
پەشیمان بوونەوە
*(( باشتروایە كڕبیت و خەڵك وازەنبكەن گێلیت، نەك بێیتە قسەو تەمى گومانیان بڕەوێنیەوە)) كە لەرۆژنامەى جەماوەربووم بە لاقرتێ و قۆشمەوە لەگەڵ برادەران باسى رۆژنامەنووسێكمان دەركرد كە پاش ناردنى بابەتەكانى بۆ رۆژنامە تاكاتى بڵاوبوونەوەى چوار تا پێنج جار سەردانى دەكردین و هەر جارە بەجۆرێك كلك و گوێى نووسینەكانى خۆى دەكرد، تا ئەوەى كە بەچاپكراوى لەسەر رووپەڕى رۆژنامە دەردەكەوت بابەتەكان وەكى بامیەى وشكراوە هەرچى تەڕى و پاراویى و گەرموو گوڕیەكى هەیبوو دەبۆە قوربانى چاوەڕەشەكانى.
ئەوكات تاك و تەرا لەگەڵ حاڵەتى وا ناخۆش دەژیاین، هیواخوزایش بووین لەگەڵ گاگۆڵەكردن و پێگرتن و كامڵبوونى رەوتى رۆژنامەگەری و ئەزموونە دیموكراتیەبىَ وێنەكەمان لەو دەردە دەردناكە قوتاربین، بەڵام نووكە پاشى ئەوەندەساڵ و رەتكردنى ئەزموونێكى زەنگینى غەزەتەى خۆماڵى هێشتا لە رووبەڕوبوونەوەى ئەو شێوە سیاسى و رۆژنامەنووس و نووسەرانە تەجاوزم نەكردیە، بەڵكو زۆر زیاترلە پێنج ساڵى بورى تووشى ئەو حاڵەتە پڕاوپڕە لە گاڵتەجاڕى و ناماقولە دەبمەوە، سەیرە كەسێك بىَ ئەوەى كەس زۆرى بۆ هێنابىَ و بەبىَ هیچ فشارێك و بەخوایشتى خۆى، نووسینێك بنووسىَ، سەرى رەزامەندى بۆ دیدارى پەیامنێرێك لەقاندبىَ، لێدوانێكى رۆژنامەوانى دابىَ، پاش وەشان و پەخشكردنى بۆچوونەكانى حاشا لە رابردووى خۆی بكات، یان بەر لە راگەیاندنى تێڕوانینەكانى پاشگەزبێتەوە و گۆڕان بەسەر نزیكترین رایەكانى خۆى بێَنىَ، لە كاتێكدا رۆژنامەنووسێكى وەك حسنێن هەیكەل زۆر راِشكاوانە لە هەرە دورترین هەڵوێست و رووداو وسەر گوزشتە سیاسیەكانى خۆى و دەوروبەرى دەدوىَ.
دەیان جار رێكەوتووە بەرپرسێك بەهەزار تكاورجا رازیبووە دیدارێك لەگەڵ رۆژنامەنووسێك بكات، زۆرجاریش بەنووسین نەك راستەوخۆ وەڵامى پرسیارەكان دەدەنەوە، كەچى سەڕەڕاى ئەوەشى كە بەراحەت و كەمالى پشووى خۆى بەرسڤەكانى چۆنى دڵى بخوازێت دەنووسێتەوە، ئنجاش داوادەكا كۆى نەخشەسازى لاپەڕەى دیدارەكە پێشچاپكردنى ببینێت، تەنانەت دەبێت لە هەڵبژاردن و دانانى مانشێتەكانیش پرسى پێبكرێت، لە هەمووى ناخۆشتر ئەوكاتانەیە كە رۆژنامەنووس تا دوائەندازە بەدواى دڵى بەرپرسەكەدادەچێت، كەچى پاش بڵاوبوونەوەى رۆژنامەكە كۆڵێك گلیەى و گازەندەى هەیە.
پەیامنێرێك دیدارى لەگەڵ كەسێك كردووە لەگەڵ تەواوبوونى دیمانەكە ریكۆردەر و كاسێتى تۆماركراو لە رۆژنامەنووسەكە سەندراوە، بەرپرس رازیبووە دیدارەكەبكات كە پرسیارێكى تووندى لێكراوە پەستبووە و نێوچاوانى وێكهێناوەتەوەو لەنیوەى دیدارەكە پەشیمان بۆتەوە، هەمووشتێك تەواوبووە لەژێرچاپكردندا بەرپرسەكەداواى كردووە دەقى دیدارەكەى لابدرێت.
لە دنیاى ئەنتیكەخانە و پشێوى رۆژنامەگەریمان شتى سەیر و سەمەرە دەقەومىَ، باوەڕم وایە گەر مامۆستا یانى گەورەى وەك هێمن و پیرەمێرد و عەلائەدین سجادى تەمەنیان تا رۆژگارى ئەمڕۆمان بڕیكردبا، رشتەیەكى مروارى یان لەسەر وێنەو رووداوە كۆمیدیاكانى بازاڕى رۆژنامەگەرى كوردى دەنووسى.
*وتەیەكى ئەبڕاهم لینكۆڵنە، لە كتێبى كۆترو پڵنگ وەرگیراوە
shakawan@yahoo.com