Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

ئایا داواکەی بارزانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت چارەسەرە؟

Be First!
by March 4, 2011 گشتی

ئەمڕۆ، 3 ی مارسی 2011 ، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عیراق داوای لە پارلەمانی کوردستان کرد تا ئامادەکاری بکات بۆ سازدانی هەڵبژاردنێکی گشتیی پێشوەخت بۆ ئەوەی گەل رووداوەکان بە دەنگی خۆی یەکلاییبکاتەوە. ئەم داخوازەی بەڕێز مەسعود بارزانی لە کاتێکدا دێت کە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هەرێمە کۆنەکەی ژێر دەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حکومەتەکەی جارانی، شەپۆڵێکی فراوانی خۆپێشاندانی جەماوەری گرتۆتەوە بۆ داواکردنی گۆڕان و چاکسازی لە کوردستان و بنەبڕکردنی دیاردەکانی گەندەڵی و دیکتاتۆرێتی و ئۆتۆریتاریزمی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان، پدک و ینک. بزوتنەوەی گۆڕان، کە بە هەڵگیرسێنەر و هەڵسوڕێنەری ئەم شەپۆڵی ناڕەزایەتیە دادەنرێت، پێشتر لە راگەیاندراوێکیدا لە رۆژی 29 ی شوبات 2011، داوای هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان و حکومەتی هەرێمی کردبوو و هەروەها پێشنیازی چاکسازیەکی ریشەیی بۆ سیستەمی سیاسی و ئابوری کوردستانی کردبوو.

بزاڤەکەی گۆڕان بەگوڕتر و بەتینتر بوو بە چونەپاڵی هێزە سیاسیە ئیسلامیەکان و خەڵکی تری بێلایەن، بە تایبەتی روناکبیران و ئەکادیمیستان. لە کاتێکدا، شۆڕش و خۆپێشاندانەکانی جیهانی عەرەب و ئیران و گوشارەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (کە لە ناوچەکە و عیراقە) و یەکێتی ئەوروپی وهەروەها کرانەوەی وڵاتان بە هۆی بەجیهانیکردن و رۆلی گرنگی پەیوەندیەکان (ئینتەرنێت و تەلەڤزیۆنی ساتەلایت) و رەوەندی کوردی لە دەرەوە، فاکتەری یارمەتیدەرن بۆ ئەم بزاڤانە، خۆپێشاندەکانی کوردستان توانیویانە جۆرێک لە کەشی سیاسی دروستبکەن کە نەتوانرێ بە ئاسانی و بەشێوەیەکی دڕندانە، وەک سەردەمی رژێمی بەعس لە بەهاری 1991، سەرکوتبکرێن و نە دەسەڵاتی سیاسیش لە توانایدایە و پراکتیکیشە خۆی لێان گێل بکات یانیش مناوەرە بکات.

هەموومان دەزانین، کە ئەزمونی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی لە دوای 1991 ەوە و سیستەمە سیاسیەکەی کە کەمێک جیاوازە لەوەی سەردەمی بەعس، هەر هیچ نەبێت لە سەرەتاوە دڵخۆشکەر و جێی شانازی کورد خۆی و دۆستەکانی بوون. بەڵام لە لایەکی ترەوە، نوخبە سیاسیەکان، کە پێشتر لە کاتی خەباتی رزگاری نەتەوەیی، لەچاو ئەمڕۆ هەژار و ناخۆشگوزەران بوون، کەچی کاتێک کە هاتنە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتێکی رەسمیان دروستکرد (یانیش حیزب وەک دەسەڵات لە دەرەوەی حکومەت) لەم رێگایەوە خەزێنەیەکی ئابوریان کەوتە دەست کە زۆر بە ئاسانی دەرفەتی خۆدەوڵەمەندکردنیان بۆ رەخسا، کە هەرگیز وا بە ئاسانی لە دەرەوەی سیاسەتکردن ناتوانن ئەو هەموو سامانە کۆبکەنەوە. بۆیە ئەم نوخبە سیاسیە حیزبیانە، کە گرێدراوی کولتورێکی رۆژهەڵاتیانەی خزمایەتی و سەپانێتی و خاترخاترانەن، جگە لە گلدانەوەی داهاتی وڵات (میللەت) بۆ خۆیان، کەوتنە کڕیار پەیداکردن و پیاوەتیکردن بە سامانی گەلەوە لەگەڵ خزم و دۆست و عەشیرەت و ناوچە و تەنانەت دۆستانی دەرەوەی کوردستان و هەروەها بەکارهێنانی پارە و دەسەڵات بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسیەکان کە پێشتر لە شاخ ئەو دەرفەتە زێڕینەیان زۆر کەمتر بۆ هەڵدەکەوت.

