
هه‌ڵبژاردن له باشوور و ئاژاوه‌گێڕیی کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات
عه‌بدولواحید خه‌نده‌ڕه‌ش
24.07.2009هه‌موو که‌س له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه کۆکن که هه‌ڵبژاردن یه‌کێکه له ڕوخساره گه‌شه‌کانی دێمۆکراسی. نه‌خاسمه له وڵاتی کوردستان دا ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانێک بۆ هه‌ڵبژاردن ڕه‌خسابێت و دۆخێکی له‌بار بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆ هاتبێته پێشه‌وه، نه‌ک پێویسته به‌ڵکوو ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌مو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه که به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بکه‌ن. باشووری کوردستان، ئه‌و به‌شه بچووکه‌ی کوردستان و ئه‌و حه‌شیمه‌ته که‌مه‌ی کوردی تێدا نیشته‌جێیه که ده‌رفه‌تێکی بۆ هاتووه‌ته پێش بتوانێت به شێوه‌یه‌کی قانوونی و ئازاد و له ژێر چاوه‌دێریی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووس و دواڕۆژی خۆی بدات. ئه‌و کوردستانییانه‌ی ئه‌مڕۆ به گوێره‌ی قانوونی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ئێراق شیاوی ده‌نگدانن، ئه‌گه‌ر به هه‌ر بیانوویه‌ک خۆیان له‌ده‌نگدان ببوێرن، خۆیان له ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئاکاری و ته‌نانه‌ت ئایینی ده‌دزنه‌وه. ئیسلام که ئایینی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه به هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌ڵبژاردن ڕه‌ت ناکاته‌وه؛ و ئه‌وانه‌یش که فریوی به‌یت و بالۆره‌ی بێبنه‌مای کرێگرته‌کانی عه‌ره‌بستان و که‌نداویان خواردووه، و سهرخوڕی ئه‌وان به کوردی ده‌هێننه‌وه کاوێژ، بڵا دڵنیابن که هه‌رچی بکه‌ن ناتوانن مێشکی ڕؤڵهکانی کورد به فه‌رهه‌نگی بۆگه‌نی جه‌هاله‌تی عه‌ره‌بی دابڕزێنن. ڕۆڵه‌کانی کورد زۆر له‌وه وریاترن بکه‌ونه چلهداوی ته‌نراوی کۆنه‌په‌ره‌ستانی دواکه‌وتووی عه‌ره‌به‌وه.
له لایه‌کی دیکه‌وه، هیچ لاری له‌وه ناکرێت که کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه و کوردستان یه‌ک وڵاته و به پیلانی گڵاوی هێزه ئیستیعمارگهرهکانی ڕۆژاوا، و له ئه‌نجامی ساویلکه‌یی و ناشاره‌زایی سیاسه‌تمه‌دار و ڕێبه‌ر و بژارده سیاسییه‌کانی خۆمانه‌وه داگیر و به‌شبه‌ش کراوه. ئه‌و داگیرکاری و دابه‌شکرانه ئه‌مڕۆ بووه‌ته ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر و به‌شێک له جۆغرافیای سیاسیی په‌سه‌ندکراو له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا. بچووکترین گۆڕان له‌و هێڵه جۆغرافیاییانهدا بۆی هه‌یه گه‌وره‌ترین ئاریشه و قووڵترین ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی، له‌شکری و ئابووری دوچاری ناوچه و جیهان بکات. ئاوات و ئاره‌زووی یه‌کگرتنه‌وه‌ی کوردستان و نه‌هێشتنی سنووره‌کانی ئه‌مڕۆ، که ئێمه‌ی کورد به ده‌سکرد و نه‌خوازراویان ده‌زانین، هه‌رگیز له ناخی تاکی کورد دا نامرێت. ئه‌و ئاواته له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونی ساوای کورد، له منداڵدان و زایه‌ندی دایکی کورد دێته ده‌ره‌وه؛ و مه‌حاڵه له ئاوه‌زی ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه داببڕێت و جیا بێته‌وه. وێنه‌ی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کپارچه، ڕه‌نگه گه‌ش و دره‌وشاوه‌کانی ئاڵای ڕه‌نگینی ئه‌م نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته، شتێکی هێنده سادده و ساکار نییه، ڕۆژگاری زاڵم و غه‌ددار بکارێت له مێشکی نه‌وه‌کانی ئه‌م خاکه‌دا دایبشۆرێت. به‌ڵام په‌ژراندنی ڕاستییه سیاسیه‌کانی هه‌رێمه‌که و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان هه‌ندێک ئه‌رک ده‌خاته سه‌رشانی کورده‌کانی پارچه‌کانی تر که ئه‌مڕۆ له کوردستانی ئازاد دا ده‌ژین که جیاوازن له‌و ئه‌رکانه‌ی ده‌که‌ونه سه‌ر شانی ڕۆڵه‌کانی باشوور.هه‌روه‌ک ئاشکرایه ژماره‌یه‌کی زۆر له کوردانی باکوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا به شێوازی جیاواز و به هۆکاری جیاواز له باشوور نیشته‌جێ بوون. هه‌ندێک له‌و کوردانه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه؛ و به‌و پێیه‌ش مافی ده‌ربڕینی ڕامان و لایه‌نگریکردنی لایه‌نێک و دژایه‌تیکردنی لایه‌نی تریان هه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌وانه قسه‌یه‌ک نییه؛ و ئه‌وان ئازادن چی ده‌ڵێن و چۆن بڕیار ده‌ده‌ن. به‌ڵام نه ئه‌وان و نه ئه‌و کوردانه‌یش که مافی ده‌نگدانیان نییه، بۆیان نییه به ناوی کوردانی پارچه‌کانی تره‌وه ڕاگه‌یاندن ده‌ربکه‌ن و قسه فڕێ بده‌ن. لایه‌نگریکردنی ئه‌وان له لیستێک و دژبه‌ریکردنی لیستێکی تر به‌ر له هه‌موو شت ئه‌وان له‌لای کورده‌کانی باشوور سووک ده‌کات و ئیعتیباریان داده‌به‌زێنێت. له‌لایه‌کی تره‌وه، وه‌ها هه‌ڵوێستگه‌لێک نه‌ک ناچێته نێو خانه‌ی هاوسۆزی و یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، به‌ڵکوو زیاتر دڕدۆنگی ده‌خاته نێوان تاکه‌کانی کورد له پارچه جیاوازه‌کانی کوردستانه‌وه؛ و ده‌بێته هۆکاری ناکۆکی و لێک دوور که‌وتنه‌وه‌ی پتری کۆمه‌ڵگای به‌زۆر لێکدابڕاوی کورد.
