
ده‌خمه تاوه‌ری بێده‌نگی
ده‌خمه
تاوه‌ری بێده‌نگی
دیدار مه‌سیفی
dmasifi289@yahoo.ca{ رۆژی یه‌که‌م
ئێڤین شوێنیکی خراپ نییه ئه‌گه‌ر ته‌نیا جێبهێڵدرێیت. ئه‌وه ساتێکی ته‌ناهی یه، چونکه هه‌ستده‌که‌م ئه‌وان بیریان چووه چۆن ئه‌شکه‌نجه‌م بده‌ن. لێره به پاره ده‌توانیت هه‌موو شتێک بکڕیت، ته‌نانه‌ت ئازادیش. به‌ڵام که خۆت بێ پاره بینییه‌وه، وه‌چه‌نگ که‌وتنی قه‌ڵه‌م و کاغه‌زیش بۆت ده‌بێته گه‌وره‌ترین گرفت. به‌ڵێ، له کوێ ده‌ستپێبکه‌م، ئایا 2500 ساڵ بگه‌ڕێمه‌وه دوا، یان 1250، یان 100 یانیش 20 ساڵ، هه‌موویان وه‌ک یه‌کن و ده‌تگه‌ڕێننه‌وه هه‌مان شوێن، که ئه‌ویش شۆڕشه، ئای که وشه‌یه‌کی رۆمانسی یه.
تۆ ده‌توانیت گه‌نجێک بهێنیته پێش چاوت که به‌سه‌ر گردێکه‌وه سه‌رکه‌وتوانه به ده‌ستێک ئاڵاییه‌ک ده‌شه‌کێنێته‌وه و به ده‌سته‌که‌ی دیکه‌شی تفه‌نگێ، تفه‌نگ سومبولی سه‌رکه‌وتنی بێهێز به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار، راستی به‌سه‌ر گه‌وجی. . . . }
ئه‌وه‌ی نێو که‌وانه وه‌رگێڕاوی سه‌ره‌تا و به‌شێکه له یاداشتنامه‌ی ئاراش پاڵه‌وانی رۆمانی ده‌خمه *. ده‌خمه رۆمانێکی 190 لاپه‌ڕه‌ییه و له لایه‌ن نوسه‌رێکی نه‌ناسراوه‌وه به ناوی خوازراوی ناڤید نوری بڵاوکراوه‌ته‌وه. ئه‌و رۆمانه گوزارشت له دوا رۆژگاره‌کانی ئاراش ده‌کات له زیندانی ئێڤین که تێیدا به نوسینه‌وه‌ی یاداشته‌کانی منداڵی و هه‌رزه‌کاری خۆی له سه‌رده‌می شا و رووداوه‌کانی شۆرشی گه‌لانی ئێران و ساڵانی ئاواره‌بوونی خانه‌واده‌که‌یان له ئه‌مریکا، دواتریش گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌کجاری به‌ره‌و ئێران ده‌گێڕێته‌وه.
به هه‌ڵبژادنی وشه‌یه‌کی کۆن و نه‌بیستراو بۆ تایتلی رۆمانه‌که‌ی، نوسه‌ر له‌وانه‌یه سه‌رنجی به‌شێکی زۆری خوێنه‌رانی له ده‌ست دابێت که به ئینگلیزی ده‌خوێننه‌وه و ئه‌و وشه‌یه‌یان له کن نامۆیه. به‌ڵام دیاره ئه‌ویش وه‌ک گه‌لێک ئێرانییه‌کانی رۆژئاوا هه‌ستی گه‌رانه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئێرانی کۆن به چه‌شنێک له ناخییدا ره‌گی داکوتاوه بۆیه هیچ به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بووه کێ له ناوی رۆمانه‌که‌ی ده‌گات یان نا.
