
ئه‌گه‌ر نه‌توانم سه‌ردانی كوردستانیش بكه‌م هه‌ر به دۆستی كورد ده‌مێنمه‌وه…ئۆسوالد سۆدركڤیست
ئۆسوالد سۆدركڤیست بۆ ڕۆژنامه‌ی رووداو: ئه‌گه‌ر نه‌توانم سه‌ردانی كوردستانیش بكه‌م هه‌ر به دۆستی كورد ده‌مێنمه‌وه
كاوه ئه‌مین
ڕۆژنامه‌ی ڕووداو (25/11/2008)
رۆژی 5/11/2008 كۆمیته‌ی سوێدی بۆ پشتیوانی له مافه‌كانی كورد له ئۆپسالا، سه‌مینارێكی بۆ نووسه‌ر و ئاكادیمیی سوێدی ئۆلۆف گ. تاندبێری كه دۆستێكی كۆنی گه‌لی كورده، رێكخست. چه‌ند سوێدییهكیش له‌و سه‌میناره‌دا به‌شداربوون، یه‌كێك له‌وانه ئۆسڤالد سۆدركڤیست بوو كه بۆ یه‌كه‌مین جار له ساڵی 1977دا، كێشه‌ی كوردی برده نێو په‌رله‌مانی سوێده‌وه و داوای كرد ده‌وڵه‌تی سوێد پشتیوانی له نه‌ته‌وه‌ی كورد بكات. (رووداو) بۆ ناساندنی سۆدركڤیست به خوێنه‌رانی كورد، هه‌ڤپه‌یڤینێكی له‌گه‌ڵ سازكرد.
سۆدركڤیست به خۆی و سمێڵه زله‌كه‌یه‌وه زیاتر له كوردێكی كاكه‌یی یاخود كوردێكی عه‌له‌وی ده‌چێت تا سوێدییه‌ك. ئێستا ئه‌و پیر بووه و له باشووری سوێد ده‌ژی و تا ئێستایش دۆستایه‌تییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه و هه‌وڵده‌دات هه‌میشه له ره‌وشی كورد ئاگاداربێت. سۆدركڤیست له ساڵی 1972 وازی له سۆسیالدیموكراته‌كان هێنا و كورد گوته‌نی سه‌نگه‌ر ده‌گوێزێته‌وه بۆ نێو پارتی كۆمۆنیستی سوێدی كه ئێستا ناوی خۆیان گۆڕیوه بۆ پارتی چه‌پ. ئه‌گه‌رچی سۆدركڤیست خۆی كۆمۆنیست نه‌بووه، به‌ڵام به پێكه‌نینه‌وه ده‌ڵێ " قسه‌ی خۆمان بێت ژنه‌كه‌م كۆمۆنیست بوو".
سۆدركڤیست نه‌یده‌ویست زۆر باسی ژیانی سیاسی خۆی بكات، ئه‌و پێیوابوو ره‌نگه ئه‌وه جێگه‌ی بایه‌خی خوێنه‌ری كورد نه‌بێت.ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به كاری سیاسی بكات له نێو سووپادا وه‌كو ئهسفهرێك كاری كردووه. ساڵی 1969 بار ده‌كاته شاری ئۆپسالا و دوای ئه‌وه‌ی كه واز له ئه‌فسه‌ری دێنێت له زانستگه‌ی ئۆپسالا زانستی سیاسی و نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌خوێنێت و پاشان له ساڵی 1976 دا ده‌بێته ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوێد تا ساڵی 1988 به ئه‌ندام تێیدا ده‌مێنێته‌وه.
رۆژنامه‌ی (HURIYET حوریه‌ت )ی توركی به‌هۆی پشتیوانیكردنی له كورد ، له وتارێكدا به"چه‌ته" ناوی برد، هه‌ر ئه‌و وتاره بووه هۆی ناسراوتربوونی ئۆسڤالد له نێو كورددا و ژماره‌یه‌كی زۆر كورد پێوه‌ندی پێوه كرد، به تایبه‌تی له ئۆپسالا. له كۆتایی حه‌فتاكاندا مام جه‌لال سه‌ردانی سوێدی كرد و چاوی به ئۆسڤالد سۆدركڤیست كه‌وت، ئه‌و به‌ته‌واوه‌تی له بیری نه‌ماوه چ ساڵێك بوو، به‌ڵام كۆتایی حه‌فتاكان بوو. پاشان د. عه‌بدولره‌حمان قاسملو سه‌ردانی ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه باشتر له كورد تێبگات.
