Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دەسەڵات و قەڵەم….. ناڵە حەسەن

دەسەڵات و قەڵەم….. ناڵە حەسەن

Closed
by June 7, 2008 گشتی

پێشكەشە بە نووسەرانی بەڕێز : ئارام ڕەشید و مەریوان هەلەبجەیی…….

 لەو ڕۆژەوەی فەرمانڕەواكردنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە هاتۆتە ئاراوە , هەر لەو ڕۆژەش وشەی دەسەڵات داهێندراوە .دەسەڵاتیش لەگەڵ قەڵەم لە تەنگژە و لە شەڕ و ململانێ ی بەردەوام دا بووە . دەسەڵات و قەڵەم هەمیشە قڵشتێكی گەورە و فراوانیان لە نێواندا بووە . دەسەڵات هەر دەسەڵاتە , جا ئەم دەسەڵاتە لە چ زەمان و مەكانێك دا بێت . پابەندە بە هەمان سیستەم و یاساكانی زەبروزەنگ و توندووتیژی , بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی فەرمانڕەوایەتی و هەرچی زیاتر كەڵەكەكردنی  سەروەت و سامان و فراوانكردنی بازنەكانی هێز . دەسەڵاتی كوردیش وەك هەر دەسەڵاتێكی تر , لە هەمان ئاست و شێوەی پەیوەندی دابووە لەگەڵ قەڵەم ( دەكرێت قەڵەم لێرە پێناسەیەك بێت بۆ ئازادی و بیر و هۆشمەندی مرۆڤ , واتە كۆمەڵگە ) .دەسەڵاتی كوردیش وەك هەر دەسەڵاتێكی تر هەمیشە لە هەوڵی دەستەمۆكردنی قەڵەمەكان دا بووە بە تایبەت قەڵەمە ئازادەكان . دیارە لە ڕێگای دەستبردن بۆ هەموو شێوازەكانی دەمچەوركردن توانیویانە زۆرێك لە قەڵەمە ترسنۆكەكان لە ژێر سێبەر و لە نێو ئەشكەوتە تاریكەكانی ژێر دەسەڵات ( قوڕقاپیان ) بكەن و قەڵەم و بیركردنەوەكانیشیان ڕەنگڕێژ بكەن .
 بۆیە لە خۆڕا نەبوو كە ( پۆشكین ) مرد , قەیسەری سێیەم گوتی ( ڕووسیا مرد ! ) . داخ و پەژارەی قەیسەر بۆ ئەوە نەبوو كە كەسایەتیەكی گەورە و شاعیرێكی ناودار گیانی لە دەستداوە , داخ و پەژارەكەی لێرەوەبوو , بە مردنی پۆشكین دیوارێك لە دیوارەكانی دەسەڵات ڕووخا . چونكە پۆشكین گەورە پیاو و گەورە شاعیری دەسەڵات بوو . دەسەڵاتی كوردی بەدەرلەوەی هیچ وەڵامێك و ڕێگاچارەیەكی پێنیە بۆ ستەمی میللی و ئایندەی كوردستان و بۆ كێشەوگرفتەكانی خەڵك , لە بەرامبەر سەرەتاییترین خواست و داخوازییەكانی خەڵك بێدەنگە و بە دژی مافە مرۆیی و مەدەنیە سادەكانی خەڵك دەوەستێتەوە و سەركوتیان دەكات .
 دەسەڵاتی كوردی بە جیا لەوەی چ دۆزەخێكی بۆ خەڵك هێناوەتە بوون , خەڵكی لە زیندانێكی گەورە و لە چاوەڕوانیەكی بێهودەو لە ترس و نیگەرانیەكی بێوێنە هێشتۆتەوە ! بە جیا لەوەی چ بارێكی دەروونی بۆ قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆ و ڕەوشی خوێندن و مەعریفە خولقاندووە !؟ .بە جیا لە هەموو ئەمانە دەبینین سەنگەرگرتن لە ئەهلی قەڵەم بە تایبەت ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد , سەركوتكردنیان و زیندانیكردنیان و هەڕەشە و ڕاوەدونانیان بۆتە سیمایەك و شێوازێك , دەسەڵاتی كوردی پێ دەناسرێتەوە .
