
!بۆ ئه‌وه‌ی خوودا و په‌یامه‌کانی بناسین پێویستمان به هۆشیارییه
ئه‌وه‌ی خۆی ناسیبێ خودا‌ش ده‌ناسێ، خۆناسین شاڕێیه بۆ گه‌یشتن به خودا. مرۆڤ تا کۆده‌کانی ڕۆحی خۆی نه‌دۆزیته‌وه ناتوانێ بگات به خوود، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، تا مرۆڤ که‌متر ئاشنابێت به کۆده‌کانی گیان، زیاتر دوور ده‌که‌وێته‌وه له ویژدان. دوورکه‌وتنه‌وه‌ش له خوود، دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له یه‌زدان. که‌سی دوور له خوود، ناتوانێ خۆی خۆشبوێت، چ جای مرۆڤ، یان سروشت و ژینگه‌ی ئافه‌ریده‌کانی په‌روه‌ردگار. ئه‌مه هاوکێشه‌یه‌کی ساده‌ی بوونه، که‌سێ ئافه‌ریده‌کانی خۆشنه‌وێت، ناتوانێ ئافه‌رێنه‌ری خۆش بوێت، ئه‌وه‌ی ئافهرێنهریشی خۆش‌ویست ناتوانێ ئازاری ئافهرێنهرهکانی بدا و سروشت و ژینگه وێران کات.
مرۆڤ تا خۆی زیاتر بناسێت، هۆشیارتر خوودا ده‌ناسێت. په‌رستنی خوودا چڕبوونه‌وه‌یه‌کی هۆشیارانه‌یه له نێو ڕامانێکی مرۆڤانه‌دا، که‌تیایدا بیر له گرنگترین یاسای سروشت ده‌کرێته‌وه، ئه‌ویش بریتییه له خۆشه‌ویستی په‌تی. ئهوخۆشهویستیهی بریتی نه‌بێت له به‌زه‌یی، بریتی نه‌بێت له ترس، بریتی نه‌بێت له ڕیایی و په‌یوه‌ست نه‌بێ به غه‌ریزه‌ی ئاژه‌ڵییانه و په‌یوه‌ندی نه‌بێت به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانه‌وه، وزه‌یه‌کی خوداییه و جوانترین جۆری خووداپهرستییه. کاتێ مرۆڤ بتوانێت به بێ مه‌رج و به‌بێ هۆکار و ته‌نها له‌به‌ر خوودی خۆشه‌ویستی که قانوونی سروشت و یه‌زدانه، هه‌موو مرۆڤه‌کانی خۆش بوێت، ئاژه‌ڵ و ڕووه‌ک ، خاک و خۆڵ، ئاو و با و ئاگری ئه‌م گه‌ردوونه‌ی خۆش بوێت، ئیدی پێویستی به کلێسا و مزگه‌وت نییه، چونکه ده‌روونی خۆی ده‌بێت به په‌رستگای. به‌خشینی خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه‌ی بێڕتووش به هه‌موو مرۆڤ له هه‌موو دڵه‌وه، نوێژێکی به‌رده‌وامه بۆ خوودا. ئه‌گه‌ر توانیت به‌و وزه یه‌زدانییه ته‌نانه‌ت نهیارهکانیشت خۆش بوێت، توانیوته ئه‌ڤینی خودا له ژیانی ڕۆژانه‌دا پیاده بکه‌یت و په‌یامی پیرۆز به مرۆڤێکی دیکه بگه‌یه‌نیت. ده‌ستنوێژی خووداپهرستییهکی وا، بیرکردنه‌وه‌یه له چاکه به‌وپه‌ڕی میهره‌بانییه‌وه، به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو مرۆڤایه‌تی، نه‌ک ته‌نها هاوبیر و هاوشێوه‌و هاوڕه‌گه‌ز و هاوه‌ڵ و هاوگروپی خۆت.
مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ر بێت، پێویسته کۆده‌کانی ڕۆحی خۆی بدۆزێته‌وه، تا بتوانێت ناواخنی خۆی له هه‌ڵه‌کانی ژیار و له په‌ڵه‌کانی کو‌لتوور و دابونه‌ریته ناسروشتییه‌کان پاک بکاته‌وه و ئه‌و ده‌مامکانه بشکێنێت که ناسروشتین و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵقوڵینی وزه‌ی تاریکی، که سیمای ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤیان ون کردووه. تا ئه‌و ده‌مامکانه نه‌شکێنین و ئه‌و هه‌ڵه و په‌ڵانه نهکوژێنێنهوه، ڕۆحمان ڕووناک نابێته‌وه. ئه‌وه‌ی تووندوتیژی بکات، ئه‌وه‌ی هانی زه‌بروزه‌نگ بدات، ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی نایه‌کسانی بدات، ئه‌وه‌ی دزی و درۆ و بوختان و ناپاکی بکات، با شه‌و و ڕۆژیش له په‌رستگا بێت، با خاترجه‌م بێت که به‌قه‌د هێڵی کاکێشان دووره له ڕووناکی یه‌زدان.
خوودا ڕووناکییه و ته‌نها ئه‌وانه‌ی به هۆشیارییه‌کی باڵاوه له نێو دڵ و له ناخی ده‌روونی خوودی خۆیاندا لێی ده‌گه‌ڕێن، ده‌یدۆزنه‌وه. مرۆڤ هه‌میشه به زه‌ینی نیوههۆشیارهوه سۆراخی په‌روه‌ردگاری کردووه، بۆیه که‌من ئه‌وانه‌ی یه‌زدان وه‌ک خۆی ده‌ناسن و عاشقی ده‌بن. عارفه‌کان، ئه‌و مرۆڤانه‌ن شه‌یدایانه هه‌وڵی خۆتواندنه‌وه له نێو ڤیانی خوودادا ده‌ده‌ن، تا له‌و کرده‌یه‌دا به چه‌ند گه‌ردیله‌یه‌کی ئه‌و ڕووناکییه هه‌میشه‌ییه شادبن، که چاویان بۆ دیتنی نادیاره‌کان ده‌کاته‌وه و له نهێنییه‌کانی سروشت و ئه‌ودیووی سروشت ده‌گه‌ن. ئه‌وه‌شی که له کۆده‌کانی سروشت و پشتی سروشت تێبگات، له قانوونه‌کانی خودا تێده‌گات و ده‌زانێ پیرۆزترین قانوونی خوودا خۆشه‌ویستی په‌تییه.
ئه‌فلاتوون له گرنگی ئه‌م قانوونه گه‌یشتووه، بۆیه گووتویه‌تی:" ته‌نیا مایه‌ی به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ له ژیاندا، خۆشه‌ویستییه." که خۆشه‌ویستی قانوونی سروشت بێت و سروشتیش به‌رهه‌می خوودا بێت، که‌واته ئه‌و کولتووره‌ی که خۆشه‌ویستی به نه‌نگ ده‌زانێ و له ڕوانگه‌یه‌کی دڕدۆنگانهوه به ناوی غه‌یبه‌وه به عه‌یب له قه‌ڵه‌می بدات، کولتوورێکه تێکه‌ڵ به ئه‌فسانه بووه و په‌یڕه‌وی قانوونی خودا ناکات. ئه‌و مرۆڤانه‌ش که نوێنه‌رایه‌تی کولتوورێکی ئه‌نتی خۆشه‌ویستی ده‌که‌ن و به تۆمه‌تی خۆشه‌ویستی ئازاری ده‌روونی یان جه‌سته‌یی به مرۆڤه‌کان ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌و که‌سانه له قانوونی خوودا لاده‌ده‌ن و خوودا ناناسن. قانوونی خودا زۆر دووره له‌و خوڕافانهی که مرۆڤ به‌ناوی خوداوه دایاندهتاشێ. کاتی ئه‌وه هاتووه خوودا وه‌ک خۆی بناسین و قانوونه جوانه‌کانی خوودا په‌یڕه‌وی بکه‌ین و په‌یامه‌کانیشی بناسین و بناسێنین. کاتی ئه‌وه هاتووه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خودادا بین و نه‌هێڵین هیچ که‌سێ خۆی به نێوه‌ند و ناوبژی نێوان ئێمه و په‌روه‌ردگار بزانێ. با نه‌هێڵین که‌س خۆی به نوێنه‌ری ئه‌و بزانێ و بێت یاری به هه‌ست و نه‌سته‌کانمان، به بیر و هۆشمان بکات و ناو له خۆی بنێت پیاوی خوودا. ژن و پیاوی خوودا ئه‌و مرۆڤانه‌ن که بۆ به‌خته‌وه‌ری ئینسان، کار بۆ ئاشتی ده‌که‌ن و ده‌زانن له سایه‌ی ئاشتیدا وزه‌ی ئاسووده‌یی به‌رهه‌م دێ و په‌یامه‌کانی خوودا و قانوونه‌کانی سروشت به سانایی پیاده ده‌بن. له نێو ئاژاوه و شه‌ڕیشدا وزه‌ی نیگه‌رانی به‌رهه‌م دێ و گه‌نده‌ڵی و گومان، زه‌بر و جه‌بر و تاوان ده‌زێن.