دوای ئه‌وه‌ی كه سۆدركڤیست په‌رله‌مانی سوێد به‌جێده‌هڵێت به‌رده‌وام ده‌بێت له پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوردانی دانیشتووی سوێد و به‌شداری ئاهه‌نگ و كۆبوونه‌وه‌كانی كورد ده‌كات بۆ نموونه یادكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز.له‌ساڵی 1999یش به‌شداری (شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئاشتی) كرد له به‌لجیكاوه بۆ دیاربه‌كر.
رووداو:چۆن ئاشنای كورد و كێشه‌كه‌ی بووی؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: هه‌تا نه‌بوومه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوێد، منیش وه‌كو زۆر خه‌ڵكی دیكه، شتێكی وام ده‌رباره‌ی كورد و كێشه‌كه‌یان نه‌ده‌زانی، دیاره له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه ژماریه‌كی به‌رچاو كورد كه زۆربه‌یان خاوه‌ن بڕوانامهبوون روویانكرده سوێد. ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له ناساندنی كورد به سوێدییه‌كان. ئێمه له گرووپه‌كه‌ی خۆمان له په‌رله‌مان باسی كوردمان ده‌كرد، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ژنێكی سوێدی كه له‌گه‌ڵ مه‌حموود باكسی ده‌ژیا، ناوی ئێلین كلاسۆن بوو و له لای گرووپه‌كه‌ی ئێمه له په‌رله‌مان وه‌كو سكرتێر كاری ده‌كرد، ئه‌و له رێگه‌ی مه‌حموود باكسییهوه ئاگادرای كێشه‌ی كورد بوو، ئه‌وه‌بوو رۆژێكیان پێشنیازی كرد كه ئێمه كێشه‌ی كورد ببه‌ینه نێو په‌رله‌مانه‌وه و باسی لێوه بكه‌ین. ئێمه‌ش به قسه‌مان كرد‌و دوای ئه‌وه ئیتر هه‌ر زیاتر و زیاتر رووناكیمان ده‌خسته سه‌ر كێشه‌ی كورد.
رووداو: چ پێشنیازێكت كرد و زیاتر باسی كام پارچه‌ی كوردستانتان كرد؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: قسه‌كانی ئێمه گشتی بوون و،وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو باسی كێشه‌ی كوردمان كرد، نه‌ك باسی ئه‌م پارچه و ئه‌و پارچه‌ی كوردستان . ئێمه باسی چه‌وساندنه‌وه‌ی كوردمان كرد كه له‌لایه‌ن توركیا، سووریا، ئێران و عێراقه‌وه ده‌چه‌وسێنرانه‌وه. به‌ڵام حكوومه‌تی سوێدی ئه‌وكاته وه‌كو ئێستا حكوومه‌تێكی موحافه‌زه‌كار بوو و پێشنیازه‌كه‌ی ئێمه‌ی به ته‌واوه‌تی ره‌تكرده‌وه. به‌ڵام ئێمه كۆڵمان نه‌دا، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زیاتر كورد هاتنه سوێد و پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ستن و تا ده‌هات زانیارییه‌كانمان له‌سه‌ر كورد زۆرتر ده‌بوون.
