
كوشتنی شار..كوشتنی نیشتیمان
كوشتنی شار..كوشتنی نیشتیمان
ئاسۆ جه‌بار
كوشنده‌كانی شار كێن؟ كێن ئه‌وانه‌ی ده‌بنبه كوشنده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی كولتوری شار‌و شارستانیه‌ت؟ جیاوازی چییه له‌نێوان كوشتنی ئینسان‌و كوشتنی شاردا..؟ له‌راستیدا بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه ده‌بێت سه‌فه‌ر بكه‌ین به‌ناو پانۆرامای كوشتنی شاردا، كاتێك نا‌توانیین ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت له‌ده‌سه‌ڵاتی حیزب جیابكه‌ینه‌وه، كاتێك زانكۆكان‌و كۆلیژه‌كان ده‌بنبه باره‌گاو كۆمیته‌ی حیزب، كاتێك شه‌ڕه له‌سه‌ر مزگه‌وت دروستكردن، كاتێك هه‌موو گه‌ڕه‌كێكی شار چه‌ندین باره‌گاو دیوه‌خانی حیزبی تیا ده‌چێنرێت، كاتێك پێكڕا فه‌رهه‌نگی مردووی حیزب زاڵده‌بێت به‌سه‌ر باقی فه‌رهه‌نگه‌كانی دیكه‌دا، ئه‌وكاته ئیتر شار ناسنامه‌ی خۆی وندهكاتو ده‌مرێ. كاتێك شوناسی ناوهندو پێكهاته گرنگه‌كانی شار له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ژیانی شارستانی ده‌سڕێنه‌وه، وه‌ك بیناسازی‌و كهلهپورو سینه‌ماو ناوه‌ندی فهرههنگیو سه‌ربه‌خۆ. كاتێك هۆڵه رۆشنبیری‌و هونه‌رییه‌كان ده‌بن به تهعزێخانهو حزیبخانهو قۆنتهراتخانه، كاتێك شه‌قامه‌كان بۆنی گه‌نده‌ڵی لێدێت، كاتێك سه‌رجه‌م به‌هاكان رێزی شارستانی خۆیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، كاتێك ئه‌خلاقی دزی‌و گهندهڵیو راوڕوت‌و عهنتهریاتو هه‌ڕه‌شه‌كردن جێی مۆڕاڵ‌و به‌هاكانی ژیاندۆستی‌و ماف‌و گۆڕانكاری ده‌گرنه‌وه، ئه‌وكاته ئیتر كوشنده‌كانی شار وه‌ك دهسهڵاتو كۆنخوازیو ئه‌خلاقی گهندهڵیو راوڕوت‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن‌و هێزی وێرانكردنی شارستانی‌و ژیاندۆستی ده‌بنه به كوشنده راسته‌قینه‌كانی شار‌و شارستانی.
كوشتنی ئینسان چه‌ند كرده‌یه‌كی قێزهوهنو وه‌حشیگه‌رانه‌یه بۆ كوشتنی ئینسانێك یان چه‌ند ئینسانێك، به‌ڵام كوشتنی شار واته كوشتنی هه‌موو به‌ها مرۆیی‌و ئهخلاقیو شارستانی‌و كولتورییهكانی سه‌رجه‌م ئینسانه‌كان كه پێكڕا مه‌ترسیدارترین دیارده‌و كرده‌گه‌لێكی وه‌حشیگه‌رانه‌یه بۆ خامۆشكردنی به‌ها روحی‌و كولتورییهكانی مرۆڤ.
شاری ناشرین
شار ته‌نها بریتی نییه له‌چه‌ند شهقامو كۆڵان‌و چه‌ند گه‌ڕه‌كێك، وه‌كچۆن ته‌نها بریتی نییه له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی تهلارهكانو نزمكردنه‌وه‌ی ژیان، شاری جوان ته‌نها ئه‌و كۆشك‌و ریزه خانوانه نییه كه بۆ بهرپرسو ئه‌ندامه بهرزونزمهكانی حیزب دروستده‌كرێن، هاوكات شار به‌و ته‌لارو كۆشكه حیزبیانه جواناكرێت كه بهرپسسهكان له‌گیرفانی خه‌ڵك شاری خهونو فه‌نتازیا بچوكه‌كانی خۆیانی تیادا به‌خێو ده‌كه‌ن. شاری ناشرین شارێكه پڕه له‌سه‌دان باره‌گاو كۆمیته‌و لق‌و رێكخراوگه‌لی حیزبی‌و خاڵیه له‌ناوه‌ندو دامه‌زراوه‌ی سه‌ربه‌خۆ.