ئه‌وانه‌ی که له پای تهفسیرێ ته‌کفیرت ده‌که‌ن، خۆیان ناناسن. ئه‌وان کێن تا به‌تۆ بڵێن ئه‌نتی خودا؟ ئه‌وانه‌ی له جیاوازی ڕووانین ناگه‌ن، نه‌یانزانیووه په‌روه‌ردگار جگه له دووچاو و عه‌قڵێکی ده‌ره‌کی، چاو و عه‌قڵێکی دیکه‌شی به مرۆڤ به‌خشووه. به چاوی ناوه‌وه ده‌توانی ڕه‌نگی وزه‌کان ببینی و ده‌رک به نهێنییه‌کانی ناوه‌وه‌ی ئینسان بکه‌یت، به عه‌قڵی ناوه‌وه‌ش ده‌توانی ڕاڤه‌یه‌کی ڕوونی هاوکێشهئاڵۆزهکانی سروشت و بوون و گه‌ردوون بکه‌یت. ئه‌وانه‌ی که له‌به‌ر تهفسیرێ ته‌کفیرت ده‌که‌ن، نازانن فه‌یله‌سووفه‌کان، پێغه‌مبه‌ره‌کان، عارفه‌کان، نووسه‌ران و دانایان جگه له چاو و عه‌قڵی زاهیرییان، بینایی و مێشکی ناوه‌کییان به‌کارده‌هێنن، بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن جیاوازه له هی ئاسایی و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه به‌لای ئه‌وانه‌وه که نازانن ئه‌و عه‌قڵ و چاوه په‌نهانه به‌کار ببه‌ن. ڕاده‌ی زانین و توانینی به‌کارهێنانی ئه‌و ئه‌ندامه په‌نهانانه، په‌یوه‌سته به ڕاده و ڕێژه‌ی ئه‌و به‌هره‌یه‌ی که پێدراوێکی سروشتی و خووداییه به ئینسان. نووسه‌ران و فه‌یله‌سووفان و عارفه‌کان و پێغه‌مبه‌ران و مرۆڤه تێکۆشه‌ره‌کانی جیهان، خاوه‌نی ئه‌و به‌هره پێدراوه خووداییهن، بۆیه ته‌فسیری جوودایان هه‌یه بۆ دیارده‌کان و ڕێگه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه بۆ خه‌ڵوه‌ت و ڕامان، پێناسه‌ی تایبه‌تی خۆیشیان هه‌یه بۆ یه‌زدان.
ڤیلیهم ڕایش ده‌ڵێ: "ده‌زانم ئه‌وه‌ی که ناوت لێناوه خودا، له ڕاستیدا هه‌یه و نکۆڵی لێناکرێت، به‌ڵام له شێوه‌ی جیاواز له‌وه‌ی که تۆ به بیرتا دێت. خودا وزه‌ی بنچینه‌یی و ده‌ره‌کی نێو گه‌ردوونه، خۆشه‌ویستی نێو ناخی خۆته، پاکی و ڕاستگۆیی و لهڕووییه، هه‌ست و نه‌ست و تێگهیشتنهکانته به‌رامبه‌ر به سروشتی ناوه‌وه و ده‌روه‌ی خۆت."
