
گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له هه‌نده‌ران ..
قوزه‌ڵقوڵت !
چاوه‌کانی وردیله و به توڕه‌ییش هه‌ر هه‌ندی دنکه نۆکێکی لێهاتبۆوه ، وه‌ک دوو نوقته له‌سه‌ر ڕووێکی سپی بچووک و په‌رژین به‌پرچێکی ڕه‌شی قه‌ترانی شێ ، بێ جوڵه بێ گرژینه‌وه پێیه بچوکه‌کانی گرمۆڵه کردبوو زۆرکه‌م ئاوا تۆتکه‌ی ده‌گرت و بێ ده‌نگ ده‌بوو چونکه منداڵێکی وا عه‌جول به‌هیچ شتێ دانه‌ده‌کاسا . حه‌وته‌م نه‌ورۆز گڕی ژیانی دابووه ساڵێکی تری ته‌مه‌نی ، بیرتیژ و پڕ پرسیار بوو ؟ جارێ ئه‌و ڕۆژه‌ش چه‌ند که‌تنێکی کردبوو به تایبه‌تی باوکی بێزارکردبوو ، تا ده‌هات خۆشی زیاتر گرژ و په‌ست تر داماو هه‌ر هه‌نسکی ده‌خوارده‌وه . پێش ده‌مێک باوکی چووبووه ئاشپه‌زخانه و خه‌ریکی دروستکردنی بابۆڵه‌یه‌ک بوو بیخوا جا هه‌رچی خوا دابێتی نان و ماستێ ، پارووێ که‌ره‌وز ، یا پارچه ئاروو کوزێک ته‌ماته یا هه‌ر په‌نیرێکی به‌رده‌ست که‌وێ هه‌رنا سه‌لکه پیازێک به نانه‌وه بایدا و لوولی دا لرفه‌ی بێ به‌رکوڵی برسێتی پێ بشکێنێ . کوڕه‌ش زۆر هۆگری باوکی و هه‌رده‌م له قاچ و قولی ده‌ئاڵا به‌دوایه‌وه‌بوو ڕووی کرده چێشتخانه و نزیک بۆوه ، که باوکی زانی ده‌رگاکه‌ی به‌ڕوو داخست . ئه‌ویش له پشت ده‌رگاوه بانگی کرد: باوه ، باوه چی ئه‌که‌ی ؟ ئه‌وه چی ئه‌خۆی ؟ باوکه به‌سه‌ری دا قیژاند: قوزه‌ڵقوڵت ئه‌خۆم . کوڕه نه‌یزانی و کشاوه بۆ ژووری دانیشتن له‌سه‌ر باڵنجه‌که مه‌ته‌قی له خۆی بڕی ، بیری ده‌کرده‌وه هاوار و ده‌رگا پێوه‌دانه‌که‌ی باوکی به‌لاوه گرینگ نه‌بوو چونکه له‌و لایه‌نه چاوڕووێکی قاییمی هه‌بوو . دایکی له‌م دیو هاته‌ده‌ر و گوێ ی له‌و هه‌رایه بوو یه‌کسه‌ر کوڕه‌که‌ی دواند : ها قه‌زات له‌دایه که‌وێ کوڕه جوانه‌که‌م ئه‌وه بۆ وا ماتی ؟ وه‌ره بزانم چی بوو ؟ به‌م لاوانه‌وه‌یه کوڕه زیاتر دڵی پڕ بوو قوڵپی دا به‌پاڕانه‌وه فرمێسک و چڵم و لیکی تێکه‌ڵ کردبوو ووتی : باوه قوزه‌ڵقوڵت ئه‌خوا و به‌شی من نادا!
دڵشاد تاقانه
Dlshadtaqane@yahoo.com