
هه‌ندێک سه‌رنج له‌باره‌ی( یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی کوردستان)ه‌وه
هه‌ندێک سه‌رنج له‌باره‌ی( یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی کوردستان)ه‌وه
جه‌لال ده‌باغ
رۆژی 22/9/2008 ده‌قی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی کوردستان به ژماره‌ی 35 ی ساڵی 2007له لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندکراو به‌ڕێزسه‌رۆکی هه‌رێمیش به ژماره‌ی (24) ساڵی 2008بڕیاری له‌سه‌ردا.
پێشه‌کی له‌و باوه‌ڕه‌دام که یاسایه‌کی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌و جۆره هه‌ر نه‌بووایه باشتربوو، تا ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری ئاوا سنووردارنهکات و، که‌سێکیش له پرینسیپه‌کان لا بدات یاسایهکانیتر ده‌یگرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌که‌م روونتربێ مه‌به‌ست ئه‌وه نییه که ئه‌م یاسایه لاوازه یان که‌م وکوڕی و ناته‌واوی زۆره، له راستیدا لایه‌نی باش وبه‌هێزیی زۆره، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که هیچ یاسایه‌ک بۆ رۆژنامه‌گه‌ری نه‌بوایه‌و، هه‌ر لادانێکیش یاساکانیتر ده‌یانگرێته‌وه، یان زۆر باشتربوو ئه‌گه‌ر یاسایه‌که ناوی (ئازادیی چاپ و ده‌ربڕینی بیروڕا) بوایه، به‌چه‌شنی سوید. تا به‌ته‌واوی ئه‌و ئازادییه‌ی مسۆگه‌ر بکردایه.(1)
جا ئه‌گه‌رچی یاسایه‌که بڕیاریش دراوه‌و گه‌یشتۆته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه، به‌باشمزانی هه‌ندێ سه‌رنج ده‌رببڕم با درهنگیشبێ، به‌ڵکو بێسوودنهبێ بۆ ده‌ستکاریکردنی یاسایه‌که له دوارۆژدا.
له پێشدا ده‌بێ ئه‌وه بڵێم که ئه‌م یاسایه رێگه‌ی له شێوازی (ساتیر) نووسین و ره‌خنه‌ی به‌و شێوازه داخستووه‌و، ده‌کرێ به سووکایه‌تی به که‌س و لایه‌نه‌کان لێکبدرێته‌وه! قه‌ڵه‌می رۆژنامه‌نووسی له‌م بواره‌دا به‌ده‌رناوه.
به‌شی یه‌که‌م ـ ماده‌ی دووه‌م:
دووه‌م: گوتراوه"هه‌ر زانیارییه‌ک که بایه‌خی بۆ هاوڵاتیان هه‌بێ و په‌یوه‌ندییان به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه‌وه بێ".. به‌ڵام ئایا بایه‌خی ئه‌و زانیارییه بۆ هاوڵاتیان و په‌یوه‌ندییان به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه‌وه چۆن و کێ دیاریی ده‌کات؟
ـ له هه‌ر شوێنێک نووسراوه به‌پێی" یاسا" ده‌بێ مه‌به‌ست کام یاسایهبێ؟ باشتربوو روون بکرابایه‌ته‌وه. یاسایه‌کانی پێشوو کامیان، یان ئه‌م یاسایه؟.
سێیه‌م: له‌سه‌ر پاراستنی سه‌رچاوه‌ی زانیارییه. به‌ڵام گوتراوه(مه‌گه‌ر دادگای تایبه‌تمه‌ند به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بڕیاربدا) دادگای" تایبه‌ندمه‌ند" کامه‌یه‌و به‌م دێڕه که زۆرجار جه‌ختی له‌سه‌رکراوه‌ته‌وه پاراستنی سه‌رچاوه‌ی زانیاری هه‌ر به ناوه.
"ئه‌ركی پارێزه‌ری نهێنی، ئه‌ركی نه‌ناسراوی كه‌سایه‌تی، یان نهێنیی سهرچاوەشی پێ ده‌گوترێت، به‌واته‌ی ئه‌وه‌ی هه‌رکه‌سێک بیه‌وێ زانیارییه‌ک به‌نهێنی بۆ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن بدرکێنێ.
ئه‌گه‌ر کارمه‌ندێک زانیارییه‌ک وه‌ربگرێت وسه‌رچاوه‌که‌ی بدرکێنێ کێیه، ئه‌وا به پێى یاسا سزا ده‌درێت."(2) به‌ڵام له‌م یاسایه‌ی خۆماندا هه‌ر به یاسا پێیدهدرکێندرێت!!!