فه‌یله‌سووفه‌کان، وه‌ک پێغه‌مبه‌ره‌کان عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها بوون و داهێنانی فه‌لسه و ئایین بۆ ئه‌وه نه‌بووه تا مرۆڤ له نێو ئایدۆلۆژیا و ئه‌فسانه‌دا گیرۆده و دیل بکات، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی که پێویسته مه‌یدانێکی مه‌عنه‌وی بێت بۆ زۆرانبازی فیکر و بیرکردنه‌وه له پێناوی دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی ڕێژه‌یی و ڕاستی ڕه‌ها. زیکر به بێ فیکر ناتگه‌یه‌نێت به هیچ، بیرکردنه‌وه له داهێنان و له ڕاڤه‌کردنێکی نوێتر له بوون و دیارده‌کانی، زیکرکردنه. خوودا عه‌قڵی بۆ ئه‌وه پێنهبهخشیوین بۆ ئه‌و دنیا هه‌ڵیبگرین و مردووه‌کانی پێ بدوێنین، بۆ ئه‌وه پێی به‌خشیووین که ئهمدنیای پێ ئاوه‌دان بکه‌ینه‌وه و زیندووه‌کانی پێ به‌خته‌وه‌ر بکه‌ین.
ڕاستی ڕه‌ها بریتییه له خوودا، که له نێو هه‌موو گه‌ردیله‌یه‌کی بووندا جێگیره. ئه‌م ڕاستییه ڕه‌هایه که دێته نێو ده‌روونی خوودی مرۆڤه‌کانه‌وه ده‌بێت به ڕاستییه‌کی ڕێژه‌یی، بۆیه مرۆڤ ناتوانێت مه‌عسووم بێ له خه‌تا و ڕۆژانه به هه‌ڵه کارمای خۆی پڕ ده‌کات له په‌ڵه. ئه‌و مرۆڤه‌ی کارمای په‌ڵه‌یه‌کی بچوکیشی تێدا بێت ناتوانێ ببێت به نوێنه‌ری خوودا، چونکه خوودا ڕاستییه‌کی ڕه‌هایه و به ڕێژه‌یه‌ک له هه‌موو بوونێکدا پهخشبۆتهوه. ته‌نها که‌سی مه‌عسوم له گوناه ده‌توانێت وه‌کیلی خوودا بێت، ماده‌م مرۆڤ ناتوانێ بوونه‌وه‌رێکی بێ هه‌ڵه بێت، ناتوانێت ببێت به وه‌کیلی یه‌زدان و به سه‌فیری ئاسمان. فه‌توا به ناوی خوا، فێڵی مرۆڤه له مرۆڤ بۆ ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموون، هیچ په‌یوه‌ندی نییه به به‌هاکانی دانه‌ری گه‌ردوون. که‌س بۆی نییه ته‌کفیری نووسه‌ران و فه‌یله‌سووفان و زانایان و دانایان و تێکۆشه‌ران بکات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مانه هه‌ڵه‌شیان کرد، چونکه خوودا خۆی هۆشیاری باڵایه، که دێته نێو مرۆڤه‌کانه‌وه ده‌بێته هۆشیارییه‌کی ڕێژه‌یی و ماده‌م هۆشیاری مرۆڤ ڕێژه‌ییه که‌واته هه‌ر مرۆڤێ به پێی تێگه‌یشتنی خۆی و کاریگه‌رییه‌کانی ژینگه و کولتووره‌که‌ی ته‌فسیری جوودای دیارده‌کان ده‌کات و ئه‌و ته‌فسیرانه‌ش له ئه‌زموونه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن و ده‌بن به ئه‌زموون. ئه‌زموونه‌کانی مرۆڤایه‌تی، بریتین له کۆی کۆشش وهه‌ڵه‌کانی مرۆڤ، که له‌سه‌ر گریمان و گومانه‌کانی عه‌قڵی مرۆڤ بنیاتنراون.
