
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ په‌رتووکی (The Shock Doctrine)
VII.
له چاپته‌ری یازده‌هه‌مدا «کلاین» باس له ڕوسیا ده‌کات، که چۆن بازاڕی ئازاد و (The shock and Therapy) له‌وێش کارایی خۆی دانا. ڕوسیا له بارودۆخێکی گه‌لێك خراپ‌دا ده‌ژیا، هه‌ڵئاوسانی پاره، پێویستی ڕوسیا به‌یارمه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، که‌وتنه ژێر فشاری هه‌م خه‌ڵکه‌که‌ی له ناوخۆدا و هه‌م فشاری ده‌ره‌وه، که‌مبوونه‌وه‌ی که‌ره‌سته و پێداویستییه‌کانی ژیان و ده‌رکه‌وتنی ڕواڵه‌تی بێ‌کاری و برسێتی و زۆر فاکته‌ری تر له گه‌شه‌کردندا بوون. ئه‌مانه هه‌مووی بوونه هۆی گرتنه‌به‌ری ڕێگایه‌کی تر له لایه‌ن ڕوسیاوه، تاکو بتوانێت بمێنێته‌وه و بژێت. ئه‌وه بوو «گۆرباچۆڤ» ئاڵای ئه‌م په‌یامه‌ی به‌رزکرده‌وه. له ته‌موزی1991دا، که یه‌کام جار بۆ به‌شداریکردن له لوتکه‌ی وڵاتانی (G7) دا هات بۆ له‌نده‌ن، پێشوازی پاڵه‌وانێکی لێ‌کرا. له «تایم مه‌گه‌زین Times magazine»دا به پیاوی ساڵ دانرا، سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی وتی " گۆرباتشۆف، «ڕۆناڵد ڕێگن»ی ڕوسیایه". ئالێره‌وه گۆرباتشۆف به‌ردی بناخه‌ی ڕیفۆرمی دانا و کارئاساییه‌کی زۆریشی بۆ «بۆریس یاڵتسن» کرد، که ئیدی ئه‌م هه‌م به سازشکردنێکی زۆر بۆ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و کۆمپانییه گه‌وره‌کانیان و هه‌م ببێته دیکتاتۆرێك له سه‌پاندنی هه‌موو داخوازییه‌کانی ئه‌واندا به‌سه‌ر په‌ڕله‌ماندا، له هه‌ڕاجکردنی سامانی ڕوسیا به کۆمپانیای ئه‌و وڵاتانه و به که‌سانی نزیکی خۆی و خه‌ڵکه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ڕوسیا.
«یاڵتسن» له کۆتایی ساڵی 1991دا داوای له په‌ڕله‌مان کرد، به پێشنیازێك که په‌ڕله‌مان، تاکو پاوه‌ری تایبه‌تی بۆ یه‌ك ساڵ بداتێ، که بڕیاره‌کانی خۆی ببنه یاسای بێگه‌ڕانه‌وه بۆ په‌ڕله‌مان و ڕا له‌سه‌ردانیان. وه‌کو كلاین ده‌ڵێت " پێی خۆش بوو ببێته دیکتاتۆرێك نه‌ك دیمۆکراتێك"، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌ڕله‌مان به پێشنیازه‌که‌ی ڕازیبوو، چونکه بارودۆخی ڕوسیا زۆر دژوار بوو و پێویستیی به قه‌رز هه‌بوو.
به ڕازیبوون له‌سه‌ر داخوازیه‌که‌ی، یاڵتسن یه‌کسه‌ر ده‌ستی به ڕیفۆرمه‌کانی کرد، ئه‌وه بوو له 28.10.1991 بانگه‌وازی هه‌ڵگرتنی نرخی کرد، دواتریش نزیکه‌ی 22500 کۆمپانیای سه‌ر به ده‌وڵه‌تی کرد به که‌رتی تایبه‌تی، " ته‌نها دوای ساڵێك (The shock and Therapy) کاریگه‌ری خۆی له سه‌ر وڵات دانا و کۆمه‌ڵگه‌که‌شی باجێکی زۆری بۆ ئه‌مه دا. چینی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌ی که پاشه‌که‌وتیان کردبوو، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی پاره‌وه له ده‌ستیان دا. هه‌روه‌ها بڕینی یارمه‌تیدانی ده‌وڵه‌ت له دابه‌زاندنی نرخی شتومه‌ك و نه‌دانی کرێی مانگانه‌ی ملیۆنه‌ها کرێکار، بڕی خه‌رجی تاكی ڕوسی له ساڵی 1992دا 40% له‌چاو ساڵی 1991 که‌متر بوو و سێیه‌کی دانیشتوانه‌كه‌ی که‌وته ژێر هێڵی برسێتییه‌وه. ئه‌م بارودۆخه چینی ناوه‌ڕاستی ناچارکرد، شته تایبه‌تییه‌کانی خۆیان بفرۆشن" ل224-225 .
کلاین له لاپه‌ڕه 226 و 227 دا درێژه به‌و کاره‌ساته ده‌دات، که به‌سه‌ر «ڕوسیا»دا هات و له‌وه ده‌دوێت که یاڵتسن، هه‌ر ڕۆژی دوای ده‌ستکه‌وتنی قه‌رزه‌که‌ی له (IMF) ئیدی به خۆرئاوا و ئه‌مه‌ریکا پشت ئه‌ستورتر بوو و یه‌کسه‌ر یه‌که‌م هه‌نگاوی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نا، که ئێستا به ئاشکرا ئه‌وه به " هه‌ڵبژارده‌ی پینۆشێت " ناو ده‌برێت. ئه‌وه بوو بڕیاری 1400ی ڕاگه‌یاند، ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستور بوو، که په‌ڕله‌مانی پێ هه‌ڵوه‌شانده‌وه. دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه له کۆبونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی په‌ڕله‌ماندا، یاڵستن به ده‌نگدانی 362 به‌رامبه‌ر 2 ده‌نگ، دژی ئه‌و بڕیاره‌ی که دابووی، تاوانبار کرا. ئه‌وه‌ی که ئه‌و کردی، وه‌کو ئه‌وه وابوو، که سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریکا کۆنگریس هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. جێگری سه‌رۆك «ئه‌لێکسه‌ندرا ڕه‌ت سکۆی Aleksandr Rutskoi » ڕای گه‌یاند، که ڕوسیا باجێکی ته‌واو گه‌وره‌ی دا بۆ ئه‌و موجازه‌فه سیاسیانه‌ی یاڵستن و ڕیفۆرم خوازه‌کان..