جا ئیتر که‌سه‌کان چۆن ده‌توانن زانیاری بده‌ن و ناویان ئاشکرا نه‌کرێ. لای خۆمان هێنده‌ی بایه‌خ به ئاشکراکردنی ناوی که‌سه‌که ده‌ده‌ن، نیو ئه‌وه‌نده بایه‌خ به ناوه‌رۆکی زانییارییهکه ناده‌ن!
هه‌روا ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌وه‌بدرێ که:
له‌م کاتانه‌دا ئه‌رکی پارێزه‌ری نهێنی نرخی نامێنێت:
*ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌که قایلبێت ناوی ئاشکرابکرێت.
*له کاتی تاوان دژی یاسای ئازادیی چاپ (سیخوڕی، ناپاکیی گه‌وره، ده‌ستکه‌وتنی زانیاریى نهێنی).
*هه‌روه‌ها دادگا بۆی هه‌یه له کاتی هه‌ندێک تاوانی گه‌وره‌دا بڕیاری ئاشکراکردنی سهرچاوهبدات.(3)
پێنجه‌م: رۆژنامه قه‌ده‌غه ناكرێ و ده‌ستی به‌سه‌ردا ناگیرێ
ئه‌مه کارێکی زۆر باشهوبههیچ جۆرێک نابێت ڕۆژنامه، گۆڤار، یان هه‌ر چاپکراوێکیتر، به‌بێ بڕیارێک له دادگاوه که ئه‌م چاپکراوه یاسای پێشیل کردوه له‌بازاڕ کۆبکرێنه‌وه.
به‌شی دووه‌م ـ ماده‌ی سێیه‌م:
له‌م ماده‌یه‌و ئه‌وانیتردا مه‌رجی ته‌واو بۆ خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زرێنه‌ر دیاری نه‌کراوه، بهرهگهزنامه خه‌ڵکی کوێبێت..تاد. ئه‌و زانیارییانه‌ی که له( به‌یانی دامه‌زراندن) دا باسیان کراوه. راستر وابوو به‌ندێکی تایبه‌تی بۆ خاوه‌ن ئیمتیاز دیاریی بکرێت و، ئه‌و توانایه‌ش به پێی یاسا بدرێت که توانای کۆکردنه‌وه‌ی پێکه‌وه‌ی خاوه‌ن ئیمتیاز‌و سه‌رنووسه‌ر دابین بکرێت.
به‌شی سێیه‌م ـ ماده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌که‌م: "ئه‌گه‌ر رۆژنامه زانیاریی نادروستی بڵاوکرده‌وه"..لێره‌دا ده‌ڵێم: باشه کێ بڕیارده‌دا که ئه‌و زانییارییانه نادروستن؟
دووه‌م: له‌م به‌شه‌و به‌شه‌کانیتردا پێموایه هه‌موو ئه‌و سزایانه‌ی به پاره دانراون زۆرن، به تایبه‌تی له به‌شی دووه‌می ماده‌ی نۆیه‌مدا..چونکه هه‌موو که‌س ده‌زانێ رۆژنامه ده‌رکردن لای ئێمه پڕۆژه‌یه‌کی به قازانج نییه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر تیراژی زۆربێ و چاک بفرۆشرێت، مه‌گه‌ر به هه‌زارحاڵ تێچووه‌که‌ی ده‌ربێنێته‌وه. رۆژنامه‌گه‌ریی لای خۆمان ده‌بێ له لایه‌نی دیکه‌وه پشتگیری بکرێت.
سێیه‌م:
3ـ ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆکی وه‌ڵامدانه‌وه‌و راستکردنه‌وه پێچه‌وانه‌ی یاسابێ.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته‌کایه‌وه: کێ بڕیارده‌دا که ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌و کامه یاسا؟
سێیه‌م: " رۆژنامه‌نووس مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانی ئاشکرا نه‌کات" "ته‌نها به بڕیاری دادوه‌ری نه‌بێ"!!
ئه‌مه مانای رێگهدانانه بۆ ئاشکراکردنی سه‌رچاوه‌ی زانیاری!
چواره‌م: رۆژنامه‌نووس مافی ئاماده‌بوونی له کۆنگره‌و چالاکییه گشتییه‌کاندا هه‌یه!!
لیره‌شدا دیسان ده‌کرێ پرسیاربکرێ کام کۆنگره‌و کام چالاکی گشتی؟
له هه‌موو کونگره‌یه‌کدا ئاماده‌بێ، به‌بێ دیاریکردنی ئه‌و کۆنگرانه. بۆ نموونه: هه‌رچه‌نده حیزبه‌کانیش به‌پێی یاسا ئازاد‌و ئاشکرابن، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو حزبێک رێگه بده‌ن رۆژنامه‌نووسان له کۆنگره‌کانیاندا ئاماده‌بن.
