
هه‌ندرێن: لێره‌ی بێشوێندا…
هه‌ندرێن: ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی مرۆڤ ره‌هه‌ندێکی "ئیدیالیی" نه‌بووایه، ده‌مێک بوو کۆتایی هاتبوو
گفتوگۆی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود // به‌شی حهوتهمئهرسهلان مه‌حمود: شیعری كوردیی بۆ ئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌ی له‌و بۆشاییه چه‌قبه‌ستووه‌ی ئێوه باسی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و وابه‌سته‌یی و چاولێكهریهی خستۆتانه ڕوو ده‌ربازی بێت و، بگاته‌وه به‌ئامانجه ڕۆحی و جیهانی تایبه‌تی خۆی، چبكرێ باشه، ده‌بێ له‌چی و له‌كوێوه ده‌ست پێبكرێ؟..شاعیرانی كورد چۆن لهنوسانی ئه‌و مێگه‌ل به‌مۆده‌ی ئه‌شقه‌وه كه‌پێت وایه لهڕۆحهوه عاشق نین ڕزگاریان ده‌بێت؟..
هه‌ندرێن: ئه‌ڵبه‌ته سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دۆخه شیعرییه وابه‌سته‌یه‌ی کوردیی و رێگاچارهکردنی، ئاخاوتنی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، لێ لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ئاماژه‌یه‌کی خێرا به کۆمه‌ڵی ره‌هه‌ند بکه‌ین و له‌وێشه‌وه پێشنیازێکی سووکه‌ڵه بۆ ورووژاندنی ئه‌و کۆئاگاییه بکه‌ین، که ده‌توانێ به‌ره‌و گومانی په‌لکێش بکا.
به‌ڵێ، له ئاستی مه‌یلی گشتیی و رووکاریی زماندا، کرده‌ی شیعر و شاعیربوونیش، وه‌ک هه‌ر کرده‌یه‌کی دیکه‌ی کو‌لتووریی جڤاکێک، ئاوێنهبوونهوه یان شه‌به‌نگی ئه‌مدیوی بوونی ئه‌و مرۆڤه‌یه که زمانه‌که‌ی رایده‌گه‌یه‌نێت. لێ له ئاستیی ناوه‌کیی و گه‌وهه‌ریی زماندا، کرده‌ی شیعر و شاعیربوون، وه‌ک دڵێک له زمان، خستنه ژێر پرسیار و چرپاندنی گومانه له‌و دۆخه رووکه‌ش و جێکه‌وت و خودووگرتووهی مرۆڤ، زماندا.
لێره‌وه، ئه‌و ره‌وشه ته‌کنۆکرات، رۆبۆتیی، دیگیتالیی، پچڕ پچڕ و مۆده بێکاکڵانهی که جڤاکی کوردیی جڵهوکردووه، شیعریشی ته‌نیوه‌ته‌وه. چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و زمان و مۆده به ئه‌شق بۆیه‌کراو، حیکایه‌ت ئامێزی وابه‌سته‌یه‌ی شیعر به ویست و خواستی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، په‌یوه‌ندی به بوونی گومانێکی به کۆمه‌ڵی ره‌خنه‌گر، خوێنه‌ریی کوردیی و ناوه‌نده رۆشنبیرییی و جڤاکییه‌کانه‌وه هه‌یه. له جڤاکێکی وه‌ک کوردستاندا که کۆی کرده‌ی نووسین، په‌یامی مێدیا و سیاسه‌تی کو‌لتووریی که ئه‌مانه‌ش چاڵاکیی زمانیی کوردیین، رووکهشێنراو، بێکاکڵه کرابن، ناکرێ چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌مهێنانی ئاگاییه‌کی کو‌لتووریی و زمانێکی شکۆمه‌ندیی نووسین و ئاخاوتن بکه‌ین. به کورتی کاتێک ئێمه گهههری زمانمان بۆ ئاستی ئاخاوتنی سه‌ر زاره‌کیی نه‌ک هزریی یان هۆشه‌کیی کورتبکه‌ینه‌وه، ئه‌وکاته ناتوانین به ته‌نیا شیعری کوردیی ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌و خۆکردییه، هه‌ڵگریی یاده‌وه‌ریی زمانی خۆیی، نه‌ریتی ره‌سه‌نی خۆیی و ئاماده‌بوونی ئه‌و خوده‌ی به جیهانێکی گۆڕاو له ئێستادا بگه‌ڕێنینه‌وه.
