
داواکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه ته‌قه‌لێکراوه‌کان…سه‌لام عارف
داواکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه ته‌قه‌لێکراوه‌کان
سه‌لام عارف
05.05.2009هه‌ندێک له کۆمه‌ڵناسان کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تییان ناوناوه کۆمه‌ڵگه‌ی داواکارییه‌کان.
داخوازییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له پێگه‌ی ئابووریی ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تیی چینه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
له کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا ته‌نانه‌ت له به ناو دیموکراتییه گه‌وره‌کانیشدا، له‌به‌ر نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی، تا ئه‌مرۆ داواکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به گشتی له فه‌له‌کی دروشـمه ناوداره‌که‌ی شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا: "ئازادی، برایه‌تی، یه‌کسانی"دا ده‌خولێنه‌وه. له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا هه‌روایه، نه ئازادی ئازادییه نه برایه‌تی و نه یه‌کسانی، داواکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌که‌مان، له‌گه‌ڵ كه‌مێك جیاوازیدا، له داواکارییه‌کانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست ده‌چن، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بیگه‌ڕێنینه‌وه بۆ هۆیه‌ک، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ناوه‌رۆکی سیسته‌مه‌که هه‌مان ناوه‌ڕۆکه.
ئه‌گه‌ر باش سه‌رنج بده‌ین و به‌وردی بڕوانین، ده‌بینین که چۆن شێوازی حوکمرانی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، وه‌ک دوێنێ و پێرێ، بۆته مایه‌ی به‌رقه‌رارنه‌بوونی ته‌نانه‌ت لانی که‌می دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی. ده‌سه‌ڵاتیان هه‌موو بواره‌کانی ژیانی گرتۆته‌وه و مۆنۆپۆلیان کردووه و ئازادی بۆ هیچ تاک و لایه‌نێک نههێڵڕاوهتهوه و به‌شمه‌ینه‌تان، ڕۆژ دوای ڕۆژ، بهشمهینهتتر ده‌کرێن. دوو بواری گه‌وره و هه‌ستیاری ناو کۆمه‌ڵگه هه‌یه که تیایاندا زیاتر هه‌ست به دیکتاتۆریه‌تی ده‌سه‌ڵاتی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌کرێت، ئه‌وانه بواری کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ژیانی ئافره‌تانه. حزبه دیکتاتۆره‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تای هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌کانیاندا بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتیان و سه‌پاندنی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا ده‌یانزانی که سه‌کۆیه‌کی به‌هێز و به‌رفراوان هه‌یه که ده‌بێت مۆنۆپۆڵ بکرێت و به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ردا بگێرێت، ئه‌ویش میدیایه؛ که کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌شێكی هه‌ستیار و گرنگیه‌تی، بۆیه له‌و بواره‌دا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان باو کرد و ئه‌وه‌ی توانیان کردیان و میدیایه‌کی هه‌رزانیان له قه‌ڵه‌مه ترسنۆکه هه‌رزانه‌کان دروست کرد، ئه‌وه‌ش که مایه‌وه له ئازادیخوازان و توانای به‌رگریکردن هه‌وڵیان دا و تا ئێستاش ئه‌و هه‌وڵه‌یان هه‌ر به‌رده‌وامه تا له ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه بیانکه‌ن به ڕۆژنامه‌فرۆشان، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن له خه‌ته سووره‌که‌ی ئه‌وان زیاتر بڕۆن.
بواری ئافره‌تانیش ڕوون و ئاشكرایه که ده‌سه‌ڵات تا ئه‌م ساتانه‌ش سه‌رقاڵی ڕێگه‌خۆشكردنه که سێ و چوار له ئافره‌تان، له گه‌نج و قه‌یره، بکرێن به ماڵ و باخه‌ڵی دهرامهتدارهکاندا و بکرێن به که‌ره‌سه‌ی لهزهتلێبینین و مناڵپێدروستکردن و به‌خێوکردن، جا شه‌ق و بۆکسیش له‌ولاوه بوه‌ستێت، ئه‌مه هه‌ر بۆ سووکایه‌تیکردن به "زه‌عیفه!" به زمانی خۆیان، هه‌روه‌ها بۆ دڵڕاگرتنی مه‌لا و مێزهربهسهران و سه‌رۆکخێڵه‌کان و حکوومه‌تی مه‌رکه‌زی و ڕێزگرتنی ده‌ستووری دژه که‌رکووک و که‌رکووکییه‌کان.
