
تۆپه‌كه له‌ساحه‌ی ئێوه‌دایه……ئاسۆ عوسمان
ئاسۆ عوسمان
چوار ساڵه ئێوه ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن وداوای كاره‌با، ئاو، رێگاوبان، هه‌لی كار، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان وبوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌كه‌ن، پێشخستنی سیستمی ته‌ندروستی وگۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌و خۆشكردنی گوزه‌رانتان هه‌میشه داواكاریی ئێوه بووه. قه‌ڵه‌می رۆژنامه‌وانان ومایكی رادیۆكان، كامێرا‌و شاشه‌ی "tv"كان هه‌مووچركه‌و خوله‌ك وكاتژمێرێك ره‌خنه‌و ناڕه‌زایه‌تی وبێزارییه‌كانی ئێوه‌یان گواستۆته‌وه‌و ئێوه هه‌میشه داواتان له‌رۆژنامه ئه‌هلییه‌كان ده‌كرد ده‌نگتان بگه‌یه‌نێته ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌رله‌مان وحكومه‌ت، پێتانده‌وتین به‌حكومه‌ت بڵێن باقوتابخانه‌مان بۆدروستبكات، بنكه‌ی ته‌ندروستیمان بۆبكاته‌وه، پێویستان به‌نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره‌و پێشكه‌وتوو هه‌یه، رێگا‌و بانه‌كانمان وێرانه‌یه، شه‌وانی هاوین له‌به‌ر كه‌می وبچڕانی ته‌زووی كاره‌با خه‌و له‌چاوه‌كانماندا ده‌زڕێت، مووچه‌كان تان به‌شتان ناكات، گه‌نجه‌كان ناتوانن ژیانی هاوسه‌ریی پێكبهێنن سه‌ری خۆیان به‌ره‌و هه‌نده‌ران هه‌ڵده‌گرن، بێخانه ولانه‌ن ومووچه به‌شی كرێی خانوو ناكا، هه‌ژاریی له‌ئاستێكی ترسناك وبه‌رزدایه، خۆشگوزه‌رانی وژیانی شاهانه ته‌نیا بۆمه‌سئول وكه‌سوكاریانه، له‌به‌ر نه‌بوونی تۆڕی ئاو له‌گه‌ڕه‌كه‌كانداو خواردنه‌وه‌ی ئاوی بیره‌كان هه‌زاران كه‌س تووشی سكچوون وده‌یان ده‌ردی دیكه بوون. له‌م چوارساڵه‌ی رابردوودا ده‌یان وبگره سه‌دان جار خۆپیشاندانتان كردووه‌و هاتوونه‌ته سه‌رشه‌قامه‌كان وداوای مافی خۆتان كردووه، خوێندكاران بۆ باشكردنی به‌شه ناوخۆییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی خوێندنیان، مامۆستایان له‌پێناوی باشكردنی گوزه‌ران وژیانێكی سه‌ربه‌رزانه، كرێكاران له‌پێناوی ره‌خساندنی هه‌لی كاركردن وباشكردنی ژیانیان، هه‌ڵه‌بجه له‌پێناوی سزادنی تاوانباران وقه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان، گه‌رمیانییه‌كان وكه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان له‌پێناوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی روفاتی كه‌سوكارو ئاوڕلێدانه‌وه‌یان. زیندانیانی سیاسیی، ژنان، مامۆستایان، خوێندكاران، كه‌سوكاری شه‌هیدان، رۆشنبیران، پزیشكان، كاسبكاران، كرێكاران، دانیشتووانی شاره گه‌وره‌كان، گونده‌كان، شارۆچكه‌كان، رۆژنامه‌وانان، هونه‌رمه‌ندان، كه‌مئه‌ندامان وشۆفێران خۆپیشاندانیان سازكردووه‌و داوای گۆڕانكاریی وباشكردنی گوزه‌رانیان كردووه. له‌بیرتان بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان رۆژنامه‌نووسانیان به‌نابه‌رپرسیارو به‌فه‌وزه‌وی وقین له‌دڵ وێناكردووه‌و له‌وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی ئێوه‌دا له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانتان پێیانده‌وتین ئێمه به‌هه‌ڵبژاردن هاتووینه‌ته سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات وخه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به‌ئێمه به‌خشیوه گه‌ر ئێمه‌یان به‌دڵ نییه با له‌هه‌ڵبژاردنێكی تردا ده‌نگمان پێنه‌ده‌ن. بۆیه ئێستا تۆپه‌كه له‌ساحه‌ی ئێوه‌و له‌قاچی ئێوه‌دایه هه‌ر ئێوه دواشووتی یه‌كلاكه‌ره‌وه لێده‌ده‌ن وبڕیارده‌ده‌ن كێ چوارساڵی دیكه حكومڕانیتان بكات ئێمه پێتان ناڵێین ده‌نگ به‌كێ بده‌ن وكام لیست هه‌ڵبژێرن، ئه‌وه مافێَكی تایبه‌تی خۆتانه به‌ڵام پێتانده‌ڵێم ده‌نگتان ئاینده‌ی چوار ساڵی ترتان دیاریده‌كات، رۆژی 25-7 كه‌چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان دوێنێتان له‌بیر بێت، له‌بیرتان بێت چوارساڵی ئاینده چاره‌نووسسازه‌و ژیانی هه‌موومانی پێوه به‌نده‌و به‌شدارینه‌كردن له‌و پرۆسه‌یه‌داو كارتی سپی خستنه نێو سندووقه‌كانه‌وه‌و فرۆشتنی ده‌نگه‌كانمان ناتوانێت كه‌موكوڕییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه كێشه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌و خواریی وخێچییه‌كان زیاتر ده‌كات، نه‌هامه‌تییه‌كان زیاتر‌و پڕ ئازارتر ده‌بن، نابێت به‌بانگه‌شه‌و قشه‌ی شیرین وبه‌ڵینی قه‌به‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن فریوو بخۆن، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ست دێنێت به‌سه‌رتانداو سه‌ردانی مناڵه‌كانتان ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئێستا خوێنی شه‌هیدان ده‌كاته تكاو گوند به‌گوندو شار به‌شار تێكه‌وتووه خه‌ریكی پاره به‌خشینه‌وه‌و ده‌مانچه به‌خشین وكارتی مۆبایل ومۆنیكا به‌خشینه، ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ماڵی شه‌هیدان ده‌كات وئه‌وه‌ی ئێستا گونده‌كان به‌قه‌ڵای شوڕش ده‌زانێ، دوێنێ له‌كوێ بوو؟ كاتێك ئێوه پێویستیتان پێیانبوو بۆ نه‌ده‌هاتن به‌ده‌متانه‌وه؟ ئێوه خۆتان باشترین شاهیدی چوارساڵی پێشوو بوون، هه‌رخۆشتان ده‌توانن بڕیاری كۆتایی بده‌ن، ناشبێت له‌بیرتان بچێت كاتێك له‌هه‌ڵبژاردنی 2005دا پێیان ده‌وتین ئه‌گه‌ر ده‌نگبده‌ن به‌لیستی 730 ئاومان بۆ ده‌كرێ به‌پیپسی وشیلان عوسمان به‌نانسی وداخوازییه‌كان دێنه‌دی وكوردستانیشمان بۆ ده‌كرێت به‌دوبه‌ی.