هه‌ر لێره‌دایه که کلاین هه‌وڵ ده‌دات به‌راوردی نێوان چیلی و ڕوسیا ڕوون بکاته‌وه، ڕاسته یه‌ك شێوه به‌رنامه و یه‌ك پێوه‌ر بۆ هه‌موو وڵاتان به «ڕوسیا» و «چیلی» و «پۆڵۆنیا»وه ئاماده کراوه و سه‌رئه‌نجامه‌که‌شی هه‌ر یه‌ك شته، که به قازانجی توێژاڵێکی زۆر که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه و سوودمه‌ند ده‌بێت و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت، له پاڵ ده‌ستکه‌وته‌کانی خۆرئاوا و «ئه‌مه‌ریکا»دا، به‌ڵام سه‌رجه‌می دانیشتوانه‌كه‌ی تری زیانمه‌ند ده‌بێت. له‌م باره‌وه کلاین ده‌ڵێت "ڕوسیا دووباره‌بوونه‌وه‌ی چیلی نه‌بوو، ئه‌وه چیلی بوو، که به پێچه‌وانه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد: پینۆشێت کوده‌تای کرد و ده‌ستور و سیسته‌می دیمۆکراتی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ئه‌مجا (The shock and Therapy) چه‌سپاند، به‌ڵام یاڵتسن له که‌شی دیمۆکراتیانه‌دا (The shock and Therapy) سه‌پاند و دواتر به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان و کوده‌تاکردن پێی له‌سه‌ر ئه‌مه داگرت. هه‌ردوو سیناریۆکه له لایه‌ن خۆرئاواوه به گه‌رموگوڕییه‌وه پشتگیری‌یان لێ‌کرا" ل229 . هه‌ر له‌و کاته‌دا بوو، که شالیاری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، «وه‌رن کریستۆفا Warren Christopher» ، گه‌شتێکی بۆ مۆسکۆ کرد و له‌شانی یاڵستن و «گهیدهری Yegor Gaideer» سه‌رۆك شالیارانه‌وه ڕاوه‌ستا و ڕایگه‌یاند "ئه‌مه‌ریکا به ئاسانی پشتگیری سڕکردن (به‌ستن)ی په‌ڕله‌مان ناکات، به‌ڵام ئه‌مه کاتێكی زۆر نائاساییه" ل229 .
كلاین له هه‌ڕاجکردنی کۆمپانیاکانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت و کردنیان به که‌رتی تایبه‌تی، په‌نجه بۆ چه‌ند نموونه‌یه‌ك ڕاده‌کێشێت، که چۆن تاڵانفرۆش کراون؛ له‌وانه " 40% کۆمپانییه نه‌وتییه‌کان که له قه‌باره‌دا به‌قه‌ده‌ر کۆمپانیای تۆتهڵی ( Total ) فه‌ره‌نسا بوون، به 88 ملیۆن دۆلار فرۆشران، که سه‌رجه‌می نه‌وتی فرۆشراو له‌م به‌شه‌ی که کڕراوه، 193 ملیارد دۆلار بوو. «نۆریلیسك نیکڵNorilsk Nickel » که پێنجیه‌کی ملیۆنکهی جیهان ئه‌م به‌رهه‌می ده‌هێنێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که قازانجی ساڵانه‌ی چووه 1.5 ملیارد دۆلار، که‌چی به 170 ملیۆن دۆلار فرۆشرا. كۆمپانیای گه‌وره‌ی «یوێکۆس Yukos»، که زیاتر له قه‌باره‌ی نه‌وتی کوێت کۆنترۆڵ ده‌کات، به 309 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، که داهاتی له ئێستادا له ساڵێکدا 3 ملیارد دۆلاره. 51% نه‌وتی کۆمپانیای «سیدانکۆ Sidanko » به 130 ملیۆن دۆلار هه‌ڕاج کرا، هه‌ر 2 ساڵ دوا تر ئه‌و به‌شه له بازاڕی جیهانی دا نرخه‌که‌ی 2.8 ملیارد دۆلاربوو. کارگه‌ی گه‌وره‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی به 3 ملیۆن دۆلار فرۆشرا که ئه‌مه نرخی خانوویه‌که له «ئه‌سپینAspen » " ل232-233
له لاپه‌ڕه 237 و 238 دا کلاین ئه‌ڵێت " به هاتنی 1998 زیاتر 80% کێڵگه‌کانی ڕوسیا نابووت بوون ( ئیفلاسیان کرد)، نزیکه‌ی 70 هه‌زار کارگه‌ی ده‌وڵه‌تیش داخران، ئه‌مه‌ش ده‌ردی بێ‌کاری بڵاوکرده‌وه. له ساڵی 1989 دا پێش (The shock and Therapy) 2 ملیۆن که‌س له سه‌رتاسه‌ری ڕوسیادا له برسییه‌تیدا ده‌ژیان، که ده‌رامه‌تیان که‌متر له 4 دۆلار بوو. له‌وکاته‌وه‌ی که (The shock and Therapy)، "ده‌رمانی ژه‌هراوی خۆی به‌کار هێنا"، که له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کاندا بوو، به پێی زانیاریه‌کانی بانکی جیهانی، 74 ملیۆن ڕووسی له‌ژێر هێڵی برسییه‌تییه‌وه ده‌ژیان. ئه‌مه‌ش واته سه‌باره‌ت به هه‌ژارکردنی 72 ملیۆن که‌س، ته‌نها له ماوه‌ی 8 ساڵدا "ڕیفۆڕمی ئابووری" ده‌توانێت مسۆگه‌ری به خۆی بدات. به هاتنی ساڵی 1996 25% دانیشتوانی ڕوسیا که ده‌یکرده 37 ملیۆن که‌س له برسێتیدا ده‌ژیان، که وا وه‌سف ده‌کران، که بێچاره و نائومێدن………. . له ساڵی 2006دا حکومه‌ت دانی به‌وه‌دا نا، که 715 هه‌زار منداڵی لانه‌واز هه‌ن، به‌ڵام «یونیسێف unicef» ئه‌م ژماره‌ی به 3.5 ملیۆن منداڵ قه‌بڵاند……….. . له نێوان ساڵانی 1992 و 2006دا ڕوسیا 10% دانیشتوانی له ده‌ست دا، که ئه‌مه‌ش ساڵانه ده‌کاته نزیکه‌ی 700 هه‌زار که‌س".