تۆ ده‌زانی ئه‌مڕۆ زمانی کوردیی، به تایبه‌تیی له باشووردا، له ره‌وشێکی سهرگێژدا ده‌ژیت: له لایه‌ک روحی زمانی کوردیی، شیعر تا هه‌نووکه‌ش به برینی گۆڕان و داڕمانه قووڵه‌کانی نه‌وه‌ده‌کاندا ده‌ناڵێنێ، لافاوی ئازادیی زمان دوای نه‌مانی رژێمی به‌عس، نغرۆبوونی ئه‌و ماوه کورته له ئازادییه به شه‌ڕی نێوان حیزبه‌کان، که له‌وێدا قووڵترین برین له روحی زمان، شیعر درا. دواجاریش دوا رمانی سه‌دام و رژێمهکهیی و نقوومبوونی زمان، بوونی کورد له‌ناو ئاوماڵکی کاڵا هه‌مه‌جۆره‌کان، له‌وانه ئینته‌رنێت، مۆبایل، سهتیلایت و تێڤییه داگیرکراوه‌کان به ریکلام، کلیپی په‌رپووتی ستران، دیمه‌نه رووکه‌شه‌کانی رۆژئاوا و … تاد، به گواستنه‌وه‌ی نووسینی کوردیی بۆ ئاستی رۆژنامه‌گه‌ریی، واتا ئاستی زمانیی هه‌واڵیی، خۆشداکهنیی، ریکلامیی، که ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مێکی گه‌نده‌ڵیی و ئاکامی هاتنی ئه‌و ژیانه ته‌کنۆکراتییه بوو که ته‌کنیک سه‌رچاوه‌یه‌تی. لێره‌وه ئیتر زمانی کوردیی، روحی کوردیی، بێ هیچ بنه‌مایه‌کی ئاگایی، که‌وته ژێر رکێفی باڵاده‌ستی ئه‌و مۆده تهکنۆکراتییهوه. له‌وێدا وه‌ک ئێستا له ئارادایه، مرۆی کورد وه‌ک ئامێرێک، بۆته دیلی ئه‌و وێنه بزۆک و جیهانه دیگیتالهی شاشه‌کانی تێڤیی، ڤیدیۆ، مۆبایل و دیمه‌نه جه‌نجاڵه‌کانی ماسمێدیا و ریکلامه هه‌ست ورووژێنه‌ره‌کانی کۆمپانیا بازرگانییه‌کان. هاوکاتیش رۆژانامهکانی کوردیی، که هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه تهکنۆکراتییهوه، بوون به رووبه‌ری ئه‌و ریکلام و نووسینه ته‌کنۆکراتییه‌کان. تۆ ده‌بینی له کۆی رۆژنامه کوردییه‌کان بوو به مۆده، بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بپرسێت و رۆژنامه‌کانیش رایبگه‌ینن، که لاپه‌ڕه‌ی دواوه به جه‌سته‌ی سه‌یر و سێکسی و ریکلامیی وێنه‌یی پڕ بکرێنه‌وه. له دووتۆوی رۆژنامه‌کاندا ریکلامکردن بۆ کۆمپانییه بازرگانییه‌کان له نووسێک زیاتر قه‌باره‌کان داگیر ده‌کا و گرینگی پێده‌درێن. چاپکردنی رۆمانه خه‌یاڵاوییه‌کان، کۆشیعری به‌رگ رازهوهی به وێنه‌ی کچێکی مه‌یله‌و رووت و … تاد، دواجاریش زه‌قکردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌رزه کتێبه به‌رگ سێکسیی و ناونیشان زه‌قانه له لایه‌ن کتێبفرۆشه‌کانی سه‌ر شه‌قام و نمایشکردنیان بۆ خه‌لک، هاوکاتیش گرینگدانی رۆژنامه و گۆڤاره‌کان به‌و ته‌رزه کۆشیعره سێکس ورووژێنه‌ر و رۆمانه وه‌رگێڕدراو و خۆماڵییه تژیی له سه‌فسه‌ته و وڕێنانهوه، خوێنه‌ر و نووسه‌ریی به‌و ئاسته رۆشنبیرییه رووکه‌ش و ترسناکه، که وێنه‌یه‌کن له‌و ژیانه سێکسێنرا و ته‌کنۆکراتییه، فرچکدا.