خوودا دوور نییه له ئێمه‌وه تا نوێنه‌رێ یان وه‌کیلێکی خۆیمان بۆ بنێرێ، ئه‌و هێنده نزیکه له ئێمه‌وه که تاڵه‌موویه‌کیش ناتوانێ نێوه‌ند بێت له نێوانمان. مه‌لا و قه‌شه‌کان و پیاوانی ئایینی، هه‌ر دینێکی ئه‌م گه‌ردوونه بێت به بێ جیاوازی، به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه بۆ هه‌موویان، ته‌نها نوێنه‌ری خۆیانن و به‌س! هه‌ر ڕه‌فتار و گوتارێکی ئه‌وان که بۆنی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی لێبێت، خاپاندنی مرۆڤه ناهۆشیارهکانه. مرۆڤی هۆشیار، ده‌زانێت که خودای مه‌زن، ئه‌و هێزه بێسنووره‌ی هه‌یه به بێ یارمه‌تی هیچ که‌سێک، بگاته دڵ و ده‌روونی هه‌موو که‌سێک! بۆیه مرۆڤه هۆشیاره‌کان دووی بانگه‌شه خورافییه‌کان ناکه‌ون و باوه‌ڕ به مێزه‌ر و میرزای وه‌همی ناکه‌ن.
پیاوچاک و ژنچاکان له نێو هه‌موو کولتووره‌کاندا مرۆڤی خۆشه‌ویستن و به سیحری میهره‌بانی کار له ده‌روونی که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ریان ده‌که‌ن و به هۆی کارمای تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پاکیانهوه، جۆرێک له کارێزمایان بۆ دروست ده‌بێت که سه‌رنجڕاکێش و جێگه‌ی باوه‌ڕ بن و ببن به نموونه‌ی باڵا، به‌ڵام هه‌موو ژن و پیاوچاکاکانی دونیاش چونکه مرۆڤن، بێبه‌ری نین له هه‌ڵه و ناتوانن ده‌رباز بن له کاریگه‌ری ناسروشتی کولتووره‌کان، بۆیه دڕدۆنگییه ئه‌گه‌ر مرۆڤ کهسبپهرستێ، با ئه‌و که‌سه ژنچاک یان پیاوچاک، یان پێغه‌مبه‌ر، یان ڕابه‌ر، یان گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفی دنیاش بێت.
ئه‌وانه‌ی به ڕه‌خنه‌گرتن له پێغه‌مبه‌رێ، یان فه‌یله‌سوفێ، یان ڕابه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌ک زیز ده‌بن، مانای ئه‌وه‌یه که‌سه‌کان به پیرۆز ده‌زانن و به پێی لۆژیکی قانوونی یه‌زدانیش ته‌نها ڕاستی ڕه‌ها پیرۆزه، واته ته‌نها خوودا پیرۆزه! به‌ڵام خوودا موڵکی تاکه‌که‌س نییه تا یه‌کێ خۆی به خاوه‌نی بزانێ و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکات که به‌رگری لێده‌کات و که‌سانی دیکه به کافر و زه‌ندیق بزانێ. خودا که سیناهی زه‌مین و ئاسمانه، خۆی خاوه‌نی هه‌موو سروشت و مرۆڤه‌کانه، که‌واته هه‌موو هی ئه‌وین و ئه‌ویش به یه‌کسانی هی هه‌مووانه. که‌س بۆی نییه خوودا به ته‌نها به هی توێژێک بزانێت و توێژێکی دیکه‌ی لێ بێبه‌ری بکات. هه‌وڵێکی وا جگه له‌وه‌ی مه‌یلێکی داگیرکارانه‌ی ئهگرسیڤه، هه‌ستێکی خۆپه‌رستانه‌ی ئهکتیڤیشه بۆ هه‌ژموون و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و له ئه‌نجامیشیدا وزه‌ی ڕق و تووندوتیژی به‌رهه‌م دێت.
که‌م نین ئه‌و جۆره مرۆڤانه‌ی که‌ڵکئاوه‌ژوویان له هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان وه‌رگرتووه و ده‌زانن چۆن یاری به ئاوه‌زی خه‌ڵکی دڵپاک بکه‌ن و به ناوی دینه‌وه دنیا بکه‌ن به مه‌یدانی ئاژاوه و که‌سانێک له دژی که‌سانی دیکه بۆ تووندوتیژی هان بده‌ن. مێژووی مرۆڤایه‌تی به گشتی و هی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی، پیشانگای ئه‌و نموونانه‌ن. نموونه‌ی ئه‌م توێژه له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بووه و هه‌یه و له داهاتووشدا ده‌بێت، وه‌ک چۆن له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا له خۆرئاواشدا هه‌بوون و قۆناغی تاریکی خۆرئاوا، به ئاوابوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان کۆتایی پێهات. هه‌ڵهاتنی خۆری عه‌قڵ و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی فیکر و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب، قۆناغی ڕۆشنگه‌ری کرده دیاری بۆ ئه‌وان و له‌وساوه داهێنانی زۆر و پێشکه‌وتنی خێرا بووه‌ته سیمای ژیاری ئه‌وان و ڕۆژهه‌ڵاتیش تا دێ غه‌رقی کوشتن و ته‌قینه‌وه و تاوان ده‌بێت! ته‌نانه‌ت خراپه‌کارانی ڕۆژئاوا که چه‌ک و بۆمبا دروست ده‌که‌ن، ڕۆژهه‌ڵاتی به هه‌زاران ته‌نیان لێده‌کرێ و بۆ وێرانکردنی مرۆڤ و ژینگه‌که‌ی خۆی به‌کاریان ده‌بات!