 دەسەڵاتی كوردی دەسەڵاتێكی سەركوتگەرە و بەرهەمهێنەری كاری فاحیشە و كاری گەندەلییە . دەسەڵاتێكە لەگەڵ ویست و ئومێد و خواستە مەدەنیەكانی خەڵك نایێتەوە . خەون وخەیاڵی كارێزمایی و دیكتاتۆریانە لە ڕووبەرەكانی بیركردنەوەی دەسەڵاتی كوردی ئامادەیی بەردەوامی هەیە . بە كورتی دەسەڵاتی كوردی دەسەڵاتێكی مافیاییە و هیچی تر .
 لە خۆڕا نەبوو ( جۆرج بۆش ) بە دوای ڕووداوەكەی 11ی سیبتەمبەر بۆ مەبەستی هێرشكردنە سەر دەسەڵاتی ( بنلادن ) لە ئەفغانستان گوتی ( ئەوەی لە گەڵم نەبێت , دەژمنمە ! ) . ئەم هاوكێشەیە هەموو دەسەڵاتێك چ بە ئاشكرا چ بە نهێنی كاری پێدەكەن .
 دەسەڵاتی كوردیش لە بەرامبەر ئەهلی قەڵەم هەمان بیركردنەوەی هەیە ! بە مانایەك , ئەوەی لە گەلیدا بێ و دەمی چەور كردبێ ئەوا نووسینەكانیان ڕەخنەی بنیاتنەرانەن , وە ئەوانەیش بە دژیان دەنووسن و ڕەخنەی ڕیشەییان لێ دەگرن كەسی تێكدەرن و نووسینەكانیان ڕەخنەی ڕووخێنەرانەن ! چ شوورەییە دەسەڵاتێك بەم شێوەیە بیربكاتەوە و مامەلە لەگەڵ وشە و زانست و قەڵەم و مەعریفە دا بكات !؟ چ شوورەییە دەسەڵاتێك كە هەموو جەستەی خۆی پڕاوپڕ بێت لە گەندەلی و كاری فاحیشەیی كەچی لەولاوە ( كۆمەڵگە بە تەمبەڵ و رۆژنامەنووسان و نووسەران بە سەگ ! ) ناو ببەن و خۆشیان بە تریفەی مانگ ! ئاخۆ دەبێ ئەم تریفەیە تریفەی چ مانگێك بێت , مەگەر تالەبانی هەر خۆی سیحری ئەم مانگە پلاستیكە دەستكردە بزانێت !؟ .
 لە خۆڕا نیە زانایان و بیرمەندانی ئیسلام كەوتوونەتە هەلەكەسەماو فتوا دەردەكەن و یاداشتنامە بە ئیمزای تەزویر دەدەن بە سەرانی دەسەڵات و ئەمانیش وەك ئەوەی ئەم یاداشتنامانە لە ئاسمانەوە هاتبێتن بە پەلە ئیمزای لێدەدەن و بە ناوی هێرشكردنە سەر موقەدەسات فوو لە چراكانی ئازادی دا دەكەن و مۆمەكانی وشە و قەلەم و ئازادی  سەردەبڕن !
 ئێمەش بە مافی خۆمانی دەزانین بپرسین كام موقەدەسات ؟ ئەوشتانەی لە دەرەوەی بەها مرۆڤایەتیەكانن كوێیان موقەدەسە ؟ ئایا ( عەبدولخالق مەعروف ) موقەدەس بوو یان كتێبە ئاسمانیەكەی خودا ؟ ئایا جەستە و ڕۆح و مرۆڤبوونی ئەو كچۆڵە و ژنانە موقەدەسن یان مۆڕال و شەریعە و یاساكانی خودا ؟ كە بە نوێژی نیوەڕۆ بەبەرچاوی هەموو دنیاوە بەردباران دەكرێن ! چ شوورەییە , كە بە مانشێتی گەورە لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامە ڕووزەردەكانتان دەنووسن ( لەلای هێژا سەرۆك بارزانی , ژن موقەدەسە ! ) . بەڕێزەكانم  كام موقەدەس !؟ دەسەلاتی كوردی دەسەلاتی دژ بە ئازادی و قەلەم و دەسەڵاتی دژ بە ژنە . چونكە لە سەرەتای تەمەنی دەسەلاتی كوردیەوە تاكو ئیمڕۆ كێرڤی خۆ سووتاندن و كوشتن و بەردبارانكردنی ژنان زۆر ڕوو لە سەر بووە . وە مەرجەعی سەرانی دەسەڵاتی كوردی بە تایبەت هێژا سەرۆك بارزانی بۆ عیلم و مەعریفە كۆڵكە مەلای بەناو زانایانی ئیسلامی بووە .دیارە نەك تەنها بۆ دەسەڵاتی كوردی بەڵكو بۆ هەموو دەسەڵاتەكانی دنیا ئایین كۆڵەگەیەكی پتەو و بەهێز بووە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵات و سەركوتكردن و بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك هەمیشە سوود لە ئایین وەرگیراوە . بۆیە زۆر ئاساییە كە سەرانی دەسەڵاتی كوردیش یاداشتنامە و فتوانامەی مەلاكان ئیمزا بكەن و  دژ بە ئازادی و قەڵەم بوەستنەوە و دەرگای دادگا و زیندانەكان بۆ نووسەرانی ئازاد بخەنە سەر گازەرەی پشت .
 لە خۆڕا نەبوو لە سەردەمی ڕێنسانس دا بیرمەندان و قەڵەم بەدەستە ئازادەكان ئەهلی مەعریفە و زانست , لە گۆڕەپانەكانی فەڕەنسا سووتێندران . لە خۆڕا نەبوو سكۆلاریستەكان دژی دەسەڵاتی ئایینی تێكۆشان و داوای جیابوونەوەی ئاینیان لە دەولەت كرد . لە خۆڕا نەبوو ( ماركس و فرۆید و نێتشە ) دەسەڵاتی خودا و ئاینیان ڕەتكردەوە و گوتیان : بنەمای هەموو ئاینەكان لەسەر كۆیلەكردنی مرۆڤ پێكهاتووە و مرۆڤەكان لە ژێر دەسەڵاتی خودا و ئایین , كائینێكی بێبەها و  دیل و گیرۆدەن . لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە , ئایا بەڕێز فاروق ڕەفیق یان هەر نووسەرێك و خوێندەوارێكی ئایینی , خوێندەواریەكەیان ناكەوێتە ژێر پرسیارەوە , كاتێك بە ناوی خودا و ئایین , مەلاكان و ڕێبەرانی ئاینەكەیان فتوای كوشتن و سەربڕینی وشە و كتێب و قەڵەم و نووسەران دەردەكەن و ئەمانیش بێدەنگی هەڵدەبژێرن !!
 باشە بۆ نایەن حیوار بكەن و ڕەخنە و نووسینەكانی لە سەر ئایین و كتێبەكانی خودا , وەڵام پێ بدەنەوە و هەوڵ و ڕەخنەكانیان بێبەها بخەنەوە ؟
 دەسەڵاتی كوردی دەسەڵاتێكی بەهرەدارە لە دەستگرتن بەم جۆرە موقەدەساتانەو كە بۆ كەسێكیش مەعلوم نیە سەرچاوەكەیان لە كوێوە هاتووە , وە بەهرەدارە بۆ ژێرپێخستنی قەڵەمی ئازاد و ژێر پێخستنی زانست و مەعریفە و  بەها مرۆڤایەتیەكان .
 
                                   
 
Nala_hassan@yahoo.ca     
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.