
رۆژبه‌یانی خوێندنگایه‌كی په‌روه‌رده‌كردنی رۆژنامه‌نوسی به جه‌رگ وئازا
رۆژبه‌یانی خوێندنگایه‌كی په‌روه‌رده‌كردنی
رۆژنامه‌نوسی به جه‌رگ وئازا
موعته‌سه‌م نه‌جمه‌دین
Munaa_2020@yahoo.com.به‌وه‌ی پیشه و ئه‌ركی رۆژنامه‌نووس گه‌ڕانه به‌دوای راستیدا زۆرێك له خه‌ڵكی روناكبیر و بیرمه‌ند به پیشه‌ی ترس و سه‌رئێشه ناوی ده‌به‌ن، ئه‌وه هه‌قیقه‌تێكی یه‌قینه ئه‌م پیشه‌یه له كاته‌كانی شه‌ڕ و نائارامیدا ده‌گاته لووتكه‌ی ناعه‌داله‌تی و ترس و رۆژنامه‌نووس تیایدا ده‌كه‌وێته ناو كێڵگه‌یه‌كی چڕی مینی لایه‌نه نه‌یاره‌كانه‌وه، ژیانی كه‌مترین نرخی ده‌بێت، به‌واتا زۆر به ئاسانی ده‌كوژرێت یان ته‌سفیه‌ی جه‌سه‌دی ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ئێمه له سێبه‌ری ئه‌م هه‌قیقه‌تدا بێین و بارودۆخی ژیانی رۆژنامه‌نووسان بخه‌ینه به‌ر دید و تێڕامانمان , ئه‌و راستییه له‌به‌رچاو بگرین كه عێراق له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه تا ئه‌مڕۆ ساتێك به ئاشتی و بێ گرفت و شه‌ڕ نه‌ژیاوه، تا ئه‌مڕۆ هیچ سیسته‌مێكی سیاسی ئه‌م وڵاته به بێ شه‌ڕ و ئاشوب وكوشتار كۆتایی نه‌هاتوه , هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌م وڵاته به خواهیشی خۆی یان به رێگای ئاشتی كورسی ده‌سه‌ڵاتی جێ نه‌هێشتووه، بۆیه ئاساییه گه‌ڕان به‌دوای راستیدا له‌م وڵاته له هه‌موو جێگایه‌كی تری ئه‌م دنیایه زیاتر گه‌ڕان بێت به‌دوای مه‌رگ و سه‌رئێشه‌دا. هه‌ر ئه‌م حاڵ و بارهشه وایكردوه دابه‌شبوونی رۆژنامه‌نووسان به‌سه‌ر دوو گروپ یان دووشێوه‌ی ته‌واو جیاواز و پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری لای ئێمه له هه‌موو جێگایه‌ك زیاتر ده‌ركه‌وێت. یه‌كیان شێوه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌یه كه‌ده‌بنه هه‌ڵگری په‌یامی راستی و پارێزه‌ری مافه‌كانی خه‌ڵك و به‌رده‌وام به مه‌به‌ستی ئاشكراكردنی راستیه‌كان رووبه‌ڕووی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توندی ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگا داپلۆسێنه‌ره‌كانی ده‌بنه‌وه ، وه‌ك شێوه‌ی دووه‌میش گروپێك رۆژنامه‌نووسی مورته‌زیقه دروست ده‌بن، ئه‌رك و ئامانجیان ته‌نیا ده‌بێته كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سایه‌تیی خۆیان و ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌سێبه‌ریدا ده‌توانن سودمه‌ند بن , ئه‌م جۆره رۆژنامه نووسه به‌زۆری خاوه‌نی هیچ به‌رنامه وپرۆگرامێكی دیار یان هیچ قییه‌م و ئایدیایه‌كی تایبه‌ت به خۆیان نین , ته‌نیا به زورنای خاوه‌نه‌كانیان له پیاوانی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵده‌په‌رن و هوتاف لێده‌ده‌ن , له واقعدا ئه‌مانه كه به زۆری له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگا راگه‌یاندنه فه‌رمیه‌كانی ده‌سه‌ڵات كار ده‌كه‌ن ,به‌زۆری له سروشتی بزنمژۆكدان به پێی داخوازی جێگا و پێویستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ره‌نگ بۆیان ده‌گۆرن و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن ,من بۆخۆم پێم وایه ئه‌م جۆره رۆژنامه‌نووسه ترسناكترین دیارده‌ن كه واقعی رۆژنامه‌گه‌ری ئێمه ده‌شێوینێ و ره‌ش و سپی له خه‌ڵق تێكه‌ڵده‌كات ,چونكه زۆر جار ئه‌مانه به‌ئیعازی ده‌سه‌ڵات ده‌چنه به‌ره‌ی خه‌ڵكه‌وه‌و خۆیان وا ده‌رده‌خه‌ن كه رۆژنامه‌نووسی جۆری یه‌كه‌من . له‌م پانتاییه‌دا به‌وه‌ی مه‌لا جه‌میل له شێوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م رۆژنامه‌نووسانه‌یه و هاوكات به سه‌ر قافڵه و داهێنه‌ری قوتابخانه‌ی په‌روه‌رده‌كرنی رۆژنامه‌نووسی به جه‌رگ و ئازا وراستگۆ داده‌نرێت،. بۆیه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م باسه به ختووكهیهك له گه‌وره‌یی رۆژبه‌یانی دێنمه حزووری باسه‌كه .