شتێكی خۆشتان بۆ باسبكه‌م، ساڵی 1977، رۆژنامه‌نووسێكی تورك كه بۆ رۆژنامه‌ی (حوڕییه‌ت)ی توركی كاری ده‌كرد هاته ته‌لاری په‌رله‌مان و گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ كردم. منیش باسی چه‌وساندنه‌وه‌ی كوردم بۆ كرد له‌و وڵاتانه‌دا. دوایی وێنه‌كه‌ی منیان له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می حوڕیهتدا بڵاوكرده‌وه وه‌كو چه‌ته و رێگرێك باسیان كردبووم كه ئاگام له هیچ نییه و هیچ نازانم. ئه‌وه‌بوو مه‌حموود باكسی هاته لام و رۆژنامه‌كه‌ی بۆ هێنام و بۆی كردمه سوێدی. دیاره له‌و وتاره‌دا كه له‌سه‌ر منیان نووسیبوو، دووپاتیان كردبووه‌وه كه كورد نییه و ئه‌وانه‌ی ئه‌و چه‌ته‌یه باسیان ده‌كات "توركی چیایین". ئه‌و وتاره زۆر توڕه‌ی كردم و هانیدام كه زیاتر بۆ كورد و مافه‌كانیان تێبكۆش‌م.
رووداو: كه‌سایه‌تی تاڵه‌بانی و قاسملوو چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت، ئه‌گه‌ر به‌راوردیان بكه‌ی؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: ئێمه وه‌كو كه‌سایه‌تێكی شۆڕشگێر چاومان لێده‌كردن و ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌رده‌می ئازدیخوازیی بوو، له ئه‌نگۆلاوه تا كوردستان و فه‌له‌ستین خه‌ڵك بۆ ئازادی خه‌باتی ده‌كرد، ئه‌و كاته تاڵه‌بانی زۆر شۆڕشگێرانه قسه‌ی ده‌كرد و قسه‌ی ئاگراوی ده‌كرد، هه‌رچی قاسملوو بوو به راستی پیاوی ده‌وڵه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بوو. دیاره ناكرێت من له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه كورته، به‌ته‌واوه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كانیان هه‌ڵسه‌نگێنم.
رووداو: رۆژنامه‌كانی سوێد ئه‌وكات هیچ بایه‌خیان به‌كورد ده‌دا؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست:زۆر كه‌میان ده‌نووسی، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ده‌مانكرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌پ بووین گرنگیان پێ نه‌ده‌دا و نه‌یانده‌ویست زۆر باسی ئێمه بكه‌ن و رووناكیمان بخه‌نه سه‌ر. دیاره ئێمه خۆمان زۆرمان له‌سه‌ر كورد نووسی و باسی كوردمان كرد به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه خومه‌ینی هاته سه‌ر حوكم و كورده‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ئازادیان وه‌رگرت.
رووداو: شه‌ڕی براكوژیی و نێوخۆی كورد چ كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤی بۆ سه‌ر ههوڵدانهكانی ئێوه هه‌بوو؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست:شه‌ڕی كورده‌كان له نێوخۆیاندا كاره‌كانی ئێمه‌ی زه‌حمه‌تتر كرد. ئێمه ده‌مانویست باسی كورد و كوردستان وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕانه باری ئێمه‌یان گران كرد. كاتێك كورده فه‌یلییه‌كان له‌لایه‌ن عێراقه‌وه به‌ره‌و ئێران ده‌ركران، به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن برا كوردهكانیانهوه باوه‌شیان بۆ ئاوه‌ڵا نه‌كرا، ئه‌مه‌یش كارێكی تراژدییه. ئێمه نه‌مانده‌ویست لایه‌نێك هه‌ڵبژێرین به‌ڵكو كێشه‌ی كوردمان وه‌كو كێشه‌یه‌ك ته‌ماشا ده‌كرد، نه‌ك وه‌كو خێڵ و عه‌شیره‌ت. زۆرجار كه گفتووگۆمان ده‌كرد له په‌رله‌ماندا، بۆ نموونه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی سوێد و هی دیكه‌یش بانگاشه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه كورد خۆیان یه‌كگرتوو نین و شتێك نییه ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورد بێت ئه‌وانه‌یش كه هه‌ن عه‌شیره‌ت و خێڵن. به‌ڵام ئاسانتر بوو به‌رگری و پشتیوانی له كێشه‌ی فه‌له‌ستینییه‌كان بكه‌ی، هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌وكات، چونكه یه‌ك نوێنه‌رایه‌تیان هه‌بوو و خۆشیان له نێوخۆیاندا یه‌كگرتووبوون. ئێستازۆر خۆشحاڵم كه كورد له یه‌كتره‌وه نزیكن و پێموایه ئێستا كوردی باشووری كوردستان هاوكاری پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌كه‌ن ئه‌وه كارێكی باشه.