ئێستا ئه‌و خوێنه‌ر و رۆشنبیرییه بۆش و رووخۆکه، که ده‌سه‌ڵاتێکی ته‌کنۆکراتیی، پچڕ پچڕ و سێکسی و رووکه‌ش ئاراسته‌ی ده‌کا، زمان ئاراسته ده‌کا، بۆته مۆده‌یه‌کی به هه‌ڕمێن. بۆیه ده‌ڵێم، به هه‌ڕمێنبوونی شیعری "ئاشق"انه و شاعیری به رووکه‌ش "ئاشق"، به‌رهه‌مێکه له‌و جیهانه دیگیتالیی، ته‌کنۆکراتیی، سێکسیی، فیلمی هیندییه ئاسایه‌ی که به هۆی شاشه‌ی ماسمێدیا بینراوه‌کانه‌وه حکومی هه‌ست، ئاگایی، دڵ و ده‌روونی جڤاک به گشتیی و نووسه‌ر و شاعیری ئه‌مڕۆ بێ ئاگا، مۆدهخواز ده‌که‌ن. جا ده‌بینی، وه‌ک چۆن ئه‌و جیهانه سێکسیی و سیخناخ به خه‌یاڵه‌ی ئه‌و جیهانه دێگیتال، ته‌کنۆکراتییه بنه‌مایه‌کی نییه، تژییه له ساخته، به هه‌مان شێوه‌ش کۆی ئه‌و هه‌موو شیعره به ناوی "ئاشقانه"، "دڵداریی"، "یار" و شاعیره به قسه "ئاشق" و "سۆفی" و … تاد، راستیی نین، به‌ڵکوو هه‌موو جیهانێکی ده‌رکیی و سازکراون. ئه‌وه‌ی هه‌یه لاساییکردنه‌وه، یان به‌رهه‌مێکه له‌و جیهانه دێگیتالیی، تهکنۆکراتییهی که له هه‌وڵی ئه‌وه دام پێناسه‌ی بۆ بکه‌م.
لێ، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر خودی ئه‌و جیهان، کولتووره رووکه‌شه‌ی دێگتالیی، ته‌کنۆکراتییه نییه که جڵه‌وی ئاگایی، روح، زمانی کوردیی کردووه، به‌ڵکوو هه‌ستنه‌کردن و بێئاگایی مرۆی کورد، شاعیر و نووسه‌رانه له هه‌مبه‌ر ته‌شه‌نه‌کردنی ئه‌و مه‌ترسییه‌وه.
که‌واته ئه‌وه‌ی ده‌توانێ زمانی کوردیی، شیعریی کوردیی له‌و ژیانه ته‌کنۆکراتییه، بێ ئامانجه روحیی و رووخۆکه رزگار بکا، سیاسه‌تێکی کولتوورییه که بتوانێ به رێگای نه‌خشه‌یه‌کی رۆشنبیریی، چاپکردنی زنجیره کتێبی هه‌مه‌جۆری باڵا، ماسمێدایایهکی بینراو و خوێنهراوه و بیستراوی زانینیی نه‌ک رووکه‌شیی، کۆڕ و دانووساندنێکی به‌رده‌وامه‌وه، ئاگایه‌کی تۆکمه و چێژێکی ئێستێتیکیی رۆشنبیرییه‌کی ره‌نگاوره‌نگ له روحی خوێنه‌ر و جڤاکدا بچێنێت. له ته‌ک ئه‌مه‌ش سازکردنی بزاڤێکی ره‌خنه‌یی ره‌سه‌ن و کارا، ماریفیی و ئێستێتکیی، خاوه‌ن رۆشنبیرییه‌کی نه‌ریتیی و نوێباو، ههڵکۆڵێنهر، نه‌ک وه‌ک ئه‌و ره‌خنه مجگێزخواز و رووکه‌شه‌ی ئه‌مڕۆمان، ده‌توانێ ئاسۆیه‌کی تر بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و دۆخه مردۆخه‌ی شیعریی کوردیی ئاوهڵابکاتهوه، به‌مه‌ش ئه‌و ویسته بۆ شیعریی کوردی بگه‌ڕێنێته‌وه که بتوانێ بۆ ناو زمان، یاده‌وه‌ریی کوردیی رۆبچێ و هاوکاتیش روحێکی نوێ به‌و زمانه شیعرییه ببه‌خشێ که ئه‌و روحه نوێیه، جیهانه نوێیه له ناو خودی زمانیی کوردییدا ئاماده‌یی هه‌یه.