ئاراش له په‌ره‌گرافی یه‌که‌می یاداشتنامه‌که‌ی دا که به رۆژی یه‌که‌م ناوی ناوه، باس له ژیان له نێو خانه‌یه‌کی بچووکی زیندانی ئێڤین ده‌کات که له کچکه په‌نجه‌ره‌که‌ی بانی دا بستێک له هه‌مان ئاسمانه شینه‌که‌ی جاران شینتر دیاره. له رامان له‌و به‌شه بچووکه‌ی دونیای فراوانی ده‌ره‌وه، ئاراش به خه‌یاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانی منداڵی به تایبه‌ت ئه‌و رۆژه‌ی بۆ یه‌که‌م جار له‌گه‌ڵ دایکی و نازی خوشکیدا چوو بووه بازاڕ. له بازار دایکیان ده‌یه‌وێت بۆ هه‌رتک منداڵه‌کانی دوو یاری جیا بکڕێت، به‌ڵام ئاراش به هیچ رازی نابێت جگه له تفه‌نگۆکه‌یه‌ی پلاستیک که شتێکی له چه‌شنی گولله ده‌هاوێشت. به‌و رووداوه نوسه‌ر سه‌ره داوی چیرۆکه‌که و قه‌ده‌ری کاره‌کته‌ره‌که‌ی به‌و رووداوانه ده‌به‌ستێته‌ووه که شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خۆی دا ده‌یانهێنێت. به تایبه‌ت کاتێک ئاراش مێرمنداڵێکه و له‌لایه‌ن پاسدارێکه‌وه ده‌درێته به‌ر تانه و پلار که بۆچی ناچێت خۆی ناونوس بکات له له‌شکری ئیمام. ئه‌و کاتانه‌ی عیراق و ئێران به شه‌رێکی درێژ خایه‌ن به‌رۆکی یه‌کترییان گرتبوو و چاره‌نوسی ملیۆنان که‌سییان نغرۆی مه‌رگ، برینداری، ئاوه‌رایی، و تێکشکانی رۆحی کرد.
به‌ر له چوونه نێو وورده‌کاری ئه‌و رووداوانه، ئاراش له رۆژی یه‌که‌می یاداشتنامه‌که‌ی دا به چه‌ند په‌ره‌گرافێکی درێژ باسی که‌سێکی ئێرانی ده‌کات که له فڕگه‌ی چارلس دیگۆل به سێر بارکلی ناسراوه. ئه‌و له راستی دا ناوی ساسانه به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ی دواتری له لایه‌ن پۆلیسه فه‌ره‌نسییه‌کانی ناو فڕگه‌که ناوی لێنراوه پاش ئه‌وه‌ی له له‌نده‌ن دیپۆرت ده‌کرێته‌وه پاریس. پێده‌چێت ساسان هه‌م له به‌ر ناوه‌که‌ی و هه‌م له‌به‌ر ئه‌و ئاخاوتنانه‌ی که نوسه‌ر له زاری ئه‌وه‌وه بۆ ئاراشی ده‌کات نموونه‌ی ئایدیالی جۆره کاره‌کته‌رێک بێت که ئێرانییه‌کان به شانازییه‌وه پێی بڵێن ئێرانی یان تارانی راسته‌قینه. ساسان به ئاراش ده‌ڵێت که‌وا له ساڵی هه‌شتا و هه‌شته‌وه فڕگه‌که بووه به ماڵ و زیندان بۆ ئه‌و. بۆیه به درێژایی ساڵانی مانه‌وه‌ی کاری ئه‌و بۆته پارێزگاریکردن و یارمه‌تی دانی ئه‌و رێبواره ئێرانییانه‌ی که فڕگه‌که‌دا تێپه‌ڕ ده‌بن. سێر بارکلی له به‌رچاوی ئه‌وانیش وه‌ک پۆلیسی فه‌ره‌نسا گومانی کاری جاسوسی لێده‌کرێت و به که‌سێکی پڕ قسه و گومان ده‌ناسرێت. ئه‌و زۆر له ئاراش ده‌کات که نه‌گه‌ڕێته‌وه ئێران به‌ڵام له هه‌وڵه‌که‌ی دا سه‌رکه‌وتوو نابێت بۆیه له کۆتایی دا به ئاراش ده‌ڵێت برۆ به‌ڵام له جیاتی من میز به پیرۆزترین شوێنیان دا بکه.