كلاین، له لاپه‌ڕه 239دا په‌نجه بۆ لێدوانی کچێکی 17 ساڵ له گفتوگۆیه‌ك (interview)دا ڕاده‌کێشێت و ده‌ڵێت " پرسیاری هیوا و ئامانجی سه‌باره‌ت به ئاینده لێ‌کرا، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا وتی" زۆر گرانه قسه له‌سه‌ر چه‌رخی 21 بکه‌یت، له کاتێكدا لێره دانیشتویت و له به‌رده‌م مۆمدا کۆشش ده‌که‌یت، گرفت له چه‌رخی 21دا نییه، به‌ڵکو گرفته‌که له‌وه‌دایه، که لێره چه‌رخی نۆزده‌یه و باسی لێوه ناکریت".
ئه‌وه‌ی له ڕوسیا ڕویدا و ده‌بینرا، وا نه‌بوو که خۆرئاوا و ئه‌مریکا لێی به ئاگا نه‌بووبێتن، بگره به ورد و درشتی کاره‌ساته‌کانیان زانیوه، بۆیه یه‌کێكی وه‌کو «وه‌ین مێری Wayne Marry» که که‌سێکی سه‌ره‌کی شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی بوو له سه‌فاره‌تی ئه‌مه‌ریکی له ڕوسیا، له گه‌رمه‌ی ڕوداوه‌کانی نێوانی 1990 بۆ 1994دا، دانی به‌وه‌دا نا، که هه‌ڵبژێر له نێوانی دیمۆکراسی و سوودی بازاڕ له ڕوسیادا ئازاراوی بوو، " حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی به‌رته‌ری ئابووری به‌سه‌ر ڕامیاریدا دا. ئێمه سه‌ربه‌ستی له نرخ دانانماندا هه‌ڵبژارد، تایبه‌تیکردنی به‌شی پیشه‌سازیمان پشتگوێ خست،له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دارییه‌کی به‌ره‌ڵا یا به‌ره‌ڵایی له سه‌رمایه‌داریدا، بارودۆخێکی بێ به‌ندومه‌رج….. خولقێنرا، واتا بێ یاسا‌و ڕێسا. ئیدی هیوامان وا بوو که یاسا ڕۆڵی خۆی ببینێت، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سڤیلیانه به نوێنه‌رایه‌تی دیمۆکراسیانه، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان ئوتۆماتیکی سه‌رئه‌نجام گه‌شه بسه‌نێت ….. . بۆ به‌دبه‌ختی، هه‌ڵبژێره‌که به پێداگرتن له سه‌ر پۆلیسیه‌کان، فه‌رامۆشکردنی ئاره‌زووی خه‌ڵك بوو " ل 234.
که ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بینی، گه‌ر چی شتێکی زۆر که‌م و کورتن، ئیدی پێت سه‌یر نابێت و هۆی ئه‌وه ده‌بینی که بۆ یاڵستن پۆپیلهرێتی خۆی له ده‌ست دا، که ئه‌مه‌ش به ئاشکرا ده‌بینراو گیروگرفتێکی گه‌وره‌شی بۆ بهڕیوهبهرایهتییهکهشی دروست کردبوو، بۆیه ده‌سته‌و تاقمه‌که‌ی به دوای شتێکدا یا پلانێکدا ده‌گه‌ڕان، تاکو ناوبانگ و که‌سایه‌تی سه‌رۆك هه‌ڵسێننه‌وه. ئۆلیگ لۆبۆڤ (Oleg Lobov )، سه‌رۆكی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ی وتی " ئێمه شه‌ڕێکی بچووکی براوه‌مان پێویسته، تاکو سه‌رۆكی پێ بێنینه‌وه مایه ". بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شالیاری به‌رگری پێشبینی ئه‌وه‌ی کرد، که سوپا له چه‌ند کاتژمێرێکدا ده‌توانێت ئه‌و هێزه‌ی که «چێچنیا»ی له ڕوسیا دابڕی بوو، تێك بشکێنێت. ل 232
VIII.
چاپته‌ری سیازده‌هه‌م : تاڵان‌کردنی ئاسیا و هه‌ره‌سهێنانی دیواری «به‌رلین»ی دووهه‌م.
كلاین، له‌مه‌شدا به‌درێژی باس له‌و وڵاتانه‌ی ئاسیا ده‌کات، له‌و قه‌یرانه ئابووریه‌ی، که به هۆی خۆرئاوا و ئه‌مریکا و داموده‌سگه‌کانی وه‌ك (IMF) و بانکی جیهانییه‌وه تێی که‌وتبوون.
له کۆریای خواروو ده‌وڵه‌ت وا سه‌رگه‌ردان بوو بوو، ئابووریه‌که‌ی وا تێکشکابوو، که‌مپه‌ینی گه‌وره‌ی پیتاك، سواڵ و ده‌ست پانکردنه‌وه، ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌وه بوو له ته‌له‌فزیۆنه‌وه داوا له هاونیشتمانیان کرا، به‌وه‌ی که له توانایاندا هه‌یه، یارمه‌تی ده‌وڵه‌ت بده‌ن، تاکو ئابووری ده‌وڵه‌ت له هه‌ره‌سی یه‌کجاره‌کی ڕزگار بکه‌ن و ده‌وڵه‌ت بتوانێت قه‌رزه ده‌ره‌کییه‌کانی ببژێرێت و به ڕوسووری له‌م وهرتهیه بێته ده‌ره‌وه، "ئیدی خه‌ڵکی به ملویانکه و ئاڵتون و گواره و مێدڵی وه‌رزش و ترۆفی و شتی تری به‌هادار، به‌ده‌م کهمپهینهكهوه چوون. له ناو ئه‌و خه‌ڵکه دا ژنێك ئه‌ڵقه‌ی بوکێنیه‌که‌ی خۆی به‌خشی، قه‌شه‌یه‌کیش خاچه ئاڵتونییه‌که‌ی خۆی به‌خشی. سه‌رئه‌نجام 100 ته‌ن ئاڵتوون و زیو کۆکرایه‌وه، به‌ڵام هێشتا پاره‌ی کۆری زیاتر نوقم ده‌بوو".
