بپەیڤین,قەشەنگى عەشق لەوەدایە فێرى زمانى ئاومان دەكات و بەنەمریى دەمانهێڵَێتەوە,هیچ شتێك بەئەندازەى عەشق سەخت نییە و هیچ شتێكیش بەئەندازەى عەشق مرۆ بەهێز ناكات و بێ هێزیشی ناكات.
 بەگومانم لە بۆنى گیا , رەشبینم بەرابەر بە دەریا ,بێدەنگم وەك خۆَڵ لە ئاست (با) ,لە تەنیشت خۆمەوە دانیشتوم لەو تارماییانە راماوم كە بۆنى تۆیان لێدێت ,ئەشێ بۆنى تۆ ئاوێتەى سەرجەم هاوكێشەكانى ژیان بووبێت جگە لە كتێبە بێكەسەكانى من,
 ژیانى من زۆر بە سانایى گوزەر دەكات لەتەك تارماییەكانى تۆ ,خەونەكانى من لە نزیك ماڵى دڵت چرۆى كردووە و ئاسمانێك لە یادەوەرى دەستى گرتووە و وەك هەژارێك لەدەرگاى دڵت دەدات و چاوەڕوانى دواین پەیڤى تۆیە بۆ بەردەوامبوون لەژیان ,
 منێك پارچە بوو لە هزرى تۆ هیچم نییە جگە لەو نووسینە سادانە نەبێت كە بەترسەوە دەمخوێندنەوە و فەرامۆشت دەكرد , ئەوەى كە منى هێشتووەتەوە لەم ژیانە بێهودەیە تەنیا تارمایى ئەو یادەوەرییانەیە كە تواناى ئەوەى داومەتێ  هەست بكەم لەژیانێكدام كە بۆنى مەرگى لێدێت
 
 
omerjelal@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.