رووداو:دوای تیرۆركردنی ئۆلف پالمێ له هه‌شتاكاندا كه پارتی كرێكارنی كوردستانPKK به تیرۆركردنی تۆمه‌تباركرا ، ره‌وشی كورد له سوێد چی به‌سه‌ر هات، به‌گشتی كه ئه‌وروپا به تیرۆریست سه‌یری PKK ده‌كات تۆ چۆن سه‌یری ده‌كه‌ی؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست:من هه‌میشه به‌رگریم له PKK كردووه و ئێستایش به‌رگرییان لێده‌كه‌م. خۆ هه‌ر هیچ نه‌بێت بهراخۆدانێكیان كردووه. من ساڵی 1987 له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كمدا كه ناوی تۆنی فرانسێ بوو، سه‌ردانی توركیامان كرد، ئه‌وكاته له رێگه‌ی په‌رله‌مان و بالیۆزخانه‌ی سوێده‌وه ئاسنكاریمان بۆ كرا. باڵیۆزخانه‌ی سوێد هه‌ندێك پێوه‌ندی بۆ رێكخستین له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تدا، به‌ڵام وه‌زیره توركه‌كان كه‌وتنه سهرزهنشتكردنمان به‌وه‌ی كه شتێك نییه ناوی كێشه‌ی كورد بێت له توركیا، ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌دا ده‌ژی هه‌مووی توركن. زۆر بێنهزاكهت بوون به‌رامبه‌رمان. ئێمه چاومان به كوردیش كه‌وت، به تایبه‌تی ئه‌و كوردانه‌ی كه ئاوهرهببوون و راگوێزرابوون و له ئیسته‌نبووڵ و له ژیانێكی پڕ ره‌زاله‌تدا ده‌ژیان. كه هاتینه‌وه راپۆرتێكمان له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد و كورده‌كان نووسی و دامانه په‌رله‌مانی سوێد. ئێمه پیاوێكی توركمان بینی كه كۆنه دیپلۆمات بوو و له هیندستان كاری كردبوو، تێگه‌یشتنێكی باشی بۆ كێشه‌ی كورد هه‌بوو و له كۆمیته‌یه‌ك بۆ ئاشتی كاری ده‌كرد و باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه كه‌مال ئه‌تاتورك بڕیاری ده‌ركرد كه هه‌موو ئه‌م خه‌ڵكانه توركن، به‌ڵام نه‌یده‌وێرا به ده‌نگێكی به‌رز ئه‌و راستیانه بڵێت.
رووداو: بۆچی كورد و PKK له كوشتنی ئۆلف پاڵمه‌دا گلێندرا ؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه بڵێم كه به‌و كاره، دادگا و دادپه‌روه‌ری له سوێد خۆیان هێنایه سه‌ر سفر، شتێكی هه‌تا بڵێی ناخۆش و ترسناك بوو. راستییه‌كه‌ی من دوای دوو هه‌فته زانیم كه ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی PKK له‌لایه‌ن پۆلیسی سوێدییه‌وه ده‌ستگیركرابوون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كرابوو، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه هاتن بۆ په‌رله‌مان و ئاگاداریان كردین، به‌ڵام دادوه‌رانی سوێدی ئه‌و تێوه‌گلانه‌ی PKKیان ره‌تكرده‌وه و تۆمه‌ته‌كه‌یان له‌سه‌ر لابردن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی كرده سه‌ر كێشه‌ی كورد، ناخۆشییه‌كه له‌وه‌دا بوو كه هه‌موو كوردیان تێوه‌گلاندبوو و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی كه هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به PKK وه نه‌بوو به گومانه‌وه چاویان لێده‌كرا. به‌ڕاستی من هه‌ستم به شانازییه‌كی زۆر ده‌كرد كه دادپه‌روه‌ری سه‌ركه‌وت. به داخه‌وه ده‌بێت ئه‌وه‌یش بڵێم كه PKK كارێكی خراپیان كرد كه له سوێد دوو