کلاین، له لاپه‌ڕه 272 کاره‌ساته‌کان زیاتر ڕوون ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت " باروو دۆخه‌که وا خراپ بووبوو، کۆریا ڕۆژانه یه‌ك ملیارد دۆلاری له‌ده‌ست ده‌دا، یارمه‌تی سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی به کاره‌سات له سه‌ر کۆریا گه‌ڕایه‌وه……………. .. زیانی مرۆیی له‌سه‌رده‌ستی سندوقی بانکی نێوده‌وڵه‌تی هه‌لپه‌رستدا، له ئاسیاش هه‌ر وه‌کو ڕوسیا زۆر کاریگه‌ر بوو. ڕێکخراوی کارگه‌رانی جیهانی، ئه‌م زیانه‌یان به 24 ملیۆن که‌س قه‌بڵاند، که له‌م ماوه‌یه‌دا کاریان له‌ده‌ست دا. له ئه‌نده‌نوسیا، بێ‌کاری له 4%وه چووه 12%. له تایله‌ند، ڕۆژانه 2000 کرێکار کاریان له‌ده‌ست ده‌دا. له کۆریای خواروو هه‌موو مانگێك 300 هه‌زار کرێکار له سه‌ر کاره‌کانیان ده‌رده‌کران، ئه‌مه‌ش زیاتر سه‌رئه‌نجامی داخوازی سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانکی نێوده‌وڵه‌تی بوو له ده‌وڵه‌ته‌کان، تاکو بووجه‌ی دارایی بهێننه خواره‌وه و بڕی سوودیش به‌رز بکه‌نه‌وه. به‌هاتنی ساڵی 1999، کۆریای خواروو و ئه‌نده‌نووسیا ڕێژه‌ی بێکارییان نزیکه‌ی 3 قات ته‌نها له‌ماوه‌ی 2 ساڵدا زیادی کرد……………… . له ساڵی 1996دا، له کۆریا 63.7% خه‌ڵکه‌که‌ی به چینی ناوه‌ڕاست حساب ده‌کران، به‌ڵام ئه‌م ڕێژه‌یه له ساڵی 1999 هاته خواره‌وه بۆ 38.4%. به‌پێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی له‌م ماوه‌یه‌دا 20 ملیۆن ئاسیایی به برسێتی هێڵرانه‌وه ". هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه 227 دا ده‌ڵێت " بڕی لهسهرکاربوون له وڵاتانی وه‌کو ئه‌نده‌نوسیا و مالیزیا و کۆریای خواروو، هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌وه ئاستی پێش ساڵانی قه‌یرانه‌که. له‌م قه‌یرانه‌دا ته‌نها هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو، که کرێکاران کاره‌کانیان له‌ده‌ست بده‌ن و قه‌ت ده‌ستیان نه‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵکو ئه‌م حاڵه‌ته به‌رده‌وام بوو به‌ده‌ست خاوه‌نی تازه‌وه، که بێگانه بوون و پاره‌کانیان به‌گه‌ڕ خستبوو، که هه‌میشه‌ش له بری به‌گه‌ڕخستنی پاره‌کانیان، داوای قازانجی زیاتریان ده‌کرد. له‌ولاشه‌وه خۆکوشتن هه‌ر به‌رده‌وام بوو؛ له کۆریای خواروو خۆکوشتن له ئێستادا هۆی چوارهه‌می مردنه، زیاتر له دووقاتی پێش قه‌یرانه‌كه‌یه، که هه‌موو ڕۆژێك 38 که‌س گیانی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن".
IX.
كلاین، به‌شی شه‌شه‌می په‌رتووکه‌که‌ی که 60 لاپه‌ڕه‌یه، بۆ عیراق ته‌رخان کردووه، به‌شی زۆری ڕوداوه‌کانی به‌چاوی خۆی بینیون. له‌و ماوه‌یه‌ی که زیاتر له ساڵیك بوو، خۆی وه‌کو ڕۆژنامه نووسێک و بینه‌رێکی ڕوووداوه‌کان له‌وێ ئاماده بووه، که له ئازاری 2004 دا چووه‌ته به‌غداد.
زۆر له شیکه‌ره‌وه‌کانی جه‌نگ ڕایان وایه، که ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا له داگیرکردنی عیراقدا سه‌رکه‌وتوو بوون. به‌ڵام مانه‌وه له‌وێ و به‌رده‌وام بوون له داگیرکردنه‌كه‌دا، له‌مه‌یاندا، تێکشکاون. به‌ڵام کلاین ڕای وایه " داگیرکردن و ده‌ست به‌سه‌رداگرتن دوو به‌شی به‌یه‌که‌وه گرێدراون، یه‌ك ستراتیجن، بۆمبارانکردنهكه بۆ ئه‌وه نه‌خشه کێشرابوو، تاکو پاکۆ له هه‌موو شت بدرێت و نه‌ته‌وه‌ێکی مۆدێل نوی دروست بکرێت " ل 331 .
کلاین، ڕای وایه، که به بیانووی لابردنی «سه‌دام حسه‌ین» و "ڕزگارکردنی عیراق"ه‌وه که ده‌یانویست پاکۆ له هه‌موو شتێك بده‌ن، بێ به‌ڵگه قسه ناکات: بۆ نموونه که ئه‌مریکییه‌کان له «به‌غداد»یان دا و سیسته‌می ته‌له‌فۆنیی عیراقیان سه‌رتاپا له‌کار خست و کاولیان کرد، ئه‌مه بۆ ده‌سته‌پاچه‌کردنی سه‌دام نه‌بوو، له په‌یوه‌ندی گردن بهدامودهسگه و سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کانیه‌وه، که ئه‌مه به‌هانه‌ی ئه‌وان بوو. ئه‌مان ئه‌مه‌یان پێش شه‌ڕه‌که و دوای شه‌ڕه‌که‌ش ده‌زانی. كلاین، له لاپه‌ڕه‌ی 335 دا ده‌ڵێت " دوای لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ندییانه‌ی که له پله‌وپایه‌ی به‌رزی ده‌وڵه‌تیدا بوون، ئه‌مه‌ریکییه‌کان بۆیان ده‌رکه‌وت ساڵانیکی دوورودرێژ بوو، سه‌دام گه‌یشتبووه ئه‌و بڕوایه‌ی، که ده‌سگه سیخوڕییه‌کان و چاودێرییه‌کان له ڕێگه‌ی تهلهفونهكانییهوه ده‌توانن بیدۆزنه‌وه، هه‌ر بۆیه له ماوه‌ی 13 ساڵی ڕابوردوودا، ته‌نها دووجار ته‌له‌فۆنی به‌کار هێنابوو. هه‌ر وه‌کو هه‌موو جارێك دهنگوباسی پشت پێبه‌ستراو پێویست نییه، چونکه پاره‌یه‌کی زۆر له لایه‌ن بیچتڵ (Bechtel)ه‌وه بۆ دروست کردنی یا دانانی سیسته‌مێکی تازهئامادهیه ".