ئاراش له زیندان ئاخاوتنه‌کانی ساسانی وه‌ک وانه‌یه‌کی پڕ سوود به‌ڵام له کیس چوو دێته‌وه یاد و له یادشتنامه‌که‌ی دا ده‌یاننوسێته‌وه.
له نێوان رۆژه‌کانی یاداشتنامه‌که‌دا حیکایه‌توانێک ناوه ناوه به چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک ئاراش ده‌خاته ژێر کامێراکه‌یه‌وه و به‌سه‌رهاته‌که‌ی به‌ره‌و مه‌ودا و بواری به‌رفره‌تر ده‌گوازێته‌وه.
سه‌ره‌تا ئه‌و حیکایه‌توانه چیرۆکی په‌یداکردنی قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز ده‌گێڕێته‌وه، کاتێک پیره پیاوێک به ناوی نه‌بی خان بۆ ئاراشی ده‌هێنێته خانه یه‌ک که‌سییه‌که‌ی زیندان. دواتر ئه‌و ساده‌یی و به‌خشنده‌یه‌ی ئه‌و ده‌بێته هۆکاری ئه‌وه‌ی هه‌م کاره‌که‌ی له ده‌ست بدات و هه‌م توشی لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر و ره‌فتاری پۆلیسی پڕ ئێش بێته‌وه.
له رۆمانه‌که‌دا نه‌بی خان ماوه‌یه‌کی درێژه له زیندانی ئێڤین کار ده‌کات. ئه‌و هه‌موو به‌یانیان به پایسکل له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌وه ده‌گاته سه‌ر کار، له‌و گه‌شته دووره‌ی دا نزیکه‌ی دوو سه‌عاتی پێده‌چێت، به‌ڵام پیرێکی بێچاره‌یه و بێ ئه‌و کاره ناتوانێت خانه‌واده‌که‌ی بژیێنێت. به‌یانیان تا ئێواره قاوش و ژووره‌کانی زیندان خاوێن ده‌کاته‌وه، خواردن بۆ زیندانییه‌کان ده‌بات و کاری دیکه‌ی له‌و جۆره‌ش ده‌کات. ئه‌و هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ زیندانییه‌کان دا هه‌رده‌م خۆی دووره په‌رێز راده‌گرێت و به که‌مترین قسه کاره‌کانی ئه‌نجام ده‌دات. به‌ڵام که ئاراش داوای قه‌ڵه‌م و کاغه‌زی لێده‌کات ماوه‌یه‌ک له ئاست ئه‌و داوایه ساکاره دا ده‌مێنێت و دواتر بێئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت رۆژێک به قه‌ڵه‌م و کاغه‌زه‌وه به به‌رده‌م پاسه‌وانه‌کان دا ره‌ت ده‌بێت. ئاراش له رۆژانی دواتری نوسینه‌وه‌ی یاداشتنامه‌که‌ی دا باس له دیمه‌نێکی تراژیدی ده‌کات که هه‌رگیز له غوربه‌تیش دا نه‌یتوانیوه له یاده‌وه‌ری خۆی دا بیسڕێته‌وه. ئه‌وه‌ش کاتێک روویداوه که ئه‌و به بێ پرسی دایکی ده‌چێته ده‌ره‌وه و دواتر ده‌که‌وێته نێو ئاپۆره‌ی خۆنیشاندانێکی جه‌ماوه‌ری. سه‌ره‌تا به پێ و هوتافاتی خه‌ڵکه هه‌نگاو ده‌هاوێژێت تا له پڕ ده‌که‌ونه به‌ر رێژنه‌ی سه‌ربازه‌کانی شا. له‌و که‌ش و هه‌وا گه‌رم و خوێناوییه دا ئاراش وه‌ک مێر منداڵێک رووداوه‌کان زۆر زیندوو له یاده‌وه‌رییدا تۆمار ده‌بن. دوای ئه‌وه‌ی به یارمه‌تی که‌سێک به ناوی ره‌زا که قاچێکی برینداره ده‌پارێزرێت و ده‌گوازرێته‌وه سه‌ر شۆسته‌یه‌کی دوور له گولله باران.