ئه‌ندامی پێشووی خۆیان كوشت، ئه‌و كاره‌یان جێگای دیفاعلێكردن نه‌بوو، هه‌رچه‌نده پاشان خۆشیان هه‌ستیان به‌و هه‌ڵه‌یه كرد و په‌شێمان بوون له كردنی. پۆلیسی سوێدیش كه‌ڵكیان له‌و هه‌ڵه‌یه وه‌رگرت و PKK یان به كوشتنی پاڵمه تاوانبار كرد، به‌ڵام دوایی ده‌ركه‌وت كه ئه‌و تاونباركردنه هیچ بناخه‌یه‌كی نه‌بوو، من خۆم ئێستایش پێموایه كه پۆلیسی سوێدی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان په‌نجه‌ی له كوشتنی پاڵمه‌دا هه‌یه. به‌ڵام من ئێستایش كه ئه‌وروپا PKK ی خستۆته نێو لیستی تیرۆره‌وه، به‌كارێكی قێزونی ده‌زانم و پشتیوانی ته‌واو له‌و پارته ده‌كه‌م و پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له ئه‌ندامه‌كانیان هه‌یه. من زۆر جار له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و ئه‌ندامه كوردانه‌ی پارتی چه‌پ تووشی كێشه بووم له‌سه‌ر PKK، هه‌ندێكیان ئێستا گۆڕاون و وه‌كو پێشوو دژایه‌تی PKKناكه‌ن. پێموابێت ئه‌و دوژمنایه‌تییه‌ی PKK بۆ ئه‌وه‌بوو كه بتوانن به ئاسانی سه‌ردانی توركیا بكه‌ن.
رووداو: ساڵی 1999 به‌شداری شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئاشتیت كرد بۆ دیاربه‌كر، چۆن بوو ئه‌و بڕیاره‌تدا؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: داوام له پارتی چه‌پ كرد، من وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌و پارته به‌شداری بكه‌م و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هاوكاری دارایی بكات، به‌ڵام پ ك ك پاره‌ی هه‌بوو و هه‌موو پاره‌ی ئه‌و چالاكییه‌ی خستبووه سه‌ر شانی خۆی. وه‌لێ ئه‌ڵمانیا رێگای نه‌دا ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ر به خاكه‌كه‌یدا تێپه‌رێت بۆیه پ ك ك فرۆكه‌یه‌كی به كرێ گرت و ده‌یان كورد و دۆستی كورد له ئیسته‌مبووڵ نیشتینه‌وه و پاشان له‌وێشه‌وه به پاس به‌ره‌وه دیاربه‌كر كه‌وتینه رێ، به‌ڵام پۆلیس و سووپای توركیا رێگایان نه‌داین بچینه ناو دیاربه‌كر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یان هه‌زار كورد پێشوازایان لێكردین. پاش ئه‌وه‌ی ئێمه‌یان گێڕایه‌وه بۆ ئیسته‌نبووڵ ئه‌وروپییه‌كانیان كۆكردنه‌وه، كه له خهڵكانیی رووناكبیر، سیاسی و رۆژنامه‌نووس پێكهاتبوون، به چه‌ته و رێگر ناوزده‌یان ده‌كردین .به‌ڵام راگه‌یاندنی كوردی و ئه‌ڵمانی و به‌ریتانی پێشوازییه‌كی باشیان له‌و چالاكییه كرد و له‌سه‌ریان نووسی.
رووداو:نووسه‌ر و رووناكبیری سوێدی ئۆلف گ تاندبێری دۆستێكی دیكه‌ی كورده، ئه‌و چۆن ده‌ناسی؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: ساڵی 1976 چاومان به تاندبێری كه‌وت كه له شه‌سته‌كانه‌وه پشتیوانی له كورد كردبوو و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ بارزانی باوك پیوه‌ندی هه‌بوو ، ئه‌و خۆی چاوی به بارزانی كه‌وتبوو و زانیاری باشی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد هه‌بوو. ئه‌گه‌رچی ئه‌و چه‌ندین ساڵ بوو بێده‌نگ ببوو، به‌ڵام دیسان بۆ كێشه‌ی كورد تێهه‌ڵچووه‌وه.