شاری ناشرین ئه‌و شارانه‌یه كه پڕه له‌باره‌گای حیزبی‌و خاڵییه له‌دامه‌زراوه‌ی فهرههنگیو رۆشنبیری‌و شارستانی، شاری ناشرین ئه‌و شاره‌یه كه كه‌مترین سینه‌ماو گهلهریو هۆڵی شانۆی تیادایه، به‌ڵام لێوانلێوه لهتهلارو كۆشكی بێشوماری بهرپرسو عهنتهرو پیاوكوژ‌و گهندهڵخۆرهكان، به‌ڵام خاڵییه له‌ژیانی شارستانی‌و په‌یوه‌ندی فهرههنگیو گۆڕان، شاری ناشرین واته شاری بازرگانه چاوچنۆكهكانو ئێكسپایهرفرۆشو شاری بێساحێب، شاری قوڵبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی تا بینه‌قاقای بهرپرسو حیزب‌و جه‌هل، شاری به‌رزكردنه‌وه‌ی ناعه‌داله‌تی تائه‌وپه‌ڕی وێرانهییو شاری به‌رزكردنه‌وه‌ی كرێی خانوو و نرخی شتومهكو كاڵاكان، واته شاری بهڕاڵاخانهی بازرگانی‌و عه‌نته‌ریاتی بازاڕ.
شاری جوان
شاری جوان واته شاری ده‌یان سینه‌ماو گهلهریو سه‌دان شوێن بۆ خۆشهویستیو هاوڕیهتیو یه‌ك شوێن بۆ حیزب، شاری جوان واته شاری خزمهتگوزاریو شاری پاك‌و خاوێن، شاری باخچه گه‌وره‌كانی عیشق‌و شاری سه‌فه‌ركردن‌و دڵنیایی، شاری زانكۆ‌و په‌یمانگه‌و ده‌یان دامه‌زراوه‌ی فهرههنگیو هونهریو رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ، واته شاری دووركه‌وتنه‌وه‌ی حیزب له‌شوێنه گشتییهكانو ناوهندو ده‌زگا فهرههنگیو ئه‌كادیمی‌و زانكۆییه‌كان.
له‌پشت هه‌ر نیشتیمانێكی جوانه‌وه جیهانبینێكی مۆدێرن‌و روانینێكی شارستانی ئاماده‌یه، كه هێزێكه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دنیای داخراو و روانینی داخراو، هاوكات كۆنخوازیش هێزێكی نهریتپارێزه بۆ داخستنی روانین‌و داگیركردنی جیاوازییه‌كان، جیهانبینی مۆدێرن هێزێكه بۆ گۆڕان‌و به‌رپاكردنی جیاوازی‌و خولقاندنی فه‌زایه‌كی كراوه، به‌ڵام كۆنخوازی هێزێكه بۆ به‌رپاكردنی دوباره‌بونه‌وه‌و ره‌نگڕێژكردنی نهریتو ئه‌خلاقیاتی مۆنوپۆلیزهكردن. ئه‌م شێوازه له‌جیهانبینی دیارده‌یه‌كی نوێ‌و ته‌وژمێكی كاریگه‌رتره، بۆ به‌رهه‌مهێنانی هزرێكی دیكه‌و خه‌یاڵدانێكی دیكه، مرۆڤێك به‌رهه‌مده‌هێنێت كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی حیكایه‌ته بچوكهكانو ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دنیا داخراوه‌ی كه دنیابینییهكانو روانینه‌كان بچوكده‌كه‌نه‌وه، واته هزرێكی جیاوازی پاش حیكایه‌ته گه‌وره‌كانه.
خه‌فه‌كردنی ئاره‌زووه شاراوه‌كانی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌و تاكه‌كه‌س دیارده‌یه‌كی نادیاریكراوو شاردنه‌وه‌ی روانین‌و دنیابینی مرۆڤه‌كانه لهحهشارگهیهكی فهرههنگیو ئهخلاقیو كۆمه‌ڵایه‌تیدا، بێئه‌ندازه هه‌ڵقوڵاوی خه‌فه‌كردنی جیاوازیی‌و خهونو ویست‌و داواكارییه مروییو شارستانی‌و فهرههنگییهكانه، هاوكات ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌و واقیعه‌وه بێئه‌ندازه قه‌واره‌كه‌ی گهوهرتره له‌قوڵایی ئه‌و خه‌یاڵدانه كه رووبه‌ره‌كانی روانینی سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و دهركهوتانهیه كه سات به‌سات پڕده‌بن له‌حیكایه‌ت‌و سه‌رگوزشته‌ی بێ سه‌رچاوه‌و ئاڵگۆڕپێكراوی سه‌پاندنی یاساگه‌لێكی سته‌مكارانه‌ی بێ قسه به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا.