گه‌لۆ له‌و دۆخه‌ی که نووسه‌ر، شاعیر، ره‌خنه‌گر و خوێنه‌رانی به‌خته‌وه‌رن به‌و زمانه ته‌کنۆکراتییه، بینراوه پچڕ پچڕ و هه‌وه‌سه سێکسییه‌ی ژیانه‌وه، ده‌کرێ ئه‌و بزاڤه له دایک بێت؟ ئههی بۆ گومانه‌کانی خودی زمان به‌جێده‌هێڵین!
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: به‌ڵام پێویستی ئه‌و گۆڕانه هزریه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی ئێوه باسیدهكهن، به‌رپاكردنی شۆڕشێكی درێژخایه‌نی گه‌ره‌كه، توانابینی و هێزی ئه‌ده‌بی هه‌ندرێن له‌كوێی ئه‌و جددیه‌ته دایه، ئایا ئێوه ئه‌م هێزه له‌نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گرو شاعیر‌و ئه‌دیبانی ئه‌مڕۆی كورد دا ده‌بین؟..
هه‌ندرێن: راستییه‌که‌ی من ده‌توانم نه‌خشه‌ی پرۆژه‌یه‌کی سیستهماکیی رۆشنبیریی ئاوه‌ڵا و رێگا و میتۆدگه‌لی جیاواز بۆ ئه‌و "گۆڕانه هزرییه راسته‌قینه‌یه" دابڕێژم و پێشکه‌شی ئه‌و هه‌موو ناوه‌نده رۆشنبیریی و هونه‌رییانه‌ی بکه‌م که ئه‌مڕۆ له کوردستاندا به ناوی مجگێزخۆشکهر و دڵکێش قووتکراونهتهوه. لێ گه‌لۆ، وه‌ک خۆت ده‌پرسی، ئه‌و هێزه مایهکیی، ویست و ئاماده‌ییه بۆ پیاده‌کردنی ئه‌و پرۆژه‌یه له‌ناو ئه‌و ناوه‌نده رۆشنبیریی و هونه‌رییه هه‌یه؟ دیاره وه‌رامی ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌خێریش نه‌بێت، لێوانڕێژه له گومان. چونکه له لایه‌ک، که به جۆرێک له جۆره‌کان، له به‌رسڤی پرسیاره‌که‌ی پێشووماندا ئاماژه‌مان پێ‌کرد، له‌و دۆخه‌ی ئێستای کوردستاندا هاوشان له‌گه‌ڵ ره‌وتی جیهانگیرییدا، زمانێک له نووسینی کاڵاگریی و کاڵا به‌رهه‌مهێنا و کاڵاسازیی به‌رهه‌مده‌هێنێت. وه‌ک ده‌رهاوێشته‌یه‌ک له ئاوابوونی په‌رۆشی رۆشنبیریی و ئامانجی روحی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی له بواری زماندا، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، کۆی کرده‌ی رۆشنبیریی بوو به ئامرازێک بۆ گوتنه‌وه‌ی حیکایه‌ته تڕوهات، رووکه‌ش، وێکچوو، دێجیتالیی، مۆدهخوازیی و … تاد. ئه‌و ته‌رزه مۆده‌یه‌ی نووسین هاوشان له‌گه‌ڵ لافاوی کاڵاخوازیی، تێرنه‌بوون له کاڵاکڕین و فرۆشتن، زمان و ئاخێوه‌ر و نووسه‌ری کوردییشی ته‌نییه‌وه. به‌مجۆره وه‌ک چۆن دیمه‌نی ناوه‌کی شار، بێ بوونی زه‌مینه و ئاگاییه‌کی تۆکمه‌ی جڤاکیی، شه‌قام، کۆڵان، گه‌ڕه‌ک و پارک و گۆشه، ماڵ و دائیره‌کان بوون به شانۆگه‌لی بازاڕی کاڵای ته‌کنیکی ههمهجۆر، ئامێریی رۆبۆتیی، مۆبایل، خواردنی له قووتووکراو، مۆده زۆره‌کانی جل و به‌رگ، خواردنی به‌سه‌رچوو و … تاد، به هه‌مان شێوه‌ش، رووبه‌ری بڵاوکراوه‌کان، ده‌م و زار، مێشکی مرۆی کوردیی، بێ بوونی سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی و ئاگاییه‌کی رۆشنبیریی کارا، بێ، بوون به عه‌مبار و تاقیگه‌ی وته‌ی لێکترازاو، چه‌مک و تیۆریی و هزره رۆژئاواییه‌کان و هه‌ندێ مۆده‌ی رۆشنبیریی عه‌ره‌بیی و فارسیی، بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ری کورد و ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌کانی ناوکۆیی (کۆنتێکست) و سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و وته، چه‌مک، تیۆریی و هزرانه له‌به‌رچاو بگرن. به‌جۆره وه‌ک چۆن کاڵای ته‌کنیکیی، مۆبایل، سێتهلایت، ئۆرۆمبێل و کۆمپیوته‌ر مرۆی چه‌پێنراوی کورد ده‌غه‌زار و دهعهجانکرد، به هه‌مان شێوه‌ش، ئه‌و ته‌رزه رۆشنبیره رۆشنبیریی و هونه‌ریی کوردیی تووشی بارێکی رووکه‌ش و ههلهکسێ و بێ ئاراسته کرد. به واتایه‌کی تر: زمانی کوردیی کرد به کاڵایه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی کاڵاسازیی.
