Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شەوێك لە ناوەڕاستی مانگی جۆزەردان

شەوێك لە ناوەڕاستی مانگی جۆزەردان

Closed
by August 7, 2008 ئەدەب

 
 شەوێكی تاریك
 وەك تاریكیە قەترانیەكانی                   
 نێو وەهمە دۆزەخیەكانی خودا
 شەوێكی درێژ
 وەك زەریاكان و
 ڕێگا هاتونەهاتەكانی مەنفا
 شەوێكی یاخی
 وەك یاخیبوونە خۆكوژیەكانی ڕەشەبا
 شەوێكی بێباك
 وەك بێباكیە ئەسمەریەكانی سێبەر
 شەوێك لەو شەوە بریندارانەی
 كە مانگ بۆ چركەیەك چاوەكانی ناچێتە خەو
 ئەستێرەكان بۆ تەنها جارێك چاوەكانیان ناتروكێنن
 هەور لە زیكر كردن دانامركێتەوە
 برووسكە بەیەك هەناسە سروودەكانی دەچڕێ
 شەوێكی بێئاگا
 لە مردنی تیشك و لە سەرخۆشبوونی كات و لە ونبوونی سەوزایی و
 لە خێلبوونی چاوەكانی مێشوولە و لە ڕەشهەڵگەڕانی سەدەفە سپیەكانی شیعر
 شەوێك لەو شەوانەی
  عەشق دەبێتە هاوكێشەیەكی بێمانا و
 ژیان دەبێتە نیگارێكی ئەبستراكتی ڕەش و سپی و
 وەرزەكان دەبنە پیرەدارێكی بێ گەڵا و
 ڕوناكی دەبێتە پەڕەمووچەیەك بەدەم باوە
 گۆرانیە عەبەسیەكانمان بۆ دەڵێتەوە .
 شەوێك لەو شەوانەی
 مانگەشەو چیتر یادەوەریەكانی خۆی نانووسێتەوە و
 لە نێو بێشكەی مەرگ ڕادەكشێ
 شەوێك لەو شەوانەی
 ئاگر پێم دەڵێ : دووركەوە لێم چیتر تۆ لە جنسی من نیت
 بەفر پێم دەڵێ : چیتر بە نیگاكانی تۆ مەست نابم
 شەقام پێم دەڵێ : پیاسەكانی تۆ لە سەرابە نامۆییەكانی
 سەرسینگم دەچن .
 شەوێك لەو شەوانەی
 خەون و وڕێنە سپیەكانی دایكم لە تەنیشت ماڵەكانی مەرگ
 ڕەشماڵەكانیان هەڵدەدەن
 لەم شەوەدا
 چیتر باران و گیا لەگەڵ یەكتری جووتنابن
 چیتر نەوڕەسەكان نامە پڕ نهێنیەكانی عاشقان ناگەیەنن
 چیتر دەلاقەی ژوورەكانمان پڕ ناكەین لە كتێب و شمشاڵ 
 شەوێك لەو شەوانەی
 مرۆڤەكان دەبن
 بە نافورە كەسك و سۆرەكانی گوناه و
 نیوەی جەستەی من دەبێ بە جەستەی باڵدار و
 نیوەكەی تریشم دەبێ بە جەستەی
 كچۆڵە كۆچەرییە ڕەنگ خەنەییەكان
 ئاسمان نیوەی دەبێ بە هەورەتریشقە و
 نیوەكەی تری دەبێ بە تۆز و غوبار
 زەریاكان نیوەیان دەبن بە هەڵم و
 نیوەكەی تریان دەبێتە پوش و پەڵاش
 شەوێك لەو شەوانەی
 من بە زمانی ئاگر دەدوێم و
 باش بە زمانی ئەهریمەنەكان
 لم بە زمانی مەرگ دەدوێ و
 گەردەلوولیش بە زمانی فریشتەكان
 كەمانجە بە زمانی خۆڵەمێش دەدوێ و
 عەشقیش بە زمانی تاریكی
 شەوێك لەو شەوانەی
 باخچەكانی هەتاو ڕەنگەكانیان لە نێو
 كۆڵانەكانی بیابان یەخسیر دەبن
 درەختەكانی ئاوەدانی لە نێو كێلگەكانی پەلكەزێرَینە
 گەڵاكانیان سەرخۆش دەبن
 كڵۆبەفرەكان بە ڕووتی لەسەر شۆستەی شەقامەكان
 دەمێننەوە
 ژنە شۆخەكانی نێو كۆشكە ڕازاوەكانی بەهەشتیش
 لەژێر كەپری دارچرووەكانی نائومێدی
 خۆیان حەشاردەدەن
 شەوێك لەو شەوە بێدارانەی ,
 بێدار بێدار
 وەك ڕۆحی من و هەناسەكانی مانگ
 وەك چاوەكانی ڕووبار و جەستەی شەقام
 ئەو شەوە هەموومان
  سمۆرەیەكی بێداربووین
 لە نێو دارستانێكی بێداردا
 هەموومان
 وەك كچێنیە بێگەردەكەی حەوا پڕبووین لە گومان و
 وەك كوڕێنیە كارێزماییەكەی ئادەمیش پڕبووین لە تاوان
 لەم شەوەدا .. ساویلكانە
 فریشتەكانی سەرشانی خۆمانمان كوشت
 بخوورەكانی نێو خەیاڵ و خەونە سپیەكانی خۆمانمان
 كوژاندەوە
 مەرەزە وشكهەڵاتووەكانی تەمەنمان بەخوێن تەڕ كردەوە
 شەوێك لەو شەوانەی
 هەموو چیڕۆكەكان و ڕۆمانەكان و داستان و
 ئەفسانە و بەسەرهاتەكان
 بە دابڕان و مردن كۆتاییان دەهات و
 هەموو ئافاتەكان و كۆچ و جەنگ و هەرەس و وێرانبوونەكان
 یەك بەدوای یەك دووبارە دەبوونەوە و
 هەموو گۆڕستانەكان و گۆڕە بە كۆمەڵەكان و دۆڵ و خەرەند و چاڵەكانیش
 ڕووبەرەكانیان بەرینتر و بەرینتر دەبوونەوە
 ئای كە مێژوویەكی خوێناوی و كیشوەریكی بوركانی و قەدەرێكی نابینا و
 خۆرهەڵاتیەكی بریندار بوو ئەم شەوە … !
 
                                                                          جۆزەردانی 2008
 
             

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.