کلاین، له جه‌نگه‌که‌ی دژ به «یوگۆسلاڤیا»شدا هه‌مان بڕوای هه‌بوو، که شه‌ڕه‌که له به‌ر خاتری «کۆسۆڤۆیی»یه‌کان نه‌بوو، له‌مه‌دا په‌نجه بۆ په‌رتووکی «کۆلیشن کۆرس Collision Course» ڕا ده‌کێشێت، که به ئاشکرا ده‌ڵێت " جه‌نگی یوگۆسلاڤیا به‌هۆی نه‌هامه‌تی کۆسۆڤۆییهکانهوه نه‌بوو، به‌ڵکو له‌به‌رامبه‌ر وه‌ستانه‌وه‌ی «یوگۆسلاڤیا»دا بوو، له دژی ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی".
كلاین، له‌م به‌شه‌ی په‌رتووکه‌که‌یدا له سه‌ر عیراق، زۆر ڕوداو و پرس باس ده‌کات، که زۆربه‌یان زۆرمان نه‌مان بیستوون، ئه‌گه‌ریش بیستبێتیشمان، ئه‌وه هه ر به‌مه‌زه‌نده‌ی هۆش باسی لێوه ده‌که‌ین و هیچ دۆکۆمێنتیمان وه‌ك به‌ڵگه‌نامه پێ نییه. به‌ڵام کلاین هه‌ر پرسێك که باسی لێده‌کات، به به‌ڵگه‌نامه ده‌یسه‌لمێنێت. بۆ نموونه، له ڕاووڕووت و تاڵانییه‌کانی سه‌ره‌تای داگیرکردنه‌كه‌دا، که ئه‌مه‌ریکییه‌کان زیاتر له هه‌موو که‌س و لایه‌نێکی تر، تاوانبار و به‌رپرسیار ده‌کات، وه‌ڵامی دوو به‌رپرسیاری گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریکی ده‌هێنێته‌وه، که یه‌کێكیان «پیته‌ر ماکفێرسن Peter McPherson»ه، که ڕێنوێنیکه‌ری ئابووری «پۆڵ بریمه‌ر Paul Bremer » بوو، ئه‌وی تریان «جۆن ئه‌گریستۆ John Agesto» بوو، که له سه‌رده‌می داگیرکردنه‌كه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دروستکردنه‌وه و بیناکردنه‌وه‌ی زانیاری و په‌روه‌رده بوو. کلاین ده‌ڵێت "ماکفێرسن وتی: کاتێك که عیراقییه‌کانی دیتبوو، که شته‌کانی ده‌وڵه‌ت له پاس و سه‌یاره و که‌ره‌سه و باقی ئامێر و ئامرازه‌کانی شالیارگهکان ده‌به‌ن، ئه‌مانه هه‌ستیان نه‌جوڵاند بوو. چونکه ئیشه‌که‌ی ئه‌و وه‌کو (The shock and Therapy) عیراق بوو، که ڕادیکالانه قه‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت بچوك بکاته‌وه و سامانه‌كه‌ی بکاته که‌رتی تایبه‌تی، ئه‌مه‌ش مانای وایه کرده‌ی تاڵانییه‌کان سه‌ره‌تایه‌کی بازدانه له پلانه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه بۆ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئامانجه‌که، وام هه‌ست ده‌کرد، کردن به که‌رتی تایبه‌تی به سروشتی ده‌رده‌که‌وێت، کاتێك که‌سانێك ده‌ست به‌سه‌ر سه‌یاره‌کانی ده‌وڵه‌تدا ده‌گرن یا لۆرییه‌کان لێده‌خوڕن، ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت پێشتر خاوه‌نی بووه، کارێکی باش بوو" ل 337 .
X.
له چاپته‌ری حه‌ڤده‌هه‌مدا، سه‌باره‌ت به‌و شوێن و شتانه‌شی که مابوون و له ده‌ست وێرانکاری قورتار بووبوون، که ده‌بوایه بخرانایه‌ته‌وه گه‌ڕ و چاك بکرانایه‌ته‌وه، کلاین نموونه‌ی زیندوو ده‌هێنێته‌وه، که هاتنی ئه‌مان بۆ وێرانکاری و سه‌رله‌نوێ دروستکردنه‌وه، بووه. وی له لاپه‌ڕه 343 دا ده‌ڵێت "حه‌مه تۆفیق که شالیاری پیشه‌سازی بوو، سه‌باره‌ت به کۆنفرانسه نامۆکه، که هیچ دهنگو ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی له میدیاکاندا نه‌بوو، له بینێنێکدا له ئۆفیسه‌که‌ی له به‌غداد، که هێشتا هه‌ر به‌و کۆنفرانسه پێده‌که‌نی، پێی وتم دوای قسه‌کانی بریمه‌ر سه‌باره‌ت به تایبه‌تیکردنی که‌رته ده‌وڵتیه‌کان، به هه‌ندێ له‌و خه‌ڵکانه‌ی که كۆنفرانسهکهیان به‌ڕێوه ده‌برد، وتم گه‌ر من هانی به تایبه‌تیکردن له عیراقدا بده‌م، ئه‌وه «گه‌یدیرGaidar » ده‌هێنم که پێیان بڵێت : ده‌قاوده‌ق پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بکه‌ن، که ئێمه کردمان" کلاین مه‌به‌ستی «گه‌یدیر»ه له ڕوسیا.