له‌گه‌ڵ ره‌زا به کۆڵانه‌کاندا ده‌رۆن و ئاراش دیمه‌نی کوژرانی ئه‌و کیژه ده‌گێڕته‌وه که دوای شه‌ڕێکی گه‌رم ده‌درێته به‌ر رێژنه‌ی گولله و ده‌ما و ده‌م ده‌که‌وێته سه‌ر جاده‌که‌د. ئه‌و کیژه به شایه‌تی ئاراشی مێرمنداڵ به‌ر له کوژرانی شه‌ڕێکی قاره‌مانه‌نه له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌کان ده‌کات. ره‌زا به دریژایی رێگاکه به زمانێکی ساده‌وه باس له که‌ش و هه‌وای سیاسی سه‌رده‌می به‌ر له رووخانی شا ده‌کات. تا ده‌گه‌نه لای ئه‌پارتمانێک له نزیک زانکۆی تاران که تێیدا دکتۆرێک به ناوی حوسه‌ین به نهێنی برینه‌کانی ره‌زا تیمار ده‌کات. دکتۆر حوسه‌ین زۆر به ره‌قی مامه‌له له‌گه‌ڵ ئاراش ده‌کات و بیروباوه‌ڕی ریکخراوه‌که‌یانی بۆ شی ده‌کاته‌وه.
به ئاراش ده‌ڵێت " ئایا رازیت پێڵاوه‌کانت لێ بستێنم و بیانده‌م به منداڵێکی هه‌ژاری پێخواس؟"
ئاراش هه‌ست ده‌کات ئه‌وجاره به سانایی له پرسیاره‌که‌ی حوسه‌ین ده‌کات و ده‌توانێت وه‌ڵامی بداته‌وه.
" به‌ڵام ئه‌و کاته من چی له پێ بکه‌م؟ " ئاراش وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
" بۆرژوازی! سه‌یرکه ره‌زا، ته‌نها په‌رۆشن بۆ (من) ه‌که‌ی خۆیان. وێڵی بکه با بگه‌ڕێته‌وه باکوری تاران. کاتێک که شۆرش هات . . . . . . "
لێره‌دا ره‌زا به‌رۆکی حوسه‌ین ده‌گرێت و ده‌یباته دیوه‌که‌ی تر. ئاراش گوێی لێده‌بێت که حوسه‌ین به ره‌زا ده‌ڵێت به چ مافێکه‌وه ئه‌وت هێناوه‌ته ئێره و ژیانی هه‌مووان ده‌خه‌یته مه‌ترسییه‌وه. ره‌زا به‌رگری له ئاراش ده‌کات که‌وا ئاراش ته‌نها منداڵێکه وا له ترسا ده‌له‌رزێت چونکه تازه دیمه‌نی کیژێکی کوژراوی بینووه.
ئاراش ئه‌وه به یه‌که‌م رۆژی یه‌کتر ناسین له‌گه‌ڵ وشه‌ی شۆڕش مه‌زه‌نده ده‌کات و هه‌ست ده‌کات که ئه‌و وشه‌یه ئه‌گه‌ر به ده‌ستێک ئازادی له‌گه‌ڵ خۆی دا بهێنێت به‌ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی رێگا بۆ جۆره که‌سانێکیش خۆش ده‌کات که شه‌ق له هه‌موو ئازادییه‌کان هه‌ڵبده‌ن.