رووداو:به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی سوێد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستاندا تا چه‌ند رێگربوو له ناساندن و پشتیوانیكردن له سوێد بۆ كورد؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری سوێد له‌گه‌ڵ توركیا و عێراق بێ كاریگه‌ری نه‌بوو. سوێد ژماره‌یه‌كی زۆر ماشێنی گه‌وره‌ی به توركیا و عێراق فرۆشت، هه‌روه‌ها به ئێرانیش له‌سه‌رده‌می رژێمی خومه‌ینیدا، به تایبه‌تی كۆمپانیای سكانیا كه لۆری و ماشێنی گه‌وره‌ی دروستده‌كرد و بۆ كاری سه‌ربازی له‌و وڵاتانه‌دا به‌كار ده‌هێنران. هه‌روه‌ها لێدانی تونێل و دروستكردنی بینای گه‌وره له ئیسته‌نبووڵ. ئه‌گه‌رچی قه‌ده‌خه‌بوو سوێد كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی به‌و وڵاتانه بفرۆشێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی دیكه هاوكاری ئابووری ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌كرد.
رووداو:كه‌سایه‌تی مسته‌فا بارزانی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: ئه‌و خه‌باتێكی زۆری بۆ كورد كرد، به‌شداریی كۆماری كوردستانی كرد له مه‌هاباد، من بارزانی وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی مێژوو چاو لێده‌كه‌م. ئه‌و هه‌موو ژیانی خۆی له گه‌نجێتییه‌وه تا مردن بۆ كورد كرده قوربانی. ره‌نگه ئه‌و زیاتر بۆ كورده‌كانی باشوور تێكۆشا بێت، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مدا نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان لێ بكردایه كه بۆ هه‌موو كورد خه‌باتی بكردایه. من ڕێزێكی زۆرم بۆ مسته‌فا بارزانی هه‌یه.
رووداو: عه‌بدوڵڵا ئوجه‌لان یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی زۆری له‌سه‌ر ده‌نووسرێ ، ئه‌و چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: زۆر شت له‌باره‌ی ئۆجه‌لانه‌وه نازانم، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه ئه‌و پشتیوانی كوردانی باكووری بۆ خۆی راكێشا و ئێستایش ده‌بینی كه چۆن پشتیوانی لێده‌كه‌ن.هیچ رێكخراوێك ناتوانێت خۆی به‌راود بكات له‌گه‌ڵ پ ك ك له باكووری كوردستان. زۆرجار شتی خراپ له‌سه‌ر ئۆجه‌لان نووسراوه، به‌ڵام ئه‌ی پشتیوانی ئه‌و خه‌ڵكه له‌و پیاوه، چی لێ ده‌كه‌یت؟ ئه‌وه قسه‌ی قۆڕه كه ده‌ڵێن خه‌ڵك له ترسان پشتیوانی له پ ك ك ده‌كه‌ن، ئاخر گرووپێكی بچكۆله چۆن ده‌توانێت پانزده ملیۆن یانیش زیاتر له باكووری كوردستان ناچار بكات پشتیوانی لێ بكه‌ن؟ ده‌وڵه‌تی سوێدیش ئۆجه‌لانی وه‌كو تیرۆریست ده‌ناساند، به‌ڵام من ئه‌وه به ته‌واوه‌تی ره‌تده‌كه‌مه‌وه، ئۆجه‌لانیش وه‌كو زۆری دیكه بۆ ئازادی خه‌باتی كردووه، مه‌گه‌ر به عه‌ره‌فات و ماندێلاشیان نه‌ده‌گووت تیرۆریست و خه‌ڵاتی ئاشتیشیان پێدان؟ به سه‌ركرده‌كانی ئه‌نگۆلا و مۆزه‌مبیق و گرووپه‌كانی دیكه كه به‌دژی كۆلۆنیالزم و چه‌وساندنه‌وه خه‌باتیان ده‌كرد، هه‌ر ده‌یانگوت تیرۆریست، من كه‌سێكی ئینتهناسیۆنالیستم و له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌لانه‌شدا خه‌باتم كردووه. من به هه‌مان شێوه‌یش ته‌ماشی حه‌ماس ده‌كه‌م چونكه خه‌ڵك ده‌نگی پێداون.