ئێمه‌ش له کۆمه‌ڵگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتدا، پێویستمان به ڕێنیسانسێکه له کولتووری زهینیماندا، تا بتوانین کولتووری عهینیشمان پێشبخه‌ین. گه‌ر زه‌ین و عه‌ین هاوته‌ریبی یه‌ک نه‌ڕۆن، پێشکه‌ون وه‌ک بڵقی سه‌رئاوه و ئازادیمان وه‌ک گڵۆپی کهف، که زارۆکان یاری پێده‌که‌ن، هه‌ر به داگیرسانی، یه‌کسه‌ر ده‌کوژێته‌وه. به بێ بنیاتنانی سه‌رخانێکی چڕ بۆ کو‌لتوور و تانوپۆیه‌کی پته‌و بۆ ڕوانینێکی مرۆڤدۆستانه، بونیاتنانی ژێرخانێکی تووندوتۆڵ بۆ کۆمه‌ڵگه، ده‌چێته خانه‌ی وه‌همه‌وه. بۆیه فه‌لسه‌فه و دۆزی هیومانیستی بووه‌ته پێویستییه‌کی هه‌نوکه‌یی و تا دره‌نگتر بکه‌وێت، سیماکانی دواکه‌وتن خراپتر ده‌رده‌که‌ون. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی تهکفیرکهرانی تهفسیرهجیاوازهکان بێت، باڵاخانه‌ی به‌رز له کوردستاندا بگاته ئاسمانیش، داهاتووی نییه. باوه‌ڕم وایه له کوردستاندا پێویسته ئایین، نه‌ک هه‌ر ئیسلام هه‌موو ئایینه‌کان به بێ جیاوازی، ئه‌وپه‌ڕی ڕێزیان لێبگیرێت، به‌ڵام سنووری ئایین تایبه‌ت به مرۆڤ خۆی بێت و په‌یڕه‌ویکردنی خووداپهرستییش له نێوانی مرۆڤ و په‌روه‌ردگار خۆیدا بێت، نه‌ک خۆهه‌ڵقورتان له ژیانی تایبه‌تی و خێزان، له سیسته‌می په‌روه‌رده و سیسته‌می سیاسی نیشتیمان.
سیکولاریزم مانای خوودانهناسی نییه، وه‌ک هه‌ندێ که‌سی ناعه‌قڵانی، عه‌لمانییه‌کانی پێ تاوانبار ده‌که‌ن. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سیکولاریشدا مرۆڤ ئازاده تا پله‌ی عه‌شق، که باڵاترین پله‌ی خۆشه‌ویستییه، خوودای خۆش بوێت و چۆن حه‌ز بکات وا بیپه‌رستێ، به‌ڵام بۆی نییه خوودا بسیاسهتێنێ و دین بحیزبێنێ و قانوون بمهزههبێنێ، دادگا بشهرعێنێ!
له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سیکولاردا، ئه‌و مرۆڤانه‌ی بڕوادارن، پێویسته به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه له شوێنی تایبه‌ت به خوداپه‌رستی باوه‌ڕی خۆیان پیاده‌بکه‌ن و به‌وپه‌ڕی هۆشیارییه‌وه په‌یامه‌کانی خوودا که بریتین له ڕاستگۆیی، ده‌ست و داوێن‌پاکی، میهره‌بانی و خۆشه‌ویستی و دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی، په‌خش بکه‌نه‌وه.