ئێمه وه‌ک کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ر کاتێک باسی ڕابردوو ده‌که‌ین، دوای نزیکه‌ی سی ساڵ توندترین ڕه‌خنه‌مان ئاراسته‌ی پارتی و یه‌کێتی ده‌که‌ین؛ له‌به‌ر خۆههڵقورتاندنیان له کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی کورردستان له دوای ڕووخانی ڕێژیمی په‌هله‌وی. ئاکامی به‌شێکی زۆر له شکسته‌کانمان بۆ ده‌خاله‌تی نه‌خوازراوی ئه‌وان ده‌گێڕینه‌وه؛ و ئه‌وان به به‌رپرسی پاشهکهشهکانمان ده‌زانین. ئه‌ی ئێستا به چ مه‌به‌ستێک و به چ لێکدانه‌وه‌یه‌ک ڕێگه به خۆمان ده‌ده‌ین ده‌ست له کاروباری ئه‌وان وه‌ربده‌ین و سه‌رئێشه‌یان بۆ ساز بکه‌ین؟! هه‌روه‌ها، دوای نزیکه‌ی سێ ده‌یه له خه‌باتی چه‌کداری پ.ک.ک، زۆربه‌ی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه سارد و سڕه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه که پ.ک.ک له ده‌ست خستنه نێو کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خۆی ناپارێزێت؛ و سیاسه‌تێکی هه‌وسارپچڕاوانه ڕه‌چاو ده‌کات. سه‌ر و بنی زمانیان ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێن بڵا پ.ک.ک واز له سیاسه‌تی "ده‌خاله‌تگه‌رانه"ی خۆی بێنێت، ئه‌وسا ئاماده‌ی په‌یوه‌ندیی دۆستانه و هاوکاریکردن له‌گه‌ڵیدا ده‌بین.
که‌واته پێویسته ئێمه‌یش وه‌ک کورده‌کانی ڕؤژهه‌ڵات و ته‌نانه‌ت حیزب و لایه‌نه‌کانیشمان به جیددی له‌گه‌ڵ ئه‌م یه‌که هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین؛ و له‌بری تۆراندن و ڕه‌نجاندنی کوردانی باشوور، و سازکردنی جه‌ووی ئاژاوه و پشێوی، ته‌نیا ئاواتی سه‌رکه‌وتن و به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رفرازانه و بێ کێشه و هه‌را بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی باشوور بخوازین. با ئه‌و ڕێز و حورمه‌ته‌ی لای کورده‌کانی باشوور هه‌مانه بیپارێزین. بڵا ئه‌زموونی فه‌له‌ستینییه ده‌ربه‌ده‌ره‌کان، که میوانی سووک و چرووکی برا عهرهبهکانیانن دووباره نه‌که‌ینه‌وه.
——————————————
کورته‌یه‌ک له‌باره‌ی نووسه‌ر:
عەبدولواحیدی خەندەڕەش، ساڵــــی 1970 لە شاری پیرانشار لە دایک بووه. ساڵی 1979 دوای هێرشی لەشکری خومەینی بــــــۆ ســـــەر کوردستان و دەرکردنی فەتوای جیهاد لە دژی کوردان، وێڕای بنەماڵەکەی پەڕیوەی باشووری کوردستان و ئێراق بووه. ساڵی 2001 لەوێشەوە پەڕیوەی وڵاتی نیوزیلاند بووه. ئێستا باوکی چوار منداڵه و خەریکی کار و خوێندنه لە زانستە ڕامیارییەکان، ڕشتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان. وه‌ک چالاکێکی سیاسی پیڤاژۆی ئاڵوگۆره‌کانی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی خستووه‌ته ژێر چاوه‌دێرییه‌وه. نووســـــــــینەکانی پتـــــر پەیوەندییان بە بوواری ڕامیاری و بە تایبەتیش ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. بۆ په‌یوه‌ندی کردن به نووسه‌ره‌وه ئه‌م ئیمێڵه به‌کار بهێنه: khandarash@khandarash.net ئادره‌سی ماڵپه‌ڕه‌که‌ی: www.khandarash.net