یه‌كێك له‌شته كاریگه‌ره‌كانی كه تا ئه‌م سه‌روه‌خته بهكراوهییو سه‌ربه‌خۆ ده‌مێنێته‌وه ئه‌و خهیاڵدانهیه كه ده‌بێته به‌رهه‌مهێنه‌ری رهمزو به‌های جیاواز‌و جیاكه‌ره‌وه له‌هه‌ر فهرههنگو ئایدیایه‌كی دیاریكراو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كڵێشهسازییه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتورییهی حیكایه‌ته شاراوه‌كانی ناو خودی كۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ك ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌و چه‌پاندن‌و په‌راوێزخستنه كۆنترۆڵی ئهخلاقیو كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه بۆ دیاریكردنی سنوره‌كانی ژیان‌و ئارهزوهكانو جڵه‌وكردنی تاكه‌كه‌س له‌یه‌كه‌یه‌كی دیاریكراوی فهرههنگیو سایكۆلۆژیدا، ئه‌م راڤهكارییه سه‌ره‌تاییه چه‌ند په‌یوه‌سته به زانستی دهرونشیكارییهوه، هێنده‌ش په‌یوه‌ندیداره به ئه‌نترۆپۆلۆژیاو كولتورناسییهوه.
بۆئه‌وه‌ی كه‌مێك ده‌رچین له‌شته گشتییه‌كان، پێویسته بچینه نێو ئه‌و قوڵاییه گه‌وره‌یه‌وه كه پانتاییه‌كی به‌رفراوانی ئاره‌زوو خه‌یاڵه شاراوه‌كانی تاكه‌كه‌س‌و به‌شێكی مردووی ئه‌و رووه زیندوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه كه نابینرێت‌و هاوكات پێكهاته‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و سه‌رزه‌مینه خهفهكراوهیه كه لهفهرامۆشبونێكی كۆنزێرڤاتیڤانهوه سه‌رچاوه دهگرێتو كهناركهوتویهكی زیندووی كۆمه‌ڵگه‌یه، كه بریتییه لهكاڵبونهوهی تاكه‌كه‌س له‌نێو ئه‌و یه‌كه‌و خانه فهرههنگیانهدا به تایبه‌تی لهخێزانو گروپ‌و قوتابخانه‌و خێڵ‌و حیزب‌و دامه‌زراوه داخراوه‌كاندا، هێنده‌ی په‌یوه‌سته به دنیای به‌رجه‌سته‌ی شته پیرۆزه‌كان‌و دنیای روانینه رامكراوهكانهوه، هێنده په‌یوه‌ست نیه به په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی تاكه‌كه‌سه‌وه به هه‌ریه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌و ئه‌و خهیاڵگهیهی كه دنیا بچوكده‌كاته‌وه بۆ قه‌فه‌زێكی دیاریكراوی روانین‌و دنیابینی.
سه‌ره‌نجام ئێمه له‌به‌رده‌م كایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مه‌عریفیدا نین، به‌ڵام له‌به‌رده‌م كولتورو ترادسیۆنێكی به‌رجه‌سته‌و ئاڵۆزی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك داین كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی به‌رفراوان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و وێرانكاره، چۆن پیاوسالاری ده‌سه‌ڵاتێكی موقه‌ده‌سو سایكۆلۆژییه، به‌هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتی سه‌رجه‌م موقه‌ده‌سه هاوشوناسهكان هێزگه‌لێكن بۆ یهكخستنو غه‌رقكردنی هه‌ر جیاوازی‌و لادانێك له‌یه‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌تردا كه خێزانی موقه‌ده‌سو حیزبی موقه‌ده‌سو گروپی موقه‌ده‌سه. هاوكات فه‌رهه‌نگی لۆكاڵیی خێزان بهرههمهێنهرو كۆپیكه‌ری دابونهریتو مۆڕاڵه، هه‌رچه‌نده ئه‌مانه هه‌مووی وه‌ك ترادسیۆن سه‌یرده‌كرێن، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك موقهدهساتو حه‌رامكراو و قه‌ده‌غه‌كراون به ئه‌ندازه‌یه‌ك پۆلێنكراون كه مه‌حاڵه جیاكردنه‌وه‌یان له‌كۆی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی خێزان بهناوهوهو ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه، واته جیاكردنه‌وه‌ی له‌و گشته نابهرجهستهیهی كه له‌كۆی سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شارستانیدا غه‌رقی رووبه‌رێكی داخراوی ژیان‌و فه‌رهه‌نگێكی قفڵدراوی ده‌كات.