له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا، هه‌ر که‌سێ، ههرگروپێ، یان هه‌ر حیزبێ به وتارێ یان کردارێ، یان فه‌توایه‌ک بانگه‌وازی بۆ نایه‌کسانی نێوان مرۆڤه‌کان دا، بانگه‌شه بۆ نادادپه‌روه‌ری ده‌کات. دادپه‌روه‌ری بێ یه‌کسانی ده‌بێته وههم و یه‌کسانی به‌ردی بناغه‌ی عه‌داله‌تی یه‌زدانییه. هه‌ر که‌سێک له‌م عه‌داله‌ته تێنه‌گات، له خوودا تێنه‌گه‌یشتووه، با ناوی ڕابین، یان مه‌لا، یان قه‌شه، یان زانایشی له خۆی نابێت. ئه‌وه‌ی ژن به که‌متر له پیاو بزانێت، باوه‌ڕی به وههم هه‌یه نه‌ک به خوودا. ئه‌وه‌ی مێ به سووک ته‌ماشا بکات، به پێوه‌ری عه‌قڵی باڵا که‌سێکی نابینایه. ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان به یه‌کسانی نابینێت، له لای خوودای خاڵقی مرۆڤه‌کان هیچ سه‌نگێکی نامێنێت. ئێمه که بۆ یه‌کسانی تێده‌کۆشین، به پێوه‌ری لۆژیکی هۆشیاری باڵا، به لۆژیکی میهره‌بانی، په‌یامه‌کانی زاتی مه‌زن په‌خش ده‌که‌ینه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی خۆمان به وه‌کیلی بزانین و بێ ئه‌وه‌ی فه‌توای قه‌تڵوعام بده‌ین. ئێمه که یهکسانیدهخوازین، ئاشتیخوازانه ده‌خه‌بتین و ده‌ڵێین نا بۆ تووندوتیژی و قه‌تڵ، به‌ڵێ بۆ به‌کارهێنانی عه‌قڵ. ئایا ئه‌مه‌ی ئێمه لۆژیکی خودایه، یان ئه‌وه‌ی به ترس و تۆقین، نایه‌کسانی و هه‌ڵاواردن په‌خش ده‌کاته‌وه و به جه‌بری زه‌بر کارده‌کات و دڕدۆنگی ده‌کات به یه‌قین؟!
چه‌سپاندنی پرنسیپی یه‌کسانی و په‌خشکردنی ڕۆشنبیری یه‌کسانی بناغه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاسووده‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ببێته کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک به‌خته‌وه‌ر، پێویسته سنوورێکی ڕاسته‌قینه بۆ ئه‌و تووندوتیژییه دابنرێت، که به‌رامبه‌ر به مێینه پیاده‌یه و ڕۆژانه تاوانی لێده‌که‌وێته‌وه.
جیاکاری نێوان نێر و مێ، له ڕۆژی له‌دایکبوونیانه‌وه تا ڕۆژی مردنیان، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌یه که دیرۆکێکی دوورودرێژی هه‌یه و تا ئه‌مڕۆش کۆنپارێزه‌کان ده‌ستی پێوه‌ده‌گرن و بره‌وی پێده‌ده‌ن. هه‌تا ده‌ست به‌و جیاکارییه‌وه بگیرێ، کێشه‌ی مرۆڤ چاره‌سه‌ر نابێت. ئا ئه‌م جیاکارییه‌یه که ده‌بێته هۆی دروستبوونی هه‌ستی ڕق به‌رامبه‌ر به یه‌کتری و نواندنی تووندوتیژی و ناپاکی به‌رامبه‌ر به یه‌کتری له خێزاندا و له قوتابخانه و له هه‌موو شوێنێکی نێو کۆمه‌ڵگه‌دا.
جیاکاری له په‌روه‌رده‌ی نێر و مێ، وا له هه‌ردووکیان ده‌کات له سروشتی مرۆڤانه‌ی خۆیان بێنه ده‌ره‌وه و جه‌سته‌یان ببێته ده‌مامکی دوو ڕۆحی ناسروشتی، ڕۆحی چه‌وسێنه‌رێک و ڕۆحی چه‌وساوه‌یه‌ک، ڕۆحی کۆیلهدارێک و ڕۆحی کۆیله‌یه‌ک. مرۆڤێکی هۆشیار کۆیلایه‌تی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ نایه‌کسانی بکات خوازیاری چاخی کۆیلایه‌تییه.