هه‌موو ده‌زانین که داواکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به پێشڕه‌وی نان و سه‌ربه‌ستی شنه‌ی با نایانهێنن و نایانبه‌ن و وان به ده‌م و ده‌ستی خاوه‌نه‌کانیانه‌وه له ئاستی جیاواز جیاوازدا و به‌پێی توانا خه‌باتیان بۆ ده‌که‌ن و له کاتی هێنانه سه‌رجاده‌ی ئه‌و داواکارییانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ته‌قه‌یان لێده‌کرێت و زۆربه‌مان به چاوی خۆمان چه‌نده‌ها جار ئه‌و ته‌قانه‌مان بینیوه.
من ده‌مێكه وازم له‌و فکره هێناوه که جه‌ماوه‌ر به نه‌زان و گه‌مژه ده‌زانێت و بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌کات که ده‌بێت جه‌ماوه‌ر پێشڕه‌وی بکرێت تا که‌ناری به‌ڵێنپێدراو؛ مه‌سیح واته‌نی: "من ڕووناکیم، دوام بکه‌ون. چاوساغتانم با ڕێگه وێڵ نه‌که‌ن." به‌ڵام ئه‌مه ڕێگه‌ی ئه‌وه‌م لێناگرێت بیروبۆچوونی خۆم ده‌رباره‌ی هه‌ندێ خاڵ بخه‌مه ڕوو، كه پێم وایه خه‌باتکردن بۆیان ده‌بێته گوشارێکی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، تا چیتر نه‌توانێت به ئاره‌زووی خۆی به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر به‌جێگه‌یاندنی پیلانه دیموکراتییه‌کانی؟؟
ــ هه‌وڵدان بۆ به‌هێزکردنی ئه‌قڵ و کاری ڕێكخستنی خۆییی دوور له کاریگه‌ریی حزبچێتی و وه‌ستانه‌وه دژی ڕێکخستنی له سه‌ره‌وه بۆ خواره؛ واته خۆڕزگارکردن له ده‌سه‌ڵاتی ملکه‌چپێکردن.
ــ وازهێنان له ڕێکخراوه پیشه‌یییه دیموکراتییه "مهلابهختیارییهکان!" و ته‌ره‌بوون لێیان، یا لانی که‌م وه‌ستانه‌وه دژی کاری دامه‌زراندنی سه‌رانی ئه‌و ڕێكخراوانه وه‌ک فه‌رمانبه‌رانی ملکه‌چی ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌تی له ڕێکخراوه‌کانی کرێکاران و خوێندکاران و ئافره‌تاندا.
ــ به‌هێزکردنی گیانی کاری هه‌ره‌وه‌زیی ئازادیخوازانه له‌ناو ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیراندا به‌گشتی، هه‌روه‌ها به‌پێی توانا دروستکردنی کۆمیته هاوئاهه‌نگییه‌کان.
ــ گڕخۆشكردنی هێزی به‌رگری له گه‌ڕه‌که‌کاندا له داواکردنی دابینکردنی ئاو و کاره‌با و باشترکردنی ئه‌و خوارده‌مه‌نییانه‌ی به خه‌ڵک ده‌درێن.
ــ هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی کۆمیته دژی ئه‌و لیژنه بیرۆکرات و سه‌روه‌رانه‌ی که ده‌سه‌ڵات دروستیان ده‌که‌ن و گوایه له پێناوی که‌رکووک و کهرکووکییهکاندان و دژایه‌تیکردنی کاری هێشتنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک به هه‌ڵواسراوی و پووچه‌ڵکردنی ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی ده‌کرێن که گوایا چاره‌سه‌رنه‌کردنی مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک به ته‌نیا تاوانی ده‌سه‌ڵاتی مێزهربهسهرهکانه و ئاشکراکردن و په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ناسیۆنالیسته‌کانی کوردیش له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا به هه‌ڵواسراوی هێنده‌ی ئه‌وان و بگره زیاتریش له‌وان سوودمه‌ندن.
ــ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ده‌سه‌ڵات و حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، تا شه‌رعیه‌تی ئه‌وه‌یان پێ نه‌درێت چیتر ته‌قه له داوا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بکه‌ن. تا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئاماده نین بچن بۆ هه‌ڵبژاردن زۆرتر بێت، تینی گوشارخستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش به‌هێزتر ده‌بێت؛ ئه‌گه‌ریش خه‌ڵک ناچار به چوون بۆ هه‌ڵبژاردن بکرێن، ده‌بێت هیچ نه‌بێت هه‌وڵ بدرێت كارته سپییه‌کان بێ ناز نه‌که‌ون و سوودیان لێ ببینرێت.
با ئه‌وه‌ش له بیر نه‌که‌ین که به‌رده‌وامنه‌بوون و نه‌هێشتنی ته‌قه‌کردن له داوا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانمان به ته‌نیا له چنگی خۆماندان! ده‌سه‌ڵات نامانه‌وێت ئینتخاباتت!