Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لە شەواندا دەبینە تەمتومانی عیشق … عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

لە شەواندا دەبینە تەمتومانی عیشق … عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

Closed

شەوان لە کەلێنی خەونەکانی دوودڵییەوە
دێمە سەر ڕێگای جوانیت و ڕادەوەستم
تۆش لەچکێکی میهرەبانی لەسەر دەنێی و دەپرسی
چ گوناهە ئەم عاشقە بەم سەرمایە هەڵبلەرزێ
خێرا دەمبەیە ژوورەوە و چایەکی گەرمی ئەوینم بۆ لێدەنێی
شەوان ئەستێرەکان لە گیرفانی ئەوینمەوە
دادەبەزنە نێو مێرگی دڵ و دەست دەکەنە سەما وگۆڤەند
جار جار دەستی تۆش دەگرن  تاوەکو بەر دەرگای بەهەشت
باسی ڕەنگی مۆری کاڵ وشین وسووری دڵی ئاسمانت بۆ دەکەن
تۆش بەترسەوە ئاوڕێک بەرەو دوواوە دەدەیتەوە و
بزەیەکی نادڵنیایی دەنێری بۆ چاوە غەریب و ماندووەکانی دڵداران
شەوان عیشقی ڕووت و قووتم لە ژووری نوستنەکەماندا
لەبەردەم ئاوێنەی بوونا
تۆزێک لەخۆی ڕادەمێنێ و دڵە کوتکەی خۆشەویستی دەیگرێت و
ئەچێت بێدەنگ لەباخچەی چاوەڕوانیتا دادەنیشێ
شەوان شیعر لێم ئەچێتە قولەی قاف و
لێم ئەبێتە باڵدارێکی ئەفسانەیی و
وڕکی ماچ و وڕکی گۆرانیم لێئەگرێ
لەشەواندا من ئەفڕم و ئەستێرەکان دەنێرمەوە
نێو قوڵایی ئاسمانە خۆڵەمێشی یە کەسنەدیوە پڕ لەترسەکەی ئەم بوونە
لەشەواندا بەسەر هەسارەکانی خەیاڵا دەگەڕێم و
وێنە لەگەڵ مانگە تەنیاکان دەگرم و
مشتێ تریفە دێنمەوە بەدیاری بۆت ئەی دڵەکەم
شەوان دەورم موعجیزەیە و
چاوەکانم تیشکی شینیان لێ دێتەدەر
شەوان من و عیشق پێکەوە دەبینە یەک جەستەی پڕ و
لەدەنگی پێی ئاو نەرمتر (ى)
بەسەر قەد و باڵای ژینا دەنوشتێینەوە و دەگرین
شەوان دەست لەملی چۆلەکەکانی دڵ دەکەم و نەرمڕەوانە دەگوزەرێم
لەبەر دارتووەکانی خەیاڵا وێنەی کانیەکان ئەگرم و
مانگ دەنێرمە کن گوڵاڵە فرۆشەکەی ئەوبەر جادە
درەختەکانی پەرۆشی ئەگرم بەشایەد لەسەرت و
یەکی مۆمێکیان لە جوانی دەدەمە دەست
تۆش دەچیتە سەر گردەکانی تەمەن و
بانگی شلکە ڕێواسەکانی بەدبەختی و چرا وەریوەکان دەکەی
ڕوناکیەکان دەژمێری و
ڕۆژەکانیش دەبەیتەوە بەردەم دەرگاکانی زەمەن
سەری کۆڵانەکانی دڵ دەگریت و
لەنەوڕەس و لە ڕەنگاڵە ولە زێوانم بۆ دەپرسی
شەوان دێم و لەسەر دڵی چرپەیەکدا بەبێ هەستی
پەنجەرەکانی خۆشبەختی دەژمێرم و ئاوێنەکانی تەنیایی دەسڕمەوە
لە گلێنەی هەناسەکانی غەریبیم بزە ماچێک دەبەخشمە چاوەکانت
هەر بە کپی و هەر ئەو شەوە دەڕۆمەوە ئەودیوی دیواری زەمەن
شەوان دێیت و بەر لە دووایین پرسیاری خۆشەویستیت
بەر لەدانانی ئانیشکی مەراقێکی لەپێکەوتوو
پێڵووی خەیاڵ لێک دەنێیت و
باوەشێکی گەرم وگوڕ دەکەی بەقەدی یادێکی بەژن زراڤا و
دوواتر دەڕۆی
لەسەر بانی گڵۆپەکانی مەزەندە و شەقامەکانی بێدەنگی
گۆرانیەکانی دوودڵیم ئەنوسیەوە
شەوان دێیت وشەوان دێم و لەو شەوانە
لەسەر کوچەی ڕێکەوتێکدا
لەبەردەم ماڵی شەرابی قەسیدەیەکی ڕیش سپی
وەک دوو تیشکی شین و سپی لێکدەئاڵێین
لێکدەئاڵێین..لێکدەئاڵێین.. هەتا دەبین بە تەمتومان

  05-12-2007
 
  ڤانکۆڤەر-کەنەدا

(ى) : دەنگی پێی ئاو : ناوی قەسیدەیەکی سوهرابی سپێهرییە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.