کلاین، دێته سه‌ر هه‌ڵوێستی حکومه‌تی محه‌لی سه‌باره‌ت به ئه‌مریکییه‌کان و پلانه‌كانیان، که چۆن نوێنه‌رانی حکومه‌ت هیچ هه‌ڵوێستێکیان نه‌بووه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که ئه‌مه‌ریکییه‌کانیش ئه‌مه‌یان هه‌ست پێکردوه، بۆ نموونه له پرسێکدا که کاتێك یه‌کێك له که‌ڵه سه‌رکرده میلیتهرییهکانی ئه‌مه‌ریکا له لایه‌ن ( ئهسۆسیهیت پرێس)ه‌وه پرسیاری ئه‌وه‌ی لێکراوه، که ئایا ئێوه دانووساندن یا پرس و ڕاتان له گه‌ڵ عیراقیه‌کاندا کردوه، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "پۆینتێك نییه له‌سه‌ری دانووساندن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی محه‌لیدا بکه‌ین، ئا له‌م بارههدا دانووساندن له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌که‌ین" ل 343. له ڕاستیدا ئه‌م کابرایه ڕاستی وتووه، چونکه فه‌رمانڕه‌وایانی عیراقی یا ڕۆڵیان نه‌بووه یا هه‌رچی ئه‌مه‌ریکییه‌کان وتویانه و کردویانه ئه‌مان پێی ڕازی بوون. بۆیه بڕیار و یاسای وا ده‌رکراوه، که له هیچ وڵاتێکی تردا نه‌بینراوه. له هیچ کام له‌و وڵاتانه‌ی که پێشتر ده‌ستی بازاڕی ئازاد و (The shock and Therapy)یان پێگه‌یشتوه وه‌کو «عیراق»یان به‌سه‌ر نه‌هاتووه. له‌کوێ ئه‌وه کراوه و ڕویداوه، که حساب بۆ سه‌رمایه‌داری ناوخۆ نه‌كرێت و بێ به‌شداریکردنی خه‌ڵکه خۆیه‌که‌ی، چاو ببڕدرێته سه‌رجه‌می داهات و سامانی وڵاته‌که. له عیراقدا گه‌ر باج له سه‌ر کۆمپانیایه‌ك داشنرابێت، که‌مترین باج دانراوه، که 15% یه و له‌سه‌رده‌می «سه‌دام»دا هه‌مان باج 45% بووه. یاسایه‌کی تر هه‌ر له‌باره‌ی کۆمپانیا بێگانه‌کانه‌وه، ئه‌وه‌یه که ڕێگه‌یان پێدراوه، که 100% ده‌ستڕاگه‌یشتن و ده‌ستڕۆییان بۆ سامانی عیراق هه‌بێت، له هه‌مان کاتیش‌دا ڕێگه‌یان پێ بدرێت، که 100%ی ئه‌و قازانجه‌شی که له عیراقدا په‌یدای ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ی فلسێك باجی لێ بدرێت یاخود داوایان لێبکرێت، که له عیراقدا بیخه‌نه‌وه گه‌ڕ، بیبه‌نه ده‌ره‌وه‌ی عیراق. له‌مه‌ش خراپتر هه‌ر ئه‌م یاسایه بۆ ئه‌م کۆمپانیایانه‌یان ڕه‌واکرد، که کۆنتراکتی 40 ساڵیان بدرێتێ و دواتریش مافی تازه کردنه‌وه‌شیان هه‌بێت. ئه‌مه‌ش واته ده‌سته‌پاچه‌کردنی حکومه‌ته یه‌ك له‌دوا یه‌که‌کانی ئایندهی عیراق له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌دا، گه‌ر بیانه‌وێت.
ته‌نها خزمه‌تگوزارییه‌ك یا به‌شیکی پیشه‌سازی، که ئه‌مه‌ریکییه‌کان هه‌ڵوێسته‌یان تێداکردوه به‌شی نه‌وت بووه؛ ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێنوێنیکه‌ره (ڕاوێژکاره) عیراقییه‌کان پێیان وتن عیراقییه‌کان به‌مه ڕازی نابن، ده‌ستوه‌ردان له کاروباری نه‌وت واته بانگهێشه‌کردنی جه‌نگ. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا داگیرکه‌ره ئه‌مه‌ریکییه‌کان 20 ملیۆن دۆلاریان له داهاتی (Revenue)ی عیراق له کۆمپانی نه‌ته‌وه‌یی نه‌وت وه‌رگرتوه و چۆنیان بوێت وا خه‌رجی ده‌که‌ن.
کلاین ده‌ڵێت "حه‌مه تۆفیق، شالیاری پێشوی شالیاریی پیشه‌سازی پێی وتم: که داوای له ئه‌مه‌ریکییه‌کان کردووه، تاکو چه‌ند موه‌لیده‌یه‌کیان بداتێ، وتی هه‌ر 17 کارگه چیمه‌نتۆکه‌ی عیراق له جه‌نگدا به ته‌واوی زه‌ده نه‌بوون، گه‌ر موه‌لیده‌یان هه‌بێت ده‌توانن بخرێنه‌وه گه‌ڕ و ده‌توانن چیمه‌نتۆی بینا دروستکردهنهوه بده‌ن و ده‌یه‌ها هه‌زار کرێکاری عیراقیش بخه‌نه‌وه کار. به‌ڵام کارگه‌کان هیچیان به‌ده‌ست نه‌هێنا و هیچ کۆمه‌کێکیان پێنه‌كرا. كۆمپانیا ئه‌مه‌ریکییه‌کان وایان حه‌ز ده‌کرد، چیمه‌نتۆش وه‌کو کرێکاره‌کانیان به نرخی ده‌جار به‌رزتر له نرخی چیمه‌نتۆی عیراقی، له ده‌ره‌وه بهێنن. یه‌کێك له پلانه ئابووریه‌که‌ی بریمه‌ر ئه‌وه بوو، که ڕێگری له بانکی نێوه‌ندی عیراقی کردبوو، له‌وه‌ی که کۆمه‌ك به کۆمپانییه‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بکات (ئه‌مه‌ش، تا ساڵی دواتر باسی لێوه نه‌كرا)". هه‌روه‌ها کلاین ده‌ڵێت "تۆفیق پێی وتم: هۆی بایکۆتکردنی پیشه‌سازی عیراقی پرسێکی کرده‌یی نه‌بوو، به‌ڵکو پرسێکی ئایدۆلۆجی بوو، چونکه له‌نێوان ئه‌وانه‌ی که بڕیاریان ده‌رده‌کرد، هیچکامیان باوه‌ڕیان به موڵکیه‌تی ده‌وڵه‌ت نه‌بوو" ل349.