نوخبە سیاسیەکانی بە تایبەت سەر بە هەردوو حیزبە سەرەکیەکەی هەرێم، کەوتنە پاوانکردنی سیاسەت، ئابوری، خاک و خەڵک، تەنانەت مێژووش. ئەم سەردەمە زێڕینەی ئەوان، کە لە لایەن خۆیان و موچەخۆر و دۆستەکانی خۆیانەوە بە مافی مێژوویی و دیموکراتی دەزانرێت و لە لایەن خەڵک ناڕازی و هێزە بەرهەڵستکارەکانیشەوە ناوی تری دەدرێتێ وەک: لە رووی ئابوریەوە گەندەڵیە و لە رووی سیاسیەوە ئۆتۆریتاریزمە و لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە براگەورەییە. ئەم هێزانە دەڵێن کە ئیتر باوی “شەرعیەتی شۆڕشگێڕی” نەماوە و دەبێت هەوڵبدرێت سیستەمێک دابمەزرێنرێت لە سەر بنچینەی هەڵبژاردنی خولیانەی دیموکراتی و پاک، لە سەر دادگەری و ئازادی، لە سەر کۆمەڵە دامەزراوەیەک کە بە پێی یاسا و رێساکان کاربکەن نەک بە پێی ئارەزوو و بەرژەوەندیی هەندێ لە دەستڕۆیشتوانی سەر بە چینی فەرماندار و ئۆلیگارشی ئابوری. بەڵام ئەگەرچی، لە رووکەشدا، ئەم نوخبە سیاسیە دەسەڵاتدارانە، پەیڕەوی سەرەکیترین پرینسیپ و پراکتیکی دیموکراتی دەکەن، واتە هەڵبژاردن، بەڵام پەنا بردن بۆ کردارەکانی وەک کڕینی دەنگ بە پارە، دزینی دەنگ و ویست، بەزۆر سەندنی دەنگ بە شانتاج و ترساندن، ساختەکردنێکی بەرفراوانی دەنگدان، ئەمانە هیچ ناوەڕۆکێکی دیموکراتی بۆ پرۆسەی دەنگدان ناهێڵنەوە و پوچی دەکەنەوە.

هەموشمان دەزانین و تەنانەت دەسەڵاتدارانیش ناتوانن نکوڵی لێبکەن، کە گەندەڵیەکی سیاسی و ئابوریی بەرفراوان لە کوردستاندا هەیە، بە جۆرێک کە هەوڵەکانی پەرەپێدانی سیاسی و ئابوری و تەنانەت کۆمەڵی و کولتوریی کوردستانی بێبەرکردووە و کۆسپی گەورەی بۆ دروستکردوون. بودجەیەکی زۆر، داهاتێکی گەورە هەن لە کوردستان کە دەکرا و دەشکرێ ئەم هەرێمە بچوکە لە ماوەی 10 ساڵدا وەک نەرویج لێبکەن، لە رووی گەشەپێدانی ئابوری و بوژاندنەوەی کەرتە هەژار و زیانلێکەوتووەکانی دانیشتوان و ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەموو ناوچەکانی کوردستانی عیراق. بەڵام لە بەر ئەوەی گەندەڵی هەیە، ئەم سامانە گەورەیە بە شێوەیەکی رێکوپێک و دادپەروەرانە و دیموکراتیانە خەرج ناکرێت، بۆیە ئەگەر 50 ساڵی تریش چاوەڕێ بکەین، ئەم کوردستانە لە باشترین دۆخدا لە تونس باشتر نابێت و لە خراپترین دۆخیشدا وەک سۆماڵ یان ئەفغانستانی لێدێت. کێ تاوانبارە؟ بێ گومان ئەم نوخبە سیاسیە دەسەڵاتدارانەی کە تا ئێستا خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن کە “هەمو شتێک بکەن” چونکە “خەبات”یان کردووە، چونکە “شۆڕش”یان کردووە، وەک هەدنێک کەس دەڵێن، پێڵاویان دڕاندوە! ئایا خەباتیان بۆ دۆلار و کۆشک و تەلار و مێبازی کردوە؟ ئایا درۆ نیە، یان گەمژەیی نیە ئەگەر بڵێن و ئێمەش بڵێین کە کوردستان “پێویستە ببێتە نمونەیەک بۆ عیراق”، کە “ئەزمونێکی دیموکراتیمان” هەیە؟ بێ گومان ئەمە راست نیە، بە هیچ شێوەیەک. کوشتن لە سەر رادەربڕین، تۆقاندن و چاوترساندن و “دادگاییکردنی” نوسەران و رۆژنامەنوسان و بەرهەڵستکاران، تەواو دژی بەهاکانی دیموکراسین. ساختەکردنی هەڵبژاردن واتا بۆ دیموکراسی ناهێڵێتەوە. گەندەڵی شێرپەنجەیەکە بۆ سیستەمی سیاسی و ئابوری. ئینجا کێ گەندەڵە؟ ئایا ئەم دیاردەیە لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانە و پۆلیسدایە یان لە ئاستی لوتکەی دەسەڵاتی سیاسیە؟ ئایا سەرکردەکان، بە تایبەتی هی ئەو دو حیزبە، خۆیان و بنەماڵەکانیان و دۆست و نزیکەکانان و هاوڕێ و هاوپەیمانەکانیان سەرچاوەی گەندەڵی نین؟ سەرکردەکان و موچەخۆر و لایەنگرەکانیان و تەنانەت خەڵکی ئەکادیمیش دەڵێن گەندەڵی هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت و تەنانەت داوای پێکهێنانی لیژنەی دەستپاکیش دەکەن، ئێ باشە، ئەگەر خۆیان لە لوتکەی گەندەڵی بن و خۆیان سەرچاوەکەی بن، ئەی کێ سزای ئەوان بدات؟ ئایا چۆن دەکرێ باس لە نەهێشتنی گەندەڵی بکەین کەچی خۆیان بە ملیۆنان دۆلاری ئەو خەڵکە بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان گلبدەنەوە؟ خەڵکی کوردستان، تەنانەت بنکە جەماوەریەکانی حیزبەکانی دەسەڵات، چاک دەزانن، ئەوان تەواو وەک بنەماڵەکانی موبارەک و بن عەلی و قەززافین، کە لەم ماوەیەدا میدیاکان باسی دەستبەسەرکردن و بەستنی سامانەکانیان  لە لایەن بانک و وڵاتانی رۆژئاواییەوە دەکەن، بۆ خەڵک روونبۆوە کە چەندیان پارە بۆ خۆ بردووە، ئەوانەی کوردستانیش وەک ئەوانن.