ئه‌وه په‌روه‌رده‌ی ناجۆر و جیاکاریئامێزه وا ده‌کات ژن به بچوک و پیاو به گه‌وره چاوی لێبکرێت و له‌پای ئه‌م تێڕوانینه‌شدا له‌و کۆمه‌ڵگانه‌دا وه‌ک شتومه‌ک بژمێردرێ و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌بکرێت. ژنبهژن و گهورهبهگچکه و له‌سه‌ر لانکه ماره‌کردن، خه‌ته‌نه‌کردن و ماره‌به‌جاش و ده‌یان دابونه‌ریتی نامرۆڤانه‌ی دیکه، به‌رهه‌می ئه‌و جووداکارییهیه که له ئاکامدا، کوشتن، خۆکوشتن، خۆسوتاندن، خیانه‌ت، له‌شفرۆشی و ده‌یان ڕه‌فتاری قێزه‌وه‌نی دیکه و تاوانی جۆراوجۆری لێده‌که‌وێته‌وه.
پرنسیپی یه‌کسانی، بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌م تاوانانه نه‌هێڵێ، ئه‌م داب و نه‌ریت و ڕه‌وشت و خووه نامرۆڤانه‌یه نه‌هێڵێ. ڕۆشنبیری یه‌کسانی، هزرێکی مرۆڤانه و خوودایشه، خوودایه‌ک که حه‌تمه‌ن نه‌فره‌ت له نادادپه‌روه‌ری ده‌کات. ئه‌وه‌ی دژایه‌تی بیری یه‌کسانی بکات، هه‌ڵبه‌ته پێچه‌وانه‌که‌ی به باش ده‌زانێت، واته نایه‌کسانی و ناعه‌داله‌تی پێباشتره!! پیاوچاکان و ژنچاکان دژ به پرنسیپی یه‌کسانی نه‌وه‌ستاون و ناوه‌ستن، چونکه دادپه‌روه‌ری له هه‌رکوێ بێت،خووداش له‌و جێگایه‌یه. گه‌ر خوود و خوودات ناسیبێت، ناتوانی له‌به‌رامبه‌ر چهوساوهنهوهی مرۆڤ و نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌ریدا بێده‌نگ دانیشیت.
بۆ مه‌یدانی یه‌کسانیخوازی، کوردستانی دایک پێویستی به هه‌زاران تێکۆشه‌ره. تێکۆشانێک به بێ خوێنڕشتن و به بێ ئازاردانی یه‌کتری، به بێ تۆمه‌تهه‌ڵبه‌ستن و داونانه‌وه و پیلانگێڕان بۆ یه‌کتری، به بێ باوه‌ڕکردن به قسه‌ی پڕوپوچی دوژمنانی بیری یه‌کسانی. گۆڕه‌پانی کوردستان سه‌دان ژن و پیاوی یه‌کسانخوازی هه‌س، به‌ڵام پێویستی به هه‌زاران هه‌زاری دیکه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به بیر و به قه‌ڵه‌م، به ڕه‌فتار و بهگفتار، به ڕه‌خنه و خۆشه‌ویستی، به‌های مرۆڤایه‌تی له کێڵگه‌ی کولتووری کوردی‌دا بچێنن، تا له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا به‌رهه‌می یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری لێشین بێت. به‌ڵگه‌نه‌ویسته که ڕێ بۆ ئه‌و گۆڕه‌پانه سه‌خته نه‌ک ته‌خت، به‌ڵام ڕێیش و گۆڕه‌پانیش ئیراده‌ی مرۆڤ ده‌کارێ دروستی بکات. ویستن توانینه. سه‌باره‌ت به خوودایش، با نه‌ترسین له‌وه‌ی له‌پای تێکۆشانمان بۆ به‌های یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری که‌سانێ تهکفیرمان ده‌که‌ن، یان تۆمه‌تمان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن، یان ئازاری ده‌روونی و جه‌سته‌ییمان ده‌ده‌ن. باوه‌ڕم وایه یه‌زدانیش له‌گه‌ڵ مرۆڤی دلێر و تێکۆشهردایه.