ئه‌وه‌ی رۆژبه‌یانی جیا ده‌كاته‌وه له زۆریه‌ك هاوڕێ و هاوپیشه‌كانی ئه‌ویه ئه‌و پیاوه بۆ خۆی جگه له‌وه‌ی وه‌ك كه‌س هه‌ڵگری زانست و مه‌عریفه‌یه‌كی زۆر ورد و هه‌ڵگری به‌رزترین سیفاتی شه‌هامه‌ت و له‌خۆ بورده‌یی بووه، ئه‌و هیچ كات چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پلانه‌كانی به‌عس كه‌سێك هه‌بێت ئامۆژگاری بكات یان ئیعازێكی بداتێ، ئه‌و خۆڕسكانه ده‌یزانی چیده‌كات و چۆن بڕیار ده‌دات، ئه‌گه‌ر به خێرایش بێت سهفهرگوزارێك به‌ناو نووسین و بابه‌ته‌كانی "مه‌لا جه‌میل"دا بكه‌یت، بێ ئه‌وه‌ی خودی كه‌سایه‌تی خۆشی بناسیت بۆت ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌م كه‌ڵه‌پیاوه چه‌نده بلیمه‌ت و به‌جه‌رگ بووه، به ده‌گمه‌ن نووسینێ یان وتارێكیت به‌رچاو ده‌كه‌وێت به بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌رایه‌كی له‌سه‌ر نه‌قه‌ومابێت یان سجن و ده‌ربه‌ده‌ری له‌سه‌ر نه‌كێشابێت، هیچكات خامه‌ی به بێ مه‌ڵامه‌ت نه‌خستوه‌ته سه‌ر كاغه‌ز بۆیه خامه و كاغه‌ز بێ‌وچان له‌وپه‌ڕی سه‌بردا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون به حزووری وشه‌كانی سه‌ركه‌ش و شاد بن.
هه‌ستی روح په‌ری رۆژبه‌یانی بۆ خزمه‌تكردن و نماكردنی گیانی كوردایه‌تی و حه‌قبێژی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی لا دامه‌زراندبوو كه حه‌سره‌تی تفت و تاڵ و ژیانی غوربه‌ت و ده‌ربه‌ده‌ركردن و ژیانی به‌ندیخانه‌ی زۆر لا ئه‌هوه‌نتر بێت له كڕنووش بردن و خۆگێل كردن له راستیه‌كان، له مجێزی ئه‌ودا خۆگێل كردن و خۆدزینه‌وه له ئه‌ركی ده‌ربڕین و ئاشكراكردنی راستیه‌كان تۆمار نه‌كرابوون.
رۆژبه‌یانی رۆژنامه‌نووسێك لێوان‌لێو له جورئه‌ت، له راستی، پڕ له مه‌عریفه و زانست، كه‌سایه‌تییه‌ك چاپوك نه‌ترس ده‌ستپێشخه‌ر، هه‌ڵمه‌تبه‌ر، به‌هره‌به‌خش به بێ ئه‌وه‌ی ته‌ما له هیچ ده‌سكه‌وت و پاداشتێك هه‌ڵچنێ چاكی لێده‌كرد به‌لادا و خۆی ده‌خزانده ناو ده‌ریای په‌ژاره‌یی و سه‌رئێشه‌ی دوژمنانه‌وه و رێسهكهی لێیان ده‌كرده‌وه به خوری. كۆی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه وای كردبوو به‌عسیه‌كان رۆژ به رۆژ زیاتر له رۆژبه‌یانی پڕبن، ئه‌وان ده‌یانویست به‌هه‌ر نرخ و رێگایه‌ك بێت ئه‌و بڵندگۆیه بێده‌نگ بكه‌ن، ئه‌وان ده‌یانویست شه‌به‌نگی گه‌ش و پڕشنگداری رۆژبه‌یانی له زیندانادا ژه‌نگ پێ هه‌ڵبێنن , ده‌یان ویست له وهرشهخانهی زه‌ینی خه‌ڵكدا به‌بێده‌نگی به‌ره‌و فه‌رامۆشی و په‌راوێزخستنی به‌رن, تا ئه‌و هێمایه بكوژن كه به‌رده‌وام ده‌بووه چرا بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ودامه‌زراندنی ترس و دڵه‌راوكێ له‌مێشكی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتدا ، به‌ڵام كاتێ به‌ندیخانه و جه‌لاده‌كان تاقه‌تیان له ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌چێت، وه‌ڕس ده‌بن له خۆڕاگری و ئیراده‌ی ئه‌و پیاوه مه‌زنه، بڕیار ده‌ده‌ن به ته‌ور تۆڵه‌ی خۆیانی لێبكه‌ونه‌وه و رق و تووڕه‌یی زۆردارییان له خوێن پژانی ئه‌ودا دامركێننه‌وه ، نه‌یانزانی مه‌رگی ئه‌و ده‌بێته ئه‌و وانه‌یه‌ی ده‌یان رۆژنامه‌نووسی به‌جه‌رگ و تازه‌ی له‌سه‌ر په‌روه‌رده ده‌بێت.