رووداو: بۆچی تاوه‌كو ئێستا به‌ته‌نیا سه‌ردانی كوردستانت نه‌كردووه، چاوه‌ڕوانی ئهوهتدهكرد بانگهێشت بكرێی ؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: (به‌پێكه‌نینه‌وه) نا من چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م نه‌كردووه داوه‌تم بكه‌ن، ئاخر خۆت ده‌بینیت كه پیربووم. من ئێستایش و ئه‌وسایش به هه‌رشێوه‌یه‌ك بۆم كرابێت پشتیوانیم له كورد كردووه و ده‌كه‌م.
رووداو:كێشه‌ی كورد هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و ئێستایش پێویستی به پشتیوانییه، به‌ڵام ئه‌و گهرمووگوڕییهی جاران بۆ پشتیوانی له بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌كانی دنیا نه‌ماوه، به بڕاوی تۆ هۆكاری ئه‌وه چییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئاسانتر ده‌توانرێت زانیاری له‌سه‌ر گه‌لانی چه‌وساوه به‌ده‌ستبهێندرێت؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: ئه‌گه‌ر ئێمه باسی سوێد بكه‌ین، من پێموایه پێوه‌ندی به لیبرالیزمی نوێوه هه‌یه، پێوه‌ندی به ئیندڤیدوالیزمهوه هه‌یه، خه‌ڵك چاوچنۆك بوون و هه‌ر بیر له خۆیان ده‌كه‌نه‌وه، پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه بزووتنه‌وه چه‌په‌كان پاشه‌كشه‌یان پێكراوه و راستره‌وه‌كان زیاتر به ده‌سه‌ڵات بوون. ئێستا حكوومه‌تێكی كۆنسهرڤهتیزم له سوێد حكووم ده‌كات، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێستامان، كارل بیلدت، زۆر سه‌رسامه به ئه‌مریكا. ئێستا سوێد، زیاتر له ناتۆ نزیك بووه‌ته‌وه، به‌ڵام من پێموایه گۆڕانكاری له سیاسه‌تی سوێد ده‌كرێت و ئه‌و هاوپشتییه‌ی هه‌شتاكان هه‌بوو بۆ كورد و فه‌له‌ستینییه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
رووداو:هه‌ڵبژاردنی باراك ئۆباما ده‌بێته هۆی گۆڕانكاری و بووژانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی رادیكالیزم؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: من بڕوام به‌وه نییه كه خه‌ڵك كه‌سێكیان هه‌ڵبژاردبێت، من بروام به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه، چینه‌كانی خواره‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه ئه‌وا ئۆباما ههڵندهبژێردرا. سه‌یری ئه‌و كێشه ئابوورییه بكه، كه هه‌تا بڵێی خه‌ته‌رناكه نه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌مریكا به‌ڵكو بۆ هه‌موو دنیا، خه‌ڵك رقیان هه‌ستاوه و توڕه‌ن، تۆ مێژووت خوێندووه‌ته‌وه، شه‌پۆله گه‌وره‌كان هه‌میشه ئارامن و له پڕێكدا خه‌ڵكانێك به‌رزده‌كه‌نه‌وه، ئێستایش ئه‌و كه‌سه ئۆبامایه، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش نه‌بوایه كه‌سێكی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه ده‌بوو، كه‌واته كه‌سه‌كان نین، ئێستا بازه‌كه به‌سه‌ر ئۆباماوه نیشتووه‌ته‌وه. جاران كه منداڵبووین، مێژووی سوێد هه‌مووی باسی پاشا‌كان بوو، هیچ ده‌رباره‌ی خه‌ڵكه‌كه له ئارادا نه‌بوو، خۆ ئێستاش هه‌ر وایه. سیسته‌می كاپیستالیستی ئه‌وه دووه‌م جاره به‌ره‌و هه‌ڵدێری ده‌چێت، له 1929 یشدا ئه‌وه روویدا. بۆیه خه‌ڵك هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت، ئێستایش ئۆباما له ناو ناواندایه و به كه‌سێكی باشی ده‌بینم. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و پیاوه ئه‌و باره‌ی پێ هه‌ڵده‌گیرێت؟ ئایا ئه‌و ده‌توانێت له‌و چوارچێوانه‌ی كه له ئه‌مریكادا هه‌یه ده‌ربچێت؟
رووداو: مه‌ترسی ئه‌وه نییه ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌كان لایدا، شتێكی لێ بكرێت ؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: به دڵنیاییه‌وه، بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه، مه‌گه‌ر كهندیاشیان نه‌كوشت، ئه‌گه‌ر شتێكی وا رووبدات جێگای حه‌په‌سان نییه، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت ئه‌و كه‌سێكی رهشپێستیشه.