خۆ ئه‌گه‌ر کارگهکانیشیان چاك بکردایه‌ته‌وه، مادام ڕامیاری ئه‌وان وه‌کو کلاین ده‌ڵێت " له بنه‌ڕه‌تدا تێشکانی ئابووری عیراق بوو و دواتر دروستکردنه‌وه‌ی بوو له سه‌ر بنه‌مای به‌خشینی به کۆمپانییه‌کانی خۆیان و خۆرئاوا و هه‌روه‌ها هێنانی کرێکاری شاره‌زا و هه‌موو که‌ره‌سته و پێداویستییه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه، ئه‌وا به‌شی کۆمپانییه عیراقیه‌کان به که‌رتی ده‌وڵه‌تی و تایبه‌تییه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر مونافه‌سه‌یاندا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌ر تێشکان ده‌بوو، له‌کاتێكدا که سنووری عیراق له هاورده‌ی هه‌موو شتێکدا جگه له هێنانی تیرۆر، ئاواڵا بوو. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کلاین هه‌ر له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا، سه‌باره‌ت به‌مه ده‌ڵێت " ستافه‌کانی بریمه‌ر له به‌رامبه‌ر ئه‌م که‌تواره تاڵه‌دا بۆ عیراقییه بزنسمانه‌كان (businessmen) چه‌ند وشه‌یه‌کی دڵخۆشکه‌رانه‌یان هه‌بوو، که به‌و بزنسمانانه‌ی که گردیان کردبوونه‌وه بیڵێن. «مایکڵ فلیچه‌ر Michael Fleischer» که یه‌کێك بوو، له جێگره‌کانی بریمه‌ر، دانی به‌وه‌دا نا، که زۆر له بزنسه‌کانی عیراق له به‌رامبه‌ر ململانێکردنی کۆمپانییه بێگانه‌كاندا تێكدهشکێن و نابوت ده‌بن. هه‌روه‌ها وتی "به‌ڵام ئه‌مه‌یه جوانێتی بازاڕی ئازاد". درێژه‌ی به قسه‌کانی دا‌و وتی " بزنسه‌کانتان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر هاتنه ناوه‌وه‌ی بێگانه‌دا نامێنێت. پرسیاری لێکردن و وتی ئایا ئه‌مه وانابێت؟ وتی وه‌ڵامی پرسیاره‌که لای خۆتانه. ته‌نها باشترینتان ده‌توانێت بمێنێته‌وه یا بژێت" قسه‌کانی بریمه‌ر بۆنی قسه‌کانی «Yegor Gaider»یان لێده‌هات یا ده‌نگدانه‌وه‌ی قسه‌کانی وی بوون، که قسه‌ی بۆ کۆمه‌ڵیکی که‌م له بزنسمانه‌كانی ڕوسیا ده‌کرد، که له ژێر چاره‌سه‌ری (The shock and Therapy) دا بوون، وتی "جا چییه ئه‌وه‌ی که ده‌مرێت با بمرێت ، شیاوی مردنه" ل 349
هه‌ر وه‌کو هه‌موو پرس و کاره‌ساته‌کانی تر که به سه‌ر خه‌ڵکی عیراق دا هاتوون، عیراقییه‌کان خۆیان لۆمه ده‌کران و ده‌کرێن. بۆ ئه‌مه «كلاین» له لاپه‌ڕه 350 ده‌ڵێت "ڕالف پیته‌ر (Ralph Peters) کاکابرایهکی خانه‌نشینکراوی سه‌ربازی بوو له نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2006دا، له ی‌و ئێس توده‌ی (USA Today)دا نوسیوێتی و ده‌ڵێت " ئێمه شانسێکی بێ وێنه‌مان به عیراقییه‌کان دا، تاکو ڕۆڵ و یاسای دیمۆکراتییانه بنیات بنێن، به‌ڵام عیراقییه‌کان له‌بری ئه‌مه، نووقبوون له ڕكوکینه و کێشه‌ی کۆنیان هه‌ڵبژارد، له توندوتیژیه‌کی زۆردا، به‌رگه‌نه‌گرتنی پێکه‌وه‌ژیان و به که‌ڵچه‌ری فه‌ساده‌ت کار بکه‌ن و بژین. ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌ی، که وتراوه ڕاست بێت "وه‌کو ده‌یزانین کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی ناتوانێت پشتیوانیی دیمۆکراسی بکات و خه‌ڵکه‌که‌ی حکومه‌تێکیان بۆ ده‌بێت که شیاویان بێت … تووندوتیژییه‌کان، که شه‌قامه‌کانی «به‌غداد»یان به‌خوێن په‌ڵاوی کردووه، ته‌نها ڕه‌مزی بێ توانایه‌تی و لێنهوهشاوهیهتی حکومه‌تی عیراقی نییه، به‌ڵکو ده‌سته‌پاچه‌یی و بێده‌سه‌ڵاتی سه‌رتاپای جیهانی عه‌ره‌بییه له ڕێکخستنی مرۆڤ و چالاکیه‌کانیاندا. ئێمه شاهیدی داڕوخانی مهدهنیهتین".
دیاره داگیرکردنی عیراق و وێرانکردنی له ڕوی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌وه، شتێك نه‌بوو که ناوی دژایه‌تی «سه‌دام»ی لێ بنرێت، به‌ڵکو وه‌کو «کلاین» ناوی لێناوه " کوێرێتی ئایدۆلۆجیانه‌یه" که ئه‌مه‌ش سێ کاریگه‌ری کۆنکرێتیان هه‌یه"، که به لادانی خه‌ڵکانی شاره‌زاو خاوه‌ن مه‌هاره‌ت له پۆسته‌کانیان، ئه‌گه‌ری بیناکردنه‌وه‌ی زیاندمه‌ند کرد، که ئه‌مه‌ش ده‌نگی سیکۆلاری لاوازکرد، هه‌روه‌ها وزه و خواردنی به به‌رگری دا کرد. گه‌لێك له کاربه‌ده‌ستانی باڵای میلیته‌ری و ده‌سگه سیخوڕییه‌کان پێیان له‌وه نا، که زۆر له‌و 400 هه‌زار سه‌ربازه‌ی که هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه یه‌کسه‌ر تێکه‌ڵاوی به‌رگری بوون. وه‌کو «کۆلۆنێڵ تۆماس ههمهرس colonel Tomas Hammes» وتی " ئێستا تۆ 200 هه‌زار خه‌ڵکی چه‌کدارت هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به چه‌که‌کانیانه‌وه چوونه‌ته‌وه ماڵه‌وه و ده‌زانن چۆنی به‌کار بهێنن و ده‌شزانن داهاتوویان نییه، هۆی خۆیانیان هه‌یه که له تۆ توڕه‌ن ". له هه‌مان کاتیش‌دا کوڕگه‌لی قوتابخانه‌ی کلاسیکی شیکاگۆ که له ده‌وری «بریمه‌ر» بوون و بڕیاری کردنه‌وه‌ی سنووریان بۆ هاوردنی هه‌ر شتێك که کۆمپانییه‌کانیان ده‌یانه‌وێت دا و هه‌روه‌ها 100% سامانی عیراقییان بێته ده‌ست، چینی بزنسی عیراقییان زۆر توڕه کرد، که وه‌ڵامی زۆربه‌ی ئه‌م بزنسمانانهش له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، یارمه‌تیدانی هێزی به‌رگری بوو به‌و تۆزه پاره‌یه‌ی که مابویان، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که یه‌کێك له ڕاپۆرتده‌ره‌کانی لێکۆڵینه‌وه له ڕوداوه‌کان، «پاتریك گرههام Patrick graham» نوسیوێتی: بزنسمانه عیراقییه‌کان زۆر توڕه‌ن به یاسای نوێی به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌ی بێگانه، که ڕێگه‌ی به کۆمپانییه بێگانه‌كان داوه، که کارگه‌کانی عیراق به‌پاره‌یه‌کی زۆر که‌م بکڕن. سه‌رمایه و پاشه‌که‌وتیان هه‌ره‌سی هێناوه، چونکه به لێشاو کاڵای بێگانه دێته وڵاته‌که‌یانه‌وه. ئه‌م بزنسمانانه تێگه‌یشتوون، که ته‌نها چه‌کی به‌رگرییان له گه‌ڵ ئه‌م کۆمپانیایانه‌دا هه‌بوون و به‌رده‌وامبوونی ئه‌م توندوتیژیه‌یه که هه‌یه. ئه‌مه لۆجیکی ئاسایی بزنسه: تا زیاتر گیروگرفت و توندوتیژی له عیراقدا هه‌بێت، بۆ بێگانه گرانتر ده‌بێت". ل 352
له عیراقدا کارئاساییه‌کی زۆر بۆ ئاسایی‌کردنی بارودۆخی ئابووری عیراق له فرۆشتنیدا به کۆمپانییه بێگانه‌كان کرا، تاکو وه‌ك چۆن خاك و خه‌ڵکه‌که‌یان داگیرکرد، هه‌روا به ئاسانیش ئابووریه‌که‌شی داگیر بکه‌ن. كلاین ده‌ڵێت " پلانی بریمه‌ر له تایبه‌تکردنی 200 کۆمپانیای ده‌وڵه‌تیدا، که ئه‌مه له لایه‌ن عیراقییه‌کانه‌وه له بۆ نانه‌وه‌ی جه‌نگ به کارێکی شه‌ڕه‌نگێزی حسابیان بۆ ده‌کرد. کرێکاره‌کان تێگه‌یشتن بۆ ئه‌وه‌ی کارگه‌کان ڕوی مامه‌ڵه‌یان هه‌بێت و ڕاکێشکهری کڕیاره بێگانه‌كان بن، ده‌بێت دوو له سه‌ر سێی کاره‌کانیان له ده‌ست بده‌ن" ل353 . ئالێره‌دا کلاین، ئه‌وه ده‌رئه‌نجام ده‌کات، که پرسی تیرۆریزم، پرسێکی که‌متر سیاسییه، بۆیه بارودۆخی ناهه‌مواری ئابووری بۆ نه‌بوونی ئاسایش ده‌گه‌ڕێته‌وه و هۆی یه‌که‌می تیرۆریزمیشه.
ئه‌مه‌ریکییه‌کان و کۆمپانییه‌کانیان بۆ خه‌ڵکی عیراق چیان کرد؟ به‌ڵێنێکی زۆر و پاره‌یه‌کی زۆر بۆ مه‌به‌ستی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عیراق و بیناکردنه‌وه‌ی ته‌رخان کرا، به‌ڵام هه‌ر هه‌موو ئه‌م پارانه ده چوونه باخه‌ڵی کۆمپانییه گه‌وره‌کانه‌وه. کلاین، له لاپه‌ڕه 357 دا ده‌ڵێت "خراپی و پرپۆڵ بوون له به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی کردندا، بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ و نیو به‌رده‌وام بوو و تا گه‌یشته ڕاده‌ی کشانه‌وه‌ی کۆنتراکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان له عیراقدا، که له‌و پێناوه‌دا ملیارد دۆلار خه‌رج کراوه و هێشتاش شته‌کانیش جێبه‌جێ نه‌كراون. كۆمپانیای پارسوونس (parsons)، 186 ملیۆنی پێدراوه، تاکو 142 خه‌سته‌خانه‌ی بچوك (مستهوسهف) دروست بکات. له‌مانه ته‌نها 6 دانه‌یان ته‌واو بوون. له نیسانی2007دا پشکنێره ئه‌مه‌ریکییه‌کان له عیراقدا 8 پرۆژه‌یان پشکنی، که له‌لایه‌ن کۆنتراکته‌ره ئه‌مه‌ریکییه‌کانه‌وه ته‌واو بووبوون، له ناو ئه‌مانه‌دا خه‌سته‌خانه‌ی مندڵانیشی تیا بوون، سیسته‌می پاك و خاوێنکردنه‌وه‌ی ئاویشیان تیدابوو و بۆیان ده‌رکه‌وت که 7 له‌و 8 پرۆژه هه‌ر کار ناکه‌ن، به پێی زه نیویۆرک تایمس (The new York Times). هه‌روه‌ها ئه‌م ڕۆژنامه‌یه ئه‌وه‌یشی ڕیپۆرت کرد، که تۆڕی کاره‌بای عیراق له ساڵی 2007دا، که‌متر له ساڵی 2006 دا کاره‌بای داوه. له کانوونی یه‌که‌می 2006دا که هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه ته‌واو بوون، پشکنێری ئۆفیسی گشتی له‌مه‌ڕ هه‌بوونی ئه‌گه‌ری گه‌نده‌ڵی و فێڵ و هه‌ستان به کاری نایاسایی له ئه‌نجام دانی ئه‌و پڕۆژانه‌دا، لێکۆڵینه‌وه‌ی 87ی له‌و په‌روه‌ندانه‌ی کرد، که به کۆنتراکتچی و کۆمپانیا ئه‌مه‌ریکییه‌کانه‌وه له عیراقدا په‌یوه‌ست بوون. گه‌نده‌ڵی له سه‌رده‌می داگیرکردندا سه‌رئه‌نجامی خراپ به‌ڕێوه‌بردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نییه، به‌ڵکو سه‌رئه‌نجامی بڕیاره سیاسییه‌کانه: ئه‌گه‌ر عیراق بکرێته پێشه‌نگی به‌ره‌ی سه‌رمایه‌داری دڕندانه‌ی خۆرئاوا، ئه‌وا پێویست ده‌کات له یاسا ڕوت بکرێته‌وه ( ئازاد بێت له یاسا) ل 357 .
درێژه‌ی هه‌یه…….