به‌مجۆره له‌و ره‌وشه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی زمانی کوردیی و روحی کوردیی له‌و خودفهرامۆشییه رزگار بکرێت، ده‌بێت به رۆشنبیرییه‌ک فرچکبدرێت که هه‌م روحی به‌رهه‌ڵستکاریی تێدا زیندوو بکاته‌وه و هه‌میش روحی نوێکردنه‌وه‌ی زمانه‌که‌ی، یاده‌وه‌ریی رۆشنبیرییه‌که‌ی. رزگار بوون له‌و رۆشنبیریی و هونه‌ره به کاڵاکراو و رووکه‌شه و به گه‌ڕخستنی ئه‌و ره‌وته، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه به‌ره‌و ئامانجێکی هاوبه‌شی داهێنه‌ر و مرۆڤخوازه، ده‌خوازێ هه‌ر له سیسته‌می په‌روه‌رده‌وه له خوێندگا سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه تا ده‌گاته زانستگاکان و "وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی" (ئه‌و وه‌زاره‌ته بنکه‌یه‌کی زۆر به‌ده بۆ ئه‌و کاڵاسازییه هونه‌ریی و رۆشنبیرییه، بۆیه له نێوان کهوانهمان داناوه) و یه‌که یه‌که‌ی گۆڤار و وه‌شانخانه‌کان و … تاد هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه و به به‌رنامه و نه‌خشه‌ی رۆشنبیرییه‌کی کارای بیرلێکراوه سازبکرێنهوه. دیاره ئه‌مه‌ش دهستهمایهکی ئابووری کراوه و هێزێکی مرۆیی و رۆشنبیریی: تیۆر و مێتودیی تهتهڵهکراو و کوردێنراوی فره ره‌هه‌ند و فره ده‌نگ و پسپۆڕیی دڵسۆز و ئیدیالیی، مامۆستای لهخۆبوورد و لێبوورده و ئه‌ڤینداری زانین، زمانناسیی زمانخواز نه‌ک دهڤهرخواز و توێژه‌ریی کارا، راوێژکاریی زرینگ و سه‌رڕاست و نووسه‌ری فره‌زان و … تاد گه‌ره‌که. ئه‌گه‌ر کۆی ئه‌و توانا مانه‌ویی ماددییه فه‌راهه‌م نه‌بن، ده‌بێ هه‌وڵده‌ین مهیسهریان بکه‌ین، که ئه‌مه‌ش کارێکی مه‌حاڵ نییه.
به‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕان بنهچهکییه به‌سه‌ر پێی خۆی بکه‌وێ، ده‌بێ له بنڕا، ئه‌و سیسته‌مه په‌رته‌وازه، رۆشنبیرییه گشتێنراوه، سیمبۆلپهرست و تاکهنووسهر په‌رسته رووکه‌ش و بێ شوێنپێیه، ئه‌و دیده ئاسۆییه‌ی رۆشنبیرییه کوردییه، که ره‌گه‌که‌ی له ئه‌قڵی خێڵه‌وه داکوتاوه و خۆی به فۆرمه رووکه‌ش، چومک و ناوه زله‌کانی ئه‌مڕۆدا شاردۆته‌وه، هه‌ڵوه‌شێنرێنه‌وه و پاشان دووباره له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی فره‌ره‌هه‌ندیی، بزۆک، هه‌میشه شیاو بۆ نوێبوونه‌وه سازبکرێته‌وه. به‌مجۆره پێویسته زمانی کوردیی، رۆشنبیریی و هونه‌ریی کوردیی له بری قه‌تیسمان له سازکردنی یه‌ک دوو پاڵه‌وان و کردنی به بوونه‌وه‌رێکی پیرۆز، په‌رستگایه‌ک و دوا داهێنه‌ری سه‌ر زه‌ویی به په‌سندانه بێتامه رۆژانه‌ییه‌کانی، خۆیی و خوێنه‌ر و کۆی جڤاک به مه‌یلی کو‌لتوور و دیدی به هه‌ند وه‌رگرتنی توانایه رۆشنبیریی و هونه‌رییه‌کانی تاکه‌که‌سه جیاواز و بێلایه‌نه‌کان فرچک بده‌ن. رۆشنبیریی، هزر و هونه‌رێکی کارا و به‌رهه‌مهێن، به پیرۆزکردن و په‌رستنی تاکه نووسه‌رێک یان شاعیر یان هونه‌رمه‌ندێک له دایک نابێ، به‌ڵکوو به بیرکردنه‌وه له کۆی هێز و توانای تاکه‌که‌سه جیاوازه‌کانه‌وه به‌رهه‌مدێت. ئه‌و دیده گشتگیر و نووسه‌ر په‌رست و دهروێشایهتییهش که وێنه‌یه‌کی باوه له ژیانی نووسینی کوردییدا، یه‌کێکه له ئاسته‌نگه‌کانی ئه‌و بزاڤه چاوه‌ڕوانکراوه‌ی که ئێمه پهرۆشخۆرینه. ئه‌وه‌نده‌ی گوتمان کافییه بۆ ئه‌وه‌ی سۆراغی پرسیاره‌که‌تان رازی بکه‌ین.
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ناتوانم كۆی ئه‌و پرسانه‌ی ئێوه باسی ده‌كه‌ن به‌ئاسانی به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕم، ناچاریشم پرسیاره‌كانم چڕ بكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ی نووسیوتانهو بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی تائێره وڵامی منتان داوه‌ته‌وه، به‌خۆشحاڵیه‌وه ده‌ڵێم هاوسه‌نگیه‌كی ته‌واوه‌تی هه‌یه، لێره‌دا ده‌مه‌وێ بپرسم ئێوه به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی ئایدیال و خه‌یاڵی پێداگری ده‌كه‌ن، ئه‌و دونیایه‌ی ئێوه موژده‌ی ده‌ده‌ن، دونیایه‌ك نیه له‌ته‌نیشتی خۆماندا بیبینین، به‌ڵكو دونیای پێكهاته تیۆری و فكریهكانه، وڵامی ئێوه چییه ؟..
هه‌ندرێن: من له‌ودیوی وێنه‌ی ئه‌و ره‌وشه په‌نگخواردوو، گێژخواردوو و پهشۆکاوییهی ناو گه‌ردوونی زمانی کوردیی، بوونی کوردیی، رۆشنبیریی و کرده‌ی کوردییدا پرسیارێک، دۆشدامانێک و تارماییه‌ک ده‌بینم، بۆیه رێکردنی من ئاگایانه به‌ره‌و ئه‌وێیه. ئه‌گه‌ر به‌ده‌م ئه‌و ره‌وته‌وه وێستێک، لاسه‌نگییه‌ک، ونبوونێکی ناچاریی و هاودژییه‌کی بیرلێکراوه یان سافیلکانه هه‌بێت، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به زایه‌ڵه‌ی ده‌نگه‌کانی ده‌وروبه‌ر و ساتی چوونه ناو خه‌ون و خهیاڵاندنه هه‌یه، که وه‌ک پێشتر وتم، له خودی زمانی شیعرییهتدایه. بۆیه "هاوسه‌نگی" پهیڤینهکانمانیش جوله و کرده‌یه‌که له‌و پرۆسه‌یه‌ی که خودی زمان سه‌رچاوه‌که‌یه‌تی.