رۆژبه‌یانی نه‌ك هه‌ر ئه‌و پێشه‌وایه بوو كه بۆ یه‌كه‌مجار پایه‌یه‌كی سێكوچكه‌ی سیاسه‌تی جینۆسایدی به‌عسی دژ به‌كورد، پایه‌ی ته‌عریبی شكاند ،به‌ڵكو قوتابخانه‌یه‌كی وای دامه‌زراند به‌رده‌وام رۆژبه‌یانی نوێ به‌رهه‌م دێنێت، له‌سه‌ر رۆیشتن به‌شوێن پێی ئه‌و پیاوه مه‌زنه له‌واقعی رۆژنامه‌گه‌ری كوردستاندا ئه‌مرۆ ئێمه بۆ خۆمان توانیومانه ده‌یان وێنه‌ی رۆژبه‌یانی په‌روه‌رده كه‌ین, زۆرن ئه‌وانه وه‌ك سه‌ربازی وون كار ده‌كه‌ن به‌رده‌وام ژیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌كه‌نه قوربانی ئاشكراكردنی راستیه‌كان ، هه‌ندێك له‌وانه كه توانییان به‌رزترین پله و نمره‌كانی خوێندنگاكه‌ی رۆژبه‌یانی به‌ده‌ست بێنن گه‌یشتنه ئه‌و ئاكامه‌ی هه‌مان چاره‌نووسی ئه‌و بدورنه‌وه، له‌وانه سۆرانی مامه حه‌مه ئه‌و لاوه‌ی كه هێشتا دره‌وشاوه‌یی بیر و هۆشی ته‌واو نهپشكابوو، ئاشنای یاساكانی ژیانی دارستان و ململانێ سیاسیه‌كان نه‌ببوو، بڕیاریدا بێده‌نگ نه‌بێت له گه‌نده‌ڵی و زوڵمی پیاوانی ده‌سه‌ڵات, زۆر پێیان ووت تۆ چیت به‌گژ قوله‌ی قافدا ده‌چیت ئه‌ویش ده‌یگوت تا له ژیاندا بم ده‌بم به‌و ده‌نگه‌ی هه‌موو راستیه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌م، گه‌نده‌ڵان و زۆرداران سوك و رسوا ده‌كه‌م كه كوژراشم به مۆمی ته‌مه‌نم په‌رده‌ی رووناكی له‌سه‌ر تاریكایی هه‌موو كرده‌وه قێزه‌ونه‌كانیان هه‌ڵده‌ماڵم. شێخ ستار ئه‌و پیاوه‌ی بڕیاری دا چیتر بێدنگ نه‌بێت و چاو له راستیه‌كان نه‌پۆشێت، شێخ وتی هه‌رچی شاراوه‌یه ئاشكرای ده‌كه‌م هه‌رچی بن به‌ڕه‌یه ده‌یخه‌مه سه‌ر به‌ڕه، هه‌رچی مێژووی شێواوه راستی ده‌كه‌مه‌وه، عومری پیره مه‌ڕێكم ماوه ده‌مكوژن با بمكوژن، له كۆتادا هه‌ر من براوه‌م ئه‌وان خه‌ڵافاون چاویان هه‌قیقه‌ت نابینێ.
ئه‌مانه و ده‌یان رۆژنامه‌نووسی وڵاته‌كه‌م كه رۆژانه له گه‌ڕانیان به‌دوای راستیدا ده‌سته‌ویه‌خه له‌گه‌ڵ مه‌رگدا رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه , باجی زۆر گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان ده‌ده‌ن.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بار و ژیانی ئه‌م جۆره رۆژنامه نووسه به شێوه‌یكی گشتی له كوله‌مه‌رگی و ناههموریدایه ,به‌ڵام هه‌ر به‌هۆی ئه‌م ههڵوێستهشیانهوه سه‌رماییه‌كی مه‌زن له حورمه‌ت و رێز وجوانی بۆ ئایندهی خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه .من بۆخۆم پێم وایه ئه‌مه‌ش ئه‌وه دێنێت كه رۆژنامه‌نووس باج وقوربانی گه‌وره‌ی بۆ بدات ,نرخی هه‌قیقی ئه‌مه‌ش به‌راستی لای ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه زانراوه كه به‌هۆی فرۆشتنی هه‌ڵوێست و ویژدان و حورمهتیانهوه بۆ هه‌تا هه‌تایه ئه‌م هه‌له‌یان له ده‌ست چوه ,به‌واتا محاڵه بتوانن جارێكی تر بگه‌رێنه‌وه و ببنه‌وه پۆلی یه‌كه‌می رۆژنامه‌نووسان .