Skip to Content

Saturday, August 13th, 2022

بۆ….؟!……شه‌یما ڕه‌مه‌زان

Closed
by June 17, 2009 ئەدەب

بۆ….؟!
شه‌یما ڕه‌مه‌زان

 

ئه‌مه‌وێت سپیی سپیی بچمه‌وه‌
وه‌كو به‌ور..
ڕه‌ش ده‌چمه‌وه‌
وه‌كو قه‌ره‌..
له‌سووریدا سووردێم
وه‌كو قرمز..
نازانم ئه‌م هه‌موو باڵای
ڕه‌نگه‌ بۆ كوێ‌ به‌رم،
به‌ره‌و ئاسمان له‌باڵ ئه‌ده‌م
په‌شیمانی ملم پێدا ئه‌دات
شه‌رمه‌نده‌ ده‌بم له‌ڕه‌نگی شین
به‌ره‌و لای مانگ ڕێگه‌ ده‌بڕم
داوا ده‌كات به‌دووربم لێی
ترسی ونبوونی هه‌یه‌ له‌یار
نه‌وه‌ك ڕه‌نگی من چاو نه‌كات
هه‌ر ڕۆژ ماوه‌
دڵنیام دڵی گه‌رمه‌
به‌رگه‌ی ئه‌م ڕه‌نگانه‌ ناگرێ‌
چه‌ند مناڵانه‌ ده‌چمه‌ به‌رده‌می
مامه‌ پیره‌و..
داوای ماچێكی ڕووی لێده‌كه‌م
ئه‌ویش سه‌ری سپیی دائه‌نه‌وێنێ‌
ته‌وێڵم ماچ ده‌كات
نازانم ئه‌م ماچه‌ چییه‌..؟؟
چه‌ند قه‌ره‌جییانه‌ ده‌ڕۆمه‌ به‌رده‌م
ئه‌و كوڕو كاڵانه‌ی نێو بازاڕ‌و
داوای ئامێزیان لێده‌كه‌م
ئه‌وانیش  چه‌ند شه‌هوانییانه‌
سۆزم پێده‌ده‌ن
نازانم ئه‌م ئامێزه‌ بۆ..؟؟
چه‌ند سه‌رشێتم خودایه‌
ده‌ڕۆم به‌ ڕێگادا
زه‌رده‌خه‌نی دوور ده‌كه‌م
ئه‌م مه‌راقه‌ بۆ كێ‌..؟؟
سه‌ما ده‌كه‌م به‌ده‌وری خۆمدا
له‌ناو ئه‌م ژووره‌ ته‌نگه‌دا
داوا له‌خۆم ده‌كه‌م "ناز"بكه‌م
ئه‌م نازه‌ بۆ كێ‌..؟؟
ده‌ڕۆم ‌و ڕه‌نگه‌كانم پرشنگ ئه‌ده‌ن
بییانیه‌كان كوێراییانه‌
پێی پیادا ده‌نێن
به‌نێو قه‌د‌و باڵادا
ڕه‌نگ ده‌ڕوات..
ئاوڕێك ناده‌نه‌وه‌
ئه‌م بێده‌نگییه‌ بۆ..؟؟
وه‌ك دزێكی نه‌زان ده‌ڕۆم
هه‌نارێكی سوور ده‌فرێنم
وه‌كو سه‌گ ڕاوی نابێتم
غار ده‌ده‌م به‌بێ‌ ماندوو بوون
وه‌ئاگادێمه‌وه‌
نه‌ هه‌نار‌و نه‌پێڵاوی پام له‌لا نه‌ماوه‌
ئه‌م بێ ئاگاییه‌ بۆ..؟؟
سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم و
چاو له‌ خانه‌ به‌رزه‌كان گیر ده‌كه‌م
باڵنده‌یه‌كی به‌ندكراو ده‌بینم
ئێ‌ خودایه‌ بۆ..؟؟
ده‌با من ئازادكه‌ری ئه‌و دیله‌ بوومایه‌،
شل شل پیشتی داپیره‌ ده‌شێلم ‌و
ورد ورد قژی بۆ پرچ ده‌كه‌م
تووڕ.. تووڕه‌
پرسیاری به‌شوودانی خۆی لێده‌كه‌م
ئه‌م هه‌موو په‌رێشانییه‌ بۆ..؟؟

Previous
Next