لێ، ده‌رهه‌ق به‌وه‌ی که من "له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی ئایدیالی و خه‌یالی پێداگیری ده‌که‌م"، کرده‌یه‌کی نائاگایانه نییه. به‌ڕاست، ئه‌فراندنێک هه‌یه له "واقیعێک" بهزرێ، هه‌ڵگری"موژده"ی جیهانێک بێت، که "له ته‌نیشتی خۆماندا بیبینین"؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و خودی ئه‌و "واقیع"ه بۆ هه‌موومان بینراو، زانراو، گوتراو بێت، ئه‌رکی زمان، هزر و داهێنانی ئه‌ده‌بیی چییه، پێداگریی له‌سه‌ر بوونی بکات؟ له‌وه‌ش زێتر، ئه‌گه‌ر کۆی کرده‌ی ئه‌فراندن، به هزر و تیۆرییشه‌وه په‌رۆشخۆریی بۆ ژیانێکی "ئیدیالی" نه‌بێت، گه‌وهه‌ری زمان، ئه‌به‌دییه‌تی مرۆڤ، چتۆ به‌هایه‌کی ده‌بوو؟ بۆیه ئه‌وه‌ی به‌های زمانی ئه‌فراندن و کرۆکی مرۆڤبوون هه‌میشه به سه‌رنجکێش و هه‌رمان ده‌هێڵێته‌وه، بوونی هه‌میشه‌ی ئه‌و پرسیار، سۆراغ و ژیانه "ئیدیالی"هیه. بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌یی هه‌میشه‌ی ئه‌و پهرۆشخۆرییه بۆ ژیان و جیهانێکی "ئیدیالی"هی که، وێده‌چێ تووشی پرینگانهوهیهکی کردیی له هه‌مبه‌ر ئاخاوتنهکانماندا، پێویسته ئاوڕێک له یاده‌وه‌ریی زمانی خۆمان و زمانه جیهانییه‌کان بده‌ینه‌وه. هۆمیرۆس به شاکاره‌که‌ی، "ئه‌لیاده و ئۆدیسه"ه‌وه به ترنجاندنی جیهانێکی ئیدیالیی له‌و واقیعه به‌رچاوه‌ی ئه‌وده‌می گرێکدا دهترنجێنێ، تاکوو هه‌موو گه‌ردوون، به خواوهندهکانیشهوه په‌رۆشییه‌کانی خۆیان بۆ ئاماده‌بوونیان له زماندا به گۆ بێنن. هه‌روه‌ک هه‌ردوو کتێبه‌که‌ی پلاتۆ (ئه‌فلاتوون) و ئه‌ریستۆ، "کۆمار" "سیاسه‌ت" لێوانڕێژه له وێناندنی مرۆڤ، جڤاک و سیسته‌مێکی سیاسیی "ئیدیالیی". جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، تا ئه‌مڕۆش وێناندنهکانی ئه‌و دوو فێلهسووفه له مرۆڤ، سیسته‌می سیاسیی، تیۆریی ده‌وڵه‌ت، شێوه و مێتودی به‌ڕێوه‌بردن. په‌روه‌رده‌کردنی جڤاک و … تاد سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌میشه دانسقه‌ن. له کاتێکدا ئه‌و مرۆڤ و جڤاکه و سیسته‌مه سیاسییه‌ی که ئه‌و دوو فێلهسووفه گرێکییه خه‌ونیان پێوه ده‌بینی، بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌کی له بن نه‌هاتووی هه‌زاران راڤه‌ی جیاواز و مۆدێلی سیاسیی، وێده‌چێ هه‌رگیز ئه‌و مرۆڤ، جڤاک و سیسته‌مه سیاسییه "ئیدیالی"یانه‌ی که ئه‌و دوو فێلهسووفه وێنایان ده‌کرد، کتومت به‌رجه‌سته نه‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش نه‌مری کرۆکی ئه‌فراندنێکی ئۆرگینال و دانسقه‌یه. بۆیه چ مرۆڤ یان خودی تیۆریی یان ئه‌ده‌ب هه‌ڵگری په‌رۆشیی و جیهانێکی "ئیدیالی"ی نه‌بن، زوو کاڵ ده‌بنه‌وه.
لێ بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌هو نه‌چین پێویسته بێژین، که ئه‌و به‌ها "ئیدیالی"یه‌ی که ئێـمه جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه، هه‌ر ته‌نیا "خه‌یاڵاندن"ێک نییه تاکوو له داخی ئه‌و "واقیع"هی که ته‌نیشت خۆمانه‌وه‌یه، وه‌ک سێبوورییهک په‌نای بۆ ببه‌ین. نه‌خێر، مه‌به‌ستمان له‌و "واقیعه ئیدیالی"ییه، هه‌وڵدانه بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و نیشته‌جێبوون تێیدا. ئه‌و واقیعه ئیدیالییه بۆ ئه‌وه‌یه که مرۆڤ له‌ناو ئه‌و واقیعه به‌تاڵکراو له مانا و به‌خته‌وه‌ریی و یه‌کسانی نێوان هاووڵاتیان و گهندهڵسالارییهدا ده‌سته‌وه‌ستاو خۆی به ده‌ست مه‌رگه‌وه نه‌دا یان له ده‌ستی نهقووچێنێت.