مەسەلەکە تەنها پارە نیە وەک ئەوەی بڵێن ئۆپۆزیسیۆن یانیش خەڵکی ناڕازی بە گشتی تەنها بیر لە پارە دەکەنەوە، بەڵکو پرسەکە سیستەمێکە کە داڕزیوە و بە پێی یاسا و پەیڕەوی خۆی هەڵناسوڕێت، بەڵکو بە پێی ئارەزوو و بەرژەوەندیی توێژێکی سیاسی هەڵدەسوڕێت و خەڵکیش و ئایندەی وڵاتەکەش زیانمەند دەبن و دوبارەکردنەوەی ئەزمونە خراپەکانی وڵاتانی خاوەن دامەزراوەی لاواز و شکستخواردوو و رزیوە و هیچی تر. ئابوری بناغەیە بۆ سیستەمی سیاسی و کۆمەڵی، ئەگەر ئابوریەکە نەخۆش بێت و دادگەر نەبێت، سیستەمەکانی تریش تێکدەچن، یان بە خەوش و کەموکورتیەوە هەڵدەسوڕێن.

با بە کورتی، بێمەوە سەر داواکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێم بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. هەڵبژاردن، پێشوەخت بکرێت یانیش لە کاتی خۆیدا، گیروگرفتەکان چارەسەر ناکات. چونکە گومانی تێدا نیە، دیسان ساختەکاریەکی زۆر دەکرێت و هەمان حیزبەکانی دەسەڵات لە حوکم دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە گەندەڵی و ئۆتۆریتاریزم. وەک پێشتر باسم کرد، هەڵبژاردن لە کوردستان چۆن بەڕێوەدەچێت: تەزویرکردن، دەنگ کڕین، دەنگ سەندن بە زۆر، رێگریکردن لە هەندێ حیزب لە هەندێ ناوچە لە سازدانی ئازادانەی شاڵاوی هەڵبژاردن…هتد. ئەمانە هەمان تاس و حەماممان بۆ دەهێننەوە.

بۆیە، نابێت بەم داوایەی بەڕێز بارزانی نە دڵمان خۆش بێت و نە باوەڕیش بکەین. چونکە من پێموایە تەنها پینەیەکە بۆ شەڕواڵێکی دڕاو و کۆن، ئەم شەڕواڵە دەبێت فڕێبدرێت و جلێکی تازە و پاک لە بەر بکرێت. تەنها هەوڵێکە بۆ پێدانەوەی رەوایەتی بە دەسەڵات بە رێگای “‌هەڵبژاردن و دەنگی گەل”. دەبێت دەسەڵات، بە شێوەیەکی دیموکراتی و ئازایانە ناچار بکرێت تا داواکاریەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کە داوای زۆرینەی گەلن، جێبەجێبکات. لەم دۆخەدا، نوخبە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان و ئۆلیگارشیە ئابوریەکان، کە بە گەندەڵی و دزینی سامانی وڵات پەیدابوونە و دەوڵەمەند بوونە، کە خۆی بە بەهێز و بە خاوەن ماف دەزانن، نەک هەر ئامادە نین بە ئاسانی و بە خۆشی خۆیان، لە رێگای دەنگدانی ئازاد و پاکەوە، وە لە رێگای چالاکیەکانی کۆمەڵی سیڤیل و میدیا ئازادەکانەوە، ئیمتیازاتەکانی دەسەڵات وازلێنبێنن و بیاندەنە دەستی “نەیارانی دوێنێی شەڕی براکوژی و ریشدارەکان” و خۆیشیان ببنە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو بە هەمو شێوەیەکی فێڵبازی، مناوەرە، ویژدان کڕین و تەنانەت چاوترساندن و توندوتیژیش هەوڵ دەدەن ئەم “شانە هەنگوین”ە بۆ خۆیان قۆرخبکەن و هەتا هەتایە بۆ نەوەی نەوەکانیان بە میرات بەجێبێڵن.