نۆیه‌م: که‌ی راسته ئه‌و ده‌زگای راگه‌یاندنه‌ی رۆژنامه‌نووس کاری تێدا ده‌کات خه‌رجی چاره‌سه‌رکردنی رۆژنامه‌نووسی نه‌خۆش یان پێکراو بگرێته ئه‌ستۆ؟ خۆ رۆژنامه‌کانی لای ئێمه‌و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنیان دامه‌زراوه‌ی سه‌رمایه‌داریی هێنده ده‌وڵه‌مه‌ندنین تا هه‌موویان ئه‌و توانایه‌یان هه‌بێت. راستتر وایه ئه‌رکی خه‌رجی و چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشی وشتیوا له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تدابێت. ئه‌م یاسایه ئه‌و ئه‌رکه‌ی نه‌خستۆته سه‌شانی ده‌وڵه‌ت!
به‌شی پێنجه‌م:
" پشتئه‌ستووری(الحێانە)!" له داڕشتنه‌که‌ی په‌ڕله‌مانداو"پشته‌وانه( حه‌سانه)" له داڕشتنه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمدا، هه‌ردووکیان به‌ڕاست نازانم. نه‌هامه‌تییه‌که له‌وه‌دایه سه‌ره‌تا ئه‌م یاسایانه به عه‌ره‌بی ده‌نووسن و ئینجا ده‌یگۆڕنه سه‌ر زمانه‌که‌ی خۆمان!
ده‌بێ راستبێ (الحێانە)ی عه‌ره‌بی له‌وێدا به (پشتئه‌ستووری) بکرێته کوردی؟ پاشان بکرێته پشته‌وانه؟! باشیشه نه‌یانکردووه به پشته‌یوان!!
نه‌ده‌کرا بکرێته پاراستنی یان پارێزگاریی رۆژنامه‌نووس، یان مافی رۆژنامه‌نووس؟
ماده‌ی هه‌شته‌م:
له‌م ماده‌یه‌دا وشه‌ی (کار) وا به‌کارهاتووه که هیچ له‌جێی خۆیدا نییه. له یه‌که‌م : دا "به کارێک تومه‌تبار ده‌کرێ"!
باشتره بگوترێ به گوناهێک یان به کرده‌وه‌یه‌ک گوناهبار بکرێت نه‌ک تومه‌تبار. چونکه به کوردی گۆناهکار تومه‌تبار"متهم" ده‌گرێته‌وه.
دووه‌م: دیسان بڕیاری دادوه‌ری کراوه‌ته هۆکارێک بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووس و هه‌روا پشکنینی شوێنی کار‌و ماڵه‌که‌ی!.جا ئه‌گه‌ر بخوازرێت لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر رۆژنامه‌نووسێک بکرێت و شوێنی کار‌و ماڵه‌که‌ی بپشکنرێت، ئه‌وا بڕیاری دادوه‌ری بۆ وه‌رده‌گیرێت!!
ماده‌ی نۆیه‌م:
یه‌که‌م: رۆژنامه‌نووس و سهرنووسهربه بڕێک پاره" سزا"ده‌درێن…له داڕشتنه‌که‌ی پهرلهمانداو "غه‌رامه" ده‌کرێن له داڕشتنه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تیدا، هه‌ر سزاکه بمایه باشترنه‌بوو؟ له کاتێک یه‌کێک له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ی بڵاوکرده‌وه:
1ـ چاندنی تۆوی" نه‌ک تۆی" رق و کینه‌و لێکترازاندنی پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵ"! به‌ڕاستی ئه‌مه دیدێکی چینایه‌تییه‌و زۆر شاره‌زایانه جێگیرکراوه. بۆ نموونه: چینی کرێکار له‌لایه‌ک و بۆرژوای مشه‌خۆرو په‌رازیت و ته‌واوی بۆرژواو سه‌رمایه‌داران له‌لایه‌کیتره‌وه، یان پاشماوه‌کانی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گی، هه‌موویان" پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵن"، دیاره هه‌موو خه‌باتێکی فیکری و چینایه‌تی له‌م بواره‌دا که رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌ر بیکه‌ن ده‌شێ وا لێکبدرێنه‌وه که چاندنی تۆوی رق وکینه‌یه..تاد.بۆیه راستتره ئه‌م به‌نده به‌ته‌واوی لابدرێت ی. یان به‌روونی ده‌ستنیشان بکرێن، وه‌ک چاندنی تۆوی رق و کینه‌ی تایه‌فه‌گه‌ری و ده‌مارگیریی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی وشۆڤینی و فاشیستی وشتیوا.
به‌ندی 2ـ و 3ـ هه‌ردووکیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ جیاوازییاندا یه‌کشتن و ده‌بێ بکرێنه یه‌ک و ژماره 2ـ سوکایه‌تیکردن به بیروباوه‌ڕو پیرۆزییه ئاینییه‌کان. ئه‌مه بڕگه‌ی 3ـ ش ده‌گرێته‌وه.
بڕگه‌ی 6ـ هه‌ر بابه‌تێک زیان به رێکاری لێکۆڵینه‌وه‌و دادوه‌ری بگه‌یه‌نێ ته‌نیا مه‌گه‌ر دادگا رێگای به بڵاوکردنه‌وه‌ی دابێ.!
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته‌کایه‌وه: باشه، هه‌ر بابه‌تێک ( زیان به رێکاری ێکۆڵینهوهو دادوه‌ری بگه‌یه‌نێ) ئیتر چۆن ده‌بێ دادگا رێگای بڵاوکردنه‌وه‌ی بدا.؟!
چواره‌م: داواکاری گشتی و زیان پێگه‌یشتوو بۆیان هه‌یه به‌پێی یاسا داوا تۆمار بکه‌ن.!!
ئه‌م بڕگه‌یه زیاده‌و ئه‌وه‌ش نه‌بێ هه‌ر بۆیان هه‌یه داوا تۆمار بکه‌ن، چونکه ئه‌مه مافی ره‌های هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵه.
ئینجا له ماده‌ی ده‌یه‌مدا گوتراوه: حوكمه‌كانی مادده‌ی (نۆیه‌م) ئه‌و رۆژنامه‌و چاپكراوانه ناگرێته‌وه كه به مه‌به‌ستی( ته‌واو زانستی) له داڕشتنه‌که‌ی په‌ڕله‌مانداو(زانستی ته‌واو) له داڕشتنه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تیدا، له‌لایه‌ن ده‌زگا حكومی و زانكۆكان و سه‌نته‌ره‌كانی تۆژینه‌وه‌ی زانستی ده‌هێنرێن.
ئه‌ی که‌واته بۆچی رۆژنامه‌کان بگرێته‌وه که زۆرجار له نووسینه‌کانیاندا مه‌به‌ستی ته‌واو زانستی‌یان هه‌یه؟و ده‌شبنه سه‌رچاوه ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ش که باسیانکراوه.
ــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) ئازادیی چاپ له سوید به دوو یاسای بناغه‌یی ریکده‌خرێت, یاسای ئازادیى چاپ (ئا چ 1949) و هه‌روه‌ها یاسای ئازادیى ده‌ربڕینی بیروڕا (ئا ب 1976). یاسای بناغهیى له‌دوای دووکه‌ڕه‌ت ده‌نگدان و بڕیاردان له‌لایه ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌گوردرێت, به مه‌رجێک له نێوان ئه‌م دوو که‌ڕه‌ت بڕیاردان و ده‌نگدانه‌دا هه‌ڵبژاردنێکی گشتی په‌رله‌مان ئه نجامدرابێت، واته ئه‌م دوو یاسایه چونکه بیناغهیین ده‌بێت زۆر به زه‌حمه‌ت بگۆڕدرێن, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ردو یاسایه‌که چه‌ند جارێک له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گوڕانیان به‌سه‌ردا هاتوه‌و زۆرجۆر یاساشکێنی بۆ زیادکراوه، سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی سوید له دژی ئه‌م گوڕانکارییانه بووه.
ئازادیى چاپ ده‌بێت به‌هێزبێت وهیچ روداوێکی کاتی یا رێکه‌وت یان گفتوگۆیه‌کی کڵپهسێنهرانه كاری تێنه‌کات. ئازادیی چاپ نابێت بۆهه‌ندێک تاقم یان ده‌سته‌بێت و :بۆهه‌ندێک نه‌بێت یان بۆ کهسانێکبێت که فڵان پیشه‌یان هه‌یه. بۆ نمونه رۆژنامه‌نووسان, به‌ڵکو ده‌بێت هه‌موو هاوڵاتییه‌ک ئه‌م مافه‌ی هه‌بێت. بڕوانه:
"Yttrandefrihetsgrundlag & Tryckfrihetsförordning"
یاسای سویدیی ئازادیی چاپ (ئا چ 1949) و هه‌روه‌ها ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا (ئا ب 1976) وه‌رگێڕانی له سویدییه‌وه. سه‌رکه‌وت جه‌لال ده‌باغ
http://www.dengekan.info/dengekan/11/3149.html
(2) بڕوانه سه‌رچاوه‌ی پێشوو (بڕگه‌ی ئا چ 3:3))
(3) بڕوانه سه‌رچاوه‌ی پێشوو (بڕگه‌ی ئا چ 3:3) خاڵی 4