رووداو: پێتوانییه ئه‌مه نووسینه‌وه‌ی مێژووه؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست:بێگومان، وه‌كو وتم خه‌ڵك ده‌نگیان پێداوه و ده‌كرێت گۆڕانكاری گه‌وه‌ره رووبدات. له دوایی هه‌ڵدێره ئابوورییه‌كه‌ی 1929، له ئه‌مریكا گۆڕانكاری روویدا. پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ نوێكردنه‌وه‌ی په‌ره‌وه‌رده و ژێرخانی ئابووری ئه‌مریكا ته‌رخانكرد.
رووداو:به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و قسانه، پێتوایه گۆڕانكاری له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕستدا رووبدات؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: ره‌نگه پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌وباشی بڕوات، شتی خراپتر رووبدات، ئاخر خۆ ناكرێت وڵاتێكی وه‌كو ئیسرائیل به تاقی ته‌نیا ئه‌و ناوچه‌یه كۆنترۆڵ بكات و بچه‌وسێنێته‌وه ئه‌وه‌ش به هاوكاری ئه‌مریكا ده‌كات، واته هه‌تا ئه‌مریكا پشتیوانی له ئیسرائیل بكات، خۆ ئه‌مه هه‌روا نابێت. ئه‌وان ده‌بێت واز له‌و شهڕنگێزییه بێنن، ئه‌مه بۆ توركیایش هه‌روایه، ده‌بێت سازش بكه‌ن، ده‌بێت واز له كورده‌كان و فهلهسینییهكان بێنن، ئاخر خۆ ناكرێت توركیا نكۆڵی له بیست ملیۆن كورد ره‌نگه زیاتریش بن، بكات و هه‌ر بڵێت كورد نییه و پێیان بڵێت "توركی شاخاوی" واته ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری نه‌كه‌ن، ئه‌وا شه‌ڕی گه‌وره‌تر و هێزی زیاتر به‌كارده‌هێنرێت. ناكرێت بڵێن كورد نییه، چونكه كورد هه‌یه.
رووداو:ئێمه گهڵێكین له‌مێژه ده‌چه‌وسێندرێینه‌وه و ره‌نگه نه‌مان په‌رژابێته قه‌درگرتنی دۆسته راسته‌قینه‌كانمان و پاداشت دانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له ته‌نگانه‌دا له‌گه‌ڵمان بوون، ئه‌گه‌ر من بڕیار به‌ده‌ست بوومایه ئه‌وا خه‌ڵكانێكی وه‌كو تۆم بانگهێشتی كوردستان ده‌كرد تا هیچ نه‌بێت ئه‌و بهشهبچووكهی وڵاته‌كه‌مان كه ئازاد كراوه، ببینی؟
ئۆسڤالد سۆدركڤیست: بیرێكی خراپ نییه، من ویستوومه سه‌ردانی كوردستان بكه‌م، به‌ڵام به هۆی جواد جوادوه، بۆم رێكنه‌كه‌وتووه. خۆشحاڵ ده‌بم ئه‌گه‌ر رۆژێك بتوانم سه‌ردانی كوردستان بكه‌م، به‌ڵام ئه‌ویش نه‌بێت خۆ من هه‌ر به دۆستی كورد ده‌مێنمه‌وه.