ئه‌م كۆنترۆڵكردنهش میكانیزمێكی هه‌روا ساده‌وساكار نیه، به‌ڵكه میكانیزمێكه كه زیاد لهبوارێكو زیاد لهمهودایهكی هه‌ژمونگه‌ر كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن، وه‌ك میكانیزمی په‌روه‌رده‌و فێركردن‌و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری‌و كولتورسالاریو نهریتسالاریو حیزبسالاریو كوێخاسالاری، كه كۆمه‌ڵێك رووبهرن تیایاندا غه‌ریزه‌و چێژ‌و خهیاڵو خولیا‌و ئیراده‌و خه‌ونه‌كانی تاكه‌كه‌س رامدهكرێت، هاوكات كاریگه‌رییه‌كی ئاسۆیی له‌سه‌ر هه‌ر تاكه‌كه‌سێك جێده‌هێڵن، ئه‌م رامكردنهش كار له‌سه‌ر كیمیای پهیوهندییهكانو ئاسۆكانی روانین‌و دنیابینی دهكاتو سه‌ره‌نجام مرۆڤه‌كان له‌تاكه‌یه‌ك دنیابینی دیاریكراوی هه‌ژاردا بهرجهستهدهكاتو له‌جوگرافیایه‌كی مردوودا ده‌یانژێنێت.
شاری ناشرین خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێكی مردووی داخراوه، فه‌رهه‌نگی داخراویش دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك دابه‌شكراوی دیكه‌دا، ئه‌و پێكهاته دیاریكراوانه‌ی ئه‌م ماشێنه گه‌وره‌یه پێكده‌هێنن كه دروستكاری خودی ئه‌و دنیایهشنو به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و روانین‌و وێنانهشن كه له‌خۆی كۆپیان ده‌كاته‌وه، ئه‌و دابه‌شبوونه‌ش خێزانی كۆنكرێتی‌و په‌یوه‌ندی داخراوی كولتوری، وه‌ك نه‌ریتی داخراوی هاوسه‌رگیری، ئیراده‌ی ده‌سته‌مۆی مێگه‌ل، په‌یوه‌ندی هاوخوێنیو هاوڕه‌گه‌زی، ده‌مارگیری ناوچهییو مهزههبیو كولتوریوسیاسیو حیزبی‌و داموده‌زگای كارتۆنیو داخراو، ناوه‌ندی رۆشنبیری‌و كولتوریی بازنه‌یی كه ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌ره‌می ئیفلیج كۆنترۆڵی ده‌كات، سه‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌و داخرانه بێدهنگیو داگیركاری فه‌رهه‌نگی، كه‌لاوه‌یه‌كی مه‌عریفی ناته‌ندروست، خه‌یاڵێكی بچوك‌و ونبوونی تاكه‌كه‌س وه‌ك ئیراده‌و روانین‌و جیاوازی به‌رهه‌مده‌هێنێت..
شاری جوان واته شاری پهیوهندیو لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان شار‌و ناوچه جیاجیاكاندا، شاری جیاوازی‌و هه‌مه‌ڕه‌نگییه فهرههنگیو رۆشنبیری‌و روحییه‌كان، شاری كولتوری زیندوو، شاری حه‌قیقه‌ته ساده‌كان‌و شاری یاسا‌و دڵنیایی‌و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و تاكه‌كه‌سیی. شاری ناشرینیش واته شاری ته‌راتێنی حیزب‌و ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قی پۆلیس‌و ئاسایش‌و بهرپرسو كۆمپانیاكانی حیزب، زۆر به‌ساده‌یی شاری ناشرین شاری غیابی یاسا‌و ستاندارده شارستانییه‌كانه، شاری ریزكردنی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ‌و دژایه‌تیكردنی رۆژنامهنوسانو به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر رۆژنامهنوسو رهخنهگرو میدیای ئازاد‌و چه‌وسانه‌وه‌ی رۆشنبیری‌و به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگی یاسایی‌و وزاری‌و حكومی‌و حیزبی به‌رامبه‌ر نوسهرانو رۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ.
دواجار چه‌ند گرنگه دۆزینه‌وه‌ی فاكته‌ره‌كانی ناشیرنكردنی شار‌و شارستانی، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه دۆزینه‌وه‌ی رایه‌ڵه مهترسیامێزهكانی كۆنترۆڵكردنی سته‌مكاری فهرههنگیو رۆشنبیریی به‌رامبه‌ر هێزه شارستانی‌و كۆڵه‌كه گرنگه‌كانی گۆڕان‌و كولتوره زیندووهكان.