سوله‌یمانی که‌سێکه که له هیچه‌وه بووه به ده‌سه‌ڵاتدار و زۆر به دڵره‌قی له‌گه‌ڵ زیندانییه‌کان دا ده‌جولێته‌وه. به‌ڵام زۆر جاران ده‌روونی ئازاری ده‌دات به تایبه‌ت ئه‌و رۆژه‌ی مێر منداڵێک به تۆمه‌تی کۆمۆنیست بوون ده‌هێننه به‌رده‌می تا لێکۆڵینه‌وه و حوکمی له سێداره‌دانه‌که‌ی ئیمزا بکات. مێرمنداڵه‌که ده‌له‌رزێت و ده‌ڵێت " من هیچ نیم له جاده ده‌رۆیشتم کاتێک که‌سێک لافیته‌یه‌کی دا ده‌ستم"
سوله‌یمانی ده‌زانێت مێرمنداڵه‌که راستی ناڵێت که‌چی ئازادی ده‌کات، به‌ڵام مێرمنداڵه‌که که گۆره‌پانی زیندانه‌وه به خۆشییه‌وه به‌ره‌و ده‌رگای ده‌ره‌وه هه‌نگاو ده‌نێت، له دواوه گولله‌یه‌ک خه‌ڵتانی خوێنی ده‌کات و ده‌یکوژێت. سوله‌یمانی وه‌ک هه‌ر زاڵمێك دار ده‌ستی ته‌ونێکی گه‌وره‌تری زوڵمه و به‌و رووداوه ده‌زانێت که ئه‌و بۆ چاکه‌کردن هیچ ده‌سه‌ڵآتێکی نییه. ئاراش تا دره‌نگ چاره‌ی ناکه‌وێته ده‌ستی سوله‌یمانی، چونکه ئه‌و له سه‌ره‌تادا به شێوه‌یه‌کی ئاسایی به تاران دا ده‌سووڕێته‌وه و ئه‌و شوێنانه‌ی به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه که له قوڵایی یاده‌وه‌ری دا هه‌ن. ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کچێک به ناوی جه‌زیله چیرۆکێکی خۆشه‌ویستی دروست ده‌کات و کات له ئه‌پارتمانه‌که‌ی ئه‌و و باخچه و جاده‌کانی تاران به‌سه‌ر ده‌به‌ن. جه‌زیله کچی پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌نده و ئاراشی له دڵه‌وه خۆشده‌وێت. به‌ڵام ئاراش نایه‌وێت هیچ په‌یمانێک به جه‌زیله بدات تا به ته‌واوی نه‌زانێت ئاکامی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران به چی ده‌گات.
ئاراش له رۆمانی ده‌خمه‌دا له‌و پاڵه‌وانانه ده‌چێت که به جۆرێک پاسیڤن که‌چی له لاییه‌کی دیکه‌وه گه‌ره‌کیانه به ته‌نیا گۆڕان بخولقێنن، بۆیه ئه‌وین له‌گه‌ڵ جه‌زیله به ژیانێکی قورس ده‌گۆڕێته‌وه و ده‌چێت له باشووری تاران له‌گه‌ڵ که‌سانی هه‌ژار و نه‌دار دا ده‌ژیت. ئاراش به بینینی ژیانی خه‌ڵک ده‌روونی پڕ ده‌بێت له رق و توڕه‌یی، ماوه‌یه‌ک به نوسینی شیعاراتی سیاسی له سه‌ر ئه‌و پاره کاغازانه‌ی ده‌که‌ونه ده‌ستی ده‌یه‌وێت زه‌بر له رژێمی مه‌لاکان بوه‌شێنێت. دواتر بێئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت کاریگه‌ری ئه‌و کاره‌ی به شێوه‌یه‌کی بێوێنه ته‌شه‌نه ده‌کات و رۆژێک ده‌گاته به‌ر گوێی ئاغای سوله‌یمانی. سوله‌یمانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تاوانباره ماوه‌یه‌ک واز له ئۆتۆمبێل ده‌هێنێت و به باس له‌گه‌ڵ خه‌ڵک هاتوچۆ ده‌کات. تا سه‌ره داوێک بۆ گرتنی ئاراش وه‌ده‌ست ده‌هێنێت و زیندانی ده‌کات.