لە کۆتاییدا، بۆ دیموکراسی و ئابوریەکی پاک و بەهێز ( دوور لە گەندەڵی) نابێت چاوەڕێی ویژدان یانیش باوەڕی تاکەکانی دەسەڵات بکەین (سەرکردەکان و بەرپرسەکان) واتە بڵێین فلان کەس گەندەڵ نیە، فلان کەس دیموکراتە یان ئازادیخواز. نابێت تەنها هەوڵدەین کەسانێکی گەندەڵ و ئۆتۆریتار لە دەسەڵات لادەین و کەسانێکی دەستپاک و دیموکرات بهێنین، چونکە لە سیستەمێکی دیموکراتیدا، مەسەلەکە کەسەکان نیە بەڵکو دامەزراوەکانە کە بە شێوەیەکی دیموکراتی هەڵدەسوڕێن. دامودەزگایەک و یاسایەک کە کەسەکان بەرپرس بکەن و سزایان بدەن، ئەگەر کارێکیان کرد دژی ناوەڕۆک و رێساکانی سیستەمەکە بێت. ئەم ترس و لێپرسراوێتیە دەبێتە گەوهەری دیموکراسی نەک کەسێک ئاخۆ حەزی لە دەسەڵات، گەندەڵی، مێبازی، خزمخزمانێیە یان نا. چونکە هیچ گەرەنتیەک نیە کە من، تۆ، ئەو، فلان و فیسار، بە دوای ئارەزووە خودیەکانماندا نەکەوین لە خۆدەوڵەمەندکردن، لە رابواردن لەگەڵ کچی جوان، لە پیاوەتی کردن لەگەڵ کەس و کار و خزم و دۆستانمان. من دەبێت ملکەچی سیستەمێک بم و لە لێپرسینەوە و سزا بترسم نەک بە قەناعەت و باوەڕی خۆم شتێکی دژە یاسایی نەکەم. ئێمە ئەمەمان پێویستە: دانانی سیستەمێکی دامەزراوەیی کە بتوانێت هەستی بەرپرسیارێتی و ترسی سزادران دروست بکات و لە قۆناخی پیاوەتیکردن و کۆیلایەتیکردن و ماستاوچێتیکردن رزگارمان بکات.

  کوردستانێکمان دەوێت، جگە لەوەی کە گەلەکەی بە مافە نەتەوەییەکانی شاد بێت، سیستەمێکی سیاسی سەقامگیر و دیموکراتی هەبێت، ئابوریەکی تەندروست و دادگەری هەبێت، کۆمەڵێکی پێشکەوتو و کراوە و مۆدێرنی هەبێت، سەرکردەکانی بزانن مێژووی خۆیان بە پاکی و بە شکۆمەندی بهێڵنەوە نەک ناو و دەنگی خۆیان بە دەستی خۆیان پیس بکەن و بە ناشیرنی بچنە ناو مێژووی نوسراو و خەیاڵ و یادەوری خەڵکەکەی؛ گەلی ئەو هەرێمە چەوسانەوەی نەژادی، ئاینی، مەزهەبی، زمانی و دیالێکتی پیادە نەکات. گەلی ئەو هەرێمە ببێتە خاوەنی کولتورێکی سیاسی دیموکراتی، کولتوری لێبوردەیی و کرانەوە، کولتوری قەبوڵکردنی جیاوازیەکان و رەخنە و هەڵسەنگاندن. ئێمە ئەم کوردستانەمان دەوێت کە بۆ هەمو خەڵک بێت نەک بۆ دەستەیەک و دارودەستەکەی کە هەردەم لافی شۆڕشگێڕایەتی و خەباتگێڕیمان لە سەر لێبدات و بە قەست دوژمن دروستبکات تا پاساوی دەسەڵاتە خەوشدار و گەندەڵەکەی بداتەوە و مێشکی خەڵکی پێوە خەریک بکات.

 
کانەبی موحەممەد عەوڵا

Previous
Next

Leave a Reply