که‌واته ئه‌و واقیعه‌ی من له‌سه‌ری ده‌دوێم هه‌ر ته‌نیا له خه‌یاڵدا نییه، به‌ڵکوو واقیعیکی په‌ی پێنه‌براوه، فه‌رامۆشکراوه که له خودی بوونی خۆماندا هه‌یه. ئه‌گه‌ر چه‌شنه واقیعێکی ئیدیالیی بوونی نه‌بێت، بۆچی زمان پرسیاری له باره‌یه‌وه ده‌کا؟ بۆچی ئێمه به‌و "واقیعه‌ی که له ته‌نیشت خۆماندا هه‌یه"، که تێیدا ده‌ژین رازی نین؟ ماشه‌ڵلا چونکه واقیعی کوردی زۆر نازادهره، بۆیه پێویستمان به واقیعێکی تری ئیدیالییهوه نییه!
به‌مجۆره ئه‌وه مانای نییه ئه‌و واقیعه‌ی که ئێمه وێنه‌ی ده‌کێشین یان به گرینگی ده‌زانین به کۆویستێکی خه‌مڵیوو به‌ره‌و به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی هه‌نگاو بنێین، کتومت ئه‌و واقیعه بێت که ئێمه بیرمان لێ کردۆته‌وه. بۆیه دۆزینه‌وه و تێدا نیشته‌جێبوون له‌و واقیعه "ئیدیالی"ییه‌دا کاری هه‌ره‌وه‌زیی، تاقیکردنه‌وه‌ی تیۆریی و هزری جیاواز و له‌باری ده‌وێت.
له کۆتاییدا ده‌بێ بێژین، هیچ "واقیعێک"، ئه‌وه‌ی که ئێستا ناڵه ناڵمانه به ده‌ستییه‌وه و ئه‌و "واقیعه ئیدیالی"یه‌ش که مه‌یلی بهرجهستهکردنهوهمان بۆی هه‌یه، به‌رهه‌می تیۆریی، هزر و فهلسهفهکانن. بۆیه نه بێ تیۆریی، هزر و فه‌لسه‌فه‌کان، واقیعێکی گه‌نده‌ڵ و نه واقیعێکی دڵفڕێن، یه‌کسان، به‌خته‌وه‌ر، دادپهرهور؛ "ئیدیالی"یش هه‌یه. هه‌روه‌ک بێ مرۆڤ؛ زمان، نه تیۆریی، هزر و فه‌لسه‌فه‌کان هه‌یه و نه واقیعێکی بووده‌ڵه، گه‌نده‌ڵ و نه واقیعێکی "ئیدیالی"یش هه‌یه.
به ساده‌کردنه‌وه‌یه‌کی کوردییانه: سه‌دان، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌زاران ساڵه خودی ده‌وڵه‌تێکی مه‌زن، سه‌روه‌ریی خاکی کوردستان و مرۆی کورد، بریتیی بووه له "واقیعێکی ئیدیالی"ی، لێ بۆچی مرۆی کورد، ئه‌و هه‌موو رابوون و تێکشکاندنه‌ی له پێناوی به‌دیهێنان، به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و "واقیعه ئیدیالی"یه به خۆیه‌وه بینییووه؟ بۆچی کورد به‌و "واقیعه‌ی که له ته‌نیشت خۆیدا هه‌یه" رازی نابێت؟ که‌واته مرۆڤه‌کان له ئاستێکی جیاواز و له جڤاکێکی جیاوازدا، هه‌میشه به دوای ژیانێکی به‌خته‌وه‌رتر، بوونێکی ئازاد و شکۆمهندتردا ده‌گه‌ڕێ، که له بنه‌ڕه‌تدا له ئاوه‌ز و ئاگایی مرۆڤ و له خودی جیهانهکانیانداا بوونی هه‌یه، به‌ڵام پیاده‌نه‌کراوه.
لێره‌وه کرده‌ی ئه‌ده‌ب، سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌میشه له بن نه‌هاتووه بۆ گه‌ڕان و پرسیارکردن یان چرپاندنی ئه‌و جیهانه ئیدیالییه به گوێی مرۆڤدا. که‌واته به جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ک له کۆی ئاخاوتنه‌کانمان، ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی مرۆڤ ره‌هه‌ندێکی "ئیدیالیی" نه‌بووایه، ده‌مێک بوو کۆتایی هاتبوو. .