ئاراش دوای مانه‌وه له باشووری تاران دووچاری ژیانێکی سه‌خت و پڕ گرفت ده‌بێته‌وه، له‌و لاوه‌ش سوله‌یمانی ناراسته‌وخۆ چاودێری ده‌کات و گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌کات که ئه‌و له‌سه‌ر پاره‌کان ده‌نوسێت. سوله‌یمانی هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی به ده‌سته‌وه نییه تا یه‌کسه‌ر ئاراش ده‌ستگیر بکات.
رۆژێک ئاراش نه‌خۆش ده‌که‌وێت و ده‌گوازرێته‌وه نه‌خۆشخانه و چه‌ند رۆژێک ده‌مێنێته‌وه. که‌سێکی ئه‌فغانی که له ژووره‌که‌ی ئه‌و دایه به ده‌ست نه‌خۆشییه‌کی کوشنده‌وه ده‌ناڵێنێت. ئاراش وه‌ک ئه‌و ره‌فتاری که دواتر له‌گه‌ڵ په‌روانه دووباره‌ی ده‌کاته‌وه، ده‌یه‌وێت ڕۆڵی رزگارکه‌ر ببینێت وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به چاره‌سه‌کردنی برینی که‌سێکی دیکه ئه‌وه‌ی خۆی له بیربباته‌وه. یان ئاراش له‌و رۆژه‌وه‌ی که له خۆنیشاندانه‌که که‌سێکی وه‌ک ره‌زای ناسی، شتێک له ده‌روونی دا چه‌که‌ره‌ی کرد که ئیتر نه‌توانێت چێژ له ژیانێک بکات که خاڵیییه له یارمه‌تی دانی بێکه‌س و لێقه‌وماوان.
نه‌خۆشخانه ته‌ڵه‌یه‌کی سه‌یر بوو بۆ ئاراش، چونکه دوای مردنی نه‌خۆشه ئه‌فغانییه‌که و چاکبوونه‌وه‌ی ئه‌و، هه‌واڵ ده‌گات به سوله‌یمانی که‌وا که‌سێک له ئه‌مریکاوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له نه‌خۆشخانه‌ی ئیمام خومه‌ینی دا که‌وتووه. سوله‌یمانی به‌ڕێوه ده‌بێت بۆ ده‌ستگیرکردنی ئاراش، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بگات، ئاراش له لایه‌ن دکتۆرێکه‌وه به ناوی شه‌مس به‌ڕێده‌کرێته ده‌ره‌وه سوله‌یمانی به پرسیار کردن له دکتۆره‌که ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که ئاراش جارێکی دیکه رێگای ده‌که‌وێته‌وه نه‌خۆشخانه، بۆیه به دڵنیاییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئاراش جاری دووه‌م که ده‌که‌وێته نه‌خۆشخانه کۆمه‌ڵیک پاره‌ی له گیرفاندا ده‌گیرێت که هه‌ندێکیان نوسینیان له‌سه‌ر کراوه.
سوله‌یمانی ئه‌وجاره ئارامتر له جاران ده‌گاته نه‌خۆشخانه و ده‌زانێت رێگایه‌ک نییه بۆ هه‌ڵاتنی ئاراش.
له رۆمانی ده‌خمه دا ئاراش به درێژای رۆژگاره‌کانی زیندان له نێوان مه‌رگ و ژین دا ده‌مایه‌وه. شه‌وێک له‌گه‌ڵ ناڵه و گرییه‌ی ژنێک ڕاده‌چڵه‌کێت کاتێک له‌لایه‌ن سوله‌یمانی ده‌سترێژی ده‌کرێته سه‌ر و ئازار ده‌درێت. ئه‌و رووداوه چه‌ند شه‌وێک دووباره ده‌بێته‌وه و ئاراش له ناخه‌وه ده‌سوتێنێت. هاوار و ناڵه‌ی ژنه‌که له کونێکی بچووکی دیوار دا ده‌گات به ئاراش. دواتر ئاراش له‌وێوه گازی ژنه‌که ده‌کات تا یارمه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ی خۆراگڕ بمێنێته‌وه. ژنه‌که ناوی په‌روانه ده‌بێت و خاوه‌ن دوو منداڵه. ئه‌و پرۆفیسۆری کۆمه‌ڵناسی یه و له لایه‌ن یه‌کێک له قوتابییه‌کانی راپۆرتی له سه‌ر دراوه به‌وه‌ی له کاتی وانه وتنه‌وه دا دژ به ده‌وڵه‌ت قسه‌ی کردووه.
ئاراش له دوا ساته‌کانی ژیانی دا له زیندان یاداشتنامه‌که‌ی دا به گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی فه‌یرۆز کۆتایی پێده‌هێنێت. فه‌یرۆز تاقه کوڕی یه‌زدجری سێیه‌م دوا شای ساسانییه‌کان بوو. که دوایی شکست و کوژرانی باوکی ئاواره‌ی وڵاتی چین ده‌بێت له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌سلیم به له‌شکری عه‌ره‌به موسڵمانه‌کان ببێته‌وه، ئه‌و تا ده‌مرێت به یارمه‌تی چینییه‌کان له شه‌ڕ دا ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ئێران. که‌چی هه‌رگیز سه‌رکه‌وتوو نابێت بۆیه له سه‌ره مه‌رگ دا داوا له ماڵ و منداڵه‌که‌ی ده‌کات که‌وا گوێ ڕایه‌ڵی ئیمپراتۆری چین بن چونکه ئیتر له‌مه‌ودا ئه‌وان چینین. ئه‌وه دا قسه‌ی ژیانی فه‌یرۆز ده‌بێت به‌ر له‌وه‌ی رووی به‌ره‌و رۆژئاوا بۆ لای ئێران وه‌ربگێڕێت و گیان له ده‌ست بدات.
حیکایه‌توان دوا په‌ره‌گرافی رۆمانی ده‌خمه به به‌راوردێک به کۆتا ده‌هێنێت و تێیدا قه‌ده‌ری ئاراش به هی فه‌یرۆز ده‌شوبهێنێت، به‌ڵام به جیاوازییه‌ک که ئه‌ویش په‌یامی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌یه. کاتێک ئاراش رووی نه بۆ رۆژهه‌ڵات نه بۆ رۆژئاوا وه‌رده‌گێڕێت، به‌ڵکو له گچکه په‌نجه‌ره‌که‌ی بان دا له ئاسمان راده‌مێنێت و ده‌زانێت که ئه‌و له ووڵاته‌که‌ی خۆی دا ده‌مرێت نه‌وه‌ک غوربه‌ت.* ده‌خمه به مانای تاوه‌ری بێده‌نگی دێت که بریتی یه له شوێنێکی تایبه‌ت له سه‌ر گردێک یان شاخێک که تێیدا زه‌رده‌شتییه‌کان تقووسی مردووه‌کانیان ئه‌نجام داوه. ئه‌ویش به جێهێشتنی ته‌رم بۆ داڵ و باڵنده گۆشت خۆره‌کانی دیکه له جیاتی کردنی به خۆراکی خاک و خۆڵ یان ئاگر و ئاو. تا ساڵی 1960 ئه‌و تقووسه له ئێران به‌رده‌وامی هه‌بووه؛ ئه‌مرۆکه له هیندیستانیش خه‌ریکه به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت.